کۆچی دوایی باوکێکی نیشتمانپەروەر، باوکی کاک مەسعوود پەژووهی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

0
434

ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی، ٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ی زایینی کاک محەممەد پەژووهی،ناسراو بە حەمە ڕیحان باوکی ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان،کاک مەسعوود پەژووهی، بە هۆی نەخۆشی لە گوندی پیرسەفای شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد پەژووهی باوکێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بوو کە تا دوا هەناسەی ژیان بە ڕێبازی کۆماری کوردستان وەفادار مایەوە و هەر دەم ڕق و بێزاریی خۆی لە ڕژیمی داگیرکەری ئێرانی دەردەبڕی.

کاک محەممەد بەردەوام لە بیرەوەرییەکانی دا باسی سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستانی دەکرد و بە گەورەترین شانازی بۆ مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازنەی گەلی کوردی پێناسە دەکرد، هاوکات هەردەم ماڵەکەی بنکە و مەنزڵی کاروانی پێشمەرگە بووە و هیچ کات لە یارمەتیدانی پێشمەرگەی کوردستان بە گشتی و کۆمەڵە لە سەردەمی نەمر کاک فوئاد دا بە تایبەتی، خۆی نەبواردووە و لە ڕێگەیەوە زۆر جار خۆی و بنەماڵەی کەوتوونەتە مەترسیەوە.

ڕەنگە بە هەڵکەوت نەبێ کە خۆشەویستیەکەی بۆ کاک فوئاد وایکرد لە هەمان ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک فوئاد دا، کۆچی دوایی بکا و بە جەستە بۆ هەمیشە ماڵئاواییمان لێبکا.

لە بواری پەروەردەی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە کاک محەممەد، هەمیشە ڕێنوێنیی منداڵەکانی بووە و نموونەی ئەم پەروەردەیە کاک مەسعوود پەژووهیە وەک یەکێک لە کوڕەکانی کە بە هەوڵ و تێکۆشان و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە توانیویەتی بگاتە ئاستی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان.

کاک محەممەد پەژووهی ناسراو بە حەمە ڕیحان لە ساڵی ٢٦٤٦ی کوردی ، ١٣٢٥ی هەتاوی لە گوندی پیرسەفای شاری مەریوان لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی تێکۆشەر و زەحمەتکێش لە دایکبووە، پاش ئەوەی کوڕەکەی واتە کاک مەسعوود بە ناچاری و لە ژێر فشاری هێزەکانی داگیرکەری ئێرانی ناچار دەبێ ڕؤژهەڵات بەرەوە هەندەران بە جێ بێڵی، بە داخەوە کاک محەممەد بە هۆی پەرۆشی و دووری لە جگەرگۆشەکەی تووشی جەڵدەی مێشک دەبێ و سەرەنجام پاش دوو ساڵ بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ، ڕۆژی پێنج شەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک محەممەد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری و دایە فریشتەی هاوژینی و منداڵەکانیان کاک ئەحمەد و کاک مەحموود بە گشتی و کاک مەسعوود پەژووهی بە تایبەتی دەکا و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، خۆی لەم خەم و پەژارە دا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.

رووحی کاک محەممەد شاد و یاد و ناوی، ڕێگە و ڕێبازی بەرز و بەڕێز بێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی
١ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.