ڕۆژی هەشتی مارس

0
1745

نووسەر: چالاک محەمەدی

مێژوی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی وچەوسانەوەی چینایەتی ژنان. ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاوپشتیە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسان و هەلو مەرجی باشتر لە ژیانی ژنان.
هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، ڕێزلێنان بوو لە بیرەوەریی خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا لە ساڵەکانی ١٨٥٧ و ۱۹۰۸ زایینی، کە لە ساڵی ١٨٥٧زایینی به‌ مه‌به‌ستی زیادکردنی حه‌قده‌س و که‌م کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار. له‌م خۆپیشاندانانە دا ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان بۆ بەدی هێنانی مافەکانیان به‌شدار بوون و لەم ڕووداوانەدا کە ڕوویاندا بەرەوڕووی هێزی پۆلیس بوونەوە و بەو بۆنەیەوە لەم خۆپیشاندانانە دا ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان ده‌ستبه‌سه‌ر کران و ژماره‌یەکی به‌رچاویش کوژران و بریندار بوون و لە ٨ی مارسی ١٩٠٨ دوای نیو سەدە، ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنین لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بەهۆی هەڵاواردن و هەژاری و گوشاری زۆری کار و هەقدەستی کەم دەستیاندایەوە مانگرتن. خاوەنکار و پاسەوانەکانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن پێشگرتن لە سەرانسەری بوونەوەی لەناو بەشەکانی تر، ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستبەسەر دەکەن. بە هۆکاری نادیار ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێت، ١٢٩ کرێکاری ژن لە ئاگردا گیان لەدەست دەدەن،کە واتە مێژوویەکە بۆ نان و ئازادی کە خوێنی تێدا ڕژاوە. ئەو ڕووداوانە بوە هۆی دروست بوونی یادەوەری مێژویی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و جیهانی.

دووهەمین کۆنفەرانسی سوسیالیستی نێونەتەوەی ژنان لە ئۆروپا کە بە بەژداری سەد ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون، بە پێشنیازی کلارازتکین ژنە سوسیالیستی ئاڵمانی لە ٢٧ی ئاگۆستی ١٩١٠ لە کۆپێنهاگ ڕۆژی ٨ی مارس دەستنیشانکرا وەک ڕۆژی ژن بۆ بەرگری لە مافەکانیان بە گشتی لە بەرانبەر هەڵاواردنی جنسی.
بە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی دیکتاتۆر و فاشیست لە ئەڵمانیا، و قەدەغە کردن هەر جۆرە ڕێکخرای موخالیف، دەرفەتی پەر سەندنی ئەم ڕۆژەی لاواز کرد لە دووای شەڕی جیهانی دووهەم، لە وڵاتانی ئوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٠ بۆنەی هەشتی مارس بەڕێوەچوو، وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان.
بەڵام لە باوەڕی کوردانەی زۆربەی ئێمەدا، ژن وەکوو بەشێکی کۆمەڵگا کە خاوەن ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی گرینگە، سەیر دەکرێت. ئەمە بەو واتایەیە کە ژن مرۆڤێکی سەربەخۆیە و نابێ بە پێی ویست و بیری پیاو پێناسە بکرێت و لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی پیاواندا شێوازی بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ دیاری بکرێت. ئەبێ ژن بەتەواوەتی ئازاد بێ، ئازاد بێ لە دیاری کردنی مافەکانیان و لە چۆنیەتی بەدەستهێنانیان. ئەبێ خۆیان بڕیار بۆ چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەبێ بە ویستی خۆیان شێوازی ژیان و تەنانەت خەباتی خۆیان دیاری بکەن.
هەر وەها ژنان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی و دەربەدەری و ناکۆکیەکانن.
دیاری کردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توند و تیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف، نمونەی سەرەکی و ئاشکرا یە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

بۆیە پێویستە لە باروودۆخی ئەمڕودا ڕۆژی هەشتی مارس وەکو ڕۆژی خەبات کردن لە دژی هەڵاواردن بەرز و بەنرخ ڕاگرین و هاوکات ژنانی کوردستان کە لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیدار بەسەر دەبەن و هاوتای نەتەوەی کورد هەڵاواردنێکی زۆر لە دژیان بوونی هەیە بە ئاگا لە خۆ بوون و خۆناسیەوە بێنە مەیدانی خەبات دژی هەڵاواردن و هەوڵ بۆ شکاندنی ئەو دیوارەی کە لە هەڵاواردنی دژی ژن بوونی هەیە بدەن . هاوکات پێویستە کە کۆمەڵگای کوردستان لە فکرە ئایدیۆلۆژیەکان خۆی تێپەڕ بکات و بەرەو ئازادی و ئازادی خوازی و سەربەستی و ڕزگاری هەنگاو بنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.