هەڕەشە و کەڵکاژۆی ڕژیم لە ناوەند و چالاکانی ژینگەپارێزی لە کوردستان

0
1843

هەموو جارێک کە لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبیننەوە هەموو زوومی پاڵێوراوان بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بە ناوی کوردایەتی و دڵسۆزیی ژینگە خۆیان لە ناو ئەنجومەن و گرووپە ژینگەپارێزیەکاندا حەشارداوە، بۆ گەمەی بە ناو هەڵبژاردن هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ بە لاڕێدابردنی کار و چالاکییەکانی ئەنجومەن و چالاکانی بواری ژینگە لە کوردستاندا.

ئەوەی کە زۆرتر لە هەموو شتێک بۆ خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی کورد زۆر جێگای پرسیارە ئەوەیە کە بەشێک لە پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردن، پرسی ژینگەیان کردووە بە ئالترناتیڤێک بۆ پڕوپاگەندا کردن و کەسانێکیش لەم خەڵک هەڵخەڵەتاندنە بە شێوەی ئاگایانە پشتیوانی لەم کەسانە دەکەن، بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەنجومەن و چالاکانی ژینگەپارێزی لەمەڕ کاولکارییەکانی حکومەت لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بە کەمکاریی ئەنجومەنەکان ناو دەبن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شار و گوندەکانی کوردستان، کۆمەڵێک ئەنجومەن و گروپی ژینگەپارێزی، سەریان هەڵداوە کە بە هەق لەم چەند ساڵەدا لە سەرجەم بوارەکاندا سەلماندیان کە بزاڤی ژینگەپارێزی لە کوردستان زیندووە، تەنانەت تا ئەو شوێنەی کە کار و چالاکیەکانی چەندێک لە ئەنجومەنە خەڵکییەکانی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەیشدا جێگە و پێگەیەکی باشیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە، هەر بەو پێیەەش سرووشتییە کە لەم کاتەدا سەرجەم ناوندەکانی حکومەت،بەتایبەت کەسانی سەر بە سپای پاسداران، خۆیان لە ئەنجومەنەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی کورد نزیک دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی بە ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان بگەن.

لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کە ئەنجومەنە خەڵکییە ژینگەپارێزییەکان کە ڕەنگ و بۆنێکی نوێیان بە کوردستان بەخشی و لە سایەی کەسانی دڵسۆز و نیشتمانخۆشەویستی کورددا ژینگەی کوردستان بەڕووی ژیانەوەی دووبارە هەنگاوی هەڵگرت، لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەت لەو شارانەی کە ئەنجومەنە چالاکەکانیان تێدا بوو، کۆمەڵیک کەس بە ناوی جوان جوان، دەم لە کوردایەتی دەدەن، بێ ئاگا لەوەی کە لە ژێرەوە لەلایەن هێزە سیخوڕەکانی سپای پاسدارانەوە خەت و نیشانیان وەردەگرت کە هێندێ لایەنی کوردیش لەم خەیانەتەدا بێبەش نەبوون، سەرجەم هەوڵەکانی خۆیان بۆ بەدناوکردنی ئەنجومەنەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی خستە گەڕ تا ئەو شۆێنەی کە لە بانە تۆمەتی” ئەندام بوون کۆمەڵە و دێمۆکرات” دەخرا پاڵ چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو شارە و لە مەریوان، دژ بە ئەنجومەنی سەوزی چیا، ئەوەی لە دەستیان هات کۆتایییان نەکرد، تۆمەتی سوتاندنی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە دەدرا.

لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دوای زیاتر لە سێ دەیە، کۆماری ئیسلامی لە سەرجەم ناوچەکانی تری ئێران لە بواری ژینگەدا بە مەبەست گەیشتووە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سەراسەرییە تەنیا ڕێگای دەربازبوونی لە کوردستان بینیوەتەوە تا ئەو جێگایە کە ڕوحانی لە کتێبی “امنیت ملی و نظام اقتصادی ایران”، ئاو بە گەورترین قەیران لەبەردەم گەشەی ئابووری ئێران دادەنێت و هاوکات باس لەوە دەکات، کە ئاوی زاگرۆس (کوردستان) تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لەو قەیرانەیە، ئەو هەر لەو کتێبەدا چەندین پرۆژەی هەیە بۆ سازکردنی بەنداو لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور و هەروەها باس لەسەر ڕاگواستنی ئاوی ئەو بەنداوانە بۆ ناوچەی فارسەکان دەکات، ئەمە لە حاڵیک دایە کە ئێستاشی لەگەڵ بێت دۆخی گۆلی ورمێ سەرەڕای تەرخان کردنی بودجەی میلیاردی، خاڵی کردنی چەندین بەنداو ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەچێت، لەلایەکی تریشەوە گۆلی زرێبار، ڕووبەڕووی دۆخێکی نادیار بووەتەوە، چەندین هۆکاری وەک تێکەڵاوبوونی پاشەڕۆژی گوندەکانی دەرووبەری زرێبار، “ساز کردنی پاڵاوگە، مەترسی بە زەلکاو بوونیشی لە سەرە.

ئەوەی کە ئێستا، بەتایبەت دوای ئەوەی کە بەشێک لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان ڕایانگەیاند کە ئێمە خۆمان تێکەڵ بە گەمەی هەڵبژاردن ناکەین، پرسە ژینگەییەکان چۆن دوای سێ دەیە لە کوردستان ئاوڕی لێنەراوەتەوە، ئێستا بووە بە قسەی سەر زاری پاڵێوراوان، ئەوەیە کە ناوەندەکانی حکومەت بەتایبەت کەسانی سەر بە سپای پاسداران بەو شێوەیە دەیانهەوێت ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی بە لاڕێدا بەرن و دیسان ڕووبەرووی هەڕەشە و تۆمەت لێدانیان بکەنەوە.

نوسەر: سەعید باغی