پاڵنگان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کرایەوە

0
822

بەپێی هەواڵی بەشی ژینگەیی ماڵپەڕی رۆژی کورد، ئەمڕۆ پێنجشەممە دووی بانەمەڕی ساڵی 2716ی کوردی، چالاکییەکی ژینگەپارێزی لە ئاوایی پاڵنگان بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە لەلایەن خەڵکی ژینگەپارێزی ئەو گوندە گەشتیارییەی سەر بە شاری کامیاران بەڕێوەچووە.
هەواڵی گەییشتوو بە ژینگەوان باس لە پێشوازیی بەرچاوی خەڵک لەم هەڵمەتە ژینگەپارێزییە دەکات.
یەکێک لە بەشداربوانی ئەم هەوڵە ژینگەپارێزییە بە هەواڵنێری ژینگەوانی راگەیاند: ئێمە بە مەبەستی گرینگی دان بە ژینگە و بە دروشمی پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە، ئاوایی پاڵنگان و دەوروبەری ئەو ئاواییەمان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.
ئەو هاونیشتمانییە لە درێژەدا بە پێداگری لەسەر گەشتیاری بوونی پاڵنگان و کەمتەرخەمیی بەرپرسان بە نیسبەت پاڵنگانەوە رایگەیاند کە خەڵکی کوردستان دەبێ زۆرتر گرینگی بە ژینگەی نیشتمان بدەن چونکە حکوومەت ساڵانێکە بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەوڵی شێواندنی ژینگەی کوردستان دایە.
لەم پێوەندییەدا، بە بۆنەی رۆژی زەویی پاکەوە، گرووپی ژینگەپارێزانی زایەڵە لە شاری مەهاباد ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.
ئەم ڕێوڕەسمە لە چەندین بڕگەی جۆراوجۆر بەڕێوەچووە و لە کۆتاییشدا لەلایەن بەشداربوانەوە بە نەریتی کوردەواریی پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە ، ژمارەیەک نەمام لە داوێنی ژینگەی نیشتمان چێندران.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە یەکی بانەمەڕی 2716ی کوردی، چالاکییەکی ژینگەپارێزی لە بناری چیای جنێرە لەلایەن قوتابیانەوە و بە هاوکاری ژینگەپارێزانی بانە و ئەنجومەنی پاژین بەڕێوەچووە.
لە ماوەی مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو و مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمەڵێکی بەرچاو هەوڵی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەڕێوەچوون.

palngan2