دوو هاووڵاتیی کورد تەندیسی تایبەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژی ئاژەڵانیان وەرگرت

0
1011

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، لە ٥ـەمین ساڵیادی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژی ئاژەڵان، تەندیسی ئەو ڕێوڕەسمە درا بە دوو هاووڵاتیی کورد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە تاران بەڕێوە چوو، ئازاد عەباسی بە نوێنەرایەتی لە ڕێکخراوی “ژینگەی یار” لە سنە و پەخشان قەلەندەری چالاکی مافی ئاژەڵان لە مەهاباد، خەڵاتی “ورچی قاوەیی” (خرس قهوەای) ساڵی ١٣٩٥یان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هەروەها لەوحی ڕێز و پێزانیان لە لایەن مەعسوومە ئێبتکار، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێرانەوە پێ درا.
گرووپی ژینگەی یار لە ڕاستای وەبیرهێنانەوە و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ مافی ئاژەڵان، ژینگەی ئاژەڵان و ژینگە چالاکە.

هەروەها پەخشان قەلەندەری و ئازاد عەباسی بە هۆی هەوڵە بوێرانەکانیان لەبواری پێشێلکردنی مافی ئاژەڵان و کوشتنی ئەسبی کۆڵبەران، توانیان ئەو خەڵاتە بە دەست بێنن.

هەڵبژێردراونی ئەمساڵ لە لایەن کانوونی چاوەدێریی بەسەر مافی ئاژەڵان، دەستنیشان کراون و ڕێزیان لێ گیراوە.

ماوەی ٥ ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەیکە فیلمێکی هەژێنەر لە هەڵسوکەوتی ڕاوچیان لەگەڵ ورچێکی مێ و دوو بەچکەکەی لە سمیرەی لۆرستان لە لایەن ڕاوچیان بڵاو کرایەوە، ئەو فیلمە بوو بەهۆی دژکردەوەی خەڵکی ئێران لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

بە دواوی ئەو ڕووداوە، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، وەک ڕۆژی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژی ئاژەڵان” ناوزەد کرا.