تیرۆرمان بە تیرۆر وەڵام نەداوە.

0
1118

جەماڵ پوورکەریم
داگیرکەرانی کوردستان بۆ تواندنەوە و لە ناو بردن و لە بار بردنی خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەموو جۆرە پیلانێکیان دە کار خستووە،ژینۆسید، قەتڵوعام و کوشت و کوشتار، سەرکوتی سیستماتیک، شکەنجە ، بەندیخانە، سێدارە وتیرۆر…
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەناردەکەر و داڕێژەری بیری تیرۆریسمی جیهانییە،جیا لە کوشت و کوشتار و سەرکوت ، بە سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەری خاک و نیشتمانی بە ڕێگەی جۆراوجۆر تیرۆر کردووە.
پاڵپشتی ماڵی ، تەسلیحاتی ، لۆجستیکی و میدیایی لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی جیهان وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس،ئەلقاعیدە، داعش و حوسیەکانی یەمەن نموونەیەکی بەرچاوی تیرۆریسمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
سپای پاسداران و لقی دەرەوەی ئەو ڕێکخراوە واتە سپای قودس بە ڕادەیەک کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە کە لە ئاستی جیهانی دا وەک مەترسی لێیان دەڕوانن و لە لایەن وڵاتانەوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
هەروەها تیرۆری دەیان کادر و پێشمەرگە و چالاکی سیاسیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ، لە باشوور و لە وڵاتانی دەرەوە و ئورووپایی نموونەی بەرچاوی تیرۆرەکانی سپای پاسدارانی ئێرانە.
رژیمی خومەینی بۆ درێژە دان بە حکوومەت و دەسەڵاتەکەی، جیا بیر و دژبەرانی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە کردۆتە ئامانجی تیرۆر و ڕووناکبیرانی یا خستۆتە کونجی بەندیخانەکانەوە و یان بە شێوەی فیزیکی حەزفی کردوون.
لە هەلومەرجی ئێستا دا ئەگەر بە تەواوەتی سپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی، ئەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرێ و داوای یارمەتی لەو وڵاتانە بکا کە خۆیان بە دژی تیرۆریسم دەزانن.
شەڕی ئێمەی کورد لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە هەر بە دژی تیرۆر و تیرۆریسم بووە و وەک کورد گەورەترین قوربانیی دەستی تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی بووین، بەو حاڵەش هیچ کات و لە هیچ هەلومەرجێک دا شەڕی دژی تیرۆرمان بە تیرۆر وەڵام نەداوەتەوە و دەستمان بۆ کردەوەی تیرۆریستی نەبردووە، چونکە باوەڕمان بە مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەبووە.
رژیمی ئێران وا تێدەگا کە بە تیرۆر دەتوانێ خەباتی گەلی کورد لە بار بەرێ بەڵام تا ئەوڕۆ بەو ئامانجەی نەگەیشتووە و لە داهاتووش دا پێی ناگا.
تیرۆری ڕێبەرانی گەلەکەمان شەهیدان د.قاسملوو و د. شەڕەفکەندی ئەگەرچی تووشی خەساری گەورەی کردین بەڵام بەچۆکی دانەهێناین و خەباتەکەمان نەوەستاند ، بەڵکوو بە گوڕ و تینەوە ڕێگە و ڕێبازی ئەوانمان کردە چرای ڕوونی بەرەو پێشبردنی خەبات بۆ ئازادی.
کۆماری ئیسلامی لە دوای تیرۆری د. شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلینی ئاڵمان لە دادگای میکۆنۆس بە ئاشکرا مەحکووم کرا و ڕاگەیەندرا کە ڕێبەرانی ئەو ڕژیمە رێکخەر و فەرماندەری تیرۆرەکانن.
لە ساڵیادی تیرۆری میکۆنۆس دا جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجی شەهیدان کە ئازادییە، درێژە پێدەری ڕێگە و ڕێبازیان بین، دروود و سڵاو دەنێرم بۆ ڕووحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.