چالاکییەکی بەرینی ژینگەپارێزی لە گوندی گەلێن

0
1062

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، ئەمڕۆ یەکی نەورۆزی ساڵی 2716ی کوردی، دانیشتوانی گوندی گەلێن، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد.
یەکێک لە بەشداربوانی ئەو چالاکییە بەپێداگری لەسەر بێ وێنەبوونی ئەو چالاکییە لە گوندی گەلێن، بە هەواڵنێری ماڵپەڕی ژینگەوانی راگەیاند کە پێشتر بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە ژینگەپارێزییەمان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بە دانیشتوانی گوند راگەیاندبوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا ئاماژەی دا کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە خەڵکی گوندی گەلێن و دانیشتووی شاری سنەن بەبۆنەی رێوڕەسمی نەورۆزەوە گەڕابوونەوە زێدی خۆی و ئەمڕۆ لەم چالاکییە ژینگەپارێزییەدا بەشدارییان کردووە.
راپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ژینگەوان باس لەوە دەکات کە لەم چالاکییەدا گوندی گەلێن و دەوروبەری لە زبڵ و خاشاک خاوێن کراوەتەوە.
لەم بارەیەوە یەکێکی دیکه لە بەشداربوانی ئەم چالاکییە کە لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردە و نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری ژینگەوانی راگەیاند کە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە چالاکییانە سەرەتا و لە دەستپێکدا زۆر ئەرکێکی قورسە و تا لەناو خەڵکەکەدا جێ بگرێت و وەکوو کلتوور دەربێت، کاتی دەوێت.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە درێژە باسی لە هەستکردن بە بۆشایی نەبوونی رێکخراو و ئەنجومەنێک لە گوندی گەلێن کرد و پێداگری کرد کە لە هەر گوندێکدا دەکریەت ئەنجومەنێکی خەڵکی بکریەتەوە و ساڵانە کۆمەڵێک کلاسی پەروەردەیی و چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەببات و لە بردنە سەری ئاستی فەرهەنگ و زانیاریی کۆمەڵگا رۆڵ ببینێت.
پارێزناو ژینگەکەیما، پارێزناو ژیانیمانەن (پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە) ، دروشمێک بووە کە لە ژێریدا ئەم چالاکییە بەڕێوەچووە و گوندی گەلێن بەم شێوەیە بە چالاکییەکی ژینگەپارێزی و بە ژینگەیەکی خاوێنەوە ساڵی 2716ی کوردی دەست پێکرد.