دانکیخ،نیشتمانی دووەمی کۆچبەرانی کورد: کۆچی کوردان،لە کوردستانەوە بۆ دانکیخ/ بریتانیا و چارەنووسێکی نادیار

0
1896

ڕۆژی کورد: ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەو وڵاتانەوە کە ناوی جیهانی سێهەمیان لێنراوە، بە مەبەستی ژیانێکی باشتر ڕوو لە ئورووپا،کانادا، بریتانیا و … دەکەن.
زۆر جار هەندێ کەس بە دوای ژیانێکی خۆش دا دەگەڕێن و بۆیە ڕێگای کۆچکردن دەگرنە بەر.

کەم نین ئەو کەسانەی بە هۆی کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ، زێد و وڵاتی خۆیان بە جێدێڵن و بە هیوای ژیانێکی ئارام و ئەمنیەتی ماڵی و گیانی ڕوو لە هەندەران دەکەن.

چیرۆکی ڕاکردن و هەڵاتن و کۆچکردنی کوردان بۆ هەندەران، تراژێدیایەکە کە نە فیلم و نە داستان و ڕۆمان و چیرۆک توانای دەربڕینی نییە.
لە خاک و نیشتمانی خۆیدا،بۆتە بێگانە و، بێگانە و داگیرکەر بونەتە خاوەن ماڵ.

نەتەوەی کورد، سەدان ساڵە بە دەست داگیرکاریی خاک و وڵاتەکەیەوە دەناڵێنێ و داگیرکەرانی کوردستان، زێد و ماڵ و نیشتمانیان لێ کردووە بە زیندان .
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەر گرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە ناچار دەکرێ وڵات جێ بێڵێ، کورد لە باشووری کوردستان لە دەست دەسەڵاتی گەندەڵ و دزی کورد ڕادەکا،لە باکوور لە دەست ئەردۆغان و ڕژیمەکەی ناچار بە کۆچکردن دەبێ و لە ڕۆژئاوای کوردستان،ڕژیمەکەی بەشار ئەسەد و بێ ناسنامەیی را دەکا.

وەک پەیامنێرێکی ناوەندی ڕۆژی کورد کە بۆ خۆم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێڕانەوە بە هۆی گرفتی سیاسی ناچار کرام، ڕێگەی پڕ مەترسی و مەرگی هەندەران هەڵبژێرم، وێڕای گرتنی چەند گرتە ویدیۆییەک ، کورتە ڕاپۆرتێکم لە سەر دۆخی کۆچبەرانی جەنگەڵی دانکیخ کە بە نیازن لە ڕێگەی بەلەم و قاچاغەوە خۆ بگەیەننە بریتانیا ، ئامادە کردووە، کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشم.

با لە سەرەتای قاچاغ بوونمەوە بۆتان باس بکەم:
کچە کوردێکم کە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و سیاسیی ڕۆژهەڵات لە شاری مەهاباد لە دایکبووم، خوێندنم تا قۆناغی دیپڵۆم هەر لەو شارە خوێند و دواتر بۆ زانکۆ لە تاران وەرگیرام و لە ڕشتەی حقووق دا توانیم دوکتورا وەربگرم.
بەردەوام کێشە و بێ مافیی گەلەکەم ئازاری داوم،بۆیە بە نهێنی بە دژی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دەستم بە چالاکیی سیاسی کرد و بوومە ئەندامی نهێنیی حیزبێکی کوردستانی.
چەند جارێک بە نهێنی سەردانی باشووری کوردستانم کرد و دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٩ لە ڕێگەی گەڕانەوەم لە باشوور دەستبەسەر کرام و سەرەڕای ئەوەی هەیچ بەڵگەیەکیان لە سەرم نەبوو ، نزیکەی دوو حەوتوو لە بازداشت و دەستبەسەریی ئیدارەی ئیتلاعات دابووم و ئەوەی ناوی نراوە سووکایەتی و بێڕێزی و لێدان و ئەشکەنجە و دەستدرێژی، پێمکرا.
کە ئازاد بووم لە بواری ڕووحی و جەستەیی زۆر ڕووخابووم و جارێک دەستم دایە خۆکوژی کە گەیەنرامە خەستەخانە و بە داخەوە ڕزگاریم بوو.

بنەماڵەم ڕێگەی ڕاکردن و کۆچ بەرەو هەندەرانیان پێ باش بوو، منیش سەرەڕای ئەوەی خاکی نیشتمانەکەمم لە هەموو دونیا پێ پیرۆزتر بوو، ناچار بۆ پاراستنی گیان و ژیانم ملکەچی بڕیارەکەی ئەوان بووم و ڕێگەی چارەنووسێکی نادیارم گرتە بەر.

لە مەهابادەوە لە گەڵ قاچاغچیەک چوومە شاری خۆی و لەوێڕا بۆ وانی تورکیە دواتر بۆ یوونان.
لە یوونانەوە بۆ لێهێستان و لەوێیوە بە ئوتووبوس بۆ ئاڵمان و دواتر فەڕانسە و سەرەنجام دانکیخ.
قاچاغبەرەکانم تا فەڕانسە سێ کەسی غەیرە کورد بوون بە ناوەکانی شەهرام و هانی و عیماد، سێ قاچاغبەری بە تەواو مانا نامرۆڤ.

لێرە لە دانکیخ، لە ناو جەنگەڵێک کە لە قەراغ شارە، خەڵک چادر و سەرپەنایان هەڵداوە و چەند کەسێکیش دووکانیان بۆ ئەو خەڵکە داناوە.
لێرە ئیدی هەمووی کوردن، بەڵام کەس نازانێ کێ کێیە و متمانە کردن بوونی نییە، هەر هەمووی لە یەکتر دوردوونگ و بە گومان و مەشکووکن، قاچاغبەرەکان بۆ خۆشیان هەر لەو کەمپە دا تێکەڵ بە خەڵکەکەن و پۆلیس جار ناجارێک کە بۆ تێکدانی چادرەکان دێن، کۆچبەر و قاچاغبەر لێک جیا ناکەوە.

یەکەم جار کە چوومە ناو جەنگەڵ هەر وەک لە فیلمەکە دا دیارە ئاڵایەکی پیرۆزی کوردستانم بینی کە بە داربەرقی ئەوێوە هەڵواسرابوو، گوتم: هەر باشە لانی کەم لێرە حکوومەت بە دەست کوردەوەیە.

قاچاغبەرەکەم بە ناوی دڵشاد، چادرێکی بچووکی بۆ دابینکردم. لەو نزیکەی دوو حەوتوویەی کە لەوێ بووم بە ناو خەڵکەکە دا پیاسەم دەکرد، بە داخەوە خەڵكیکی نابەرپرس و پیس و پەڵۆس، بۆ وێنە نانیان دەخوارد ، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوە بە ناو مرۆڤ دۆستەکان کە لەڕاستیدا لە ژێرەوە پۆلیسی نهێنی و مەخفیش بوون، سەتڵی زبڵیان دابین کردبوو، بەڵام خەڵکەکە ، زبڵەکەی هەر لە تەنیشت چادرەکەیەوە فڕێ دەدا و بۆی گرینگ نەبوو کە ئەوەی ئێستا لێی دەژی ژینگەی ژیانی خۆیەتی.
زبڵ و زاڵ وئەشغاڵ و پیسایی تەواوی ئەو جەنگەڵ و دارستانەی داگرتووە و کەسیش بۆی گرینگ نییە.دوو شوێن بۆ ئاو خواردنەوە و حەمام کردن بە ئاوی سارد هەر لە ناو جەنگەڵەکە لە لایەن ڕێکخراوە بە ناو مرۆڤ دۆستەکانەوە دابین کراوە، بەڵام لە دەستشوویی و توالێت هیچ خەبەرێک نییە، هەر کەسە و لە پەنا و پەسیوێک کاری دەستشوویی خۆی دەکا و هەندێ کەسیش وەک مەسەلە کوردیەکە بۆ ئەوەی ناوی بابیان بێنن، ڕاست لە سەر ڕێی خەڵک  پیسایی دەکەن.
تاقمێک لە ڕێکخراوەکان پەتۆ و بەتانی و چادر و پێڵاو و جلوبەرگ دەدەن بەو خەڵکە و تاقمێکیش خواردن و کۆنسێرو و …

لێرە ئەگەر شتێک دەدەن بە خەڵکەکە، ئەگەر پێویستیشیان نەبێ هەر وەریدەگرن و کەس ناڵێ پێویستم نییە، بە داخەوە وەریدەگرن و بێ ئەوەی کەڵکی لێوەربگرن دەیخەنە ناو زبڵ و ئەشغاڵەکەوە.

سەدان قوتووی کۆنسێرو و خورادنی ئامادە و جل وبەرگ و پێڵاو هەر بە تازەیی لەوێ فڕێدراون و بوونەتە ئەشغاڵ.

ڕێکخراوەکان بە ناوی کاری مرۆڤدۆستی و یارمەتیەوە خۆ لە خەڵکەکە نزیک دەکەنەوە و وەک پۆلیس و جاسووس و سیخوڕ کار بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیان دەکەن، خەڵکەکەش سادە و ساکار و بێ فڕ و فێڵ ، هاوکات پیس و پەڵۆس و بێ موبالات.

پۆلیس هەر جار ناجارێک وەنێو چادرەکان دەکەوێ و هەر چی پێی خۆش بوو بە چەقۆ دەیدڕێنێ و وێرانی دەکا و دەڕوا، دیسان بە ناو خێڕخوازەکان چادر و کەرەستەی نوێی دیکە دەدەنەوە بەو خەڵکە، تێناگەم دڕاندن و وێرانکردنیان لە چییە و دووبارە پێدانەوەیان لە چی؟

بەڵام بەشێک لەو خەڵکانەش کە لێرەن و بە نیازن بچنە بریتانیا و یان لە ئورووپا بمێننەوە ، بە تەواو مانا دوورن لە فەرهەنگ و شارستانیەت و تەمەدون، هەر دەڵێی لە دوو سەت ساڵ لەوە پێش دا دەژین و لە سەدەی ڕابردۆوە هاتوون.
کاتێک چاو لە فەرهەنگی ژینگە نەپارێزی و بێ موبالاتی و شێوەی قسەکردنی ئەو خەڵکە دەکەم و دەگرم، دەڵێم ئەو بیانیانە ناحەقیان نییە ، وەک جیهانی سێهەم چاومان لێبکەن و هەر بۆیە بەشێکیان لە هێرشی پەنابەر تۆقیون، دەڵێن: ئەوانە وەحشین و ساڵەها کات و هەزینەیان دەوێ بۆ پەروەردە کردن.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ڕەوشتە خراپانەی لە سەر کۆچبەرەکان باسم کرد، دیسانیش قامکی تاوان و خەتاکە بۆ لای دەسەڵات و حکوومەتەکان ڕادەدێرم.

بە بڕوای من ئەرکی دەوڵەت و دەسەڵات، یان تەنانەت ڕێکخراوەکانە کە بەرنامەیەکی جیددی و دروست و سیستماتیکیان بۆ ئەو خەڵکە، لە بوارەکانی پەروەردە و ڕاهێنانەوە دابنێن، بۆیە باوەڕم وایە کە خەتای سەرەکی لە دەسەڵاتەوەیە کە ئامادەیە هەزینەی خۆڕایی و بێ کەڵک بکا، بەڵام بۆ ڕاهێنان و دروست بەکار هێنان ئامادە نین ، هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەکیان هەبێ.

دەبوو ڕێکخراوە و دەسەڵاتەکان بیر لەوە بکەنەوە کە هەر لە ناو ئەو جەنگەڵە دا خزمەتی دروستی خەڵکەکە بکەن و ڕایان بێنین، تاکوو ئورووپا و بریتانیایان خۆش بوێ و ژینگەی ئەو وڵاتانەیان بۆ گرینگ بێ.

پیویستە ئەو ڕێکخراوانە بەو بوودجەیەی دەوڵەت دەیانداتێ، کاری بنەڕەتیی ڕاهێنان بکەن و لە خۆڕا ، بە لێشاو ، خواردن و کەرەستەیەک نەدەن بەو خەڵکە ، بێ ئەوەی پێویستیان پێی بێ.

لە داهاتوو دا هەوڵ دەدەم زیاتری لە بارەوە بنووسم، هەر چەند ئێستا پاش دوو حەتوو مانەوە لە دانکیغ و ناو جەنگەڵ و دارستان، لە ڕێگەی بەلەمێک کە نزیکەی ٣٥ کەسی تێدابوو لە کاڵاسەوە گەیشتمە دۆڤەر و پاش حەتوویەک ڕاگرتن لە دۆڤەر ئێستاش لە چارەنووسێکی نادیار دا لە هۆتێلێک لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا ڕاگیراوم .

لێرەش گوتوومە کە پەنابەری سیاسیم و گرفتی سیاسیم هەبووە و بۆ پاراستنی گیانم وڵاتی خۆم جێهێشتووە و هەر چەند لە فەڕانسەش پەنجەمۆر کراوم، بەڵام هەڵسوکەوتی خراپی پۆلیس و حکوومەتی فەڕانسە و نالەباریی دۆخی  ئەمنی،سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە والێکردم کە بگەمە ئەو باوەڕەی کە فەڕانسە لە بواری بێ یاسایی و گوێنەدان و نالەباریی ڕەوشەکەی زۆر لە ئێران جیاواز نییە و دێموکراسی و مافی مرۆڤەکەشی هەر دروشمی بریقەدارە و هیچی تر ، هەر بۆیە رووم کردە بریتانیا.

لێرەش ئەوەی تا ئێستا بینیومە ، وەک پەنابەری سیاسی چاوت لێناکەن و هەر هەمووی وەک یەک چاو لێدەکەن، چ ئەوەی لە برسان ڕایکردووە و چ ئەوەی لە ترسان و چ ئەوەی بێ گرفتە و هەر ئاوا هاتووە، هەر هەمووی بە داخەوە وەک سواڵکەر و بێ فەرهەنگ و دواکوتوو چاو لێدەکەن .

دیارە پێویستە ئەوەش بڵێم کە بۆیە باوەڕیان بە سیاسیەکانیش نەماوە، چونکە زۆر کەسی فارس و ئێرانی و ئی تر هاتوون و بە ناوی سیاسی خۆیان تەحویل داوە و کاتێک وەڵامی ئەرێنیان وەرگرتووە ، بێ گرفت چوونەتەوە وڵاتی خۆیان .
زۆرن ئەوانەی کەیسی سیاسیان داوە و سیاسیش نین و حیزبە کوردییەکانیش بە فرۆشتن و بە لێشاو پشتگیریان پێداون، کەمیش نین ئەو کەسانەی کە بە ناو سیاسین و پاش وەرگرتنی ئیقامەت و قەبووڵی ، دەگەڕێنەوە ئێران و …..
بێ ئەژمارن ئەو کەسانەش کە کەیسی مەسیحیان داوە و لە موححەڕەم دا بۆ حوسێن سینە زەنی دەکەن و زۆرن لەوانەی کەیسی مەسیحیان داوە و تا سەر ئێسقان موسوڵمانن و لە وڵاتی خۆشیان مەسیحیش بن هیچ کێشەیەکیان نییە.

تا دیدارێکی دیکە ئێوە خۆش و کوردستان هەر ئاوەدان و بە هیوای ئازادی و سەربەستیی نیشتمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.