بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ژینگەیی ژینگەوان، وڵاتپارێزانی نیشتمان دواجار پاش سێ ڕۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئاگری نەیار کە مەریوان، بەسەریدا زاڵ بوون و شکستیان پێ هێنا.
سێ ڕۆژ پێش ئێستا، واتە ڕۆژی یەکشەممە 24ی گەلاوێژ بوو کە هەواڵی گڕتێبەربوونی دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە گوندی دەروەران بڵاو بوویەوە.
خەڵکی ژینگەپارێزی مەریوان و ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیای مەریوان بە دەستی خاڵی لە هەوڵدابوون کە ئەم ئاگرە تەشەنە نەستێنێ؛ بەڵام بەهۆی بەرینبوونی ئاگرەکە نەیانتوانی پێش بە بەرینتربوونەوەی ئەو ئاگرە بگرن.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ 3 ڕۆژ لەو ئاگرتێبەردانە، ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی سنە، کامیاران، پاوە و کرماشان خۆیان گەیاندە گوندی دورەوەران.
ئەم ڕاپۆرتە باس لەوەدەکات کە هەڵبژاردەی نەتەوەیی ئاگرکوژێنەوەی کوردستان کە لە ژینگەپارێزانی نیشتمان پێک هاتبوو توانیویە بەشێوەیەکی بەرچاو گڕی ئاگری نەیار کز بکات و بەسەریدا زاڵ بێت.
هەر لەم پێوەندییەشدا پێشتر ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەمەبەستی یارمەتیدان بە ژینگەپارێزانی شارەکانی دیکە لەمەڕ کوژاندنەوەی ئاگری نەیار، چووبوونە ناوچە جیاجیاکانی نیشتمان.