شاکڵەی نەتەوە (structure)

0
2475

لە زانستی سیاسیدا بە پێی موڕال و سایکۆلۆژی کۆمەڵە مرۆڤێک کە لە جوغرافیایەکی دیاریی کراو و تایبەتدا دەژین، بۆ پێناسەی نەتەوە بوونیان پێویستە (٦) پێوەری بنەڕەتی کە لە بنەڕەت دا پێک هێنەر و سەلمێنەری نەتەوەیە ڕاڤە بکرێت .

*زمان

*خاک

*مێژوو

*چاند

*ڕەگەز

*  وشیاری نەتەوەیی (سایکۆلۆژی و موڕال )

هەروەک ئاماژەم پێ کرد ئەو شەش خاڵە پێناسەی نەتەوەن کە لە کەسایەتی کۆمەڵە مرۆڤێک دا وەک پێناسە کۆدەبێتەوە و دەبێتە پێناسەی نەتەوەیی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە  و گرینگترین خاڵی کە ڕۆلی سەرەکی و بنەمای ئەو پێناسەیەیە ،وشیاریی نەتەوەیی و مۆراڵە کە ڕپحی نەتەوەبوون لەو پێنج خاڵەی تر دا دەکاتە ئەمری واقع و دەیسەپێنێت کە واتە دەتوانم بڵێم مۆراڵی نەتەوەیی پەیوەستە بە ئاستی وشیاری کۆمەڵگا و لە بنەڕەتدا بزوێنەری نەتەوە بوون وشیارییە کە تاکەکانی کۆمەڵگا دەتوانن ئەو ئاستە لە وشیاری نەتەوەیی بەدی بێنن یان بە واتایەکی ڕوونتر لە سەر بنەمای مەرجەکانی نەتەوە بوون، وەک شۆرشێکی هزری بە پشت بە بەستن بە مۆراڵی کۆمەلگا ئاستی وشیاری نەتەوەیی دەبێتە راستییەک و گوتاری سایکۆلۆژیانەی کۆمەڵگا لە پێناو پێناسەی نەتەوەیەک. هەوڵ دەدەم لیرەدا بە کورتی هەریەکە لەو شەش خالەی ئاماژەم پێکردن شی بکەمەوە بۆ ئەوەی لە شاکڵەی نەتەوە بوون تێ بگەین.

*زمان : با بەوتەیەکی زێرینی هونەرمەندی گەورەی نەتەوەکەمان مامۆستا ناسری رەزازی لە سەر گرینگی زمان دەست پێ بکەم کە دەڵیت ((کۆڵەکەی مانەەوەی هەرنەوتەیەک زمانە)). بێ گومان زمان ڕۆلی سەرەکی لە پێناسەی نەتەوەیەک دا داگێریت ، زمان تەنیا فاکتێکی نییە بۆ لێک تێگەییشتنی دووکەس بەڵکوو هۆکاریکە بۆ گەشەکردنی تاک بە تاکی کۆمەڵگا و شوناس و ئاستی وشیاری نەتەوەیی و لەهەمان کات دا ئەوە زمانە سنوورەکانی جوغرافیایی نەتەوەیەک دیاریی دەکات و تەنانەت لە کاتی ناکۆکی ئەتنیکی لە جوغرافیایەک کە هەوڵ دراوە دێموگرافیای بشێوێنرێت زمان ڕۆلی سەرەکی دەبێنی لە یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و ناکۆکییانە، بۆیە زمان سەرەکیترین پێناسەیە بۆ نەتەوەیەک( مەبەست بۆنموونە کوردستان کە وڵاتێکی کۆلۆنییە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان هەوڵێکی زۆر دراوە بە شێواندنی دێموۆگرافیا و هاوردە کردنی خەڵکانی تر لە کاتی داگیرکاری و لەهەمان کاتێشدا زاڵ بوونی زمانی داگیرکەر و هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی لەهەموو کوردستان، باشترین نموونەوەیە بۆ ئەوەی لە گرینگی ڕۆلی زمان تێ بگەین بۆیە مامۆستاناسر زۆر بە جوانی دەڵێت زمان کۆڵەکەی مانەوەی هەر نەتەوەیەکە،باڵادەستی سیاسی و ڕۆشنبیری داگیرکەرانی کوردستان چون بەهیزی سپا و شەڕ کوردستانیان داگیر کردووە لە ڕێگەی زمانێشەوە هەوڵی داگیرکەردنی زمان و هەستی نەتەوایەتی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردیان داوە ). لەلایەکیتریش تا سنووری زمان بەربڵاوتر بێت سنووری ولاتی خاوەن زمان بەرینتر دەبێت .

چەند نموونەیەک لە گرینگی زمان لە مێژووی نەتەوەکانی جیهان دا:

لە شەڕی سەد ساڵەی نێوان فەرانسە و ئینگلیز ، شا ئێدواردی دووهەم لە سالی ١٣٢٠ زایینی لە وتەیەکدا لە پەرلەمانی ئینگلیز وتی : پاشای فەرانسە دەیەوەی زمانی ئینگلیزی لەسەر گۆی زەوی بسڕیتەوە و لە ناوی ببات، ئەو وتەیە بوو بە هۆکاری سەرەکی بەرز بوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی و بەرگری کردن لە کەسایەتی نەتەوەیی ئینگلیزەکان لەو شەڕەدا و هەر لەم پەیوەندییەشدا بۆ بەهێز کردن و سەقامگیر کردنی کەسایەتی و شوناسی نەتەوەیی ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٣٦٢ی زایینی، زمانی ئینگلیزی بووە زمانی رەسمی وڵات و جێگرەوەی زمانی ئەنگلۆ نۆرماندی و ماسیۆئاوڤ و ئیستمێنسێر لە سالی ١٣٦٣ ی زایینی وتیان هەرکەس ئەو زمانە واتە ئینگلیزی نەزانێت کەسێکی وشیار و بەرێز نییە و شایانی هاوولاتی بوونیش نییە .

نموونەیەکی تر لە سەدەی هەژدەهەم دا زمانی فەرانسی تەواوی ولاتی ئاڵمانی داگرتبوو، زۆربەی ڕۆشنبیر و ساسیەتڤانانی ئاڵمانی بە فەرانسی قسەیان دەکرد تەنانەت کاتێ ڤۆلتێر سەردانی بەرلین دەکات لە نامەیەک بۆ هاورێکانی دەنووسێت : لە بەرلینم بەڵام واهەست دەکەم لە فەرانسە دەژیم چون هەمووان لێرە بە فەرانسەیی قسەدەکەن ،لە ئاکام دا لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم داسەردەمی ژۆزێفی دووهەمی ئیمپراتوری رایش ، زمانی ئاڵمانی کردە زمانی رەسمی وڵاتەکەی .

کارڵ مارکس ( کەلەبنەڕەت دا جوولەکە بوو) دەڵێت : جوولەکە نەگەلن و نەنەتەوەن بەڵکوو کۆمەڵە مرۆڤێکن کە بیر و باورێکی تایبەت بە خۆیان ئەویش لە ڕیگای زمانەوە (عیبری) بەو پرش و بڵاوییەی کە هەن و لەگشت جیهان بڵاون توانیان وەک خاڵیکی هاوبەش، زمانی ئایینەکەیان و ئایین ببنە دەولەت . لە راستی ئەو وتەیەی مارکس زۆر راستە جوولەکە لە ڕیگای زمان و ئایینەوە توانی ببێتە خاوەنی دەولەت و بەپێوەری سیاسی وەک رەگەزێکی ئەتنیکی ئایینی خۆیان فەرز بکەن ببنە خاوەن کیانی خۆیان و پێم وایە باشترین وانەیە بۆ ئێمەی کورد کە بتوانین سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە خاوەن خاک و زمان و …خۆمانین ،ئەزموونی نەتەوەکانی تر بەهەند وەربگرین بۆ شوناسی نەتەوەیی و بەدەولەت بوونمان …  .

*خاک : پیرۆزترینە لەو شەش خاڵەی کە مەرجن بۆ پێناسە نەتەوەیەک . ئایدۆلۆژیای نەتەوەیە سایکۆلۆژی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا دروست دەکات . خاک بێ گومان گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە بە پێی ئاستی وشایری و مۆڕالی تاکەکانی کۆمەلگا.. من هەم بوونم هەیە، من خاکی خۆمم خۆش دەوێ ، من خاکی خۆم دەپارێزم لەهەر داگیرکارییەک ، من ڕیگە نادەم بێگانە بێتە سەر خاکم …ئەوانە کۆمەڵی ڕەستەی مۆڕالی تاکی وریای کۆمەڵگایە کە بەرهەمی وشیاریی نەتەوەیی وای لێدەکات بەرگری لە خاک و ناسنامەی خۆی بکات. گەر چاو لە مێژووی نەتەوەکانی جیهان بکەین خوێناویترین  شەڕەکانیان کەسەر پاراستن و بەرگری لە خاک و زێدیان بووە ، تۆزێک نزیکتر هەر دووشەری جیهانی یەکەم و دووهەم سەلمێنەری ئەوارستیە وگرینگی خاکە وەک پیرزۆزی بۆنەتەوەیەک کە مافی خۆیەتی لەسەر خاکی خۆی خاوەن سەروەری سیاسی و هەرچەشنە دەسەڵاتێکی بەرێوەبەری بێت، خود موختاری، فیدرالیزم ، کۆنفیدرالیزم و سەربەخۆیی بە بێ دیاریی کردنی سنووری جوغرافیایی واتە خاکی خۆی ناتوانێ دروست ببێت،بۆیە پێوستە لە گرینگی خاک تێ بگەین و بزانین کە چەندە گرینگە بۆ بە دەوڵەت بوون و پێناسەی نەتەوە بوونمان .. لەبنەڕەتدا ئەوە خاکە بنەما و دەست مایەی بە دەوڵەت بوون و پێناسە و شوناسی نەتەوەییەمان لە ئەژمار دێت.

*مێژوو :  جۆرج سانتایانا فیلسۆفی سەدەی بیستەمی ئامریکایی دەلێ :ئەو کەسانەی ناتوانن رابردوو وەبیر بێننەوە ( واتە بەهەندی وەربگرن)) مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی . لە راستی دا ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکانن دەبنە ئەزموون و بەهەند وەردەگیرێن گەر هەڵە کراوە دەبێ خەسارناسی بکرێت و هۆکارەکانی ئەو هەلانە ڕوون بکرێتەوە و دەست نیشان بکرێت یان ئەگەر دەستکەوت و سەرکەوتنی بەدی هێناوە دەبێ بە هێز و بەهێزتر بکرێت . مێژوو ڕابردووە و ئاوێنەیە بۆئێستا و داهاتوو، مارگارێت تاچێر سەرۆک وەزیرانی ناوداری بریتانیا دەڵێ :کۆتایی مێژوو سەرەتای مێژووە یان ئارنۆڵد ڕوگبی مامۆستای زانکۆی ئوکسفۆرد دەڵێ: مێژووی نوێ دواقۆناغی مێژووی مرۆڤایەتییە ،و روونە مەبەستی لەم وتەیە ئەوەیە تامرۆڤایەتی هەبێ و ژیان بەردەوام مێژوو دەنووسرێتەوە.

توێژینەوەی مێژوویی کۆمەڵی رەهەندێکی بەرفراوانە کە پەل بۆ زۆر چەمکی تر درێژ دەکات،سایکۆلۆژی تاکی کۆمەڵگا و سەرچاوەی سایکۆلۆژی گشت کۆمەڵگا دەخاتە ژێر پرسیار و رەخنەوە هەر بۆیەش رووداوە مێژووییەکان دەخاتە بواری توێژینەوە و خەسارناسی سەرکەوتن و شكستەکان.خوێندنەوەی ئەو مێژوویە بۆ ئەوەیە کە بۆداهاتوو نەخشەی سەرکەوتن گەڵاڵە بکەین و  رێگر بین لە دووبارە بوونەوەی هەلە و شکستەکانمان . لەیەک پێناسە کورت دا ئاڵمانییەکان بە جوانی دەڵین : مێژوو داهاتوومانە…

*چاند :   دەتوانین بڵێین کلتور بۆتە سیستەمێکی هزری کۆمەڵایەتی و جۆرێک دەستووری کۆمەڵگایە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا و پەیرەوی دەکرێت ، جۆری کلتورەکان پەیوەستە بە ئاستی وشیاری تاکی کۆمەڵگا و رەنگە لە رووی زەمەنی و قۆناإەکانی ژینگەی کۆمەلایەتی و تەنانەت سیاسیش و پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگا، ئاڵ و گۆڕی بەسەر دابێت، بۆنموونە کلتوری کۆمەڵگای فێئۆدال لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگای بورژاوازی جیاواز بێت یان کلتوری سەرمایەداری لەگەڵ کلتوری سوسیالیستی،واتە ئەو جیاوازییانە لە مۆراڵی جیاوازی چینایەتی و ئابووریی دروست دەبێت. لەبیرمان نەچێت ئایین پشکی شێری هەیە لە دارشتنەوەی شێوە و سیستەمی کۆمەڵگا و کلتوری تایبەت بەو کۆمەڵگایە بەگشتی لە هەموو کۆمەڵگاکان دین ڕۆلی سەرەکی هەیە لە دارشنەوە یان پەیرەو کردنی کلتور کە ناکرێت لەبەر چاو نەگیرێت.

*ڕەگەز(ئەتنیک) : زانستی خەڵک ناسی(  Anthropology  ) زانستێکی گرینگە بۆ تێگەییشتن و بینینی جیاوازییەکانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا کە دەتوانین بەسەر دووچەمەک دا دابەشی بکەین .

یەکەم : خەڵک ناسی فیزیکی یان ژینگە ناسی ( Biology  ) .گرینگی رەگەز لە پێناسەی نەتەوە پەیوەستە بە ژینگەی سروشتی و بوونی فیزیکی مرۆڤەکان و راڤەی مێژووی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە ژینگەی خۆیان و ناسناندنیان.

دووهەم : خەڵک ناسی کلتوری ، پەیوستە بە داب و نەریت و ئایینەوە، بەتایبەتی ئایین ڕۆلی سەرەکی هەوبوو و ئێتستاش هاوتەریب لەگەڵ مۆدێرنیەتە و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی سەردەمیانە، بۆنموونە فەرانسییەکان دەیانگوت هەرکەس کاسۆلیک بێت ئەو فەرانسەیی رەسەنە یان ئاڵمانییەکان بەهەمان شێوە هەرکەس پرۆتۆستان بایە دەیانگوت ئاڵمانی رەسنە . نموونەیکی بەرچاو و زەقی کاریگەری ئایین وەک پێناسە و شوناس بۆ ئەو مرۆڤانەی شوێن کەوتەی ئەم رەهەندەن دروست بوونی دەولەت نەتەوەیی ئایینی بووە بۆ وێنە ئیسرائیل ، پاکستان و بەنگلادش باشترین نموونەی کارتێکەری و هۆکاری بەدەولەت وبوون و شوناسێکی نەتەوەیین کە خۆیان زەق کردەوە ،دیارە شان بەشانی رەهەندەکانی تر بەڵام ڕۆلی سەرەکی لێرەدا ئایین بوە کە بووە ناسنامەی کلتوری ئەو مرۆڤانە لە سروشت و ژینگەی کلتوری و سیاسی خۆیان.

*وشیاری نەتەوەیی ( سایکۆلۆژی و مۆڕال )

  رۆحی ستراتژی ،ئایدۆلۆژییە و رۆحی ئایدۆلۆژیش وشیارییە . کاتێ تاکەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگا لەمەر پێناسەی نەتەوەیی و ئاستی وشیارییان ئیدەئال و ریئالیستانە بوو دەبێتە رۆحی ئایدۆلۆژی و ئایدۆلۆژش دەبێتە هەوێنی ستراتژی نەتەوەیی و چەند خالێکی گرینگ لە خۆ دەگرێت :

ناسیۆنالیزم : بریتیە لە کۆمەڵی ئایدۆلۆژی ، رەهەندی سیاسی و ڕۆشنبیری کە وەدی هێنەری مۆدێنیزمە،بەڵام مۆدیرنیتە ڕۆلی چییە ؟ مۆدێرنیتە واتە نوێ گەرایی هەربۆیەش پەیوستە بە ناسیۆنالیزمەوە لە دوورەهەندی جیاواز بۆ کۆمەلگای مرۆڤایەتی :

الف: کۆمەلگای کۆلۆنی و ڕۆلی مۆدیرنیتە و بنەمای هزری ناسیۆنالیستی :

بۆ کۆمەلگای کۆلۆنی نوێ گەرایی یان هەمان مۆدیرنیتە تەواو کەری پرسە نەتەوەییەکان دەبێت ،بۆنمونە بەڕۆژ بوون و و پلانی نەتەوەیی بەمەبستی ڕزگاری لە سیستمی کۆلۆنیالیزمی و وەدی هێنانی کیانێکی سیاسی وەک نەتەوەیەکی کۆلۆنی کە بێ بەشە لەهەرچەشنە گەشەیەکی سیاسی و ماف پەروەرانە، لێرەدایە مودێرنیتە بە پشت کردن لە داب و نەریت ( سونەتەکان) هەوڵ دەدات بەشیکی دانەبراوی خواستی ناسیۆنالیستی بێ بەرەو نوێ بوونەو گەشە و پێشکەوتنی گشت رەهەندی ئەو کۆمەلگایە کەدەبێ خۆی لە کۆت و بەربەستەکانی کۆمەڵایەتی رەها بکات و خواستی کۆمەلگاش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەبەر پێش چوون و وەدی هاتنی مۆدێرنیتە. نمووونیەکی هاسان لە کوردستان سالانی زوو دیاردەیەک هەبوو بە ناوی ژن بە ژنە بەڵام بە پێی زەمەن و گەشەی کۆمەڵگا ئەو دیاردەیە تاهات کەم رەنگ تر بووە بە جۆرێ کە ئێستا لە کوردستان تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە،ئەوە نەریتێکی کۆمەلایەتی بوو کە لە سایەی گەشە و ڕۆشنبیری پێگەی کرداریی خۆی لەدەست و دا دەچیتە چوارچێوە هزری مۆدێرنیتە. ئەو نموونەیەکی باشە بۆ هەموو رەهەندەکان کلاسیکی و داب و نەریت کە رێگرە لە گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا. بۆیە دەڵیم مۆدێرنیتە بە پێی ئاستی وشیاری کۆمەلگا و لەلایەکی تریش خواستی ئەو کۆمەڵگایە دەتوانێ یارمەتی دەری ناسیۆنالیزم بێت لەهەموو رەهەندەکانەوە.

ب : کۆمەلگای پێشکەوتو و خاوەن قەوارەی سیاسی واتە دەوڵەت نەتەوە :

ئەو کۆمەلگایانە دەگرێتەوە کە خاوەن دەولەت نەتەوە و سەقامگیری سیاسی –نەتەوەیین ، بۆیە مۆدێرنیتە لەم جۆرە کۆمەلگایانە سەرەڕای ئەوەی تەواو کەر یان باشتربڵیم بەشی سەرەکی و دانەبەراوی ناسیۆنالیزمە ،ئەرک و رۆلی جیاوازتر و پێشکەوتووترە لە کۆمەلگای کۆلۆنی.

مۆدێرنیتە دەتوانێ بەرهەمی هزری و گەشەی زیاتر و نوێ بوونەوەی کۆمەلگای خاوەن دەولەت نەتەوە بێت، هاوکات ئیتر لەم کۆمەڵگایانە مۆدێرنیتە بە شێکە لە ژینگەی گشت رەهەندی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و شان و بەشانی ناسیۆنالیزم هەوڵی پێشکەوتنی لایەنی  ئابووری ، سیاسی، چاندی ، پیشەیی و تێکنۆلۆژی دەدات و دەبێتە بەرهەمی ناسیۆنالیزمی نەتەویەک .

ئایدۆلۆژی نەتەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای فەلسەفەی سیاسی دروست نابێت،بڵکوو لە سەر شاکڵەی ( رابردوو ، مێژوو، ئێستا و داهاتوو) پەیامی نەتەوە بۆ سیاسەتی جیهانی و ئەرکی دەوڵەت بەرانبەر بە هاووڵاتی و ئەرکی هاوولاتی بەرانبەر بە دەولەت دروست دەبێت، جا بۆ نەتەوەی کورد کە خاوەن دەوڵەت نییە ئەرکی هاووڵاتی وشیاری نەتەوەییە و هەوڵ دانە لە ڕێگەی چەمکی ناسیۆنالیزم و ولآتپاریزی ( patrio ) بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی و هەوڵ دان بۆ دەستبەر کردنی کیانێکی سیاسی . مێدیا، پەرتووک و بلاو کراوە، نوخبە و رۆشنبیری کۆمەلاگا دەتوانن دەور ڕۆلی سەرەکی و گرینگ ببینی لە وشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگا و لایەنی پەروەردیی  لەهەموان گرینگتر رۆڵ دەبینێ بۆ پێگەیاندی ئاستی وشایری ڕۆڵەکانی نێشتمان لەهەموو رەهەندەکانەوە . لەو شەش خالەی ئاماژەم پێکرد پێنجیانت هەبێت بەلام وشیاری نەتەوەییت نەبێت ناتوانی بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆت و لەلایەکی تریش بەرەو دەولەت هەنگاو بنێی. بۆیە من دەڵیم ئاستی وشیاری نەتەوەیی بناغەی نەتەوەیە و دارێژەری خەبات و تێکؤشانە بۆ رزگاری و گەشە و قەوارەیکی نیشتمانییە کە پشت بە پێنج خالەکی تر دەبەستیت کاتێ کە وشیاری نەتەوەیی لە لووتکە دابێت ، دارێژەری ستراتژی و پلانی گونجاوی نەتەوەیی دەبێت وەک سیاسەت ، دیپلۆماسی ، ئابووری و …

دوا رەستەم دێکارت دەڵی : ((من بیردەکەمەوە کە واتە هەم.))

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.