ئەنجۆمەنی پاژین لە هەمبەڕ بریندار بوونی چەند فەرمانبەری ئیدارەی ئاسەوارە کۆلتووریەکان نوسراوەیەکی بڵاو کردوە

0
1635

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجۆمەنی پاژین لە شاری لە هەمبەڕ بریندار کردنی چەند کەس لە فەرمانبەری ئیدارەی ئاسەوارە کۆلتووریەکان ئەو شارە لەلایەن کەسانی هەلپەرەستەوە نۆسراوەیەکی بۆ رایی گشتی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم نوسراوە بەم چەشنەیە…

بۆ ڕای گشتی

هەر وەک ئاگادارن، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۱٤/۱٠/۹٥، دوو کەس لە کارمەندانی ئیدارەی میراسی فەرهەنگی بانە بە ناوەکانی سەعدوڵلا عەزیزی و سەعدوڵلا ڕەحیمی خاە و ئەندامێکی ئەنجومەنی میراس فەرهەنگی بە ناوی بێهزاد قادری، کە بە مەبەستی سەردانی شوێنی مێژوویی گەورە قەڵا ی سیوچ و بۆ چاودێری کردنی ئەو شوێنە مێژووییە چوبوونە ناوچەی شەڕگەی بانە، لە لایەن چەند کەسی هەل پەرەست و تاڵانچی کلتور و مێژووی ئەم گەلە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەڵسوکەوتی مرۆڤایەتی هێرشیان کرایە سەر و بە چەکی گەرم بریندار کران.

ئێمە وەک ڕێکخراوەی پارێزەرانی ژینگە(بانە)
پاژین، وەک ڕێکخراوەیێکی هەڵقوڵاوی ناو خەڵک و بە هۆی ئەوەی کە تێکدانی شوێنەوارە مێژوویەکان تا ڕادەیێک پێوەندی بە تێکدانی ژینگە و خەسار گەیاندی بە ژینگەوە هەیە و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانە و نیشتمانی، ئەم کارە ناشرینە ئیدانە ئەکەین و پشتگیری خۆمان بۆ ئەو بەڕێزانە و بنەماڵەکانیان ڕائەگەیێنین.

لە هەمان کاتیشدا داوا ئەکەین لە بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکانی شاری بانە و وڵات کە بەدواداچوونی چڕ و پڕ بۆ ئەم بابەتە بکەن و بە پێی یاسای بنەڕەتی ئێران بکەرانی ئەم کارە نامرۆڤانەیە و دەست و پێوەندەکانیان بدرێنە بەردەم دادگا و بە سزای شیاوی خۆیان بگەیێنن، تا ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگا نەبێتە باو کە ئاوا بە ئاسانی گیانی خەڵک بکەوێتە مەترسیەوە و کەسانێکی هەل پەرەست بێ باکانە مەترسی بۆ سەر گیان و ژیانی خەڵک دروست بکەن و ببێتە هۆی کێشە و بشێوی و کۆمەڵگاکەمان بەرەو ئاقارێکی خراپ ببات، هەروەها لە باسی پاراستنی ئاسەوارە مێژوویەکانیش زیاتر تێبکۆشن و هەوڵ بدەن تا وا بە ئاسانی خراپ نەکرێن و بە تاڵان نەبردرێن.

هەر لەم ڕێیەوە داوا لە هەموو خەڵکی شار و دێهاتەکانی دەوروبەریش ئەکەین کە وەک دەربڕینی سۆز و هاوخەمی و پشتگیری بۆ ئەو ئازیزانە سەردانیان بکەن تا بزانن کە خەڵک بە خەمی ژینگە و ئاسەوری مێژوویی و کلتوریانەوە هەن و پشتیوانیان لێ ئەکەن.

پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە
پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان ئەرکێکی نیشتمانییە