ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە دۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا

0
981

کورد تا یەک دەنگ و یەکگرتوو نەبێ و تا ناو ماڵی کورد یەک نەخرێ، ڕەوش و ژین و ژیانی گەلی کورد هەر ئاوارەیی و دەربەدەری و شەڕ و ماڵوێرانییە.

سەرئەنجام هەڕەشەکانی ڕژیمی تورکیە لە پێوەندی بە هێرشکردن بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، پاش بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مەڕ کشانەوەی هیزە سەربازییەکانی ئەمریکا چووە بواری جێبەجێکردن و بە کردەوە و بە شێوەیەکی دوور لە ڕێسا و یاسا نێونەتەوەییەکان لە پێوەندی بە پێشێل کردنی سەروەریی خاکی وڵاتێکی تر ، دڕندە ئاسا هێرشی بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی بوردومانکردن و مووشەکباران دەستپێکرد.
بۆ داگیرکەرانی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای ئیدانە کردنی ڕژیمی دژە مرۆیی تورکیە و مەحکووم کردنی شەڕ و هێرش بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کاربەدەستانی ئەمریکایی و ئورووپایی و هەروەها سەرجەم دۆستانی گەلی کورد لە هەموو جیهان دەکا کە فیداکاری و شەڕی گەلی کورد دژ بە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی واتە داعش لە بیر نەکەن و وەبیریان دێنینەوە کە ئەگەر ژنان و کچان و کوڕان و پیاوانی کورد سینگی خۆیان نەکردبایە قەڵغان و ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە پێشمەرگە و گریلا و شەڕڤانەوە لە بەرانبەر شەڕی دژ بە تاریکی سینگیان بە گوللەوە نەنابایە، ئەوە ئەمڕۆ وڵاتانی ئورووپایی و تەنانەت ئەمریکاش دەبوو ئەو شەڕە لە ناو خاکی خۆیان دا بکەن و ماڵ و منداڵی ئەوان ببێتە قوربانی.
هەر چەند بە باوەڕی ئێمە بڕیارەکەی ترامپ، بڕیارێکی نابەجێ و نابەرپرسیارانەیە بەرانبەر بە گەلی کورد، بەڵام سیاسەت بە عەتف و سۆز ناکرێ ، بەڵکوو ئەوە بەرژەوەندی و هێزە کە سیاسەت دیاری دەکا و سیاسەت واتە بەرژەوەندی و هەر لایەنێک سیاسەت بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەی نەکا ، سیاسی نییە و لە هەڵە دایە . بۆیە ئەگەر تا دوێنێ بەرژەوەندیی ئەمریکا و زلهێزان بە هۆی شەڕی داعشەوە لە گەڵ کورد یەکی دەگرتەوە، ئەوە ئەمڕۆ بەرژەوەندیی ئەوان شتێکی تر دەخوازێ. بۆیە گەورەترین هێز و پاڵپشت دەبێ خۆمان بین و پشت بە ئیرادەی نەتەوەکەمان زیاتر بە هیچ هێزێکی تر نەبەستین.
ترامپ زۆر جار لە قسەکانی دا باسی لەوە کردووە کە کورد شەرکەری ئازان و گوتوویەتی: ئێمە پووڵ و چەکیان دەدەینێ و ئەوان شەڕمان بۆ دەکەن، لێرە دا دەردەکەوێ کە سیاسیەکانی کورد بەرانبەر زلهێزەکان بە هەڵە سیاسەتیان کردووە و لە جیاتی ئەوەی داوای پاڵپشتی و پشتگیریی سیاسی بکەن، تەنیا داوای چەک و پارەیان کردووە و ترامپ و زلهێزەکانیش وەک ئەوەی شەڕی دژ بە داعشیان بە قۆنتەرات دابێ بە کورد و کوردیان بۆ شەڕ بە کرێ گرتبێ ، ئاوا ڕوانیویانەتە پێشمەرگە و شەڕڤان.
لە باشووری کوردستان هەر کە گەلی کورد هەیمەنەی داعشی تێکشکاند، وڵاتانی وەک ئەمریکا و زلهیزان پشتیان تێکرد و بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی پاڵپشتیان لێنەکرد، بەڵام خۆ ئەگەر پێش شکست هێنان بە داعش، گەلی کورد داوای سەربەخۆیی کردبا ، ئەوە وڵاتان لە بەر بەرژەوەندیی خۆیان ناچار بوون دان بە سەربەخۆیی کوردستان دابنێن.
لە باکوور و بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا سیاسەتی هەڵەی پەکەکە لە سەر پشتیوانی لە بلۆکی ڕووسیە، ئێران و سووریە و بە قەولی خۆیان دژایەتی لە گەڵ ئیمپیریالیزم ناکرێ نادیدە بگیردرێ و ناکرێ و ناگونجێ پەکەکە چەک لە ئەمریکا وەرگرێ، بەڵام لە گەڵ دوژمنانی ئەمریکا هاوپەیمان و دۆست بێ و دژ بە سیاسەتەکانی ئەمریکا بجووڵێتەوە و لە هەموو ئەوانەش گرینگتر دەبوو هێزەکانی پەیەدە و لایەنەکانی سەر بە پەکەکە ئیزنیان بە پێشمەرگەی ڕۆژ و ئەنەکەسە دابا کە لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریدا بەشداری بکەن و ئەوڕۆش بە یەکەوە پارێزگاریان لە مان و مەوجوودیەتی کورد لە ڕۆژئاوا کردبا و بە گشتی ئەمڕۆ دەبوو پەکەکە لە باکوور و بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی تورکیە، ڕژیمیان وەلەرزە خستبایە، ئەدی حەشیمەتی بیست ملیۆنیی کورد لە تورکیە لە کوێن و کوان هەزاران گریلای و گیانفیدایی پەکەکە؟
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان داوا لە گەلی کورد لە هەموو ولاتانی ئورووپایی و جیهان بە گشتی دەکا کە بە یەک دەنگ و بە بێ جیاوازیی حیزبایەتی و تەنیا بۆ جارێکیش بووبێ هەر هەموومان وەک کورد دەست بدەینە خۆپێشاندانی گەورە لە بەردەم باڵوێزخانە و سەفارەتی ئەمریکا و تورکیە لە وڵاتانی جۆربەجۆڕ.
لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی دەزانین وەک هەمیشە بۆ گەیشتن بە ئازادی، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا قوربانیی زیاتر دەدا، بەڵام لە ئاکام دا ئەوە گەلی کوردە کە سەردەکەوێ و هێرشی ناڕەوا و نەزانانەی ئەردۆغان بە شکستی خۆی و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد کۆتایی پێدێ.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٠٩/١٠/٢٠١٩ ی زایینی
١٧ی ڕەزبەری ٢٧١٩ی کوردی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.