به‌رده‌وامیی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان له‌ زنجیره‌ چیاكانی زاگرۆس و به‌رگری قاره‌مانانه‌ی ژینگه‌پارێزان و كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی ڕژیم

0
1677
نووسین و ئاماده‌كردنی : ئه‌مین خه‌واله

وه‌ك ئاگادارین له‌ ماوه‌ی چه‌ن حه‌وتووی ڕابردوو ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و سووتانی دارستانه‌كان له‌ پارێزگاكانی كۆردستانی ڕۆژهه‌ڵات و زنجیره‌ی چیاكانی زاگرۆس سنووره‌كانی هه‌ورامان به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ سه‌دان هه‌زار هێكتار زه‌وی و زاری جوتیاران و دارستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر هێرشی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان و له‌م نێوانه‌دا ژینگه‌پارێزان و ئه‌ندامانی ناوه‌نده‌ سه‌ربه‌خۆكانی پارێزه‌ری له‌ چیاكان و ناوچه‌ سه‌وزه‌كان زۆرترین و سه‌ره‌كییترین ده‌وریان بینیوه‌ و به‌رپرسانی حكوومه‌تی ڕژیمی ئێران له‌ ئاست ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانه‌ گه‌وره‌دا چاوی خۆیان داخستووه‌ و هیچ كرده‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌رێنی یان پۆزێتیڤیان له‌ خۆیان ده‌رنه‌خستووه‌ و چاوی خۆیان له‌ ئاست كاولكاری به‌ ئه‌نقه‌ستی دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی نیشتمان داخستووه‌ و وه‌كوو بینه‌رێك ته‌نیا له‌ دووره‌وه‌ چاو له‌ ئاكامه‌كانی نابه‌رپرسانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. سووتان و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی دارستانه‌كان له‌ ڕۆژانی ڕابردوو و ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ٤٨ كاژێری ڕابردوودا پارێزگاكانی كوردستانی تێپه‌ڕاندووه‌ و زۆربه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئێرانی له‌ خۆ گرتووه‌ته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ش به‌رپرسانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی چاوی خۆیان له‌ ئاست ئه‌و ڕووداوانه‌ داخستووه‌ و گوێی خۆیان له‌ ئاستی به‌رپرسیاره‌تییه‌كانیان كه‌ڕ كردووه‌ و وا نیشانی ئه‌ده‌ن كه‌ ته‌نیا لێكه‌وه‌ته‌یه‌كی سرووشتییه‌ و ئه‌وان له‌ ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و كوژاندنه‌وه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان بێده‌سه‌ڵاتن و هیچ كارێكی ئه‌رێنی له‌ ده‌ستیان نایه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌ ئاشكرا ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ ئاگرتێبه‌ردانی دارستان و چیاكانی نیشتمانه‌كه‌مان و ویستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ وڵات به‌ره‌و كاولكارییه‌كی ئه‌گجاره‌كی ببه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌ك ڕای گشتیی له‌ سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی خۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌.
له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ن ڕۆژی ڕابردوو له‌ درێژه‌ی كاولكارییه‌كانی وڵات و نیشتمان و به‌ تاڵانبردنی داهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ٥ كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر به‌ره‌و وڵاتی وێنێزویلا به‌ڕێكه‌وتن و به‌ ملوێنان به‌رمیل نه‌وت و سووته‌مه‌نی و به‌نزینی وڵاته‌كه‌مان كه‌ مۆڵكی نه‌ته‌وه‌یی و داهاتیی سه‌ره‌كی نیشتمانه‌كه‌مانه‌ به‌ ئاشكرا هه‌نارده‌ی وڵاتانی لایه‌نگری تێرۆر و تێرۆریست په‌روه‌ر ده‌كات و له‌ به‌رانبه‌ردا به‌ هۆی گه‌مارۆكانی ئامریكا كه‌ ناتوانێت دراو و پاره‌كان له‌ ڕێگای بانكه‌كانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌، به‌ زێڕ و ئاڵتوون ساتووسه‌ودا ده‌كات و له‌ لایه‌كی دیكه‌ش زێڕ و ئاڵتوونێك كه‌ به‌ داهاتی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌وتی نیشتمانه‌كه‌مان كڕدراوه‌ ئاودیوی وڵاتانی سووریه‌، عێراق، لۆبنان و فه‌له‌ستین و لایه‌ن و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداركانی ناوچه‌ و تۆندئاژۆ تێرۆریسته‌كانی وه‌كوو حێزبۆڵا و داعیش و ده‌یان تاقم و گرووپی لایه‌نگری خۆی ده‌كات بۆ درێژه‌دان به‌ چالاكییه‌ تێرۆریستییه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا و درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی نگرێسی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی و لاه‌ینگرانی له‌ وڵاتی ئێران و ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا.
له‌م نێوانه‌دا زۆرن ئه‌و ژینگه‌پارێز و قاره‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه‌ زۆر به‌ بێده‌نگی گیان و ژیانی خۆیان فیدا ئه‌كه‌ن له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ژینگه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی برینه‌كانی نیشتمان و پێویسته‌ هه‌موومان به‌ هانایانه‌وه‌ بچین و یارمه‌تیده‌ریان بین و پشتییان تێنه‌كه‌ین و له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا پشتیوانی ئه‌و قاره‌مانه‌ بێ ناو نیشانانه‌ بین و وه‌كوو قه‌ڵایه‌كی له‌ به‌ نه‌هاتوو پشتگیری لاوانی ژینگه‌پارێزی نیشتمان بین. ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ ناوچوونی ژینگه‌ و دارستانه‌كان خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێستامان و بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوومان و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ له‌ پاراستن و ئاگاداری كردنی دارستانه‌كان و ژینگه‌ و چیاكانمان. نموونه‌ی به‌رچاوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كوردستان له‌وانه‌ ئه‌توانین ئاماژه‌ به‌ زنجیره‌ چیاكانی ناوچه‌ی هه‌ورامان، ناوچه‌ی كۆساڵان، كێوی ئاویه‌ر له‌ نزیك شاری سنه‌، زنجیره‌ چیاكانی داڵاهوو له‌ ناوچه‌ی سه‌رپێڵی زه‌هاو و هاوكات ناوچه‌كانی نزیك به‌ شاره‌كانی پاوه‌ و جوانڕۆ و ده‌یان شوێن و دارستانی دیكه‌ی نیشتمانه‌كه‌مان بكه‌ین كه‌ له‌ ئێستادا كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر هێرشی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و پێویسیان به‌ یارمه‌تیی ئێمه‌ هه‌یه‌ بۆ پاراستنییان له‌ سووتان و له‌ناوچوونی هه‌تاهه‌تایی و ڕاگرتنیان.
له‌ بارودۆخی ئێستادا حكوومه‌تی ناوه‌ندی و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ڕژیمی ئیران دژایه‌تیی و به‌رهه‌ڵستكاری ژینگه‌پارێزان و پارێزه‌رانی چیا و نیشتمان ده‌كه‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ژینگه‌پارێزانه‌ به‌ دڵ و گیان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن و تیئه‌كۆشن بۆ مانه‌وه‌ی ژیان و پاراستنی نیشتمان له‌ سووتان و له‌ناوبردنی یه‌گجاره‌كی و له‌قاودانی سباسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ڕژیمه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌ ئاشكرا چاوی داخستووه‌ له‌ ئاستی كاولكردن و ڕووخاندن و به‌ تاڵانبردنی ئاشكرای هه‌موو داهاته‌ ماڵی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و له‌ ناوبردنی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌مان و فرۆشتنی له‌ پێناو به‌ هێزكردن و ته‌یار كردنی هه‌رچی زۆرتر كردنی هێزی خۆی له‌ ناوچه‌دا و به‌ هیزكردنی تێرۆر و هێزه‌ تێرۆریستییه‌كان و هه‌نارده‌كردنی تێرۆر بۆ هه‌موو دونیا و هێنانه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و ڕكێفی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌په‌ڵی خۆیان له‌ هه‌موو شوێنێك دا جێگر بكه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ به‌ ئاشكركردنی ئامانجه‌ چه‌په‌ڵ و ڕه‌شه‌كانییان له‌ لایه‌ن ژینگه‌پارێزان و پارێزه‌رانی وڵاته‌وه‌ كۆشكی ده‌سه‌ڵاتییان ئه‌كه‌وێته‌ به‌ ته‌وژم و له‌رز ئه‌كه‌وێته‌ گیانییان بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانییان وه‌گڕ ئه‌خه‌ن بۆ له‌ناوبردنی هێزی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تیی و سه‌رقاڵكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ پرس و بابه‌ته‌ په‌راوێزخراوه‌كان و دووڕ ڕاگرتنیان له‌ باسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردان له‌ بابه‌ته‌ گرینگ و چاره‌نوس سازه‌كانی وڵاته‌كه‌یان.
با پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین بۆ له‌قاودان و ئاشكركردنی كاولكاری و ئاگرخستنه‌وه‌ به‌ ئه‌نقه‌سته‌كانی دامووده‌زگا و لایه‌نه‌ پیوه‌ندیداره‌كان و تاقمه‌ ئاژاوه‌گێڕه‌كانی سه‌ر به‌ ڕژیمی تیرۆریستپه‌روه‌ری كۆماری ئیسلامی بۆ به‌لاڕێدابردنی بیر و هزری هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و داگیرسانی شه‌ڕی براكوژی و دووڕوویی و چه‌ن به‌ره‌كی له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كه‌مان و داگیركردنی زیاتری خاك و ئاوی نیشتمانه‌كه‌مان به‌ بیانووی كۆنتڕۆڵكردن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یرانه‌كان و چاندنی نه‌مامی دووبه‌ره‌كی و چه‌ن به‌ره‌كی له‌ ناو دڵی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و نیشتمانه‌كه‌مان. با چیدی ڕێگا نه‌ده‌ین داگیركه‌رانی كوردستان و نیشتمان به‌ ناوی به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌یران و یارمه‌تیی و نه‌زانی باڵ بكیشن به‌ سه‌ر خاكی نیشتمانه‌كه‌مان و زیاتر جێگا پێی خۆیان خۆش بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ین له‌ ئێسنادا كه‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و ڕژیمه‌كه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی لاواز بووه‌ و چرای ته‌مه‌نیان كه‌وتووه‌ته‌ كزی نه‌هێڵین و ڕێگا نه‌ده‌ین هه‌ستنه‌ سه‌ر پێ و چۆكیان له‌ ناوقه‌د دا بشكێنین و ڕێگای هه‌ستانه‌ سه‌ر پێی دووباره‌یان لێ دابخه‌ین و ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ یه‌كدڵی و هاوڕیزی هێزه‌كانمان و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و سه‌رخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد به‌ ئه‌نجام ده‌گات.
ئه‌مین خه‌واله – ڕێكه‌وتی ۹ی حۆزه‌یرانی ساڵی ۲۷۲۰ی كوردی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووله‌ هێرشی ئاسمانی وه‌پاڵدراوی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ڕژیمی ئێران له‌ وڵاتی سووریه‌ لانیكه‌م ١٢ كه‌س كوژراون
بابەتی دواترهەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی دوو “سازمانی خەباتی کوردستان”، سیخورمەیەکی دەمکوتکەرو زەبرێکی کوشەندە لە ڕژیمی ئیسلامی ئێران

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.