بانگەوازی سێ لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا

0
674

 

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
شۆڕشگێڕانی دۆزی نەتەوەیی
گەلی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، ژینا ئەمینی بە تاوانی کوردبوون لە تارانی پایتەختی داگیرکەری ئێرانیدا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمەوە گیانی لێ ئەستێندرا و شەهید کرا.
هەر بەم هۆیەوە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەخماخەی ڕاپەڕینێکی بەرینی لێدا کە نە تەنیا کوردستان، بەڵکوو شار و شەقامی باقی نەتەوەکانی دیکەشی پەلکێشی شۆڕش و ڕاپەڕینێکی جەماوەری و بەرفراوان کرد و جیا لەوەی پایتەختی داگیرکەری خستە لەرزە، کۆمەڵگای جیهانی و نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ و بوونە پاڵپشت و پشتیوانی شۆڕشی ژینا لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی.

لە پێناو سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەرینی ژینا، تا ئەمڕۆکە قوربانییەکی زۆرمان داوە و تا ئەم داگیرکارییە بەردەوام بێ، دەبێ چاوەڕوانی قوربانیی زیاتریش بین و بۆیە دەبێ کۆتایی بەم ڕژیمە بهێندرێ.
لەم سۆنگەیەوە ئێمە وەک سێ لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی سیاسی، مێژوویی و نەتەوەیی سەرشانمان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین:

لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان وێڕای مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونەوە سەر کار، پاش سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانە سەرەکیەکانی شار و گوندەکان و بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”، “کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ” ، “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی”، “تا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ” و … کۆشکی داڕماوی داگیرکەری ئێرانی بۆ هەمیشە تێکبڕووخێنن و تا کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بەم ڕژیمە، شەقام چۆڵ مەکەن.

لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەوە داوا لە ئەندامان و لایەنگرانمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە کە بە بەشداریی کارا و چالاکی خۆیان لەم ڕاپەڕینە دا بە هەموو چەشنێک بەرانبەر داگیرکەر بوەستنەوە و ڕؤلی شۆڕشگێڕانەیان بە پێی پێویستیی هەلومەرجەکە بگێڕن.هەروەها گشت گەلی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵات دڵنیا دەکەینەوە کە هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی دیپلۆماسیی نێونەوەیی دا وێڕای گەیاندنی دەنگ و خواستی ڕەوای گەلەکەمان، کۆڕ و کۆمەڵگای جیهانی دێنینە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە شەقامی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

هاوکات داوا لە خەڵک و هێز و لایەنە سیاسیەکانی باقی نەتەوەکانی دیکەی وەک بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی، کاسپیەن، تورکمان، فارس، ئازەری و … دەکەین کە وێڕای پاڵپشتی و هاودەنگی لە گەڵ ڕاپەڕینی ژینا، بە بەرزکردنەوەی خواستە سیاسی، مەدەنی و نەتەوەییەکانیان بڕژێنە سەر شەقام ، بۆ ئەوەی پێکەوە تۆماری پڕ لە نەهامەتی و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکەوە پێچین.

بەرز و بەڕێز بێت یادی تێکڕای گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا و کورد و کوردستان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی

٨ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.