چۆلکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵات لە باشوور و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ

0
942

رۆژی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ “پەیماننامەی ئاسایشی سنووری نێوان #عێراق و #ئێران کە لە ٢٠ی مارسی ٢٠٢٣دا واژووکرابوو” ‏کەوتە بواری جێبەجێ کردن و بنکە و کەمپەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێی باشووری کوردستان ‏کۆکرانەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە بە “چەک کردنی هێزە چەکدارەکان” ناودەبات و دەسەڵاتدارانی عێراق و حکوومەتی ‏هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەوەی کە وڵاتی عێراق بووتە “حەیات خەڵەوتی ئێران” ناچاربوون ملکەچی ویستەکانی حکوومەتی ‏ئێران بن‎. ‎

دوای دەسپێکی شۆرشی ژینا بە پێشەنگی ژنان لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕۆلێکی کاریگەریان هەبووە لە ‏رێکخستن و بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی. حیزبەکان بە شێوەی هاوئاهەنگ لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی ناوخۆی ‏ڕؤژهەڵاتی کوردستان توانیان چەندین خۆپێشاندانی سەرانسەری، مانگرتن و بۆنەی جۆراوجۆری بەکۆمەل سازبکەن و بەوە ‏نموونەیەکی سەرکەوتوو لە لێکگرێدانی خەباتی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان یان خەباتی شاخ و شار نیشان بدەن. ‏یەکگرتوویی و رێکخراوەیی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو ‏ئەزموونی کاری سیستماتیکی رێکخراوەیی دەبینرا سەرەرای هەموو سەرکوتەکانی رژێمی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ‏‏٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا بە فەرمانی جەهادی خومەینی شەڕێکی هەمەلایانەی سەربازی، ئابووری، کولتووری، ژینگەیی، تیرۆری ‏فیزیکی و سایکۆلۆژیکی دژی نەتەوەی کوردی دەست پێکردووە، ئەمجارەش بۆ پاشەکشە بە جۆڵانەوەی نەتەوەکانی ئێران و خەباتی ‏خەلکی #کوردستان پەنای بردە بەر هێرشی تیرۆریستی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی ‏کوردستان لە باشووری کوردستان و بەوە وێڕای بنپێ کردنی سەروەری سیاسی و خاکی عێراق و باشووری کوردستان هەوڵیدا ‏کوردستان بەرەو ئاژاوە و قۆناغێکی دیکەی شەڕی چەکداری ببات. لە ئاکامی ئەو بە کەڵک وەرگرتن لە دۆخی ناوخۆیی عێراق و ‏باشووری کوردستان توانی ویستە زێدەڕەوی و داگیرکەرەکانی خۆی بەسەر باشووری کوردستان و عێراقدا بسەپێنێت و بارەگا و ‏بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوێ کۆبکاتەوە. عێراق یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ‏واژۆکارانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە ١٩٤٨ و کۆنوانسیۆنەکانی چوارەمی ژێنیورا (ژێنێو) لە ساڵی ١٩٤٩ کە مافی پەنابەران و ‏چالاکی سیاسی پەنابەران مسۆگەر دەکات. سەرەڕای ئەمانە بەهۆی لاوازی و سەربەخۆنەبوونی حکوومەت و لێکترازانی سیاسی ‏لە باشووری کوردستان، عێراق توانای بەرگری لە سەروەری سیاسی خۆی نیە و ناچارە لە هەمبەر هێرشەکانی ئاسمانی تورکیا و ‏ئێران بۆ سەر خاکی خۆی بێدەنگ بێت‎. ‎

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەلومەرجێکی تایبەتی و هەستیاردا تێپەردەکات. چۆلکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ‏کوردستان کۆتایی قۆناغێکی سەخت و مێژوویەکی خۆسازان لە گەڵ هەلومەرجی سەقامگیری و کێشەکانی باشووری کوردستان ‏بوو. قۆناغی نوێ قۆناغی بەرفراوانتر بوونی جۆڵانەوەی نەتەوەییە لە هەموو ئاستەکانی خۆی. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ‏کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز، هۆشیاری نەتەوەیی بەرز و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی دینامیکە. دروشمەکانی ناوشەقامەکانی کوردستان ‏سەلمێنەری ئاستی بەرزی پێگەیشتوویی و ماف ویستی خەڵکی کوردستانن. ئەوان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە ‏مەیدانی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو پانتایی ڕۆژهەڵاتە نەک پشت سنوورەکان. خاوەنی دیاسپۆرایەکی بەهێز و ‏خاوەن سامانی هزری، مرۆڤی، سیاسی و ماددییە. دیاسپۆرای ڕۆژهەڵات سەرەرای هەموو لێکدابڕانەکانی کۆمەڵایەتی کوردستان ‏پۆتانسیەلێکی گەورەیە بۆ داهاتووی گەلی کورد. سەردەم، سەردەمی تۆرە پێوەندییەکان و رێکخراوەکانی هێشوویی و ڕایەڵەی ‏رێکخراوەییە‎. ‎

ئەگەر تا دوێنێ کۆمەڵگای کوردستان بەهۆی هەلومەرجی تایبەت نەیدەتوانی خۆی لە چوارچێوەی سیاسی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، ‏ئەمرۆ کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیمانێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر و یەکگرتووخوازانە ببەستێت بە مەبەستی ‏بەرەو پێش بردنی خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری سیاسی نەتەوەکەمان لەو بەشەی ‏نیشتیمان‎.‎

کاتی ئەوە هاتووە حیزبە سیاسیەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و ئێلیتی سیاسی و چالاکی کورد لە چوارچێوەی دیالۆگێکی نیشتیمانی ‏هەوڵبدەن بۆ داڕشتنی پرۆژەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوە و رێکخستنی تواناکانی نەتەوەییمان بۆ رێبەری کردنی قۆناغی نوێی خەباتی ‏خەڵکی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان. ناوەندی نەتەوەیی ڕؤژهەڵاتی کوردستان لە دەسپێکی شۆرشی ژینادا بە هەست کردن بە ‏پێویستی سیاسی و نەتەوەیی و بە هەستکردن بە گرینگی فاکتۆرە ناونەتەوەییەکان گفتگۆی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حیزبەکانی ‏رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بە مەبەستی پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش کە خاوەنی ستراتێژی، بەرنامە و قەوارەی ‏پەسەندکراوی گشتی بێت. قۆناغێک کە ڕؤژهەڵاتی کوردستان تێپەر دەکات زۆر هەستیارە، قۆناغێکە کە لەوانەیە لێکدابڕان و ‏دژبەری بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەکە بەسەر خەباتی سیاسی نەتەوەکەمان و حیزبەکانی ئەو بەشەی نیشتیماندا بسەپێت، بۆیە ئەرکی ‏هەموو رێکخراوە سیاسی، مەدەنی و تاکەکانە هەوڵبدەن بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نەتەوەیی و لێکگرێدانی هەموو ڕەهەندەکانی خەبات لە ‏ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات‎. ‎
سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەییمان گرێدراوە بە یەکیەتی نەتەوەییمان و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەڵقوڵاوی ویستی کۆمەڵگای ‏ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بتوانێت لە ئاستی ناوخۆییدا رێبەرایەتی شۆرشی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بکات و لە ئاستی ‏دەرەوەدا ببێتە دەنگی خەباتی ناوخۆی کوردستان. ناوەندی نەتەوەیی ڕؤژهەڵاتی کوردستان بە هەموو تواناییەکانی خۆیەوە لەو ‏پێناوەدا خەبات دەکات و داوای هەنگاونانی خێرا دەکات بە ئاراستەی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی – نیشتمانی بۆ ئەم ‏قۆناغە لە خەبات.‏

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جڤاتی گشتی
‏١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ کوردی بەرامبەر بە٢٣ی سێپتەمبری ٢٠٢٣‏

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.