وتووێژ لەگەڵ سەلاح کۆنەپۆشی، چالاکی ژینگەپارێزیی کورد

0
1142

خوێنەری هێژا:

سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری (ڕاوێژ) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە دوو بەشدا لە ڕێکەوتی  ٢٢ و ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٧١٥ی کوردی) لەسەر مژاری: دۆخی ژینگە و ژینگەپارێزی لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز: سەلاح کۆنەپۆشی، چالاکی ژینگەپارێز و بە پێشکەشکاری هێدی کامەرانی پوور (چالاکی ژینگەپارێز و ڕۆژنامەوان) ئەندام دراوە.

بەشی یەکەم

ڕاوێژ: سەرەتا بە خەیراتنتان دەکەین بۆ ژووری راوێژ

کۆنەپۆشی: سپاس گیانە،بۆ بەڕێزتان و هەموو هاوڕێیان

ڕاوێژ: باسەرەتا ئاوا دەست پێبکەین. کەلتووری ژینگەپارێزی بە چی دەڵێن؟ کەلتوورێکە تایبەت بە چینێکی تایبەت یان گشتیە؟ بۆ نموونە هەندێ کەلتووری وەک ڕاوێستان لە چرای سوور لە شارەکان زیاتر هەیە. کەلتووری ژینگە پارێزی چۆنە؟

کۆنەپۆشی: ژینگە بریتییە لەو دەوروبەرەی کە مرۆڤ تیایدا دەژی و چالاکی هەیە گوزەران بەسەر دەبات، زانستی ژینگە یان کلتوری ژینگە، زانستێکە کە بایەخ بە

هێدی کامەرانی پوور
هێدی کامەرانی پوور

توێژینەوەی هەموو ئەو پێکهاتانە دەەدا کە ژینگە لێی پێک هاتووە.

ڕاوێژ: بەڕای کلتووری ژینگەپارێزی، کلتوورێکی تایبەت بە چینێکی کۆمەڵگایه ؟

کۆنەپۆشی: بێ گومان نا، تایبەتە بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. بۆ ئەوەی هۆشیاری ژینگەییش درووست بێ، بنەماڵە و قوتابخانە و زانکۆ، سێ کوچکەی گرینگن لە بڵاو کردنەوە و فێر کردنی زانستی ژینگەدا. کەوابوو گەر هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە هەمبەر ژینگەدا هەستی بە بەرپرسیاریەتی کرد، ئەو کات دەتوانین ببینە خاوەن ژینگەیەکی تەندرووست.

ڕاوێژ: کورد لە زووەوە بە ژینگەدۆست بە ناوبانگ بووە و هەمێشە دەڵێ: هیچ هاوڕێیەکم نیە شاخەکان نەبێ. ئێوە کەلتووری ژینگەپارێزی و ژینگە دۆستی لە ناو کورددا چۆن دەبینن؟

کۆنەپۆشی: پێشتر هۆشیاریی ژینگەیی لە کوردستاندا کەم بوو، بەڵام بە خۆشیەوە ئێستا پەرەی سەندووە. بۆ نموونە لە زۆربەی شارەکاندا دەبینین ڕاوکەرەکان کەرەستەکانی ڕاوکردنیان دەشکێنن، کە ئاگرێ لە دارستانێ بەردەبێ هەموو خۆبەخشانە دەچن بۆ کوژاندنەوەی.زیاتر گرینگی دەدرێ بە ڕەز و باخ و کشت وکاڵ. ئەم جۆرە لە پەرەسەندنی ژینگە لە کوردستان، من ناوی دەنێم ئاشت بوونەوەی مرۆڤ لە تەک سروشت و ژینگەدا. سرووشت و ژینگەی ئێمە تووڕەیە،لە مێژە مرۆڤ، مرۆڤی تێدا دەکوژێ و مرۆڤ تەقە لە ئاژەڵان دەکا، کەوابوو ئێمە خەریکین هێور هێور سروشت و ژینگە و دیمەنی تۆراوی کوردستان ئاشت دەکەینەوە و خزمەتی دەکەین.

ڕاوێژ: ئایا ژینگەپارێزی و پەروەردەی ژینگەپارێزی، پێویستی بە بنکەی ڕەسمی وەک قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە هەیە یان ئەوەتا ئەرکی لایەنی تریشە و گشتگیرترە ؟

کۆنەپۆشی: بێ گومان پێویستی بە لایەن و بنکەی ڕەسمی هەیە،بۆ نموونە کار بەو یاسایە بکرێ، یاسای سزا و پاداش، واتا کێ ژینگەی پاراست پاداشی بکەن،کێ ژینگەی تێکدا سزای بدەن. وەک چۆن خوێندن و نووسین پێویستیان بە فێر بوونە، بە ڕای من پەروەردە کردن و فێر کردنی ژینگە پارێزیش پێویستە و ئەرکیشە

ڕاوێژ: رێکخراوە ژینگەپارێزیەکان تاچەندە ڕۆڵیان بینیوە لە بەرهەمهێنانی کلتووری ژینگەپارێزی لە کوردستاندا؟

کۆنەپۆشی: لە ڕابردوودا زۆر کەم بەڵام لە ئێستادا باشە، هەڵبەت کۆماری ئیسلامی کۆسپێکی گەورەیە لە سەر ڕێگای چالاکی ڕێکخراوە ژینگە پاڕێزەکاندا، بە کورتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن دەیهەوێ ئیرادەی سیاسیمان بکوژێت، بەهەمان شێوەیش هەوڵیەتی ئابووریمان تێک بدات و ژینگەشمان بسووتێنێ و دیمەنی کوردستان ناحەز بکات.

ڕاوێژ: بەڵێ وایه بەڕاستی. کاک سەلاح، بەڕای ئێوە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەندە هەوڵ بۆ شیواندی ئەو ژینگەیە دەدات و بەر بە چالاکییەکان دەگرێت؟ مەبەستی لە تێکدانی ژینگەی کوردستان چیە؟

کۆنەپۆشی: تەماشا کەن، بە پلەی یەکەم کۆماری ئیسلامی هەوڵیەتی ئیرادەی سیاسیمان بکوژێت،جا بۆ کوشتنی ئەو ئیرادەیە لە هەموو سیاسەتێکی چەپەڵ کەڵک وەردەگرێ،لە بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەرەوە بگرە تا کوشتن و لە سێدارەدان و داپڵۆسین و سانسۆر،لە قۆناغی دووهەمدا دێت لێرەوار و دارستان و شاخەکان و دیمەنەکانمان تێک دەدا، بە شێوەیەکی وەها خەسار لە کشت و کاڵ و دارستانمان دەدا کە ساڵەها دوای خۆی بودجەیەکی زۆر بۆ چەک کردنەوەی ژینگە و سرووشت تەرخان بکرێ… یان نا، ئەگەر ڕۆژێک ئێمە باسی دەوڵەتی کوردیمان کرد، ئەو دەڵێ کوا زمان و کلتوور و دارستان و ئابووری و لێرەوارت؟

ڕاوێژ: کاک سەلاح تا چەندە پێتان وایه کە دەستی کۆماری ئیسلامی لەپشت ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستاندا بێت ؟

کۆنەپۆشی: تا ڕادەیەکی زۆر، چوونکی کۆماری ئیسلامی دڵسۆزی کورد نیە. نموونەی بەرچاویش گۆلی ورمێ یە کە بە هانایەوە نەچوون و خەریکە وشک بێ. ئینجا سیاسەتێکی پیستری کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە مەبەستیەتی ژینگەی کوردستان پیس بکات، کە ژینگەش پیس بوو دەیان نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە. بۆ نموونە لە ڕێگای پیس بوونی هەواوە تووشی هەو کردنی سی و تەنگە نەفەسی دەبین یان لە ڕێگای پیس بوونی ئاوەوە سەدان نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە کە نموونەیان مالاڕیا و کولێرایە و هەرەها نەخۆشی پێستریش.

ڕاوێژ: تا ئێستا هیچ ڕێکخراو یا ناوەندێکی وا دروست بووە کە بتوانێت گوشار بۆ سەر حکوومت بێنێت کە بەرنامە بۆ پاراستنی ژینگە داڕێژێت؟

کۆنەپۆشی: لە سیستەمێکی دیکتاتۆری و فاشیستی و ئانارشیستی دا کەنگێ گوێ دەدرێ بە ڕای خەڵک یان کام ڕێکخراو هەیە بتوانێ گۆشاریان بخاتە سەر و بە لێدان و کوشتن و سێدارە وڵامیان نەدرێتەوە؟ بەڵام گەشبینم بەوەی کە هەندێ ڕێکخراو لە کوردستاندا درووست بووە کە خۆبەخشانە و بێ چاوەڕوانی خەریکی ژینگە پارێزی و خزمەتی سرووشتن، نموونەیان ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوانە کە کۆمەڵێک چالاکی ئەرێنی بەرچاوی کردووە.

ڕاوێژ: دەستخۆشی لە چالاکیی هەموو رێکخراوە ژینگەپارێزیەکان دەکەین، جێ پەنجەیان دیارە. کاک سەلاح، گۆشت خۆر بوون چ كاریگەرییەکی لەسەر ژینگە دەبێت ؟ (گوشتخۆر بودن ).

کۆنەپۆشی: کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت، بۆ نموونە هیچ بوونەوەرێک وەک مرۆڤ گۆشت خۆر نیە و وەک مرۆڤیش ژینگە پیسکەر نیە،حەزی مرۆڤ لە گۆشت وا دەکات بیر لە ڕاو بکاتەوە کە ڕاویشت کرد هەموو ئاژەڵەکانی وەک ئاسک و کەو و ڕێوی و کەروێشک و کۆتر و زۆر باڵندە و زیندەوەری تر بکەیتە نیشانەی تیری تفەنگ کە ئەوانەیشت کوشت دارستان بێ دەنگ دەبێت و ژینگەی بێتام و بۆن دەبێت، ئیتر سروشت زیاتر شێوەیەکی دەستکرد ئەگرێتە خۆیو نەک ئەوەی کە زیاتر تەماشایی و سەرنج ڕاکێش بێت.

ڕاوێژ: دەنگی دارستان، تامی ژینگه و سەرنجڕاکێشییەکەی، تەنیا هۆکارگەلێکن کە خەڵکیان پێ لە ڕاو دوور بکەینەوە و لە گۆشت خۆر بوون؟ جگە لەوانە هیچ هۆکارێکی تر هەیە کە بكرێ خەڵکی پێ قانع بكرێن کە واز لە ڕاوکردن بە تایبەتی و گۆشتخۆر بوون بێنن ؟ مەبەست گۆشت خۆر بوون بە گشتییە.

کۆنەپۆشی: بۆ ئەوەی خەڵک قانع بن کە کوشتن و ڕاو کردن کە وەک کەلتوورێکی کۆن لە مرۆڤە سەرەتاییەکانەو بۆمان ماوەتەوە خراپە، دەبێت لە بنەماڵەوە دەست بە بڵاوکردنەوە و زانستی ژینگە پارێزی بکرێ تا دەگاتە قوتابخانە و زانکۆ، ئینجا ڕاگەیاندنیش دەتوانێ دەوری سەرەکی بێ لە پەرەسەندی هزری ژینگە پارێزی و خاوێن ڕاگرتنی شار و شاخ و دەوروبەر.

ڕاوێژ: کاک سەلاح هاوڕێیەک دەپرسێت کاک سەلاح قەت راوی نەکردووە؟ گوایا مەبەستیان ئەوەیە کە ڕاوتان کردووە. ئەوە تا چەند راستە ؟

کۆنەپۆشی: بەڵێ منیش ڕاوم کردووە،زۆر جار ئازاری ئاژەڵانیشم داوە، هەڵبەت ئەمە پەیوەندی بەو ژینگە و سرووشتە تووڕەیەوە بووە لە هەمبەر ئاژەڵان و زیندەوەران کە منە تێدا گەورە بووە،بەڵام لەوەتی خۆم ناسیوە و گەیشتووم بە تێگەیشتوویی سیاسی و ژینگەیی قەت ئازاری ئاژەڵانم نەداوە، بگرە زۆر جاریش نیگەرانم لەوەی کە لە ڕابردوودا ئەزیەتی زیندەوەرانم داوە.

بەشی دووهەم:

ڕاوێژ: بەڕێزتان پیس کردنی ژینگە بە گشتی چۆن پێناسە دەکەن ؟

کۆنەپۆشی: پیس بوونی ژینگە جۆری هەیە، بۆ نموونە ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی پیس بوونی ژینگە، سێ بەشی سەرەکین: بایۆلۆژی، فیزیایی، شیمیایی (کیمیایی). دیارە ئەم سێ بەشە سەرەکییە لە ناو خۆیدا دابەش دەبێ بۆ بەشی بچووکتر. هەر وەها دەیان جۆر تری پیس بوونی ژینگە بوونیان هەیە، پیسبوونی ئاسایی، مەترسیدار، کوشەندە. دیارە گەر هەر جۆرێک لەم بەشانە ئەگەر بمهەوێ شی بکەمەوە، کاتێکی زۆر هەڵدەگرێ، گەر دەرفەت هەبوو لە پرسیارەکانی تردا باسیان لێوە دەکەم. پیس بوونی ژینگە لای من بریتییە لە مرۆڤ، هیچ بوونەوەرێک هێندەی مرۆڤ ژینگە پیسکەر نیە.

ڕاوێژ:  کاریگەرییە ئەرێنی و نەڕێنیەکانی تەکنۆلۆژی لەسەر ژینگە چین؟

کۆنەپۆشی: سەیر کە با لە ترسە گەوورەکەی ئالبێرت ئەنشتاینەوە لە خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژییەوە دەست پێبکەین. ئالبێرت پێی وابوو خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژی تەنیا ئەو ئامێر و بۆمبانە نین کە دەبنە هۆی کوشتنی بە کۆمەڵی مرۆڤ و دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی مێهر و موحیبەت، بەڵکو مەبەستی ئەو کارگە و ترۆمبیل و تەیارانە ش بوو کە دەبنە هۆی پیس بوونی هەوا و خاک و ئاو. هەڵبەت تەکنۆلۆژی کاریگەری ئەرێنیشی هەیە، درووست بوونی ئەو ئامێرانە بۆ دروێنە  و کێڵگە کێڵان و خزمەت کردنی باخ، بۆ نموونە لە مریشکدارییەکدا ئەگەر تەکنۆلۆژی بە کار نەهێنن ناتواندرێ تەنیا بۆ ڕۆژێک درێژە بە ئیش بدەن.

ڕاوێژ: هاوڕێیەکی ژووری ڕاوێژ نووسیویه: بەڕای من تەنیا بە نەمانی مرۆڤ ژینگە رزگاری دەبێت، ژینگە و مرۆڤ تەواوکەری یەکن، بەڵام مرۆڤ خەیانەتکارە. ڕای ئێوە لەسەر ئەم تێبینیە چییە؟

کۆنەپۆشی: ڕاستە. من وتم هیچ زیندەوەرێک وەک مرۆڤ ژینگە پیسکەر و تێکدەر نیە، تەنانەت کارەساتە سروشتییەکانی وەک گڕکان و بومەلەرزە هێندەی کردەوەکانی مرۆڤ ژینگە وێرانکەر نیە، بەڵام لە هەمان کاتدا گەر بمانهەوێ و ئیرادە بکەین، دەکرێ بڵێم لە هەمان کاتێشدا هیچ بوونەوەرێک وەک ئێمەی مرۆڤ ناتوانێ ژینگە ڕزگارکەر و سروشت پارێز بێت.

ڕاوێژ: ئێمەی مرۆڤ چۆن دەتوانین ژینگەڕزگارکەر بین لە حاڵێکدا کە ژینگە ڕووخێنیشن؟ رێکارەکان چییە؟

کۆنەپۆشی: بەکارهێنانی سووتەمەنی خاوێن بۆ ئامراز و  ئۆتۆمبیلەکان، دانانی سانسۆر لە سەر کارگەکان و دوکەڵکێشەکان، دروست کردنی کەل و پەلی موحکەم و قایم و بەرگەگر نەک کەل و پەلی بەرگە نەگر و ژینگە پیس کەر. ئینجا سەر لە نوێ بە کارهێنانەوەی کەل و پەل کۆنەکانە. مەبەستم تواندنەوە و بەکار هێنانەوەیانە، باش کردن زێراب و پاشەڕۆکان، بڵاو کردنەوەی وشیاری ژینگە لە میدیاکان و دام و دەزگا حکومەتیەکان ببێتە بەشێک لە ئەرک و بەرنامەی ڕۆژانە. بەو شێوەیە دەکرێ ژینگە بە لانیکەمی پیسییەوە ڕابگرین.

ڕاوێژ: جەنابت وەک چالاکێکی ژینگەپارێزی دانیشتووی هەندەران چەندە ئاگاداری کار و چالاکیی رێکخراوە ژینگەپارێزەکانی رۆژهەڵاتی، کۆسپەکانی کارکردنیان کامانەن؟

کۆنەپۆشی: من بۆ خۆم لە ڕێکخراوێکی کلتوری لە ئیتالیادا بەشدارم و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی ئەو ڕێکخراوەم و چەند جارێک لە کۆڕ و سیمیناردا باسم لە ژینگە پارێزی کردووە و هەوڵمانداوە لە تەک ڕێکخراوە ئیتالیەکانیش کار بکەین، وەک چۆن خۆم لێرە خەریکی چالاکیم، بێ گومان ئاوەهایش ئاگاداری ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکانی ناو خۆ هەم، وشیاری ژینگەیی لەوێدا پەرەی سەندووە و چالاکییەکانیان کە بریتین لە گرینگی دان بە ئاژەڵان و سروشت و ژینگە و پارک و فەزای سەوز جێگای دڵخۆشییە، لە ڕاستیدا کۆسپ و تەگەرەی سەر ڕێگای چالاکی ئەو ڕێکخرا و ئەنجومەن و ئەو هاوڕێ دڵسۆزانە، تەنیا کۆماری ئیسلامییە و نەبوونی پشتیوانی و هاندەر بۆ کار و ئەرکە پیرۆزەکانیان.

ڕاوێژ: لەبارەی رێکارەکان بۆ رزگارکەربوونی ژینگە لەلایەن مرۆڤەوە تێنبینییەک هاتووە: ئەو رێکارانەی جەنابت باسی دەکەی لە دەسەڵاتی حکوومەت و دامودەزگانی دان نەک ژینگەپارێزان. خەڵک وەک خۆیان چی دەتوانن بکەن؟ چالاکانی ژینگەپارێزی چییان لەدەست دێت؟

کۆنەپۆشی: ڕاستە ئەو ڕێکارانە لە دەسەڵاتی دام و دەزگاکانی حکومەت دان، بەڵام هەست بە بەرپرسیاریەتی کردنی لە هەمبەر ژینگە دەتوانێ وامان لێ بکات کە هەر تاکێک بە گوێرەی خۆی بتوانێ زبڵ فڕێ نەدا، سەیرانگا و جێگا گەشت و گوزارییەکان پێس نەکات، دار بچێنێ، گرینگی بە باخ و باخچە بدات، بۆ نموونە ئەگەر هەر تاکێک بەو ئاگاییە بگات کە بڕینی دار و دەوەن و لە ناو بردنی فەزای سەوز دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی هەوا، ڕەنگە دواجار دەست لە بڕینی دار و درەختەکان هەڵبگرێ.

ڕاوێژ: کاک سەلاح با بینە سەر باسی دروستکردنی بەنداو. بەڕای ئێوە دروستکردنی لەڕادەبەری بەنداو لە کوردستان چ زیانێکی بۆ ژینگەی کوردستان بەدواوە دەبێت؟ ئایا ئەمە پلانێکی سیستیماتیکی حکوومەت لە کوردستان نیە؟

کۆنەپۆشی: بێ گومان وایە، وەک گوتم کۆماری ئیسلامی بۆ زەرەر دان و زیان گەیاندن بە ژینگەی کوردستان، لە هەموو سیاسەتێکی چەپەڵ کەڵک وەر دەگرێ. کەمتەر خەمی ، پشت گوێ خستن، هاندان و ڕاسپاردنی سیخوڕەکانی بۆ ئاگر بەردان لە لێڕەوار و دارستانەکان، درووست کردنی بەنداوی بە لێشاو کە ئاکامەکەی زیان گەیاندنە بە زەوی وزار و کشت وکاڵ، بۆگەن کردنی ئەو ئاوانە کە لە ئەنجامی پیسبوونی دا کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر مرۆڤ، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی تووش بوونی مرۆڤە بە سەدان نەخۆشی و کاریگەرییە ناڕاستەخۆکەیشی تێکدانی باری ئابوورییە.

ڕاوێژ: لە ئەندامانی ئەنجومەنەکان کەسانک هەن کە نەتەنیا ژینگە پارێز نین بەڵکوو دوژمنی ژینگەشن و ئاگر لە دارستان و لێڕروارەکان بەر ئەدەن. ئەوە تا چەند ڕاستە؟

کۆنەپۆشی: من ناتوانم لە دوورەوە دادوەری بکەم لە سەر ئەو دۆستانە، بەڵام بێ گومان هەمیشە کۆماری ئیسلامی سیخوڕ و نەفەری خۆی دەنێرێتە ناو ئەو ڕێکخراوە ژینگەیی و کلتوریانە کە لە کوردستاندا گرینگی بە مێژوو و کلتور و ئەدەب و فەرهەنگ و مۆسیقا و جل و بەرگ و ژینگە دەدەن، تەنیا دەبێ بڵێم ئەو دۆستانەی کە بە ڕاستی دڵسۆزن، زیاتر ئاگاداری کار و چالاکی و ڕێکخراوەکەیان بن و هەوڵ بدەن ڕێگر بن لە هاتنە ناوەوەی ئەو کەسه ئاژاوە گێڕانە.

ڕاوێژ: لە کۆتاییدا وەکوو چالاکێکی ژینگەپارێزی، ڕوو بە خەڵکی کوردستان و چالاکانی ژینگەپارێزی چیتان هەیە بیڵێن؟

کۆنەپۆشی: دەبێ بڵێم زۆر لایەنی تری ژینگە ماوە کە قسەی لە سەر بکەین و لە دەرفەتێک زۆرتردا شی بکرێتەوە. بۆ نموونە نامەکە ئەنەشتاین بۆ سیگمۆند فرۆید زانای دەرونناس،لە ساڵی ۱۹۳۰ دا و وڵامەکەی لە لایەن فرۆیدەوە،دواجار گەڕانەوەیە بۆگرینگی دان بە کلتور و ژینگە پارێزی کە کات نیە باسی لێوە بکەم، وەکی تر داوام لە کوردستانیانی ئازیز و چالاکڤانان هەیە کە زیاتر گرینگی بە ژینگە پارێزێ بدرێ، بنەماڵە دەستپێک و ئیستارتی یەکەم بێت بۆ فێر کردنی منداڵان لە مەڕ ژینگە خۆشویستن و گرنگی پێ دانی،پاشان قوتابخانە و مامۆستا هێژاکان، ئینجا زانکۆ و مامۆستا بەڕێزەکانی ئەوێندرێ بکەنە جێگایەک بۆ باس کردن لە سەر ژینگە.

هەروەها لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی هاوڕێیانی گەورەژووری راوێژ، بەڕێوەبەرانی ژوورەکە دەکەین کە ئەم کاتەیان بۆ تەرخان کردین.

ڕاوێژ: سپاس بۆ بەڕێزتان کە دەرفەتتان دا بە گەورەژووری ڕاوێژ و ئەندامە ئازیزەکانی و گەلێک زانیاری و ڕای بەنرختان لەمەڕ ژینگە و ژینگەپارێزییەوە بۆ خستینە ڕوو. هیوامان سەرکەوتنی زیاترتانە لە ژیان و چالاکییەکانتاندا و بە هیوای کوردستانێکی ئازاد و ژینگەیەکی پارێزراو.