شرۆڤه‌ی ڕۆژی کورد/ هەوڵی ڕژیمی ئێران بۆ ئەمنیەتی کردنی کوردستان لە ڕێگای پڕووپاگەندەو دروست کردنی سناریۆ

0
874

شرۆڤەکەری باسی ئەمجارەی:  ئاسۆ ڕوانسەری (ڕۆژنامەوانی تایبەتیی ڕۆژی کورد لە پارێزگای سنە)

هەوڵەکانی ڕژیم بۆ ئەمنیەتی کردنی کوردستان لە ڕێگای شانۆی جیاواز و جیاجیا، بەردەوامە، جاری پێش لە سەردەشت و پیرانشار و ورمێ ئەمجار لە مەریوان و بانەو سەقزو پاوەو جوانڕۆو ڕوانسەر

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ سێ شەمە، 26 گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، ماڵپەڕ و ڕاگەیێنەکانی ئێران هەواڵی تێکەڵچوونی هێزەکانی سوپای پاسداران و ئیتلاعاتیان لە پارێزگای کرماشان لەگەڵ تیمێکی داعش بڵاو کردەوە.

ئەسەدوڵا ڕازانی، پارێزگاری کرماشان لە وتوووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئیرنا، هەواڵی تێکەڵچوونی هێزەکانی سوپاو ئیتلاعات لە گەڕەکی باغ ئەبریشەمی کرماشان لەگەڵ هێزێکی بە وتەی خۆی داعشی پشتڕاست کردەوەو گوتی، سێ کەس بوون و ویستوویانە لە شارە جۆاراوجۆرەکاندا کاری تیرۆریستی بکەن، بەڵام کوژراون و بڕێکی زۆر چەک، فیشەک و پشتێنی خۆتەقاندنەوەیان لێ گیراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مەنووچێهر ئەمانی، فەرماندە هێزی ئینتزامی کرماشان بە هەواڵنێری نەسیمی گوتوە کە چوار کەسی سەر بە داعش کوژراون کە یەکێکیان سەرکردەیەکی داعش لە عێراق بوە و چەکێک، دوو خەشاب فیشەک و پشتێنێکی خۆ تەقانەوەیان لێیان گرتوە.

هەروەها هەواڵنێری دەنگوڕەنگی ئێران لە زار پارێزگاری کرماشان، باسی لە تێکەڵچوونی هێزەکانی سوپاو ئیتلاعات لەگەڵ شەش کەسی تردا کردوە کە لەگەڵ ئەو چوار کەسە لە پێوەندیدا بوون و ئەوانیش سەر بە داعشن و هەر شەش کەسەکە دەستگیر کراون. بەڵام زولفەقاری، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە دیمانەیەک لەگەڵ هەواڵنێری ئیسنا هیچ ئاماژەیەکی بۆ مەرام و سەر بە کام دەستە بوونی ئەم کەسانە نەکردوە.

لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ ڕاگەیێنەکانی ئێران، هەواڵی تێکەڵچوونێک لە نێوان هێزەکانی سوپا لەگەڵ لایانگەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە ڕێگای ڕوانسەر-پاوە بڵاو کردەوە و دەڵێن سێ جاش کە دانیشتووی گوندی عایشە وەلی سەر بە شاری جوانڕۆن، لەم شەڕەدا کوژران ودوو کادری سوپاش بریندار بوون.

هەروەها بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەمە، 26ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، جێگری سیاسی ئەمنیەتی پارێزگاری کوردستان، باسی لە دەرکەوتنی دوو دیپڵۆماتی سەر بە باڵوێزخانەکانی بریتانیاو فەڕانسە بە ناوەکانی شارلۆت وارن والێر و سباستیەن سۆرن ڕایزن، کردووە کە بە ترۆمبیلی هەڵگری ژمارەی سیاسیەوە گەشتی بێ مۆڵەتیان بۆ پارێزگای کوردستان کردووەو لە باژێڕەکانی مەریوان و بانەو سەقز، وێنەی شوێنە هەستیارە ئەمنیەکان، ڕووبارەکان، دۆڵەکان و چیاکان گرتووە و لە کاتی فەرمانی “ڕاوەستە” پێدرانیان لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە، گوێیان پێ نەداون و ڕایان کردووە بەڵام لە ئاکامدا لە گوندی ئێڕانشا لە ڕێگای سەقز- دیواندەرە، ڕاوێستێنراون و پێیان گوتراوە نابێ بێ مۆڵەت سەردانی ئەم شوێنانە بکەن.

عەلیڕەزا ئاشناگەر سەرۆکی هێزی ئینتزامی پارێزگای سنە، ئاماژەیەکی بە دەستبەسەرکردنیان نەکردوەو گوتوویەتی شیکاریمان بۆیان کردوەو خۆیان لەوێ ڕۆشتوون.

کۆبەندی:

بە لێکدانەوەیەکی بچووک بۆ ئەم هەواڵانە و نێڕین لە باروودۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە سانایی ناڕاست بوون و سناریۆ درووستکردنی ڕژیمی ئێرانمان بۆ دەردەکەوێت، بە تایبەت لەم دواییانەداو دوای بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی حیزبی دیموکرات و شەهید بوونی چەند پێشمەرگە و هەروەها چەند چالاکی مەدەنی و سیاسیی و مەزهەبیی کورد بە دەستی ئێران و بە تۆمەتی هەڵبەستراوی ئەندامی داعش بوون و هاوکاری حیزبە دژەبەرەکانی ڕژیم، ئێران ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر گەورە لە لایان ئەنجومەنەکانی ماڤی مرۆڤ بوەتەوەو بەم سناریۆیانە لە ڕاستیدا دەیەوێت چەند ئاکام بپێکێت.

  • پیشاندانی خۆی وەکوو هێزێکی دژە داعش، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای ناونەتەوەیی و ڕای گشتییەوە، گومانی زۆر لەسەر هاوکاری نهێنی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەرەو بەتایبەت بە دوای سەردانەکەی مەلا ئەختەر مەنسووری، سەرۆکی پێشووی تالیبانی ئەفغانستان بۆلای کاربەدەستانی ئێران، چونکە ئێران لە ڕێگای ئەندامانی پێشووی تالیبان و بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەفغانستان، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر داعش هەیەو نموونەکانیشی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و شارە سوننەکانی عێراق و سووریایە لە کاتێکدا یەک مانگی تەواو شاری شیعە نشینی ئامێرلی گەمارۆ دابوو بەڵام کەسی نەکوشت! ئێران بەو کارە دەیهەوێ خۆی وەکوو باوکی شێعە پیشان بدات و لە هەر جۆرە شەڕێک کە بەرۆکی پێبگرێت لەمانە کەڵک وەر گرێت.
  • ئەمنیەتی کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەهێشتنی هەر جۆرە ئازادی و سەربەستیەک و میلیتاریزە کردنی هەموو جۆرەی ڕۆژهەڵات
  • ڕەش کردنی خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەر چاوی دانیشتوانی کوردستان و بەلاڕێدا بردنی بنەڕەتی خەباتی پێشمەرگەو ناساندنی چالاکیی پێشمەرگە وەکوو هۆکاری دزین سامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواکەوتنی ئەم پارچەی کوردستانە.
  • دووبەرەکی دروست کردن لە نێوان خەڵکی کوردستاندا، چونکە تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەیدا کە گەلی کورد خاوەنی چەندین جۆرە ئایین و ئایینزایە، بەڵام کورد بوون تەنیا شتێکە گرنگی لای تاکی کورد هەیە، ئەو سیاسەتەی ڕژیم نوێ نیە و پێشتریش لەسەر دەمی چڕبوونی خەباتی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەلات، لە پارێزگا هەستیارەکانی وەکوو کرماشان و ئیلامدا گوتەی “ئێمە کورد نین شیعەین”یان بڵاو کردوەو بەم جۆرە وردەوردە دووبەرەکەییان خستە ناو ماڵی کورد.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.