وتووێژێکی تایبەت لەسەر کۆڵبەران و پرسی پەیوەندیدار بەو پرسەوە لەگەڵ ئارام فەتحی

0
304

ئارام فەتحی چاڵاکی مەدەنییەکێک لە دڵتەزێنترین هەواڵەکانی ئەم حەوتوویە، مەرگی چەند کۆڵبەر لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا بوو، ئەوە جیا لە مەرگی دڵتەزێنی دوو برای گوندی گوێزیلێی سەردەشت و کوژرانی دەیان کۆڵبەری تر هەر لەم ساڵدا، ڕۆژی کورد بۆ تاووتووێ کردنی پرسی کۆڵبەران، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز ئارام فەتحی، چالاکی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ کۆڵبەر پێناسە بکەن؟ کۆڵبەر کێیە؟

فەتحی: کۆڵبەر لە واتای وشەکەیدا بەو کەسە دەوترێ کە کۆڵ یان بارێکی لە شان نابێ، ئێستا بە هەر مەبەستێکەوە. چ بە مەبەستی گواستنەوە یان بە مەبەستی بردن و فرۆشیاری بە کۆڵ. بەڵام ئەم وشەیە لەم ساڵانەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتەیەکی زیاتر لەوەی بە خۆوە

ئارام فەتحی
ئارام فەتحی

گرتووە. کۆڵبەری زیاتر وەک پیشەیەکی لێهاتووە، هەروەک چۆن دەوترێت بەرگدروو، وەستا یان مامۆستا، کۆڵبەریش وەک پیشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێ، ئەویش پیشەیەکی تایبەت. ئەو کەسانەی کە بۆ بژێویی ژیانیان و بۆ دابینکردنی باری مادی ژیانیان ناچارن کۆڵێک جا ئێستا ئەم کۆڵە لەوانەیە شتێکی خواردەمەنی وەک: چایی یان شتێکی فێنککەرەوە وەک: کۆلێر یا هەر شتێکی تری پێویستیی ژیانی خەڵکی بێت لە شان بکەن و بۆ بڕە پارەیەکی کەم لە سنوورەانەوە تێیان پەڕێنن.

کۆڵبەر بە گشتی لە زەینی خەڵکدا یانی ترس و مەرگ و ڕەنج و بێ ماڵی و نەداری. لەبەر ئەوەی ئەو کەسانەی ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن لە باری ئابوورییەوە لە ئاستێکی زۆر نزمی کۆمەڵگادا دەژین و بۆ ژەمێک نان دەبێت گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بۆیە ئەم وشەیە وەک پیشەیەکی ناچارییە کە هەڵدەبژێردرێت، چونکوو کۆڵبەر کەسێکە کە تەواوی ژیانی بۆ دابین کردنی نان تەرخان کردووە و خۆی لە مەترسیگەلێکی زۆر دەدات تا بتوانێت بە سەرەتاییترین شێوە بژی و هیچکاتیش داهاتی ژیانی ئەوەندە نابێت کە بتوانێت دڵخۆشی داهاتووی بێ، واتا هەمیشە لە ژیانێکی بخۆ و مەمرەدا دەژیت.

ڕۆژی کورد: لە ماوەی ڕابردوودا کوشتنی کۆڵبەرەکان پەرەی سەندووە، هۆکارەکان لە چیدا دەبینن؟

فەتحی: دیارە سەرەکیترین هۆکارەکان ڕوون و ئاشکرایە. وەک لە پرسیاری پێشتردا باسم کرد کۆڵبەران کەرەسەی پێویستیی ژیان خەڵک لە سنوورەکانەوە دەگوازنەوە، واتا لە نێوان دوو وڵاتدا. ئەمەش لە یاسای ئێراندا پێی دەوترێ قاچاخ و قەدەغەیە. بۆیە زۆر جار هێزەکانی سەر سنوور بە هۆی ئەو یاساشکێنیەوە تەقە لە کۆڵبەران دەکەن. بەڵام هەرچەند لە باری یاساییەوە کۆڵبەران لەوانەیە لە ڕواڵەتدا یاسایان پێشێل کردبێ، ئەوە ناتوانێ بیانوویەکی باش بێت بۆ کوشتن و گیانسەندنی مرۆڤێک کە تەنیا بۆ بژێوی ژیانی ڕووی لەو کارە کردووە، ئەویش لە وڵاتێک کە زۆرێک لە کۆمەڵگا لە دۆخێکی ئابووریی زۆر خراپدا دەژین و ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە.

دووهەم هۆکار ئەوەیە کە سەرسنوورەکان مینڕێژکراون، ئەو ڕێگایانەی کە کۆڵبەران پێیدا تێپەڕ دەبن پڕمەترسین یان لەوانەیە ڕێگایەکی شاخاوی بن، بۆیە کاتێک کە ئەمان مۆڵەتی بە ئازاد تێپەڕبوونیان پێ نادرێ ناچار لەو ڕێگایانەوە خۆیان دەپەڕێننەوە. زۆرجار دەبیستین کە کۆڵبەرێک چووە بەسەر میندا و لەوانەیە یان گیانی لەدەست دابێت یان بەشێک لە ئەندامانی جەستەی کە ئەمە زۆر دڵتەزێن و ناخۆشە، لەبەر ئەوەی هەرکام لەو کۆڵبەرانە دابینکەری بژێوی ژیانی بنەماڵەیەکی ئەم وڵاتەن، دیارە کاتێ دابینکەر گیانی لەدەست بدات بنەماڵەیەکی هەژار لە کۆمەڵگا زۆرتر دەبێت کە ئەمە کاریگەری لەسەر ئاستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا، ئاستی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، ڕێژەی توندوتیژی، ڕێژەی دزی ،لەشفرۆشی و…تاد، دادەنێت.

ڕۆژی کورد: کوشتاری کۆڵبەران تا چ ڕادەیەک ئیزنی یاسایی لەسەرە؟ ئایا بە یاسا دەکرێ یان هەر بە حەز و دەسەڵاتی شەخسیی فەرماندەکان؟

فەتحی:  تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم یاسا ئیزنی کوشتنی هیچ مرۆڤێک نادات کە بۆ بژێوی ژیان کار دەکات. لە بنەڕەتڕا کوشتن و تەقەکردن لە کۆڵبەران ناتوانێ یاسایی و مرۆڤانەش بێت، توندوتیژی یەک لەو شتانەیە کە کاریگەریی نەرێنیی زۆر خراپ لەسەر شارۆمەندان دادەنێت. دیارە کوشتن دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، ئێستا ئەم کوشتنە چ سەربازێکی سەر سنوور بیکات چ فەرماندە یان هەر کەسی تر. ئەو کەسەی کە تەقەی لێدەکرێ خاوەنی دایک، باوک، منداڵ، ژن، خوشک یان مێردە، بە کوشتنی ئەو کەسە بە ناڕاستەوخۆ بە بنەماڵەکەی دەوترێ کە توندوتیژی فێر بن، دزی فێر بن. ئەویش کوشتنی مرۆڤێک کە بۆ سەرەتاییترین مافی ژیانی هەوڵی داوە.

یاسایەک بۆ کاری کۆڵبەران نابینرێت کە ئیزنی تەقەکردنی دابێت، ئەوەی ئەوان یاساشکێنی دەکەن تێپەڕاندنی سنوورە نەک شتێکی لەوە زیاتر

ڕۆژی کورد: هۆکاری ئەوەی کە لەو دۆخە سەختەدا کە مەرگ بە بەردەوامی بۆسەی بۆ کۆڵبەران ناوەتەوە، بەڵام دیسانیش خەڵک ڕوو لە کۆڵبەری دەکا چیە؟

فەتحی: دیارە ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کۆڵبەری کارێکی زۆر دژوار و پڕ مەترسییە، لەو گومانەدا نیم کەسێک کە لە باری ئابوورییەوە ژیانی باش بێت ئامادە بێت بە ڕێگای مینڕێژکراودا بڕوات یان خۆی بداتە بەر گوللـەی پاسگایەکی سەر سنوور یان لە کێفێکەوە (چیایەکەوە) هەڵبێت یان لە ماشینێک داکەوێت. ئەمانە هەمووی نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو کەسەی ڕوو لە کۆڵبەری دەکات چەندە باری ئابووریی ژیانی کەمداهاتە کە ئامادەیە ئەو مەترسییانە بەگیان بکڕێت و بۆ چەند هەزار تمەنێک لەو ڕێگایەوە بڕوات. ئاخۆ ژیانی ئەو کەسە و بنەماڵەکەی چۆن بێت کە ئاوەها کارێک بکات؟ شەو لە خۆی حەرام بکات، خەو لە خۆی بگرێت، نانی ڕەق و تەق بخۆات؟ ئەمانە هەموو نیشاندەرن کە وەزاڵە هاتوون بۆیە. لەو گومانەیا نیم کە بەو هەموو مەترسییەوە کە باسم کردن ئەگەر کەسێک پیشەیەکی باشتر شک ببات و نەیکات و ڕوو لە کۆڵبەری بکات.

ڕۆژی کورد: بۆچی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت شارە سنووریەکان لە ئاست کۆشتنی کۆڵبەرانی بێدەنگە؟ ئەو شته چییە وایکردووە کە خەڵک نەتوانێ بێتە سەر شەقامەکان؟

فەتحی: هەرچەند من بێدەنگی بەو شێوەیەش کە باسی دەکەن نایبینم. زۆرجار لە ناوخۆ بەرانبەر بەم ڕووداوە هەڵوێست گیراوە، ئێستا لەوانەیە هەڵوێستەکان بڕێجار تاک بووبێتن بەڵام کاری بۆ کراوە، جاری وا بووە ڕاستەوخۆ ناوەندە مەدەنییەکان لەگەڵ لایەنە ئینتیزامی و پێوەندیدارەکان لەسەر ئەو گرفتە دانیشتنیان بووە و کاریان بۆ کردووە، ئەگەر کەمکارییەکیش بووبێت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەستی بەرپرسیاریەتی و خۆ بە بەرپرس زانینی هەر کام لە شارۆمەندان بەرانبەر بە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا. دیارە نائاگاییش بێ کاریگەری نەبووە. هەروەها ناوەندێکی ڕێکوپێکی کارامەش بۆ کاروباری کۆڵبەران لە ناوخۆ دانەنراوە، وەک چۆن ناوەندە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی دیکە بوونیان هەیە و خەریکی چالاکیین، ناوەندێکی کارامە و جدیش بۆ ئەم گرفتە پێویستە کە بۆشاییەکەی دەبیندرێت.

ڕۆژی کورد: بکوژی کۆڵبەرەکان لە ئێران لە ڕووی یاساییەوە چ هەڵسووکەوتێکیان لەگەڵ دەکرێ؟

فەتحی:  ڕۆژانە ئێمە هەواڵی کوشتنی کۆڵبەرانی سەرسنوور دەبیستین. بەڵام بەداخەوە تا ئەو جێگای من ئاگادارم تاکوو ئێستا هیچکام لەو کەسانەی تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە و بەردەوامیشن لە کار و پلە و پایەی خۆیان

ڕۆژی کورد: لە ناو کۆڵبەراندا کەسانی هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی باڵاش بوونیان هەیە؟

فەتحی:  بەڵێ وەک وتم ڕێژەی بێکاری و خراوبوونی دۆخی ئابووریی ژیانی خەڵک گشگیرە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر لە منداڵێکی پازدەساڵانی قوتابییەوە هەتا لاوێکی خوێندکاری زانکۆ ڕوو لە کۆڵبەری بکەن، دیارە تێچووی خوێندن و ژیانی ڕۆژانە و بنەماڵە و…تاد، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسانەش خوێندنی باڵایان هەیە بڕێجار لە ڕیزی کۆڵبەران دا ببینرێن.

ڕۆژی کورد: ژنان بەشێکن لە کۆڵبەران، مامەڵەی هێزەکانی ڕژیم لەگەڵ ژنانی کۆڵبەردا چیە؟

فەتحی:  بەڵێ نەداری و هەژاری کارێکی کردووە کە هەم ژنان و هەم پیاوان ئەو ئیشە نەخوازراوە هەڵبژێرن، هەرچەند ڕێژەی ژنانی کۆڵبەر لە ئاست پیاوان زۆر کەمترە بەڵام ئەوە شتێک لە باسەکە ناگۆڕێ، ڕەنگە جۆری هەڵسوکەتیان لەگەڵ ژنان جیاوازی ببێ، ڕەنگە تەنیا بە گرتنی کۆڵەکانیان واز بێنن، ڕەنگیشە بە توندیش لەگەڵیان هەڵسوکەوت و مامەڵە بکرێت.

ڕۆژی کورد: بەداخەوە هەر دۆێنێ بە هۆی ڕووداوی هاتووچوو  ٤کەس لە هاووڵاتیانی شاری مەریوان کە بۆ کاری کۆڵبەری بۆ سنوورەکان دەرۆشتن گیانیان لە دەستدا و چەندین کەسیش بریندار بوون، راتان لە بارەی ئەم رواداوەوە چییە؟ هەڵوێستی ناوندهکانی حکومەت لەم بارەوە چۆن بوو؟

فەتحی:  تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم چوار کەسیان بەداخەوە گیانیان لەدەست داوە و هەشت کەسیش بەتوندی بریندارن. دیارە ئەمە ڕووداوێکی زۆر ناخۆش و دڵتەزێنە کە هەرچەند کات جارێک لەوانەیە دووپات بێتەوە. ژیانی کۆڵبەران هەمیشە ڕوو لە مەرگە، ڕوو لەمەترسیە. ئێستا مەترسی گوللـەنەبوو، مەیدانی مین هەیە، مەیدانی مین نەبوو، ڕووداوی هاتوچوو، ڕووداوی هاتوچووش نەبێت دیسان هەژاری و برسیەتی و نەداری و …تاد، ئەم ڕووداوە دڵی هەموو خەڵکی بریندار کردووە. بەداخەوە لایەنە حوکومەتییەکان تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووە، لەبەر ئەوەی ڕووداوی هاتوچووی دوو ماشین بووە کە یەک لەو ماشینانە کۆڵبەرانی تێدا بووە کە ویستوویانە بەرەو سنوور بڕۆن. گرنگ ئەو باخە نانە بوو کە لە وێنەکاندا هەموان دیمان، ئەو باخەنانە پیشاندەری هەموو شتێکە، ئەوە دەڵێت کە ئەمانە شەهیدنی ڕێگای نانن، سەرەتاییترین پێویستیی مرۆڤ.

ڕۆژی کورد: دەچمەوە سەر پرسیاری یەکەم، ئایا کرێ کۆڵ یان کۆڵبەرەکان قاچاغچین؟

فەتحی: لە بنەڕەتدا ئەگەر بمانهەوێ گەمە بە وشە بکەین ئەوە بەڵێ قاچاخچین، لەبەر ئەوەی سنووری نێوان دوو وڵات بە شێوەی نایاسایی دەبڕن، یان کەرەسەیەک دەگوازنەوە کە بەو شێوەیە بەشی گومرک ناخوات، یاسا دەڵێ هاوردەکان دەبێت گومرک بکرێن بەڵام ئەو یاسایە بۆ کام شوێن و چ ساتێک؟ یانی شکاندنی ئەو یاسایە بەرانبەرە لەگەڵ گرتن و کوشتنی مرۆڤێکدا؟ لەگەڵ هەتیو خستنی منداڵێکدا؟ بێوەژن کردنی مرۆڤێكدا؟ یانی بۆ دابین کردنی نان دەبێت تاوان کوشتن بێت؟ ئەوانە هەموو پرسیارن تا بزانین قاچاخچی وشەیەکی شیاوە یان نە؟ قاچاغی چی دەکەن؟ برنج، چایی، کۆلێر… شتانێک کە ژیانی ڕۆژانە خوازیاریەتی. سەیر ئەوەیە کە کۆڵبەران کەرەسە بۆ خەڵک دێنن بەڵام خۆیان هیجیان بەر ناکەوێت جگە مەیدانی مین و گوللـە و برسیەتی.

ڕۆژی کورد: ڕێگای بنەبڕ کردنی کۆڵبەری بەڕای ئێوە چیە؟

فەتحی: بەڕای من نەک تەنیا کۆڵبەری بەڵکوو زۆرێک کێشەی تر وەک لەشفرۆشی، منداڵانی کار، تەنانەت بەشێک لە خۆکوژییەکان و بەشێک لە ڕێژەی جیابوونەوەی ژن و مێردەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ نزم بوونی ژیانی ئابووری خەڵک. بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەندێک ئیش و کاری باش ببن هیچ کەس خۆی ناخاتە ڕێگایەک کە لەوانەیە لە هەر ئانوساتێکدا گیانی لەدەست بدات. ناوچەکانی کوردستانی ئێران، لە سەرترین پلەکانی ڕێژەی بێکاریین. نەبوونی ئیش و کار، دەبێت هەلی کار بۆ ئەو خەڵکە بەتایبەت جوانەکان بڕەخسێنن. دەبێت بەرنامە و بەڕێوەبەرییەکی دروست و شیاو بە ناوچەکە دابڕێژرێت. ئێستا زۆرێک لە خوێندکارانی پلە باڵاش بێکارن. دەبێت دەسەڵاتی  زاڵ لە بیری دابینکردنی کار بۆ ئەو خەڵکە بێت. ئەمانە بە چی دەژین؟ کاریان پێویستە. زۆر ئاساییە کاتێک هەلی کار بەشێوەی دروست نەڕەخسابێت، خەڵکانێک ناچار دەبن ڕوو لەو جۆرە کارانە بکەن وەک کۆڵبەری کە پڕ لە ناخۆشی و تاڵییە و پیشاندەری هەژاری

ڕۆژی کورد: وێڕای سپاس لە بەشداریتان لەم وتووێژەدا، ئەگەر خاڵێک هەیە بتانهەوێ ئاماژەی پێبکەن بفەرموون

فەتحی:  زۆر سپاس بۆ ئێوە، تەنیا ئەوەندە بڵێم کە هەموو بەرپرسیارین. هەم دەسەڵات و هەم ئێمەی خەڵکیش، بەتایبەت چالاکانی مەدەنی دەبێ زۆر جدی تر و بنەڕەتی تر لەسەر ئەم باسە بکۆڵنەوە و کاری بۆ بکەن. مردنی هەر کەس لەو کۆمەڵگا گەر جیا لە مەرگی ئاسایی بێت، ئەوە هەمووان بەرپرسیارن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە