سەربەخۆیی و گەندەڵی

0
813

ئاگری ئیسماعیل نژاد

سێ دەیە دەسەڵاتداری کوردی لە کوردستانی گەرمێن، لە رووی گەندەڵیی دەسەڵاتدارییەوە، هیچ سەرکەوتوو نەبووە، و بەو پێیە کە بەرپرسانیش نکۆڵی لێناکەن، گەندەڵییەکی پێکهاتەمەند لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتدارییەدا خۆی حاشار داوە، ئەو ئەزموونە کۆمەڵگای کوردستانی تووشی ئەو پرسیارە کردووە، کە ئایا هەبوونی گەندەڵی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەنگ بە سەربەخۆیی نەدرێت؟

ئەگەر ئێمە لە بازنەی دەسەڵاتداریی کوردی لە باشوور بێنەدرێ و سەیر دەسەڵاتداری لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بکەین، بە گشتی دەتوانین بڵێین ژینگەی سیاسی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بە گشتیی ژینگەیەکە کە گەندەڵی پێکهاتەمەند بۆتە یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە و وڵاتی ئیسرائیلی لێ دەرچێت، هیچ دەسەڵاتێک لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراست نییە، کە گەندەڵی پێکهاتەمەندی تێدا نەبێت، ئەوە بەو ماناییە نییە، کە پاسا بۆ گەندەڵییەکەی نێو دەسەڵاتداریی کوردی بێنمەوە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوە ،  باس لەوە دەکەم کە بگوترێ ئێستا دەسەڵاتداریی عێراق کە باشووری کوردستان لە ژێر دەستی دایە، ئەوەیش دەسەڵاتدارییەکی گەندەڵە، و ئەو گەندەڵییەی عێراقی بێگمان کارتێکەری راستەوخۆی لەسەر گەندەڵیی باشوور بەلایەنی پەرەسەندی گەندەڵی لە کوردستاندا هەیە، کە وایە لێرەدا ئێمە لەبابەتی سەربەخۆیدا تووشی بژاردەیەک دێین کە لەو بژاردەیەدا  کورد لە دەسەڵاتدارییەکی گەندەڵ(دەسەڵاتی میری عێراق) جیا دەبێتەوە، ئەوە جیابوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بابەتێکیتریشە ، ئەوەیش ئەوەیە، کە بە پێی ئەزموونی دەسەڵاتداری لە عێراق لە باشووری کوردستان، دەسەڵاتیی عێراق دەسەڵاتیی سوننی_عەرەبی لە ڕابردوودا و لە ئێستادا دەسەڵاتیی شێعە_عەرەبی بووە و بەردەوام ئەو دەسەڵاتە دژی ماف و تەنانەت ژیانی هاوشانی کورد لەبەرانبەر عەرەبدا بووە و هیچ کات کوردەکان لە چوارچێوەی عێراق و لەلایان دەسەڵاتداریی عێراقی نەبوون بە هاووڵاتی هاوشانی عەرەب، کە وایە مانەوەی کوردستانی باشووری لە نێو دەسەڵاتداریی عێراقدا، هاوکاتە لەگەڵ دوو بابەت:

یەکەم: دەسەڵاتدارییەکی گەندەڵی کوردی، لە نێو دەسەڵاتدارییەکی گەندەڵی عەرەبییدا، دەژی و ئەوەش دەبێتە، هۆی ئەوەی ریشەکێشی گەندەڵی کوردی تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتداریی کوردی و کۆمەڵگای کوردستاندا نەبێت، و بەڵکوو بەشێک لە  رەگەکەی ئەو گەندەڵییە  لە دەرەوەی کوردستانەوە، و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیرادەی نەتەوەی کورددا بێت.

دووهەم: کورد وەک نەتەوەیەک لەلایان دەسەڵاتداریی عێراقی بەردەوام لە ژێر مەترسیی ئەوە دایە کە دەسەڵاتداریی عەرەبی ، سەری دەسەڵاتداریی کوردی بخوات و ئەوەش تەنیا لێکەوتنی کەسانێکی کورد لە دەسەڵات نییە، بەڵکوو بە مانای چەوسانەوە و پاشکۆ بوونی نەتەوەی کورد و گەرانەوە بۆ قۆناغی ژینۆساید و لارەملی نەتەوەیە واتە بەو شێوەیە جارێکتر کورد لە عیراقدا دەبێتەوە، بە هاووڵاتی پلە خوارێی کۆمەڵگای عێراقی بە تێبینی ئەو دوو خاڵە من پێم وایە چون جیابوونەوەی باشوور لە عێراق جیابوونەوە، لە دەسەڵاتێکی گەندەڵە و هاوکات لەگەڵ ئەوەش ئەو جیابوونەوەیە، دەبێتە گارانتییەک بۆ ئەوەی جارێکیتر هاوولاتی کورد، مەترسی بوونی بۆ هاووتی پلە چەند نەیەتەوە سەری، بە کورتی دەکرێت؛ بڵێن لە قۆناغی دوایی سەربەخۆیی دا، بەرهەڵستکارانی گەندەڵی دەسەڵاتداری کوردی و لاینگرانی دێمۆکراسی بە پشت قایمتر و ئەرخەیانتر و دەسەڵئاوەڵەتر دەتوانن دژی گەندەڵی نێو دەسەڵاتداریی کوردی بن، کە وایە پێویستە لاینگرانی دێموکراسی و بەرهەڵستکارانی گەندەڵی  نێو دەسەڵاتداریی کوردی بێ سێو دوو لەگەڵ گشتپرسی سەربەخۆی بن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووپوورە خەزاڵ، خەمێکی بێ کۆتا بە بەرۆکی تەم گرتووی دایکی نیشتمانەوە/ کورتە چیرۆک
بابەتی دواترکۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەمەڕ شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی ئەو حیزبە ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە