پیلانی لەناوبردنی زرێبار لەلایەن حکوومەتەوە هەروا درێژەی هەیە

0
916

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ژینگەوان، لەدرێژەی پیلانە نگریسەکانی حکوومەتی تاران لە هەمبەر ژینگەی کوردستاندا، پیلانێکی دیکە دژ بە زرێبار لەئارادایە.

هەواڵی گەییشتوو بە ژینگەوان باس لەوەدەکات کە حکوومەتی تاران لەهەوڵی ئەوەدایە کە پاڵاوگەیەکی بچووک لە قەراخ زرێبار دروست بکات.

چالاکێکی ژینگەپارێزیی کورد کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەو پێوەندییەدا لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری ژینگەوان باسی لە پیلانەکانی حکوومەتی تاران بۆ لەناوبردن و شێواندنی ژینگەی کوردستان کرد.

ناوبراو لەبارەی دروستکردنی پاڵاوگە لە دەوروبەری زرێبار، ئەم هەوڵەی حکوومەتی وەکوو پیلانێک لەدژی ژینگە وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا خەساری ئەو پڕۆژەیە بۆ کوردستان دەبێت و تەنانەت کرێکاری کوردیش دەرفەتیان پێنادرێت تێیدا کار بکەن.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت بە نیسبەت زرێباری ئامانجدار وەسف کرد و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەو هەمووە هەوڵە دژ بە ژینگەی کوردستان پاساوهەڵگر نییە و وەکوو پیلانی حکوومەت دژ بە کوردستان هەژمار دەکرێن.