بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان

0
2003

 

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ٣١ی جولای ٢٠٢٢ی زایینی ، کاتژمێر ٩ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی دامەزراندنی بەرەیەکی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ناوخۆ و تاراوگە، ٨ ڕەوەند و ناوەند و ڕێکخراوی کوردستانی، بە شێوەی سەرهێڵ و لە ڕێگەی تۆڕی پێوەندی “زوومـ”ـەوە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوە برد و بەرهەمی ئەم کۆبوونەوەیە بوە دامەزراندنی «بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان».

دامەزراندنی هەر چەشنە بەرەیەکی هاوکاری کە ئامانجی بیری نەتەوەیی و گەشەی کوردستان و کورد بێت لای ڕۆژی کورد پیرۆزە بۆ ئەم بابەتە چووینە لای کاروان مێراوی، نوێنەری ناوەندی چوارباخ لە بەرەی ئاماژە پێدراو و سەبارەت بە کار و چالاکی و هەروەها ئامانجی ئەم بەرەیە پرسیارمان کرد:

کاروان مێراوی لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “بە دڵنیایییەوە دامەزراندن و پێکهێنانی هەر بەرەیەک لەنێوان ڕێکخراوە کوردستانییەکاندا لە ڕاستای کۆدەنگی و یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکهەڵوێستی نەتەوەکەمان لەسەر بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان و پرسە نیشتمانییەکان، ئەرکێکی پیرۆزە و پێویستییەکی هەنووکەی ئێمەی کوردە کە لە خەباتەکەماندا باوەڕبەخۆبوونی زیاتر و وزەیەکی بەهێزمان پێ دەبەخشێت. بۆیە پێکهێنانی ئەم بەرەیەش هەر لەم ڕاستایەدایە”.

ناوبرا لەسەر ئامانجی پێکهێنانی بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان، وتی: “دامەزراندنی ئەم بەرەیە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕاستای یەکڕیزیی لەناو نەتەوەی کورد لە کوردستانی مەزندایە، کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراویشی هەیە و گرنگترین ئامانج لێک‌ نزیکبوونەوە و کۆدەنگی و یەکگرتووییی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ناوخۆ و تاراوگەیە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان و بەتایبەت پرسی شوناسی نەتەوەییی کورد و کاری هاوبەش لەسەر بزاڤی فەرهەنگی، هزری و ڕووناکبیریی کوردستانە.”

هەروەها کاروان مێراوی، ئاماژەی بەوەش کرد کە: “یەکەم پڕۆژەی کاری هاوبەشی ئەم بەرەیە، هەوڵدان بۆ گەیاندنی پرسی بەندکرانی مامۆستا زارا محەممەدی بە تاوانی مامۆستایەتیی زمانی کوردی و کێشە و ئاستەنگەکانی زمانی دایک لە کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە، بە شوێنە پێوەندیدارە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت بە ڕێکخراوی لینگواپاکس لە ئیسپانیایە. بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان هەوڵ دەدات مامۆستا زارا محەممەدی بۆ خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕێکخراوی لینگواپاکس بەربژێر بکات”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.