بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بۆ دوو لایەنی کۆمەڵە: دان بە خۆتان دا بگرن و زمانی سیاسەت و دیالۆگ بکەنە جێگرەوەی زمانی چەک و شەڕی خۆکوژی.

0
457

لە پێوەندی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دوو لایەنی کۆمەڵە، ئاگادار کراینەوە کە بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی، شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان ڕیزەکانی کۆمەڵە ڕوویداوە و لە ئەنجامدا دوو هاوڕێی کۆمەڵە گیانیان لە دەستداوە و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای بە داخبوونی خۆی لەم کارەساتە، هەر دوو لایەنی کۆمەڵە بانگهێشت دەکا بۆ دیالۆگ و دان بەخۆداگرتن و دووریگرتن لە شەڕی ماڵوێرانکەری خۆکوژی.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە ڕێگەی چارەی پێکەوە هەڵنەکردن و ناکۆکیە سیاسیەکانی نێوان ‌هێزە کورد و کوردستانیەکان نابێ بە هێزی چەک یەکلایی بکرێتەوە و لە جیاتی ئەوەی چەک بەرانبەر یەکتر ڕابکێشن، لوولەی چەکەکانیان ڕوو بە دوژمنی سەرەکی واتە داگیرکەری ئێرانی بە کار بێنن.

جیابوونەوەی دووبارە و لێکترازانەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵە، پاش بەشداریکردنی بەڕیز عەبدوڵلا موهتەدی و زاڵکردنی وێژمانی ئێرانیچێتی لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە دا چاوەڕوانکراو بوو، هەر بۆیە ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، وێڕای دڵگرانیمان بە هۆی سەرنەکەوتنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە پێشوازی لە وێژمانی کوردستانی بوون دەکەین و پێمان وایە ئەو سیاسەتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کەسی یەکەمی ئەم لایەنە لە چەند مانگی ڕابردوو و لە قۆناغی شۆڕشی ژینا دا و چوونە پاڵ ڕەزا پەهلەوی و بەشداریکردن لە مەنشووری جۆرج تاون، هەڵەیەکی سیاسی و زەبرێکی گەورە بوو لە جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و ریزەکانی کۆمەڵە بە تایبەتی .

لەم سۆنگەیەوە هەوڵدان بۆ پەرە پێدان و گەڕانەوە بۆ وێژمانی کوردستانیی ئەم کۆمەڵە هاوڕێیەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و هاوکات داوایان لێ دەکەین دان بە خۆیان دا بگرن و زمانی سیاسەت و دیالۆگ بکەنە جێگرەوەی زمانی چەک و شەڕی خۆکوژی.

لە کۆتاییدا هیواخوازین وێژمانی زاڵی شەقامی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەربەخۆیی و  کوردستانی بوونە ببێتە وێژمان و سیاسەتی سەرەکیی هەموو ئەو هێز و لایەنە کوردیانەی کە خۆیان لە چوارچێوەی جەعلیی ئێرانی بوون دا پێناسە دەکەن و بە گەڕانەوەیان بۆ باوەشی گەل، بە پێچەوانەی خواستی ڕاستەقینەی شەقامی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاپەڕینی ژینا نەجووڵێنەوە.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی
٢٢ی ژووەنی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.