ئاسۆ مامزادە: تکایە بەرەی کوردستانی دروست بکەن

0
193

تایبەت بە رۆژی کورد

هونەرمەند و دیزاینەری لاوی خۆرهەڵاتی کوردستان ئاسۆ مامزادە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ماوەی دە رۆژ پرۆژەیەکی هونەری بە ناوی (پێشەوا، ڕابوونی نەتەوەیەک) بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی شەهید بوونی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ، بەرێوە برد. ئاسۆ مامزادە لە یەکی خاکەلێوە تا دەی خاکەلێوە ، رۆژانە چەندین پۆستەری بە ڕەنگ و قەبارەی جیاجیا بە وێنەی پەیکەری پیشەوا بەرهەمی هونەرمەند شۆرش ئاهی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کردەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستەرانە پێشوازی کوردەکانی چوارپارچەی کوردستانی لێکەوتەوە و بەشێوەی بەرچاو بڵاو دەکرانەوە.
Asso-mamzadehئاسۆ مامزادە سەبارەت بەو پرۆژە بەمشێوەیە بۆ رۆژی کورد دوا:
“سەرەتا زۆر سپاس بۆ پشتگیریی ئێوەی ئازیز بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەییە، ئامانجی سەرەکیی ئێمە لەم پڕۆژەیە زیندووکردنەوەی هەرچی زیاتری سیمبولە نەتەوەییەکانمان و بەرزڕاگرتنی یادی پێشەوای گەورە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانە، هیوادارم لەم ساتە هەستیارە دا نەهێڵین دوژمن هەرچی زیاتر تۆوی دووبەرەکی لە ناومان دا بچێنێ و من من کردن وەلا بنێین و یەک بگرین، هەر هێزێکی سیاسی خاوەن خەباتی خۆیەتی تەنانەت ئەگەر(بەداخەوە) لە قۆناغێک دا مەجبوور بووبێت براکانیشی بفرۆشێت…”

مامزادە گوتیشی: “بڕوام وایە ئەگەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە باشووری وڵات وەدی بێت کە زۆر زۆر نزیکە، لەم دووبەرەکی و سەدبەرەکیی و سەر بەم لاو ئەو لا بوونە ڕزگارمان دەبێت و دەکەوینە سەر ڕاستەڕیی کاروانەکە و دڵنیاشم کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەرچەندە سیاسەت کایەی منداڵان نییە و باش دەزانم چەندەی پێچ و خەم و سەدان شاخە و چی و چی هەیە، بەڵام تکایە لاپەڕە ڕەشەکان هەڵمەدەنەوە و لاپەڕەی نوێ لەگەڵ یەکتر هەڵدەنەوە، قۆناغێکی زۆر هەستیارە و هەر کەس هەستێ من من بکات بە هیچ کوێ ناگەین.”

ئەو هونەرمەندە وەک ڕۆژهەڵاتییەک داوا لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکا ئاوڕێکی جیددی لە خەڵکی ڕۆژهەڵات بدەنەوە و دەڵێت: ” لەبیریشتان نەچێت ئێوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیین، ئێوە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات دەکەن و بەتەما مەبن سیستەمێکی وەک سیستەمی فیدراڵیی عێراق لە ئێرانیش بەرپا بێت و سەرۆک کۆماریی ئێران بدەن بە کورد، ئەگەر بیشیدەن نابێ وەریگرن، ئەوەندەمان باسی مافی کەمە نەتەوەکانی ئێران کردووە، مافەکانی خۆمان لەبیر چۆتەوە، تکایە زیاتر مێژوو بخوێننەوە و دەرسی لێوەرگرن، هەموو ئاواتەکانی گەنجێتیی و پیرییتان پشت گوێ خست بۆوەی خزمەتی بزووتنەوەکەمان بکەن، بەڵام فایدەی چی ئەگەر سەر نەگرێت و لەبەر (لەداخی یەک بەهەڵە سیاسەت کردن) هەمووی ببێتەوە بە هیچ، خەڵک تەنیا کاتێک ئیحتڕام بۆ خەباتتان دادەنێت کە بەرهەمی لانیکەم ڕەنجی خۆتان هەڵگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات، نەک بە لە سەرو گوێلاکی یەک دان لەسەر کورسی، ئەویش لەسەر زەمینێک کە زەمینی بازیی ئێوە نییە، بمبوورن بەڵام هەر کۆنفڕانس و پلۆنۆم و کۆبوونەوەیەک کە دەگیرێ نازانم بۆ دڵم خۆش ناکات، چونکە پێم وایە تا نەچینەوە ناو دڵی خەڵک هیچ بە هیچ ناکەین، تکایە ڕیگایەک بدۆزنەوە بۆ پێکەوە چوونەوە و درووستکردنی بەرەیەکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات، هەمووتان خاوەن خەباتن و تێکۆشەرن، بەڵام پێکەوە مانا بە یەکتر دەبەخشن، تکایە، بەرەی کوردستانی دروست بکەن و ئۆرگانەکانی یەک بخەن و بچنەوە ناو خەڵکی خۆمان…”

ئاسۆ مامزادە بۆ سەرخستنی پرۆژەکەی سپاسی هونەرمەندم کاک شۆڕش ئاهی دەکا و دەڵێت: ” کاک شۆرش بە دروستکردنی پەیکەری پێشەوا دەرگایەکی نوێی بۆ هەموومان کردەوە کە چیتر پێشەوا تەنیا بە یەک یان دوو شێواز نەبینین و بتوانین کەلک لە دەیان وێنەی نوێی پێشەوا وەربگرین.”

12895472_1336693793013602_186534290_n

12935286_1336694006346914_775495208_n12919139_1336694063013575_1972295251_n12910708_1336693823013599_574715341_n12910481_1336694016346913_17409255_n12910213_1336694119680236_1797149911_n12900244_1336694026346912_305656238_n12900080_1336694079680240_396309285_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌