زیانه‌كانی بڕینی دارستان بێ هه‌ژماره‌!

0
2464
ئاریتما موحه‌ممه‌دی

 

لە باشووری كوردستان خەڵک بۆ خۆگەرمکردنەوە دەستیان کردووە بە بڕینی دارستانەکان. وڵاتێکی بێ دارستان وەک وڵاتێکی مردوو وایە. حوکوومەت بێ دەنگە و خەڵکیش بە لێشاو دار دەبڕن بۆ زستانێک کە جارێ چەند مانگی ماوە خۆی ده‌ربخات! لە ھەر وڵاتێک دارستانەکان لەنێو بچن، ئەو وڵاتە دەبێتە بیابان، و ھەموو جۆرە نەخۆشینێکیش ڕووی تێدەکات. بارانیش نامێنێت. ئوکسیژن، ھەوای هه‌ناسه‌دانیش کەم دەبێتەوە.

 

نمامێک دەیان ساڵی پێ دەچێ تاکوو ببێتە دار، کەچی کۆمەلگەی دواکەوتوو بە یه‌ك ڕۆژ دەیستووتێنێ تەنیا لەبەر خۆگەرمکردنەوە. گەلێکی نەزان، ھەر بندەست و خۆخۆر دەبێ. چونکە سەووشتی وایە و ئەوەی کە داگیرکەرەکەی نەیتوانیوە لە نێوی ببات، خۆی خەریکە لەنێوی دەبات.

 

هۆكاری داربڕینه‌كانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێهیوا بوونی خه‌ڵك له‌ ده‌ستكه‌وتنی نه‌وت بۆ گه‌رمكردنی ماڵ. خه‌ڵك پێیان وایه‌ كه‌ پێش به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم به‌گشتیی نه‌وت كه‌م بووه‌، هه‌نووكه‌ كه‌ ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌چوونه‌ بێگومان پێیان وایه‌ نه‌وت كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ جاران هه‌بووه‌. به‌ڵام كێشه‌ی بڕینی دار پتر پرسێكه‌ كه‌ پێوه‌ندی به‌ كولتوور و ئاستی زانیاری كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌ تاكوو پرسێك بێ كه‌ پێوه‌ندی به‌ كه‌میی نه‌وت و كه‌ره‌سته‌ی خۆگه‌رمكردنه‌وه‌وه‌ هه‌بێ.

 

ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئاگاداریی گرینگیی و هه‌ستیاریی دارستانه‌كان بۆ ژیان و ژینگه‌ نه‌بێ، بێگومان ڕووداوی داربڕین ده‌بێته‌ دیارده‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ش گه‌لێك كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر ژیان و ژینگه‌ و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆخی ئاووهه‌واش داده‌نێ. ئه‌گه‌ر درێژه‌ به‌ بڕینی دارستان بدرێ، ئه‌وا سرووشتی كوردستانیش گۆڕانكاریی ئاووهه‌وای به‌سه‌ردا دێت، و كورستان كه‌ پتر به‌ ناوچه‌گه‌لی كوێستانیی ناسراوه‌، هێدی هێدی ده‌بێته‌ گه‌رمه‌سێر و بیابان و ئیتر سه‌وزاییش نامێنێت.

 

له‌ وه‌رزی زستان و سه‌رماوسۆڵه‌شدا ڕه‌شه‌با و لافاو هه‌ڵده‌ستێت. له‌ وه‌رزی هاویینیشدا گه‌رما و په‌تا ڕوو له‌ ژینگه‌ ده‌كات. هه‌روه‌ها وڵاتێك كه‌ سرووشته‌كه‌ی بۆ كشتوكاڵ له‌باره‌، له‌ناكاو ده‌بێته‌ بیابان. كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌وای هه‌ناسه‌دانیش یانخود پیس بوونی ئه‌و هه‌وایه‌ یه‌كێ له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌ كه‌ ده‌توانێ ژیانی هه‌زاران كه‌س بخاته‌ مه‌‌ترسییه‌وه‌. چونكه‌ دارستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ هه‌وای هه‌ناسه‌دان به‌ ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێش ده‌گرێت له‌ په‌تا، نه‌خۆشین، زریان و لاوفاویش.

 

هاوكات دی اكسیدی كه‌ربوونیش قووت ده‌دات كه‌ یه‌كێ له‌ گازه‌ هه‌ر پڕ مه‌ترسییه‌كانه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ هه‌زاران كه‌س ده‌خنكێنێت. هه‌روه‌ها دارستانه‌كان تۆزوخۆڵ له‌خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ و به‌و چه‌شنه‌ش ڕێ له‌ پیسبوونی هه‌وا ده‌گرێت و به‌ گلدانه‌وه‌ی تۆز له‌ خۆی ڕێ له‌ خۆڵبارین ده‌گرێت. هه‌روه‌ها دارستانه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاو، واتا ئه‌ركی دابینكردنی ئاوی پاك به‌شێكی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دارستان. دارستانه‌كان ده‌بنه‌ هۆی دڵخۆشی مرۆڤ، چونكه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكدا دارستان هه‌بێ خه‌ڵك ڕووی تێده‌كا و هه‌ناسه‌یه‌كی پاك هه‌ڵده‌كێشێت.

 

بێگومان دارستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو تاییبه‌تمه‌ندییانه‌دا كه‌ ئاماژه‌م پێی كرد خۆراكیش دابین ده‌كات و له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار، هاویین و پاییزدا هه‌زاران جۆر به‌روبوومی باش پێشكه‌شی ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌كات. خۆراكگه‌لێك كه‌ هیچ چه‌شنه‌ زیانێكی بۆ مرۆڤ نییه‌ و پێچه‌وانه‌ خۆراكی سرووشتیی گه‌لێك گرینگه‌ و هه‌نووكه‌ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كان پتر باییخ به‌ خۆراكی ته‌ندرووست ده‌ده‌ن كه‌ به‌ خۆراكی گژوگیان و به‌روبوومی دارستانه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت.

 

گڵای داره‌كانی دارستان كۆمه‌ڵێك له‌و گازه‌ كوشێنه‌رانه‌ كه‌ له‌ به‌رگه‌ هه‌وادا هه‌ن، له‌ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌یخوات كه‌ بریتین له‌ ئۆزۆن، كلرورین، فلوئۆرین، دیاكسیدی گوكرد، نیتروژێن، ئامۆنیاك و مونواكسید كه‌ربوون. ئه‌م چه‌شنه‌ گازانه‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ. بۆیه‌ دارستان ژیان به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت و پێچه‌وانه‌ش نه‌بوونی دارستان به‌سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشین هه‌ژمار ده‌كرێت. واتا دارستانه‌كان باشترین، پاك و خاوێنترین شوێن و جێگه‌ بۆ مرۆڤ به‌بێ به‌رامبه‌ر ساز ده‌كات. ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌كه‌ ئێمه‌ ڕێز له‌ دارستان بگرین و باییخ به‌ پاراستنی بده‌ین؟

 

ئایا ده‌زانن له‌ وه‌رزی هاوییندا هه‌ر دارێك ڕۆژانه‌ سه‌دان لیته‌ر ئاو له‌ ڕیشكه‌كه‌ی بۆ گڵاو به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌كه‌ ژینگه‌ فێنك بكاته‌وه‌. بێگومان له‌ هه‌ر شوێنێكدا دارستان و دار هه‌بێ، ئه‌و شوێنه‌ هه‌واكه‌ی فێنكتره‌ له‌و شوێنه‌ كه‌ دار و دره‌ختی لێ نییه‌. هه‌روه‌ها دارستانه‌كان ئه‌و ” فۆتۆنانه‌” كه‌ له‌لایه‌ن تیشكی خۆره‌وه‌ فڕێ ده‌درێن و مه‌ترسیان بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ هه‌یه‌، لا ده‌ده‌ن، واته‌ تیشكه‌ مه‌ترسیداره‌كان ده‌شكێنن. به‌و چه‌شنه‌ش ئێمه‌ وه‌ك مرۆڤ ڕاحه‌ت ژیان ده‌كه‌ین.

 

به‌ده‌ر له‌و خاڵانه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پێی كرد، دارستانه‌كان هه‌رده‌م په‌ناگابوون بۆ شۆڕش و سه‌رچاوه‌ی خۆراكیش بووه‌ بۆ دانیشتووانی كوردستان و ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی كه‌ له‌ دژی داگیركه‌ران شۆڕشیان ده‌كرد. كه‌چی ئیستا ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ باییخ به‌ دارستان ناده‌ن! دارستان سێوه‌ر دابین ده‌كات و جوانیی ده‌به‌خشێته‌ سرووشت و شار. دار و دارستانه‌كان ڕێ له‌ كۆنبوونی خۆڵ و خاك ده‌گرن و به‌ ڕێزانی گڵا و خه‌زانی پاییز دیسانه‌وه‌ خاك پڕ پیت و به‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌ن و خاك ئاماده‌ ده‌كه‌ن كه‌ ساڵی داهاتوو به‌روبوومی باشی هه‌بێت، واته‌ وزه‌ به‌ خاك ده‌به‌خشێت.

 

دارستان ڕێ له‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ ماده‌ی زیانبه‌خش ئاوێته‌ی ئاو ببێت و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ ڕێ له‌ پیس بوونی ئاو كه‌ سه‌رچاوه‌ ژیان و ئاوه‌دانییه‌ ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌لێك مه‌زنه‌ كه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤی ده‌كات. دارستانه‌كان ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێز ده‌كه‌ن و دۆخی ده‌روونیی مرۆڤه‌كانیش باش ده‌كات.

 

دار و دارستان میوه‌ و نان بۆ مرۆڤ و حه‌یوانات و پاڵنده‌كان دابین ده‌كه‌ن. كاتێك كه‌ وڵات تووشی قه‌یرانی برسێتیی ده‌بێ و نان نامێنێت، یه‌كه‌م شت كه‌ مرۆڤ خه‌یاڵی بۆلای ده‌چێ میوه‌ی دارستانه‌ كه‌ بێ به‌رامبه‌ر پێمانی ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌ نیعمه‌تێكی گه‌لێك مه‌زنه‌ كه‌ خوا به‌ كوردستانی به‌خشیوه‌. دارستانه‌كان تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌وای هه‌ناسه‌دانن و ئوكسیژین دابین ده‌كات، به‌رده‌وام هه‌واش خاوێن ده‌كاته‌وه‌.

 

كه‌واته‌ دیارده‌ی داربڕین پرسێك نییه‌ كه‌ هێنده‌ ئاسان بێ و به‌ ئاسانیی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ بین، ئه‌م‌ كێشه‌یه‌ داهاتووی ئه‌م گه‌له‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. كه‌واتا پێویسته‌ دیارده‌ی داربڕین كۆتایی پێبهێنرێت و ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌ كه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵنێته‌وه‌.