تاووتوێ کردنی پرسی لەسێدارەدانی چالاکانی مەزهەبیی کورد لەگەڵ بەڕێز کامیل نوورانی فەرد

0
810

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا  ٢١ لاوی کورد بە تاوانی سوننە مەزهەب بوون و موحارەبە واتا دژایەتی کردن لەگەڵ خودا لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە دران کە ناڕەزایەتییەکی بەرینی لە ئاستی ناونەتەوەییەدا لێکەوتەوە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز کامیل نوورانی فەرد،  ئەندامی کومتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کورستانی ئێران پێکهێناوە.

ڕۆژی كورد: لە كوردستان نەتەوەی كورد جیاواز لە داوای لابردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە هۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی موسولمانی سوننی مەزهەبن كێشەیەكیش وەك هەڵاواردنی ئایینی لە ئارادایە مەبەستی كۆماری ئیسلامی لە سەركوتی چالاكانی ئایینی لە كوردستان هۆكارەكەی بۆ گرفتە بنەرەتیەكە واتا كورد بوونی ئەو هەڵسوراوانە ناگەرێتەوە؟

نوورانی فەرد: بە باوەری من هەموو ئەو ستەمانەی ئێمە ڕۆژانە لە وەڵاتی ئێران و بە تایبەتی لە كوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەیبینین، پێش فاكتەری كورد بوون بۆ فاكتەری دژی مرۆڤ بوون دەگەرێتەوە. واتە ئەو نیزامە دیكتاتۆرو جیناتكارە بە هۆی دژی مرۆڤ

کامیل نوورانی فەرد
کامیل نوورانی فەرد

بوونیەوە لە قوناغی یەكەم و ئینجا دژی هەموو بەها و نۆرم و چەمكە ئەمرۆییەكان كە شارستانیەتی تێدا پێناسە دەكرێ‌، دەست دەبات بۆ جینایەت و كوشتار و ستەم و هەڵاواردن و ناعەداڵەتی.

ئیمە نابێ ئەو ڕاستیەمان لە بیر بچێ كە ڕژیمی تاران تەنیا كێشەی لەگەڵ كورد وەك یەكەێكی نەتەوەیی نییە بەڵكو كێشەی ڕژیم بە گشتی لەگەڵ مرۆڤی ئازاد و مرۆڤایەتیە و هەموو ئەو تاكانەیە كە جیاواز لە جیهانبینی و خوێندنەوەی ئەو دەجوڵێنەوە. دژی مرۆڤ بوون بە واتای ئەوەی كە ئەو ڕژیمە قبووڵی هیچ بایەخێك ناكات كە بە درێژایی مێژوو لە ڕەوتی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی مرۆڤەكان پێی گەیشتوون و هەر جۆرە ئازادیێك لە هەموو ڕەهەندە فكرییەكانیەوە بە دژی خۆیان دەزانن و تەنیا باوەریان بە یەك جۆری خوێندنەوە هەیە كە ئەویش كورتدەبیتەوە لە بازنەییكی یەكجار بچووك كە تەنیا ئاخوندەكان و هاوبەرژوەندییەكانیان تێیدا جێگەیان دەبێتەوە.

لەگەڵ ئەو ڕاستیەش لە ڕیزبەندی ئەو ناوانەی ڕژیمی ئێران بە دژمنی خوی هەژماریان دەكات، ناوی كورد بە هەموو بیروبۆچوون و ڕەوتە جیاوازەكانیەوە لە سەرووی ڕیزبەندییەكەوە دێت و لەپاش فاكتەری دژی مرۆڤ بوونی دەسەڵات بێگومان فاكتەری كوردبوون هۆكارێكە بۆ ڕەوابینینی ئەو گشتە ستەم و جینایەتەی كە ڕۆژانە لە دژی گەلەكەمان ڕوودەدەن. تاكێكی كوردی خاوەن باوەرێكی تایبەت  لە چەشنی زیندانیانی عەقیدەتی كە چەند ڕۆژ لەمەوپێش بە كۆمەڵ لەسێدارەدران لە لای دەسەڵاتداران بە چەندین تاوانی جۆراوجۆر شایەنی سزان، واتە هەم بە تاوانی  كورد بوون و هەم بە تاوانی جیابیربوون و هەم بە تاوانی بەربەرەكانی ستەم و ناعەداڵەتی تاوانبار دەكرێ‌ن و لەگەڵ قورسترین سزا ڕووبەروو دەبنەوە.

ڕۆژی كورد:كوردستان بە گشتی ڕووبەڕووی هەڵاواردنێكی هەمە لایەنە بە هۆی كۆماری ئیسلامیەوەیە هاوپێوەندی بزوتنەوە ئایینیەكانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی هەتا چەندە بە پێوسیت دەزانن ؟

نوورانی فەرد: بێگومان ئەوە خاڵێكی یەكجار گرینگە. ڕژیمی ئێران لەماوەی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا لەرێگەی جۆراوجۆر ویستوویەتی وەك چەكێك لە دژی كورد ئەو جیاوازی فكرییانە بە كار بێنێ‌ و بۆ لاواز كردنی نەتەوەی كورد كەڵكی لێوەربگرێ‌. ئەركی هەموو ڕەوت و جەریانە سیاسی و مەدەنیە جۆراوجۆرەكانی كوردستانە ڕێگەی هەر جۆرە دزەكردنێكی دەسەڵات بۆ زەربە وەشاندن لە كورد بگرن. نمونەی لە چەشنی پێكدادانی دانیشتووانی كوردستانمان لە لایەن دەسەڵاتەوە یەكجار زۆر بووە و چارەسەری ئەو كێشەیەش ڕوانگە و گووتارێكی نەتەوەیی و نیشتمانیە كە هەموو دانیشتووانی كوردستان بە هەر نەتەوە و زمان و ئایین و فكرێكەوە بە یەك چاو تەماشا دەكات و مافەكانیان وەك یەك بۆ لەبەر چاو دەگرێ‌.

 ڕۆژی كورد: لە سێدارەدانی بەندییە ئایینیەكانی كوردستان بۆ چاوترسێنكردنی بزوتنەوە ڕەنگاڵەكانی دیكەش لە كوردستانە بۆ بەرپەرچ دانەوەی تاوانی لە سێدارەدان هاوئاهەنگی لە نێو بزوتنەوە ڕەنگاڵەكانی كوردستان دەبێ چۆن بێ؟

نوورانی فەرد: خاڵی بە هێزی كورد لە كوردستانی ئێران ئەوەیە كە خاوەنی بزووتنەوەی وشیاری جۆراوجۆرە و ئەگەر بەراوردێكی بچووك لە نێو گشت ئێران بكەین بە جوانی ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە كوردستان لە هەموو بەشەكانی تری ئێران خاوەن بزووتنەوەی ئامادەتر و ووشیارتر و لەسەر پێترە، بەڵام بە داخەوە هاكات نەبوونی گووتارێكی هاوبەش و هاوپەیوەندییەكی توكمە بە سیمای جولانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان بە گشتی دیارە و سیبەری ئەو خاڵە لاوازییە تا هەنووكەش قورسایی بەسەرمانەوەیە. دسەلاتدارانی ئێران كاتێك تاكێكی كورد بە هەر تاوانیك بێ لەسێدارە دەدەن لە حەقیقەتدا گشت كوردیان نیشانە كردووە و لە زۆر قوناغ دا شاهید بووینە لەسەروبەندی حەرەكەت و جوڵانەوەێك كە كوردستان بە خۆیەوە بینیبووبێتی لەسیدارەدانەكان دەستیان پێكردووە.  لەواقعیش دا زۆربەی هەر زۆری ئەو ئیعدامانەی لە كوردستان بەرێوە چوون و بەرێوە دەچن زیاتر ڕەهەندی سیاسی لەپشت بووە تا حقوقی. ئەوەی پێویستە بیزانین خاڵی هاوبەشی هەموو بزووتنەوە چالاكەكانی كوردستان ، كوردبوونە. واتە هەموو چالاكوانە خوێندكاری و ژنان، سیاسی و عەقیدەتی و ژینگەپارێز و مەدەنیەكان  و …. هتد، لە كوردستان پاشگری كوردیان پێوەیە و لە هەمووشیاندا كوردبوون بەشیكە لە تاوانباربوونیان. كەوایە دەتواندرێ‌ ئەو هۆكارە هاوبەشەی پێی تاوانبار دەكرێین بكرێتە خالێكی هاوبەش بۆ یەك گووتاری و هاوپەیوەندی زیاتر و هەموو لە دەوری كوردبوونەوە بە بێ جیاوازیی كۆ ببینەوە و لە ڕاست هەر پێشیلكارییك بە نیسبەت هەر كام لە چین و توێژ و جوڵانەوەكانی كوردستان هیچ تاكێك بێدەنگ نەبێ.

ڕۆژی كورد: ئەو ئیعدامە سیاسی ئایینیانە تا چەندە پێوەندی بە ئالۆزییەكانی دەسەڵاتی ئایینی ئێران لەگەڵ عەرەبستان سعوودی هەیە؟

نوورانی فەرد: ئێستا دەسەڵات هەوڵدەدات كە هەلسوورانی ئەو كەسانە گرێبدات بە عەرەبستان و بە داردەستی “ریاز”یان لە قەلەم بدات، بەڵام لە حەقیقەت دا یەكێك لەو بەڵگانەی كە دەرخەری درۆ بوونی تاوان خستنە پاڵ ئەو زیندانیە ئیعدام كراوانەیە بەستنەوەی كار و هەڵسوورانیان بە وەڵاتی عەرەبەستانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. سیاسەتی پیلانگیری وەڵاتانی دەرەكی تێزێكی ناسراو و كۆنی دەسەڵاتی ئاخوندییە كە ساڵیانی ساڵە چالاكوانان و ئازادیخوازان و هەڵسووراوانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكانی پێ چاوترسین و دەستبەسەر و ئیعدام دەكرێ‌. لە پێشوودا بچووكترین جوڵە دەبەسترایەوە بە ئەمریكا و ئیسرائیل بەڵام ئێستا هەمان سیاسەت پەیرەو دەكرێ‌ بەڵام پەنجەی تاوان بەرەو ڕووی عەرەبستان دەكرێتەوە. حیزب و لایەنە شۆڕشگێرەكانی كوردستان لەسەرەتای هاتنە سەردەسەڵاتی ڕژیم دەستیان داوەتە خەبات و تێكۆشان و بە بەردەوامیش داوا و ویست و ئامانجەكانیان خراوەتە پاڵ پیلانگیری ئیسرائیل و ئەمریكا بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەتیش ئەمساڵ شاهید بووین كە تەنانەت جوڵەی پێشمەرگانەش بە هاندانی عەرەبستان درایە قەڵەم و یەكسەر ئەو تۆمەتە خرایە پاڵمان. هۆكاری ئەو سیاسەتەش ئینكاریی لایەنی حەقیقی بوون و ڕەوابوونی ویست و داواكانی ئەو تێكۆشەرانەیە لە بەرچاوی گشتی وشێواندنی ئامانج و مەبەستی تێكۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەكان لەبەردەم بیرورای گشتیە. ڕژیم دەیهەوێ‌ بە هێنانە پێشەوەی ئەو سیاسەتە لە مێژینەیەی ئینكاری بوونی ستەم لە لایەن سیستەمەكەی بكات و هەر جیابیر و نارازیكیش لە ژێر ئەو ناوە دا بە توندترین شێوە سزا بدات.

هاوكات دەشكرێ‌ یەكێك لە ئامانجەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئیعدامی ئەو زیندانیە سووننی مەزهەبانە ، درێژەی شەڕی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتە و پەیامێك بۆ  عەرەبستان و هەولێكی تۆڵەكردنەوانە بێ و لە ڕژیمێك كە دەربەست نییە بە گیانی هیچ مرۆڤێك بێگومان بە ئامراز گرتنی ژیانی مرۆڤەكان بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتە شەڕئەنگێزەكانی چاوەرواننەكراو نییە.

ڕۆژی کورد: بەرێزكامیل نورانی فەرد سپاس بۆ كات و ڕوانینتان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.