بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: ڕژیمی ئێران بە هێرش بۆ سەر کۆساڵان دەیهەوێ شکستەکانی لە بەرانبەر ئێرادەی گەل و شۆڕشی ژینا دا قەرەبوو بکاتەوە.

0
531

لە درێژەی سیاسەتی داگیرکاری و بە مەبەستی میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو دا سپای پاسدارانی ئێران،دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی زنجیرە چیاکانی بناری زاگرۆس و کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵانیان داوەتە بەر هێرش و جیا لە خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچانە و دروستکردنی کەشێکی نیزامی و ئەمنیەتی، بەشێکی زۆری لەوەڕگە و ژینگەی ئەم ناوچەیان سووتاندووە و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.

ڕژیمی ئێران بە بیانووی مانۆڕی نیزامی و هێرش بۆ سەر هێز و لایەنە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەکەیان بەرەو دۆخێکی نائارامی نیزامی و ئەمنیەتی بردووە و بە سووتاندنی ژینگەی کوردستان و میلیتاریزەکردنی ناوچەکە ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکیان خستۆتە مەترسیی زیاترەوە و هاوکات بە هێرش بۆ سەر کۆساڵان دەیهەوێ شکستەکانی لە بەرانبەر ئێرادەی گەل و شۆڕشی ژینا دا قەرەبوو بکاتەوە.

ڕژیمی داگیرکەری ئێران ڕایگەیاندووە کە ئامانج لەو مانۆرە نیزامیە، بنەبڕکردنی خەبات و جوولانەوەی ڕزگاری خوازیی کوردستانە، ئامانجێک کە هیچکات پێینەگەیشتوە و نەهاتۆتە دی و نە دێتە دی.

بژاڤی ئازادیخوازیی کوردستان بە پێچەوانەی بیرکردنەوە و لێکدانەوە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشە سەندن دایە و تا ڕووخانی دەسەڵاتی ئێرانی داگیرکەر، شێلگیرتر لە پێشوو بۆ وەدەرنانی داگیرکەر و دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربەخۆی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان ،ئازادی و تا سەرکەوتن نەسرەوتن و یان کوردستان یان نەمان” لە خەبات و تێکۆشان ناوەستێ.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ویڕای مەحکوومکردنی هێرش و جینایەت و داگیرکاریی ڕژیمی ئێران و هاوکات بانگەشە بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی کورد و یەکێتیی هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان، داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکا تاکوو لە بەرانبەر سیاسەتە دژی گەلیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی نەکەنە سیاسەت و پیشەی هەمیشەییان و پێویستە لەوە تێبگەن کە ئێران جیا لەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر کورد و باقی نەتەوە خاک داگیرکراوە غەیرەفارسەکان، مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو ئەمنیەت و ئاسایشی جیهان بە گشتی.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی
٢١ی ژووەنی ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.