هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی دوو “سازمانی خەباتی کوردستان”، سیخورمەیەکی دەمکوتکەرو زەبرێکی کوشەندە لە ڕژیمی ئیسلامی ئێران

0
1433

نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ : دۆڕسا مه‌هیب

ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٦ی کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٥ی مانگی مەی ساڵی ١٩٨٧ی زایینی هاوکاتە لەگەڵ بیرەوەریەکی تاڵ لە مێژووی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دا ، لەو ڕۆژەدا بەشێکی بەرچاوو لە کادرو پێشمەرگەکانی ئەو سازمانە بەپیلانی ناڕاستەوخۆو شاراوەی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەدژی سازمانی خەبات هەڵوێستیان گرت و بەناوی “ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران” دەستیان بەتێکۆشان و چالاکی کردو ڕیزی خۆیان لە ڕیزی سازمانی خەبات جیا کردەوە .

ئێستا کە نزیکەی ٣٣ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوە  تاڵەدا تێ دەپەڕێ کاتێک بەڕوانگەیەکی بێ لایەنانە بەهۆکارو سەڕچاوەکانی دا دێینەوە دەبینین کە تاقمێکی دیاریکراوو ناسراو کە ئەرک پێ سپێردراوی ڕژیمی ئیسلامی بوون لەنێو سەرکردایەتی ئەو سازمانەداو دواتر بەبێ خەم و بەوپەڕی دڵنیایەوە گەڕانەوە نێو ڕژیم هەوڵیان دا ناکۆکی و دژایەتی بخەنە نێوان بەڕێزان ماموەستا سەید جەلال حسینی و ماموەستا خدرعەباسی یەوەو بەمجۆرە  ئەوسازمانە کە تژی بوو لە پێشمەرگەی دوژمن تۆقێن و بەخوێنی دەیان و سەدان جەنگاوەری وەک عەبدوڵڵا ئارام و تەها ڕۆحی و برایم تاژانی و مەلا خەلیل و فەرماندەی دلێرکاک عەبدولکەریم ئاودێر کرابوو لەوکاتەدا ببێتە دوو خەبات و دوو بەرەی دژبەیەک، ئەگینا هیچ کام لە بەڕێزان ماموەستا سەی جەلال حسینی و ماموەستا خدرعەباسی ئیپسیلوونێک لە ڕێبازی مافخوازی و کوردخوازی و دژایەتی لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی زاڵ بەسەر ئێران دا لایان نەداو تا دوایین هەناسەی ژیانیان وەفادار مانەوە بە بەڵێن و پەیمانەکەیان.

تەنیا خاڵی جێگەی سەرنج لەم نێوەدا ئەوەیە کە بەسەرنج دان بە بیر و ڕوانگەی جەنابی مامۆستا عەبباسی کە بەهیچ شێوەیەک بڕوای بە ئیسلامی ڕامیاری و پولیتیکاڵ نەبوو ڕوانگەیەکی بەتەواوی مانا ناسیۆنالیستی و مرۆڤ دۆستانە و سیکۆلاری هەبوو زۆر بەداخەوە وادێتە بەرچاو کە هاوڕێبازەکانی هەنووکە سەمپاتی و سۆزێکیان بۆ ئیسلامی ڕامیاریی تێدا پێک هاتوە کە بەبێ گومان ئەوە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێبازو ئامانجی سەرکردەوتیئۆریسیەنەکانی ئەو سازمانەدا یەک ناگرێتەوە.

بەسەرنج دان بە شانازییەکانی مێژووی سازمانی خەبات هەرلە سووربوون لەسەر بەردەوامی خەبات تا لەنێوبردنی بەتەواوی ڕژیمی ئیسلامی و دژایەتی لەگەڵ هەرچەشنە ساتووسەودا و سازان و وتووێژێک لەگەڵ ئەو ڕژیمە و دژایەتیی لەگەڵ ناوەرۆک و کاکڵی ئەو فەرمانڕەوا دژی مرۆڤ و دژی کوردە ، خۆپاراستنی بەتەواوی لە شەروو ناکۆکی خۆکوژی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکانی سەرانسەری کوردیکای چوارپارچەو تەنانەت لایەنە ئێرانیەکانیش وهاوکات بەهیچ نرخێک هاوکاری نەکردن لەگەڵ هیچ کام لە ڕژیمە داگیرکەرەکانی وڵاتی کوردان لە باشوورو باکوورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو هەڵوێستی پڕ لەشانازی سەرۆکی ئەو سازمانە بەڕێز ماموەستا سەید جەلال حسینی لەبەرامبەر داخوازی ڕژیمی ئێران لە جەنابیان بۆ دژایەتی دیکەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردیکاو وه‌ڵام دانەوەی دەمکوتکەرانە بە بەڵێنەکانی خاڵخاڵی دڕندەکار و خوێنخۆر بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدەستی خومەینی ، بەراستی جێگەی داخە کە ماڵی سازمانی خەبات  تاکوو ئێستاش هەر بە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی بمێنێتەوە ، سازمانێک کە وەک لایەنێکی مەیداندارو کوردخواز کە ئەوە نزیکەی چل ساڵە لەمەیدانی خەباتی بەکردەوەدا لەبەرامبەر دزیۆترین دوژمن دا ڕاوەستاوەو جەنگاوەو خوێنی داوەو لە ڕۆژهەڵاتی کوردیکای داگیرکراودا بەپێی بۆکران چالاک و هەڵسووڕ بوەو لەڕاستی دا بەتەواوی مانا خەمخۆری هەرچواربەشەکەی نیشتمانی دابەشکراو بووە، چەندە دڵی بۆ سنەو ورمێ و ماکۆو ئیلام لێی داوە ئەوەندە زیاترلەخەمی  کەرکووک و سلێمانی و هەولێرو دهۆک و ئامەدو ئامێدیی و وان و هەکاری و شرناخ و حەلەب و گردەسپی و کۆبانی و عەفرین دا بووە و دڵی بۆیان سووتاوەو جەرگی بۆیان برژاوە ،. نە شەڕی ناوخۆی کردوەو نە پشتی بە دۆستی دوژمن بەستوەو نە بەرژەوەندی تاک و کۆی زاڵ کردوە بەسەر بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و نیشتمانی دا.

کاتێک لەساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری دا دارۆغە دەستەڕاستەکەی خومەینی واتە خەڵخاڵی دڕندەکار لەمیانەی چەند نامەیەک دا داوای لەماموەستا سیدجەلال حسینی سەرۆکی کۆچکردووی سازمان دەکا کە پشت لە هێزە کوردیەکان بکاو بچێت لەژێرڕکێف و دەسەڵاتی ڕژیمی دڕندەو گەندەڵی ئیسلامی دا دەسەڵاتداریی ڕۆژهەڵاتی کوردیکا بەدەستەوە بگرێ ماموەستا لەوڵام دا دەمکوتی دەکاو دەڵی … ماڵی خۆمان بەخۆمان دەفرۆشیەوە ئەی سپڵەی پێ نەزان ؟! کوڕی کورد دەکوژی و ئەمجا دەڵێی من بێم دەسەڵاتی کوردستانت لێ وەرگرم ؟ وڵامی من بۆتۆ هەرئەوەندەیە کە بڕۆرەوە بۆ وڵاتی خۆت و کوردستان بۆ خەڵک و خاوەنەکانی خۆی بەجێ بێڵە…

مێژووی سازمانی خەباتی کوردستان لەڕاستی دا مێژویەکی پڕ سەروەریە کە نەک هەر شەری خۆکوژی نەکردوەو دژی هیچ کوردخوازێک نەبوە تەنانەت بەپێی بۆکران و بۆلوان یارمەتی دەری هیزو لایەنی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بووەو تاکوو هەنووکە بۆتەنیا ساتێکیش ئامادەی کەمترین وتووێژ نەبوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕژیمی گەندەڵی ئیسلامی

ئەگەریش هێندێک لایەنی بەناو چەپ و سیکۆلار ڕەخنە لە قۆناغێکی دیرۆکی سازمان دەگرن کە گۆیا بڕوای بە ئیسلامی ڕامیاریی و پۆلۆتیکاڵ هەبوەو ناویشی خەباتی ئیسلامی بوە پێویستە بوترێ کە ئەگەرچی بە چەندین هۆی ڕامیاری و سایکۆلۆژی و سۆسۆلۆژی و دیرۆکی و تەنانەت فەلسەفیش سازمان لە قۆناغێک دا خۆی بە ئیسلامی نواندوە کە بەداخەوە لێرەدا مەوداو دەرفەتی قسە لەسەر وردەکاریەکانی نیە بەڵام بێ گومان مەبەست لەو ئیسلامە ئیسلام وەک داب و نەریت و کەلتوورو نۆستالۆژیای کورد بووە نەک بڕوا بە ئیسلام بەمانا ڕامیاریەکەی ، بەواتایەکی تر دەتوانین بڵێین هەڵوێستێک بوە لەبەرامبەر ئەو دوژمنەدا کە بەبیانووی کوفر ماڵی کوردیان داگیرکردوەو خوێنی کوردیان ڕشتوە.

بەهەرحاڵ مەبەستی ئێمە لەم گوتارە شتێکی دیکەیە، ئەویش هەوڵە لەپێناو یەکخستنەوەی دوو باڵی لێک دابڕاوی ئەو سازمانە کە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی بەپیلانی دوژمنی قین لەدڵ واتە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لێک دابڕان و ئێستا کاتی ئەوەیە کە وەک دەڵێن هەوڵێکیش وەڕێ بخرێبۆ یەکخستنەوەی ماڵی خەباتەکانیش

لەژێر تیشکی ئەو پێویستیە دیرۆکی یەداو لەسەر داواکاری بەشی زۆری چالاکڤانانی ئاکادیمیکی نێو زانکۆو ناوەندە کەلتووری و هونەریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردیکا هەر لە سەڵماس و ماکۆوە تا ئیلام و شاهاباد واپێدەچێ کاتی ئەوە هاتوە کە هەوڵێک بدرێ لەپێناو یەکریزکردنەوەی داڕشتی ئەو سازمانە کە بێ گومان بۆ ڕژیمی ئیسلامی هەواڵێکی تاڵ و زەبرێکی گورچکبڕو کوشەندە دەبێ .هەربۆیە لەم تریبوونەوە داوا لەسەرجەم دڵسۆزانی کوردو مافخوازانی مرۆڤ و ئازادیخوازان و ڕێبوارانی ڕێگەی دادپەروەری دەکەین کە بێنە سەرهێڵ لەپێناو هەوڵدانێکی گشتگیرو هەمەلایەنە بەئاراستەی یەکخستنەوەی هەردوو سازمانە خەباتەکەو بەمجۆرە چاوی دوژمنی کوردو مرۆڤ و ئازادی و ڕزگاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی  کوێرو دڵی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازو ڕزگاریدەرانیش شادو دڵخۆش بکەن .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.