بنەماکانی مافی منداڵان چیین؟ لە وتووێژ لەگەڵ خەلیل خاوەریان چالاکی مافی منداڵان

0
11349

خوێنەری هێژا بابەتی بەردەست یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی ماڵپەری ژینگەوانە کە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “منداڵان و مافەکانیان“، کە بە میوانداریی خەلیل خاوەریان، چالاکی مافی منداڵان و بە پێشکەشکاریی سێوە شەریفی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی ئەنجام دراو.

سێوە شەریفی
سێوە شەریفی

به‌پێی بڕیاری” ٤٤/٢٥” كه‌ له ٢٠/نوامبە‌ر/١٩٨٩ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی له‌خۆگرتووه‌ ده‌رچووه‌، لیستێكی زۆر دوورودێژی ده‌رباره‌ی مافه‌كانی منداڵ ده‌ركردووه، كه‌ بریتیه‌ له‌ “٥٤” مادده‌، هه‌ندێك له‌ مادده‌كان له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتوون کە بە کورتی ئەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکیان بکەین وەک:

photo_2016-12-27_18-13-47
خەلیل خاوەریان

ــ منداڵ هه‌ر مرۆڤێكه‌ كه‌ له هه‌ژده‌ ساڵ كه‌متر بێت.
ــ هه‌موو منداڵێك به‌بێ جیاوازی مافی ژیان و خواردن و خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاكی هه‌یه.
ــ نابێت به‌ هۆی نه‌ته‌وه‌ جیاوازی، ڕه‌نگی پێست، ڕه‌گه‌ز، زمان، ئایین، كه‌م ئه‌ندامی، باری كۆمه‌ڵایه‌تی، سامان، یان به‌ هۆی بیروڕای سیاسی باوك و دایك و خێزان، یا به‌خێوكه‌ری یاساییه‌وه‌، جیاوازی له‌ نێوان منداڵاندا بكرێ.
ــ منداڵ هه‌ركه‌ له‌دایك ده‌بێت، ده‌بێ ناوێكی بۆ دابنرێت و ناونووس بكرێت، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌”نه‌ته‌وه‌نامه‌” وه‌ربگرێت.له‌ سایه‌ی نازی دایك و باوكیدا به‌خێوبكرێت.
ــ منداڵان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، كه‌ به‌ ئازادی و ئاشتی پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بێت
ــ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌كردنی منداڵ،
ــ پاراستنی منداڵ له‌ هه‌موو توندوتیژی و خراپه‌ و زیانپێگه‌یاندنی گیانی و هۆش، ناشبێ په‌راوێز بكرێت.
ــ پێویسته‌ ته‌ندروستی منداڵ بپارێزرێت،ئه‌گه‌ر نه‌خۆش كه‌وت و پێویست بكات، ببرێت بۆ لای پزیشك یا بۆ نه‌خۆشخانه‌. مافی چاره‌سه‌ركردن و كوتان و داوده‌رمانی پێویستی هه‌یه‌.
ــ هه‌موو منداڵێك مافی سوودوه‌رگرتنی له‌ مافی زامنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر پێویست بوو، پێویسته‌ مووچه‌ی بدرێتێت،پێوستیشه‌ باری ژیانی خێزانه‌كه‌ی یا به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رچاوبگیرێت.
ــ هه‌موو منداڵێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ گوزه‌رانی ژیانی له‌ ئاستێكی شیاودابێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌شی و هۆشی و ده‌روونی و له‌ ڕووی مه‌عنه‌وی و كومه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ گه‌شه‌بكه‌ن.
ــ هه‌موو منداڵێك مافی خوێندنی و چوونه‌ قوتابخانه‌ی هه‌یه.

ــ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ن،نابێت منداڵانی نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ نه‌‌ته‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌‌ی ئه‌و وڵاته‌ جیابكرێنه‌وه‌ و بێبه‌ش بكرێن له‌ كولتوور،یان نه‌هێڵن ئایین و ڕێوڕه‌سمه‌ ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان بگێڕن، یا نه‌هێلن كه‌ به‌ زمانی خۆیان بدوێن.
ــ هه‌موو منداڵێك مافی پشوودان و حه‌وانه‌وه‌ و یاری كردن و پێكه‌نین وخه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌و چالاكییانه‌ی هه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا ده‌گونجێن..بۆی هه‌یه‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه به‌شداری له‌ ژیانی ڕۆشنبیری و هونه‌ری بكات.

ــ پاراستنی منداڵ له‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنان و بازرگانیكردنی نابه‌جێ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، یا هه‌ر مادده‌یه‌ك كه‌ كار له‌ منداڵ بكات.
ــ پاراستنی منداڵ له‌ هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌كی سیكسی، یا به‌كارهێنانیان مادەی هۆشبەر
ــ قه‌ده‌غه‌كردنی منداڵ ڕفاندن یا فرۆشتن یا بازرگانیكردن پێیانه‌وه‌، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بێت یا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت.
ــ نابێت منداڵ ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێت یا ڕه‌فتاری نابه‌جێی ده‌رهه‌ق بكرێت ، یا سزای قورسی نامرۆیی و كارگرانی به‌سه‌را بسه‌پێنرێت.
ــ پاراستن و چاودێریی منداڵ له كاتی شه‌ڕ و ئاژاوه‌دا.
ـ هه‌موو منداڵیك مافی ئه‌وی هه‌یه كه‌ خۆشیان بوێت و بایه‌خی پێبده‌ن له‌ لایه‌ن كه‌سوكار و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌،یان كه‌سانێكی تر كه‌ جێی ئه‌وان ده‌گرنه‌وه.
ــ هه‌موو منداڵێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌ گوزارشت له‌ ڕاو بۆچوونی خۆی بكات و ڕێزی ڕایه‌كانیشی بگرن و له‌و بڕیارانه‌ش كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ یا له‌ قوتابخانه‌ یا له‌ هه‌رشوێنێكی تردا ده‌درێن و په‌یوه‌ندیان به‌ ئه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌.

ژینگەوان، ئەرکی پەروەردە و بار هێنانی منداڵان لە ئەستووی کێ دایە؟
خاوەریان: منداڵ تا بەر لەوەی بچێتە قوتابخانە ئەرکی پەروەردە و ڕاهێنانی لە ئەستۆی بنەماڵە و دایک و باوک و ئەو کەسەیە کە ئەرکی بەخێو کردنی پێ سپێردراوە لە دوای چوونە قوتابخانە ئەو ئەرکە ئەکەوێتە ئەستۆی قوتابخانە و مامۆستا و ئەو جێگا و شوێنانەی منداڵان سەروکاریان لەگەڵیدا هەیە واتە ئەو شوێنانەی دنیای ژیانی منداڵ پێک دێنن. بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا ئەمرۆکە زۆر جار ڕاگەیاندن ئەتوانێ هەم لە سەر کەسایەتی منداڵ و هەم ئەو کەسانەی بەرپرسن لە پەروەردەی منداڵدا ڕۆڵی گرنگ بگێڕن.

ژینگەوان، لە کۆمەڵگایی ئەمرۆا کە پرە لە تووندووتیژی چۆن دەتوانین منداڵانمان بە ڕۆحێکی ئنسان دۆستانە هەست بە بەرپرسار کردن، بار بێنیین؟

خاوەەریان: بەداخەوە تووندوتیژی چ لە ناو خێزان و چ لە ناو کۆمەڵگا و یان بە هۆی شەڕ و ئاژاوە کاریگەری خراپ لە سەر منداڵ دائەنێت و منداڵێک کە لە ناو تووندوتیژیا ژیان دەکا ناتوانێ هیچ ئاوات و ئومێدێکی بۆ ژیان خۆی هەبێ و زۆرتر لە منداڵانی تریش بەرانبەر بە دەوروبەری کردەوەی تووندوتیژی نیشان ئەدات و کۆنترۆڵی خۆی بۆ ناکرێ. لە هەر شوێنێک تووندو تیژی هەبێ منداڵان زیاتر لە هەموو کەس دەبنە قوربانی و ئەگەر تووندوتیژی ڕاستەوخۆ لە دژی منداڵ بکرێ ئاوا زیاتر منداڵ لە باری کەسایەتی هەست بە قوربانی بوونی خۆی دەکا بۆیە لێرەدا پێویستە کە دایک و باوک و هەموو ئەوانەی پێوەندیان بە ژیانی منداڵانەوە هەیە بە دوور لە تووند وتیژی لە منداڵان نزیک ببنەوە و تا ئەتوانن جەوێکی ئارام بۆ ژیانی منداڵان برەخسێنن و ئەگەر لە شوێنک وەک عیراق و سووریا بە بێ خواستی خۆیان منداڵان دەکەونە ناو شەڕەوە و تووندوتیژی دەبینن ئەرکی ڕێکخراوە و NGOکانە کە زیاتر هەستی بەرپرسیاریەتی بکەن و ناوەندی منداڵپارێزی لە لایەن کەسانی دڵسۆزەوە بۆ منداڵە بێ سەرپەرستەکان بکرێتەوە و نەهێڵن لە منداڵان بۆ بەرژوەندی شەڕ کەڵک وەر بگیرێ.

ژینگەوان، تا چەندە وەڵاتی پا بەندە بە بنەماکانی مافی منداڵان؟
خاوەریان: نازانم مەبەستان کام وڵاتە بەڵام بە گشتی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرانبەر مافی منداڵان کەم و کوورتیان زۆرە و بە شێوەیەک ڕێک بەرنامە و پلانیان لە سەر پەروەردەی منداڵان نییە و لە کوردستانیش بە هەمان شێوە زۆرتر کەسانێک کە بەرپرسن لە ژیانی منداڵان بەو عەقلیەتە نەگەیشتوون کە بتوانن منداڵێک پەروەردە بکەن کە ئازاد بێت، بە داخەوە لە هیچ شارێک ناوەندی منداڵپارێزی نییە. هیچ ئەنجومەن و ناوەندێکی مەدەنی نییە کە پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان بکات و بتوانن کاریگەرییان لە سەر باش کردنی دۆخی پەروەردەی خێزانی و قوتابخانە ببێت کە منداڵان لە کەشێکی ئازادا پەروردە ببن.

ژینگەوان، ئەرکی بنەماڵەکان لە پەروەردە منداڵان چەندەیە؟

یەکەم ئەرک کە لە پەروەردەدا ئەکەوێتە سەر شانی بنەماڵە بونیاد نانی کەش و هەوا ئارام و دوور لە تووند وتیژییە بۆ هەموو ئەندامانی خێزان منداڵ ئەتوانێ لە کەشێکی ئارامدا گەشە بکات و هیچ هەڵاواردنێک نەبێت لە نێوان منداڵان و باقی ئەندامانی بنەماڵەدا چوون هەڵاواردن کاریگەری لە سەر دروس بوونی کەسایەتی منداڵ دائەنێت ناتوانێ باوەڕی بە خۆی ببێ. دەبێ لە پەروەردە کردنی منداڵاندا هاوسەنگیەکی یەکسان ببێ لە نێوان دایک و باوکدا چوون منداڵ ناتوانێ بە دوو شێواز کەسایەتی خۆی ڕێک بخات باوک بە شێوازێک و دایک بە شێوازێک بیانەوێت منداڵ تەربیەت بکەن هیچ دەسکەوتێکیان نابێ.

ئەرکی بنەماڵەیە کە بۆ پەروەردە منداڵانیان لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستاکانیان پێوەندییان هەبێ و لە زۆر ڕەفتاری منداڵەکانیان ئاگاداری بدەن پێیان و بە پێچەوانەوە قوتابخانە و مامۆستایش دایک و باوک لە ڕەفتار و هەڵس و کەوتی ناو قوتابخانە و شێوازی مامەڵە کردنیان لەگەڵ دەور و بەر ئاگادار بکەنەوە. ئەرکێکی گرنگیتر کە ئەکەوێتە سەرشانی بنەماڵە ئەوەیە کە لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی دایکی خۆیان بدوێن و نەهێڵن زمانی دیکە جێگای زمانی دایکی منداڵ بگرێتەوە لە ڕووی دەروونناسیەوە مرۆڤێک کە زمانی دایکی خۆی باش بزانێت باشتر ئەتوانێ فێری زمانی دیکەیش ببێ تا ئەوەی کە زمانی دایکی خۆی لە بیر چووەتەوە
دایک و باوک نابێ لە لای منداڵانیاندا درۆ بکەن و هەر بەڵێنێکیان دا بە منداڵ پێویستە جێ بەجێی بکەن ودەبێ دەرفەتی باش بدرێ بە منداڵ کە ئازادانە بە دوور لە زەخەت پێویستیەکانی خۆی هەڵبژێری و ئەرکی بنەماڵەیە کە لە ماوەی مانگێکدا سێ جار منداڵانیان ببەن دەری ماڵ بۆ پیاسە و گەشت و خۆشی وەک پارک و شاری یاری و…

نابێ لە نێو خێزاندا هیچ کاتێ منداڵانیتر جۆرێک باس بکەین کە لە منداڵانی خۆمان زیرەکتر و باشترن. دایک و باوک دەبێ هەموو کات هەستی بەرپرسیاریتەیان ببێ بەرانبەر منداڵان وهەمیشە ئولگوی باشیان ببێ بۆ منداڵانیان.

ژینگەوان، ترساندن و لێدان لە منداڵ دەچێتە نێو چ جۆرە تاوانێکەوە؟

خاوەریان: بە گشتی ترساندنی منداڵ زۆر لە سەر کەسایەتی منداڵدا کاریگەری هەیە منداڵێک کە بە ترس و تۆقاندن بیانووی ببڕی هەمیشە زوو تەسلیمی ناحەقیەکان دەبێ و کەسایەتی لاوازی هەیە، لێدانیش هەمیشە لە داهاتوودا منداڵ جۆرێک بار دێت کە لە کۆمەڵایەتی بوون بێزارە و زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە کە بە تووندوتیژی وەڵامی ئەرکەکانی خۆی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەور و بەری بداتەوە و لێدان بە گشتی وەک تاوان دەسدرێژی بۆ سەر منداڵ وایە و هیچ کات لێدان گونجاو نییە بۆ منداڵ.

ژینگەوان، ڕۆڵ و پێگەی منداڵان لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری چۆن دەبینن؟ لە چ ئاستێکەدایە؟ ئایا منداڵان هێزی سەرکەی کۆمەڵگان؟ چۆن دەبێ لەگەلیان مامەڵە بکرەی کە له داهاتوودا بە سوود بن بۆ کۆمەڵگای خۆیان بە گشتی؟ ئایا بەس پەروەردە کردن بە شێوازێکی زانستی بۆ منداڵ بەسە لە ئەمڕۆدا یا خۆد نە؟ شێوازی و هەڵسووکەوتی بنەماڵە دەبێ چۆن بێ لەگەل منداڵ؟

خاوەریان: ڕۆڵ و پێگەی منداڵی کورد لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە پێگەکەی زۆر لاوازە بە داخەوە منداڵی کورد زۆربەیان هێشتا ناتوانن بڕیاردەر بن، بڕیاردان بەو مانایە نییە کە منداڵ هەر کارێک پێی خۆش بێ بیکا و کۆنترۆڵ نەکرێت بۆ وێنە منداڵ ناتوانی بە ویستی خۆی جل و بەرگێک کە ڕەنگێک پێی خۆشە هەڵبژێرێ یان کەلوپەلی یاری کردنی ناتوانێ بەو شێوازە خۆی پێی خۆشە هەڵبژێرێ و یاری پێی بکا دایم هەڕەشەی لێ دەکرێ هۆشت بێ بووکەشووشەکەت نەشکێنی یان ئاگادار بە ماشینەکەت نەشکێ و …

منداڵ لە کۆمەڵگای کوردی بەداخەوە رووبەڕووی هەڵاوارن دەبێتەوە کچان لە نێو بنەماڵەدا زۆر بایەخیان پێ نادرێ و هەر لە تەمەنی کەمەوە وەک گەورە چاوەڕوانی لێ دەکرێ زۆربەی کچان لە ژێر تەمەنی یاساییەوە ژیانی هاوبەشیان بۆ دروست دەکرێ. پەروەردەی زانستی نییە بۆ منداڵانی کورد لە قوتابخانەیش منداڵی کورد بە گشتی بە هۆی ئەوەی کە بە زمانی دایکی خۆی پەروەردە ناکرێ بێزار دەبێ لە قوتابخانە بە گشتی ئەوەی پێویست بێ ناکرێ بۆ منداڵ. پەروەردەی زانستی تەنیا ئامۆژگاری کردن نییە بۆ منداڵ، منداڵ بە گشتی لە هەڵس و کەوت و پێوەندیەکانی دەوروبەری فێر هەڵسوکەوت دەبێ بۆیە پەروەردەی زانستی لە پێشدا بۆ گەورەکان پێویستە و دەبێ بە کردەووە نیشان بدەن کە کەم و کورتیان نییە تا ببن بە نموونە بۆ منداڵان.

ژینگەوان، هەر وک ئاگادارن چەند ساڵ لەمەوپێش بە هۆی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاشی مەریوان چەندین منداڵ و هاو شێوەی ئەوان لە ڕێگای مین چیندراوکانەوە گیانیان لە دەست دا و یا خۆد کەم ئەندام و هەتا ئێستاش بەدەست ئەو دەردە دەناڵێین، کیسەی منداڵانی نشکاشی مەریوان بە کوێ گیشت؟ ئێستا تەندرووستی ئەو منداڵانە لە چ ئاستێک دا دایە؟

خاوەریان: بەداخەوە ساڵانە لە چەندین جێگەوە ئاگادار ئەبین کە منداڵان لە ناوچە کوردنشینەکان دەبن بە قوربانی تەقەمەنی وەک مین و پاشماوەکانی شەڕ و زۆربەیان کەم ئەندام ئەبن و لە باری ڕۆحی و مەعنەویشەوە منداڵان لە نێو کۆمەڵگادا دائەبڕێن یان دەکەونە پەراوێزەوە. منداڵانی نشکاشیش بە داخەوە تا ئێستا کەیسیان هەر وەک خۆی ماوەتەوە هیچیان بۆ نەکراوە تەنیا شتێک کە کراوە بۆیان ئەوەیە پارە و هەزینەی دەوا و دەرمانیان بۆ دراوە و ئاگادارین کە هێشتا نەکراون بە کەم ئەندام و مووچەیان پێ نادرێ و تا تەمەنی هەژدە ساڵیش ناتوانن جەراحییان بۆ بکرێ. ئەو منداڵانە بە داخەوە لە باری ڕۆحیشەوە زۆر ڕەوشیان باش نییە.

ژینگەوان، باردۆخی منداڵانی کار ژێر تەمەنی نایاسایی لە شەقامەکان و شوێنە گشیتەکانی پارێزگا کورد نشینەکان بە تایبەت پارێزگای سنە ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەودایە؟؟ئایا ئەرکی دەسەڵات چییە؟تا چەند رێکخراومەدەنییەکانی داکۆکی لە منداڵان توانیویانە لەو ڕاستایدا هەنگاو هەلبگرن؟

خاوەریان: بەڵێ بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ منداڵان کار ڕوو لە زیاد بوونە منداڵ لە باتی خوێندن و گەشەکردنی سەرقاڵی کار و دەسفرۆشی و کوڵبەری و زۆر کاریترن کە بۆ مرۆڤی گەورەیش ئەو ئیشانە گرانە. بەداخەوە کەس ئاوڕ لەو منداڵانە ناداتەوە و هیچ نەهادێکی دەوڵەتی و مەدنیش نییە کە هەوڵ بدەن ئەو منداڵانە یارمەتی بدن. ئەرکێ نەهادە دەوڵەتیەکانە کە هەموو ئەوانەی خەریک ئیش کردنن کۆ بکاتەوە و لێکوڵینەوە لە بارودۆخیان بکا و یارمەتیان بدات بگڕێنەوە ناو قوتابخانە و لەگەڵ هاوڕێکانیان بخوێنن و یاری بکەن و چێژ لە ژیان وەرگرن و بۆشایی نەبوونیان بۆ پڕ بکرێتەوە.

زۆر بەداخەوە زۆربەی بنەماڵەکانیش دوای تەواو بوونی قوتابخانە و کاتی پشوو منداڵەکانیان مەجبوور بەوە دەکەن بچنە دەرەوەی ماڵ تا دەسفرۆشی و کار بکەن وا ئەزانن وا باشتر منداڵانیان لە بەلا ڕێچووندا بپارێزن پێویستە ئەوە بزانرێ ئەو مناڵانە کە لە شوێنە تایبەتی و گشتیەکان کار دەکەن زیاتر لە مناڵانیتر مەترسی دەسدرێژی کردن و تێوەگلان لە مادەی هۆشبەری و… بۆ سەریان هەیە. باشتر وایە کاتی پشووی هاویندا منداڵ بە یاری دروست و ناردنیان بۆ فێر بوونی کاری هونەری و وەرزشی پڕ بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم زۆربەی خێزانەکان منداڵانیان بە تەبلت و کامپیوتر و زۆر یاریتر وەک پەلەیتسشن سەرقاڵ کردووە و لە یاری واقعی و چوونە ناو هاوڕێ و گەشت و وەرزش بێ بەش کردووە وا ئەزانن ئەتوانن مناڵەکانیان باش بپارێزن زۆر بەداخەوە ئەو ئامێرانە تەنیا منداڵ لە واقعی خۆی دائەبڕێ و زیاتر لە هەموو منداڵانیتر ئەو منداڵانە فێری تووند و تیژی و هەڵس و کەوتی نامۆ ئەبن.