ڕۆژی کورد: له چەند باژێری کوردستانی ڕۆژهەڵات زنجیره خۆپێشاندانێکی کرێکاران بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بە بارودۆخی ماف‌و ژیانیان بەرێوەچوو.
هەروەها لە ماوەی ڕابردوو لە دوو شاری ورمێ و نەغەدەش، ڕێپێوانێکی نارەزایەتیی دوکانداران لە هەمبەر زێدەبوونی بەرچاوی باج لە بەر دەرگای پارێزگاریی ورمێ بەڕێوەچووە.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێکه‌وتی 2ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمه‌ڵێک له کرێکارانی شیرکه‌تی جیهادی جووتیاریی ئیلام بە مەبەستی ناڕه‌زایه‌تی دەربڕین لە هەمبەر پێنه‌درانی مووچه‌ی ٣ مانگی ئەمساڵیان له به‌رده‌م ئه‌م فەرمانگەیە له شه‌قامی حه‌یده‌ری کۆ بوونه‌وه‌و ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ پێنەدانی مووچەی دواکەوتوویان دەربڕی.
خانه‌نشین‌کراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیلام‌یش هەمان ڕۆژ له به‌رده‌م ئه‌م ڕێکخراوەیە له بڵواری موده‌ڕس خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیان وه‌ڕێ خست‌و داوای مافه‌کانی خۆیان کرد.
له لایه‌کی دیکهوە له شاری کرماشانیش کۆمه‌ڵێک لە هەڵگرانی نه‌خۆشیی سیی و هەناسەدان کە به هۆی پیسبوونی هه‌واو خۆڵبارینی بەردەوامی ئەو دواییانە کە ناوچەکەی گرتۆتەوە، تووشی کێشه‌ی هه‌ناسه‌دان بوون، بە هۆی وڵام نەدرانەوە بە داواکارییەکانیان لە لایەن نه‌خۆشخانه‌ی سه‌جادی ئه‌م شاره‌وه، بۆ ناره‌زایه‌تیی ده‌ربڕین بە ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی ژیانیان کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان وه‌ڕێ خست.
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک له فەرمانبەر‌و کریکاره‌کانی شاره‌وانیی کرماشانیش که ماوه‌ی ٣ تا ٦ مانگه مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتوه، له به‌رده‌م شاره‌داریی ناوه‌ندیی کرماشان له مه‌یدانی غه‌دیر کۆ بوونه‌وه‌و خوازیاری وه‌رگرتنی مووچه‌ی دواکه‌وتووی خۆیان بوون.
له شاری سونقوریش کۆمه‌ڵێک له خەڵکی ئەو شارە وێڕای بنه‌ماڵه‌کانیان، بۆ ده‌ربڕینی تووڕه‌یی‌و بێزارییان سه‌باره‌ت به کوشتنی کچێکی ٦ ساڵان به ناوی “حه‌نانه غه‌یاسی” و نه‌بوونی ئاسایش له ئاستی شاردا له به‌ر ده‌رگای نادادگوستەریی رژیم کۆ بوونه‌وه‌و داوای ده‌سته‌به‌رکرانی ئه‌منیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سزادانی بکووژی ئه‌م مناڵه بێ تاوانه‌یان کرد.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌سته‌یه‌ک له فەرمانبەرانی گرێبه‌ستی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری پاوه، بۆ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین له هه‌مبه‌ر پێ نه‌درانی مووچه‌و حه‌قده‌ستی ٣ مانگه‌ی به‌هاری ئەمساڵی خۆیان له بەردەم ئەو فەرمانگەیە کۆ بوونه‌وه‌و خوایاری چارسه‌ر کرانی کێشه‌و گرفته‌کانیان بوون.