سویس،لۆزان: پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە سەد ساڵەی پەیمانی شوومی لۆزان

0
465

کوردناسیۆن: ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ٢٠٢٣ هەیئەتێکی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان بە سەرپەرەستیی ڕێزدار جەماڵ پوورکەریم، سەرۆکی بزووتنەوە و بە هاوڕێیەتی  بەڕێز سەردار وەلەدبەیگی لە کۆنفڕانسی سەد ساڵەی لۆزان کە بە مەبەستی شەرمەزار کردنی ئەم پەیمانە شوومە لە شاری لۆزانی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو، بەشداریان کرد.

دەقی پەیامی بزووتنەوە بەم چەشنە بوو:

 بە ناوی ژن، ژیان، ئازادی ، بە ناوی شۆڕشی ژینا.

میوانانی ئازیز، بەشداربوانی خۆشەویست، نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانیەکان
سڵاوتان لێبێ و ئەم کاتەتان باش.
ئەمڕۆ لێرە کۆ نەبووینەوە تاکوو تەنیا باس لە نەهامەتیەکانی گەلی کورد کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵە دا بەردەوام دووپاتە بوونەتەوە ، بکەین، بەڵکوو بۆیە لێرەین تا جیا لە خەسارناسیی ئەم سەد ساڵەی رابردووی خەباتمان، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و نەخشە ڕێگە بدەین.

هەموومان ئەوە دەزانین و لێی بە ئاگاین کە یەکەم : کورد و سیڤەر بوونە قوربانیی ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی بە گشتی و کۆتاییهێنان بە کێشە سنووریەکانی نێوان تورکیە و یۆنان بە تایبەتی.

دووهەم: بە هۆی نەبوونی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد و نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی و بە گشتی غیابی کورد و ئامادەنەبوونی کورد لە پڕۆسە سیاسیەکانی ئەم سەردەم دا لە هۆکارە سەرەکیەکانی سەرنەگرتنی پەیمانی سێڤر و هاتنە ئارای پەیمانی شوومی لۆزان بوون.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆ دا کە ڕوخساری راستەقینەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ هەموو جیهانیان دەرکەوتووە و پرسی کوردیش تا ڕادەیەک بۆتە پرس و کێشەیەکی جیهانی و نێونەتەوەیی، ئەرکی سەرشانی هەموومانە چ وەک تاک و چ وەک هێز و حیزب و ڕێکخراو و بە گشتی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کە هەنگاوی جیددی باوێین بۆ سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان و هەوڵ بدەین بۆ پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

بە بەڵگە و داتاوە ، هەموو ئەو خەسارانە بخەینە بەر دەم کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە لە ئەنجامی پەیمانی سوومی لۆزان لە ماوەی ئەم سەد ساڵە دا بە سەر گەلەکەمان دا هاتووە.

با چیدیکە خۆمان و گەلەکەمان هەڵنەخەڵەتێنین کە پەیمانەکە دوای سەد ساڵ کۆتایی پێ دێ، ئەوە پڕوپاگەندای داگیرکەری تورکە کە وەها هەوڵی هەڵفریواندنمان دەدا ، ئەگینا لە هیچ بڕگەیەکی دەقی پەیماننامەی شوومی لۆزان دا ئاماژە بەوە نەکراوە کە دوای چەند ساڵ ئەم پەیمانە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەوەی گرینگ و جێگەی هەڵوێستە لە سەر کردنە ئەوەیە کە نە تورکیە و نە وڵاتانی تری داگیرکەری کوردستان تەنانەت ئەم بڕگانەی ناو پەیمانی لۆزان کە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە مافی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە دەکەن، نەک هەر پێشێلیان کردووە و جێبەجێیان نەکردووە ڕێک بە پێچەوانەوە هەڵسوکەتیان کردووە و بە تەواوی هەوڵی پاکتاوی نەژادی و سڕینەوەی سوناسی نەتەوەیی ئەم نەتەوانەیان داوە.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەمڕۆ دا بە پێویستی دەزانێ کە فشار بخرێتە سەر وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە، ئەمریکا، ئیتالیا، ژاپۆن، یوونان، ڕووسیە، بلژیک ، عەڕەبستانی سەعوودی و هەموو ئەو وڵاتانەی کە پێکەوە ڕێککەوتبوون و بوونە براوەی شەڕی یەکەمی جیهانی و پێیان بوترێ کە بە هۆی ئێوەوە ئێمەی کورد تووشی ئەو هەمووە کارەسات و نەهامەتیانە هاتووە و دەبێ قەرەبوومان بکەنەوە.

لە دادگای نێونەتەوەیی و ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ جیا لە کردنەوەی دۆسیەی سکاڵا لە سەر دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، سکاڵا لە سەر هەموو ئەو وڵاتانە تۆمار بکەین کە بوونەتە هۆی ڕوودانی لۆزان و دابەشکردنی کوردستان.

پێویست بەوە ناکا چیتر خۆمان وەک مەزلووم و زوڵم لێکراو پێشان بدەین و چاوەڕوانی ڕوحم و بەزەیی زلهێزەکان بین، هەنگاو بۆ ئەستاندنەوەی مافە رەوا و یاسایەکانی خۆمان باوێین.

خۆ ئەگەر سەد ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ئاکادیمی و شارەزای سیاسەت و یاسای نێونەتەوەییمان نەبوو تا بتوانێ بەرگری لە مافی ڕەوای کورد بکا، ئەوە ئەمڕۆ کەم نین شارەزایان و پسپۆڕانی کوردی شارەزا لە یاسا و سیاسەتی جیهانی و ئەمڕۆیی.

با پێکەوە هەموو هێز و لایەنە کورد و کوردستانیەکان، هەنگاو بۆ ئەوە باوێین تا کوو لە سەر ئەساسی مافی ڕەوا و یاسایی و پەسەندکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس، هەم بۆ خۆمان هەوڵی بۆ بدەین و هەم داوا لەوان بکەین کە هەلمان بۆ بڕەخسینن بۆ بەڕیوە`بردنی ڕێفراندۆمێک لە فەزایەکی دێموکراتیک و ئازاد دا و ئیزنمان بدەن تاکوو خۆمان وەک گەلی کورد، بڵێین چمان دەوێ و چمان ناوێ، دەمانهەوێ سەربەخۆ بین و دەوڵەتمان هەبێ یان لە گەڵ داگیرکەرانی خاک و ولاتمان دا بمێنینەوە.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی
٢٢ی جوولای ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.