بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان: کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ.

0
536

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
گەلی کوردی ئازادیخواز
ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو

لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە تا هەنووکە، جیا لە شەهید و برینداربوونی سەدان کەس لە ڕۆلەکانی نەتەوەی کورد، هەزاران کەسی تر دەستبەسەر و زیندانی کراون و خراونەتە ژێر ئەشکەنجە و لێدان و کوشتن و هەر ڕۆژەو تەرم و جەنازەی تێکۆشەرێکی کورد ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە و پەیمان گەڵوانی و مووسا ئیسماعیلی نوێترین نموونەن کە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی رژیمی داگیرکەری ئیرانی دا شەهید کراون.

ڕژیمی داگیرکەری ئیران کە لە ئاستی ناخۆیی، ناوچەیی و جیهانی دا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەراوێز دەخرێ، لە دوایین ساتەکانی ژیانی دا دەستی داوەتە سەرکوت و کوشت و کوشتاری زیاتر تاکوو بەم چەشنە چەند ڕۆژێک زیاتر درێژە بە تەمەنی نگریس و پڕ لە نەهامەتیی دەسەڵاتەکەی بدا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە : ئەگەر شۆڕشی ژینا تووشی شکست بێ، ئەوە جیا جیا و هەر جارەوە بە شێوەیەک تاک بە تاکی گەنجان و لاوانی دەروەست و نەتەوەییمان لێ شەهید دەکەن.
هەر بۆیە هەلومەرجی ئەمڕۆیی وا دەخوازێ کە جارێکی تر، گەل بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان و پێشگرتن بە خوڵقانی جینایەتی زیاتر، بە گوڕتر لە پێشوو ، بڕژێتەوە سەر شەقام و تا تێکەوە پێچان و وەدەرنانی یەکجارەکیی داگیرکەری ئیرانی، شەقام چۆڵ نەکرێتەوە و ئەم دوو دروشمە سەرەکیەی شۆڕشی ژینا “کورد تا دەوڵەتی نەبێ ئەمە هەر بەشی دەبێ و داگیرکەری ئیرانی ، قاتڵی ژینامانی” بکەینە بنەمای ڕاماڵینی داگیرکەری ئیرانی.

لە ئێستا دا کە شاری مهاباد بۆ داکۆکی لە خوێنی پەیمان گەڵوانی و شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا جارێکی تر ڕژاوەتەوە سەر شەقام، پێویستە شارەکانی تری کوردستانیش بگەڕێنەوە شەقام، ئەگینا بە نەگەڕانەوە بۆ سەر سەقام جیا لەوەی تێچووی شۆڕشی ژینا زۆر زیاتر دەبێ، دەستکەوت و خوێنی هەموو ئەم شەهیدانەشمان بە فیڕۆ دەچێ و تووشی خەساری زیاتر دەبینەوە.

پەیمان گەڵوانی تەمەن ٢٤ ساڵانە و خەڵکی شاری مهاباد، کە لە ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئورمیە ڕاگوێزرابوو، پاش ئەوەی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئیران بە توندی ئەشکەنجە دەکرێ، ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕ بە هۆی برینەکانیەوە لە دۆخێکی ئەمنیەتی دا و بە بێهۆشی دەبردرێتە نەخۆشخانەی بە ناو خومەینیی ئورمیە و ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی لەم نەخۆشخانەیە دا گیانی لە دەست دەدا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی ڕێگەی ئازادی کوردستان دەبێ.

هەروەها پێشتر لە ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ، مووسا ئیسماعیلی،خەڵکی پەسوێی پیرانشار، کە بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکان کە ماوەی دوو مانگ بوو لە دەستبەسەری دابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دا، گیانی لێ ئەستێندرا.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی
١١ی جولای ٢٠٢٣ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.