بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، تۆپباران و کاولکاریەکانی حکۆمەتی دژە ژینگەی کوردستان بەردەوامە و تۆپبارانەکانی کۆساڵان تەواو نەبووە لە چەند لاوە ئاگر لە ئاویەری سنە بەردرا.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی پۆشپەر سپای پاسداران رژیمی ئێران بۆ چەندوومین جار شاخەکانی کۆساڵانی بە بیانوی هەبوونی هێزی پێشمەرکەی کوردستان تۆپباران کرد،کە بە وتەی شایەت حاڵان زیاتر ۲۰۰هکتار لە دارستانەکانی ناوچەی کۆساڵان لە ئاگردا سۆتاون.
هەواڵنێری ژینگەوان رایگەیاند کە هێزەکانی سپای لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا ئێزنیان بە چاڵاکانی ژینگەپارێزی ئەو ناوچە نەداوە کە هەوڵ بۆ کۆژانەوەی ئاگری دارستانەکانی کۆساڵان بدەن.
هەر لەو پیوەندیەدا هاوکات لەگەڵ تۆپبارانەکان کۆساڵان لە شاری سنە لە چەند لاوە ئاگر لە ئاویەر بەردرا و رووبەرێکی بەرچاو لە لێرەوارەکانی بان شێڵانەی ئاویەری کردە ئامانج،خەسارێکی ژینگەی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچە گەیاند،شایەت حاڵان باس لەوە دەکەن کە هەموو ساڵێک لە بەرەبەری دست پێکی وەرزی هاویندا کە خەڵک بۆ گەشتوو گۆزار روودەکەنە شاری سنە لەلایەن کەسانێکی سەر بە حکومەتەوە ئاگر لە ئاویەر بەردەدرێت.
لەلایەکیترەوە لە گوندی بیلەی سەر بە شاری مەریوان ئاگر لە لێرەوارەکانی ئەو گوندە بەردراو رووبەرێکی زۆری لە دارستانەکانی ئەو شۆێنەی کردە خەڵووز،شایانی باسە ئەم ئاگرکەوتنەوە بە هەواڵی خەڵکی گوندی بیلە کۆمیتەی ئاگر کۆژێنەوەی ئەنجۆمەنی چیا کۆژاندیانەوە.
ساڵانە سەدان هێکتار لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری تێبەر دەبێ و لایەنەکانی پێوەندیدار لە حکوومەت هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ پێشگرتن و کوژاندنەوەی ئاگرەکان نادەن و بەم شێوە رووبەرێکی مەزن لەو سامانە سروشتییە لەناو دەچێ.
جگە لەوەش، هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، زۆربەی کات ئاستەنگ بۆ ژینگەپارێزان دروست دەکەن و بە بیانووی هەستیاری دۆخی ئەمنییەتی، رێگە بە کوژاندنەوەی ئاگرەکان نادەن.