وتوو وێژی ناوەندی ڕۆژی کورد لەگەڵ هاوڕێ جەماڵ فەتحی ناسراو بە کۆچەر سەبارەت بە چۆنیەتی مێژووی دامەرزاندنی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی.

0
63

١ دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی کەی بە فەرمی دامەزاروە، هەرچەند ئێرانیەکان خۆیان باس لەوە دەکەن نەتەوەی ئێرانی ۲٥٠٠ ساڵە بوونی هەیەو هەتاکوو ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە؟

دەوڵەت ـ نەتەوە جۆرێک لە دەسەڵاتی جیهانی مودێڕنە کە لەم جۆرە دەسەڵاتەدا دامودەزگایەکی سیاسیی لە سنوورێکی جوغرافیایی تایبەتدا ماف و سەروەریی سیاسیی هەیە و دەسەڵاتە سیاسییە، سەروەریی سیاسیی خۆیان لە ڕێگای هێزی چەکداری و سەربازییەوە دەپارێزن. ئەم فۆرمە نوێیە لە دەسەڵات کە بەناوی نەتەوەوە سەروەریی خۆی دەسەلمێنێت یان هێندێ جار دەسەپێنێت دیاردەیەکی مودێڕنە، پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و ئیدارییەکانی لەگەڵ پێکهاتەکانی پێشوو لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی ئێمپراتۆرییەتدا جیاوازن.

لەم پێوەندییەدا ماکس وبێر، دەوڵەت ـ نەتەوەی بە پێکهاتەیەکی سیاسیی خاوەن مافی پاوانکردن و سەقامگیریی هێز و دەسەڵاتی ڕەوای لەسەر خاکێکی دیاریکراو زانیوە و پێناسە کردووە، بۆیە بەپێی پێناسەکەی ماکس وێبر و زۆربەی بیرمەندانی زانستە سیاسییەکان چەمک و دیاردەی دەوڵەت ـ نەتەوە پێوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ خاک و وڵاتەوە هەیە.

مێژووی ئەم فۆرمە نوێیە بۆ پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی وێستفالی لە ساڵی ١٦٤٨ی زایینی و ترۆپکەکەی بۆ شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵی ١٧٨٩ دەگەڕێتەوە کە لەو شۆڕشەدا دەسەڵاتی پاشایەتیی فەڕانسە هەرەسی هێنا و دەسەڵاتی نەتەوەیی و مافی شارۆمەندیی بۆ یەکەمجار لە ئورووپا هاتە ئاراوە، ئەم دیاردە پاش نزیک بە سێ سەدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هەڵوەشانەوەی ئێمپراتۆریی عوسمانی لە دوای دۆڕانی ئەم ئێمپراتۆرییە لە شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشبوونی خاکەکە و سەرهەڵدانی چەندین وڵاتی نوێ وەکوو عێراق، سووریە و تورکیە سێ فۆرمی نوێ دەوڵەت ـ نەتەوە سەریان هەڵدا.

لە تەنیشت ئەم سێ دەوڵەت ـ نەتەوانە، لە ئێراندا پاش نەمانی دەسەڵاتی قاجارەکان و هاتنە سەرکاری ڕەزاخانی مێرپێنج فۆرمێکی نوێ لە دەوڵەت ـ نەتەوە هاتە سەرکار کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتیی فاشیزمێکی کەوناریی دەکرد. لە پشت ئەم دەوڵەت ـ نەتەوە نوێیە کە ناوی ئێرانی بەسەر ممالکی مەحرووسە سەپاند، کەسانێکی وەکوو محەممەدعەلی فرووغی هەبوون کە بیرۆکە و چەمکی ئاریاییان بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ڕەزاشا بەکار هێنا و لەم ڕێگایەدا هەوڵی یەکدەستکردنی

پێکهاتەکانی ئەو جوغرافیایەیان دا.

ئەم بیرۆکە بە پشتبەستن بە مێژوویەکی ساختە و هەروەها تێزی ئاریایی کە سەرێکی لە ئاڵمانی نازی بوو و سەرێکی لە ئێرانی ساختە هەوڵی توانەوەی نەتەوە نافارسەکانی ئەو جوغرافیایە درا. ئەگەرچی ئەم بیرۆکە لە لایەن ڕەزاشای پالەوی و یەکەم سەرۆکوەزیرانەکەی (محەممەدعەلی فرووغی) چەخماخەی لێ درا بەڵام هەنووکەش درێژەی هەیە و بەشێک لەم سیاسەتە ئێرانشارییە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی و ئاخوندکانەوە بە ناوی وەلایەتی فەقیهـ و نوێنەرایەتیی خودا پەیڕەو دەکرێت.

۲ـ ڕۆڵی میدیا و وەزارەتی پەروەردەی ئێران بۆ پەرەپێدان بە مێژووی بوونی دەوڵەت نەتەوەیی ئێرانی کە بە ئێران شەهری دەناسێندرێ لە نێو جوگرافیای سیاسیی ئێران چۆن پێناسە دەکەن؟

یەکێک لە کەرەستە گرنگ و سەرەکییەکانی هەر دەسەڵاتێکی داگیرکەر و تۆتالیتر کەرەستەی ڕاگەیاندن و پاشان بەشی پەروەردەیییە کە بە شێۆەیەکی بەرنامەداڕێژراو کاری لەسەر دەکەن. ئەم دوو کەرەستە سەرەکی و گرنگه کە بە قووڵی دەچنە نێو ناخی لایەنی داگیرکراودا بە شێوازی جۆراجۆر کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆناوچۆن بتوانن تاکی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان لە خۆ نامۆ بکەن یان لە شوناسی خۆیان داماڵن، یەکێک لەو سیاسەت و تاکیکانەی کە بەکاری دەهێنن شیرینکردنی هەموو پێکهاتە فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییەکانی داگیرکەر و ناحەزکردنی فەرهەنگ و شێوازی ژیانی داگیرکراوە.

ئەم حاڵەتە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی ساختەوە زۆر قووڵتر و بەهێزتر لە هەر داگیرکەرێکی کوردستان بەدی دەکرێت و ڕێک ئەو حاڵەت و دۆخانەی کۆمەڵگای کوردستان کە بەرهەمی داگیرکاریی خۆیانن دەکەنە خاڵێک بۆ دوورخستنەوە و بێزارکردنی تاکی کۆمەڵگای کوردستان لە شوناس و ڕەسەنایەتیی خۆی، کە زمان و کولتوور دوو کۆڵەکەی سەرەکیین هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانی نەتەوەی فارسەوە پەلاماریان دەدرێت و لە میدیا و بەشی پەروەردەیی بەچڕی کار لەسەر فەوتان و قێزەونکردنی ئەم دوو پێوەرە نەتەوەییەی کورد دەکرێت و هەوڵی جێگیرکردنی زمان و فەرهەنگی خۆیان دەدەن.

٣ـ ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت میدیای کوردی بۆ پێشگرتن بە پەرەپێدانی مێژووی چەواشەی ئێرانی و کورد بە ئێرانی پێناسەکردن لە کۆمەڵگای کورستان چەندە گرینگ و زەرووری دەبینن؟

هەروەک چۆن میدیای داگیرکەر لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی داگیرکەردایە دەکرێت لە هەمان ئاستدا میدیا کوردی کە زۆربەی سەربە لایەنە سیاسییەکانی کوردن، لەقاوی سیاسەتە پانخوازانەکانی داگیرکەر بدەنەوە و لەم پێوەندییەدا تەنیا شتێک دەتوانێت پێش بە پەرەسەندنی سیاسەتە و مێژووی ساختەی ئێرانێک بگرێت کە لە مێژوودا وەکوو کەتوار و واقعیەت نابینرێت، زیندووکردنەوەی مێژووی ڕاستەقینەی کورد لە ڕێگای کتێب، گۆڤار، گوتار و ڕاگەیاندە کوردییەکانە و ئەمەش بەتەنیا لەسەر دەستی حیزبێک و لایەنێکی سیاسی جێبەجێ ناکرێت و پێویست بە کارێکی هاوبەش لە ژێر سیاسەت و گوتارێکی هاوبەشدا دەلوێت.

جیا لە ڕاگەیاندنە حیزبییەکان دەبێت هەموو تاکێکی بیرمەند و دەروەستی کورد چ لە نێوخۆ چ لە دەرەوەی وڵات، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان لەم پێوەندییەدا بەجێ بگەینن و ڕۆڵەکانی کورد لە سیاسەت و مەترسییەکانی ئەم جۆرە لە داگیرکارییە ئاگادار بکەنەوە و لە پەرەسەندن و گەشەکردنی وشیاریی نەتەوەیی ڕۆڵی جیدی بگێڕن.

٤ـ کاریگەری مێژووی چەواشەی ئێرانی لە سەد ساڵ پێش تا ئێستا چەندە کاریگەری خستۆتە سەر کۆمەڵگای کوردستان(ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێستا بۆ پێش گرتن بەم چەواشەکارییانە چەندە گرینگ و تایبەت دەبینن؟

کاریگەریی مێژووی چەواشەی ئێران لەم سەد ساڵەی دوایی کاتێک زیاتر هەست پێ دەکرێت کە نەتەوەی فارس بۆ ساناکردنی ڕێگاکانی داگیرکاریی کوردستان لە پیلانی خزمایەتیی فارس و کورد یان ئاریاییبوونی ئەم دوو نەتەوە کەڵک وەر دەگرن و تەنانەت هێندێ جار هێندە دەچنە پێشەوە کە فارس و کورد وکوو ئامۆزا ناو دەبەن، ئەم

پیلانە تەنیا مکانیزم و تاکتیکی ڕەواییدان بە داگیرکاریی خۆیانە و هیچی تر، دەنا نە فارس خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەیە و نە کورد ئاریایی، تێزی ئاریایی و سازکردنی وڵاتێک سەربەم پێکهاتەیە دوایین هەوڵی پانفارسیزمە بۆ باشتر داگیرکردنی کوردستان و تواندنەوەی نەتەوەی کورد کە مانەوەی خۆیان لە نەمانی کورددا دەبیینەوە.

کاڵکردنەوە و لەقاودانی ئەم پرۆژە سیاسییەی فارسەکان کە ئەنجامەکەی نەمانی کورد و سەرکەوتنی فارسی داگیرکەرە، بەتەنیا لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە جێبەجێ ناکرێت، چونکە پرۆژەکە زۆر بەربڵاو و مەترسیدارتر لەوەیە کە تەنیا لایەنێک بتوانێت پاشەکشەی پێ بکات، بەڵام دەکرێت کۆمەڵگای مەدەنیش لە پاڵ خەباتی چەکداری و سیاسیی کورد لە سەنگەری ڕزگارکردنی کوردستاندا ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت کە ئەویش دەبێت بەو پرسیارە بچینە نێو ئەم پرسەوە ئایا هەژموونی نەتەوەی پاوانخوازی باڵادەست دەرەتانی بۆ چالاکییە مەدەنییەکان هێشتووەتەوە؟

٥ـ چەسیستمێکی سیاسی دەتوانێ لە داهاتووی پاش کۆماری ئیسلامی هۆڤیەتی کوردستانی بوونی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزێت و بەر بە هژمونی هۆڤیەتی جەعلی ئێرانی لەم بەشەی کوردستان بگرێت؟

وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەستیاری و خوێندنەوەی قووڵی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە، ئێران و کوردی پێویستە، چونکە لەم ناوچەیەی کە تێیدا دەژین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان خێرا و چاوەڕواننەکراوە و لە ئێرانیش کە فرەنەتەوە و فرەپێکهاتەیە و چارەنووسی ئەم نەتەوانە گرێدراوی بڕیارێکە کە بۆ خۆیانی دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەناوی ئایین و زاراوە و کولتوورەوە ئۆتۆمیزە و دابەش کراوە لە قۆناغی ئێستەدا کە قۆناغی پێش ڕزگارییە تۆزێ ئەستەمە گونجاوترین سیستم بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانمان دەسنیشان بکرێت، بەڵام بەگشتی تەنیا سیستمێک کە دەتوانێت بەرگری و پارێزگاری لە شوناسی کورد بکات، سیستمێکە کە لە قۆناغی یەکەمەدا جەوهەر و بناغەکەی

لەسەر جەوهەر و پرسی نەتەوەیی بێت و لە قۆناغی دووهەمدا سیستمێکە کە دادپەوەری و ئازادی بنەمای کارەکانی بێت.

چونکە پاش ڕزگاری لە لای تاکی کۆمەڵگاوە هەست و هوشیاریی نەتەوەیی دەکەوێتە دوای خۆشبژیویی ژیانی مادییەوە، ئەمە بەو مانا نییە کە هەست و وشیاریی نەتەوەیی لە لای تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان کەمڕەنگ دەبێتەوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە مەترسییەکانی بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی لە بەراورد لەگەڵ قۆناغی پێش ڕزگاری زۆر دادەبەزێ و ئەم مەترسییە لە قۆناغی پاش ڕزگاری کاتێک هەست پێ دەکرێت کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادی لە نێو بچێت. ئەگەر بمانەوێ نموونەیەکی بەرچاو بۆ هەرمانبوونی هەستی نەتەوەیی ئاماژە پێ بکەین، دەبێت ئەم هەستە لە کاتی کێبڕکێی دوو یاریزان و وەرزشوان لە دوو وڵات یان دوو نەتەوەی سەربەخۆدا سەیر بکەین، کە تاک بە تاکی هەر دوولا پێیان ناخۆشە یاریزانی وڵاتەکەیان بە لایەنی بەرانبەری بدۆڕێنێت. ڕەنگە ئەم نموونە سادە بێت بەڵام هەتا نەبیتە وڵات و نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناتوانیت ئەو هەستە خۆشە بێنیتە بەرچاوی خۆت کە سەرکەوتنی تاکەکانی نەتەوەکەت چەندە چێژبەخشە.

بۆیە دەبێ هەموو هەوڵ و خەباتمان لە خزمەتی ڕزگاریی نیشتمان و دواتر دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ئازادیدا بێت کە گارانتیی پاراستنی ئەو ڕزگارییە بۆ ئێمەی کورد کە ئەزموونی دەسەڵاتداریی مودێڕنمان نییە ئەو دوو خاڵەیە کە هاوشێوەی هێزی نیزامی ڕۆڵی کارا دەگێڕن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.