دوای یەک مانگ چارەنووسی دوو چالاکی ژینگەپارێزی شاری بۆکان نادیارە

0
1761

ژینگەوان: پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی دوو ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی وڵات ـ ی شاری بۆکان لە لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، چارەنووسی ئەو دوو ژینگەپارێزە ناڕوونە و هەتا ئێستا ئیتلاعات هیچ وڵامێکی بنەماڵەی ئەو دوو گیراوە نەداتەوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ناوندی ژینگەوان، حامید سپهری و جەعفەر ئەمینی، کە دە ڕۆژ بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ واتە لە ۲۰ی ڕەشەممەی ۹٦ بە شێوەیەکی کوتووپڕ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە شەوانە هێرش کرایە سەر ماڵ وحاڵیان و دەسبەسەر کران و هەتا ئێستا ئیتلاعات هۆکاری گیران و شوێنی بازداشتی ئەو دوو شارومەندە کوردەی ئاشکرا نەکردووە؛
و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان داوای لە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوەی کردووە کە بە هیچ شێوەیێک سەبارەت بە پرسی دەسبەسەرکرانی ڕۆڵەکانیان نابێ لێدوان لەگەڵ ڕاگەیاندن و کاناڵەکانی دەرەوە وڵات بکەن.

بێجگە لە دەسبەسەرکرانی ئەو دوو ئەندامەی ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزیە، چەند کەسی دیکەش لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بانگێشتی ئیتلاعات کراون و چەندین ڕۆژ لێپرسینەوەیان و بازچوویی یان لێکراوە.

شایانی باسە ئەنجومەنی وڵات، ئەنجومەنێکی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و کاری مەدەنیە لە ناوچەی موکریان و لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەزگا ئەمنیەتیەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای بۆکان بەردەوام چەندین کەسی بەرچاو و چالاکی ئەو گوروپەیان خستۆتە ژێر گوشار و بانگێشت کردن و تەنانەت سێ جاریش ئیجازە و مۆڵەتێ فەرمانداری بۆکان بۆ ئەو گورووپە هەڵوەشێندراوەتەوە و بە زەبری هەڕەشە و زەخت، چەندین جار چالاکی گورووپەکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.

جێی ئاماژەشە کە پارەکەش دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و شکاتی ئەو ئەنجومەنە لە فەرمانداری و شارەداری و شۆڕای شاری بۆکان بە دەلیلی تێکدان و بازرگانی کردن بە دوو پارکی قوللە و پارکی مییلەت و پێداگری ئەنجومەنی وڵات لە سەر مافی گشتی خەڵک، مەوجێکی تازەی هەڕەشە و تۆقاندن و گوشار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکان خرایە سەر بەڕێوبەرانی ئەو ڕێکخراوە ژینگەپارێزییە.

جێی ئاماژەشە کە هاوینی ۹٥ یش. یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی وڵات بە پەروەندەسازی و بە بیانووی لاینگری کردن و هەواداری لە یەکێک لە حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان – لە لایەن ئیتلاعاتەوە – لە دادگای بۆکان سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و لە ئاکامدا بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعاتی بۆکان بەناچار پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو.

This slideshow requires JavaScript.