شارەوانیی مەریوان، بەرپرسە لەهەمبەری ئەو قەیرانەی کە مەریوانی تێخستووە

0
1749

مەریوان، لە پیسی و بۆگەنیی زبڵدا دەناڵێنێت؛ لە هەموو شەقامەکان و کۆڵانەکانی مەریواندا، زۆرێک زبڵ تەپیوەتەسەریەک و ماوەی سێ ڕۆژە ئەم زبڵانە لە لایەن شارەوانییەوە کۆ نەکراوەتەوە. بۆنی زبڵ و پیسییەکەی، بەتەواوی خەڵکی بێزار کردووە و ڕووخساری شاریشی ناشیرین کردووە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەریوان پڕه لە میوانی نەورۆزیش!

لە لایەکی ترەوە، گوندی ئەسراوا و دەوروبەری، کە چەندین ساڵە جێگەی سووتاندن و هەڵڕژاندنی زبڵی مەریوانە، سروشتێکی بۆ نەماوەتەوە و خاک و ئاو و ژینگەکەی ئاڵو بووە. ئێستا کە خەڵکی ئەم گوندەی مەریوان ئیجازەی ڕاگوێزاندنەوەی زبڵی مەریوان نادەن بۆ ئەو جێگەیە، شارەوانی دۆڵی سماقانی هەڵبژاردووە، تاکوو ئەم ناوچەیەیش تووشی چارەنووسی ئەسراوا بکات.

بەڵام دۆڵی سماقان، تەسلیمی بڕیاری شارەوانی نابێت! چونکە خەڵکی ژینگەدۆست و نیشتمان‌پەروەری سەرشیوی لەپشتدایە. سماقان نوێنەری هەموو ناوچەکانی کوردستانە و دژی کاولکارییە سروشتییەکانی شارەوانی و فەرمانگە دەوڵەتییەکانە.

ئێستە بۆ خەڵک ڕوون‌بووەتەوە کە شارەوانی نایەوێت بە شێوه‌یەکی بنەڕەتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. شارەوانی و شۆرای مەریوان ئامادەن بەبۆنەی ئەوەی پارەیەکی زۆرتر لە گیرفانیان بنێن، سروشتی کوردستان بکەنە قوربانی! بۆچی شارەوانی و فەرمانداری و… تا ئێستا نەیان‌توانیوە بۆ دانانی “کارخانەیەکی بازیافت”، هەنگاوێکی کاریگەر بنێن؟!

بۆ دانانی کارخانەیەکی بازیافت، بەپێی ئەوەی پێشتر گوتراوە، بڕی ۱۰ میلیارد تمەن پێویستە. ئایا ئەم پارەیە ئەوەندە زۆرە کە شارەوانی و شۆرای شار و نوێنەر و فەرمانداری ناتوانن ئەم بڕە پارەیە هەزینه بکەن، تاکوو یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی مەریوان چارەسەر بکەن؟!

ئەگەر هەندێک زانیاریمان هەبێت و ئاگاداری ئەو پارانەی بین کە لە لایەن ئەم فەرمانگانەوە پەلیسە دەبێت، تێدەگەین کە ئەو پارەیە هیچ نییە. هەروەها حکومەتی ئێرانیش وەک فەرمانگە دەوڵەتییەکان، دڵسۆزی ئەم خاکە نین تاکوو بە دانانی کارخانە ئەم کێشە ژینگەییە چارەسەر بکەن و کاولکاریی سروشتی کوردستانیان بەدڵنیاییەوە پێ خۆشترە. هەروەها کە ئێستە ئاگادارین، بۆنی پیسیی زبڵ، تەواو مەریوانی گرتووەتە بەر و شارەوانی سەرەکیترین بەرپرسە لەهەمبه‌ر ئەم قەیرانە.

ئێستە ڕۆڵی خەڵک و ژینگەدۆستان و چالاکانی مەدەنی دێتە ئاراوە؛ کە هەم پارێزگاری لە سماقان و سەرجەم ناوچەکانی تری کوردستان بکەن، هەم بە گوشار خستنەسەر فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، هەوڵ بدەن کارخانەیەکی بازیافت بێننە مەریوان. هەروەها لەیاد نەکەن کە پاراستنی ژینگە، ئەرک و ئەخلاقە و پشتیوانی کردن لە خەڵکی بوێری سەرشیو، هەر ئەو پشتیوانی‌کردنەیە لە ئەخلاق و ڕەفتاری ژینگە‌تەوەری.

نوسەر: باهۆز زرێبار