زنجیرە وتووێژ (5)
زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.
زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا کاک ( عەبدوڵا عەلیدوست، خوێندکاری دوکتورا لە بواری فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی کۆمەڵناسییە لە وڵاتی ئاڵمان ) وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
سازدانی: هاشم عەلی وەیسی
پرسیار: سه‌ربوورده و ڕه‌چه‌ڵه‌کی باسه زمانه‌وانی و زمانناسییه‌کان بۆ که‌ی و کوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێگه‌ی له جیهانی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕن به‌ملاوه چییه؟
عه‌بدوڵا عهلییدوست: با هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به کورتی ئاماژه‌یه‌ک به ژانڕی فه‌لسه‌فه‌ی زمان یاخۆ ڕێزمان بکەین تا بزانین که له ژێر چه‌تری ژانڕی ناوبراودا چ چالاکییه‌کی فه‌لسه‌فی و چ شیکاریهک به‌ڕێوه ده‌چێت. فه‌لسه‌فه‌ی زمان سه‌رگه‌رمی لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ک، گه‌شه، واتا، مانا و ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تی زمانه. دواتر له‌و به‌ستێنه‌دا په‌یوه‌ندی نێوان زمان و حه‌قیقه‌ت و زمان و هزر، یاخۆ زمان و هه‌ست به ئاگاهی خۆ ده‌ورێکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی زمان به هه‌مان شێوه ئاوڕ له لۆژیکی شیکاری ستڕاکتهر و پێکهاته‌ی زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ئهنتڕۆپۆلۆجی ده‌داته‌وه، به تایبه‌ت لێره‌دا زمان بۆ ناسینی ستروشتی مرۆڤ بایه‌خێکی گه‌وره‌ی پێده‌درێت. ئه‌گه‌رچی فه‌لسه‌فه له سه‌ده‌ی بیستدا به ته‌واویی و به تێروته‌سه‌لی فه‌لسه‌فه‌ی زمان ده‌کاته باس و ته‌وه‌رێکی گه‌وره، به‌ڵام هه‌ر له یونانی باستان و کۆنه‌وه زمان له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌ورێکی به‌رچاوی هه‌بووه. چونکه زمان گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌کیترین که‌ره‌سه و مێدیۆمی خودی فه‌لسه‌فه‌یه، بیر ته‌نیا له زماندا و به زمانه‌وه به ئاکام ده‌گات، دواتر ئێمه ته‌نیا به زمان له سه‌ر خودی زمانیش بیر ده‌که‌ینه‌وه و گه‌شه و ئاڵوگۆر له زماندا پێکدێنین. ئه‌گه‌رچی بیرمه‌ندانی پێش سه‌رده‌می سۆقڕاتیش (هێڕاکلیت و پاڕمێنیدیس) بایه‌خ به ڕۆڵی زمان ده‌ده‌ن، به‌ڵام یه‌که‌م فیلسوفه‌کان “ئه‌فلاتون” و “ئاڕیستۆن” که تایبه‌تمه‌ندی زمان تیۆریزه ده‌که‌ن. ئه‌فلاتوون به ڕوانگه‌یه‌کی مێتافیزیکییه‌وه له‌و بڕوایه‌دایه که ئێمه ده‌توانین به ئایدیاوه ستڕاکته‌ری بنه‌ڕه‌تی هه‌موو “هه‌بووه‌کان” بخوێنینه‌وه و پێیان بگه‌ین، به‌ڵام ئاڕیستۆ زیاتر بیرێکی ڕیالیستی هه‌یه و ده‌ڵێت نه‌ک ئایدیا (پێشبینی) به‌ڵکه ستڕاکته‌ری هه‌موو “هه‌بووه‌کان” له خودی ههبووهکاندایه، ئه‌وه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌یه که ئاوێته‌ی زمان ده‌بێت و کاریگه‌ری له سه‌ر داهێنان له زماندا داده‌نێت. دیاره بیره‌کانی ئاڕیستۆ تا چه‌رخی ناوه‌ندیش ڕه‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ری به‌رچاویان له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌بێت. له چه‌رخی ناوه‌نددا “تۆماس فۆن ئێرفۆرت” بانگه‌شه‌ی تێزه‌یه‌کی تازه‌ی سه‌رنجڕاکێش سه‌باره‌ت به زمان ده‌کات. ناوبراو ده‌ڵێت: گه‌ردوون ناتوانێت له ناخی خۆیه‌وه خاوه‌ن نه‌زمێکی نه‌گۆڕ بێت که ئێمه‌ی مرۆڤ به ناخی بگه‌ین. مرۆڤ ته‌نیا له‌و پێکهاته و ستڕاکتهر ده‌گات که خۆی بۆ گه‌ردوونی دروست ده‌کات و دایده‌هێنێت. ئه‌م تێزه فه‌لسه‌فه‌ی زمان به ته‌واوی ده‌گۆڕێت، چونکه ئه‌گه‌ر گه‌ردوون خاوه‌ن نه‌زمێکی نه‌گۆر نه‌بێت وئه‌گه‌ر زمان که‌ره‌سه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردوون بێت، ئه‌وه ده‌بێت ئه‌و دوو کاته‌گۆرییه جیاواز له یه‌ک بیربکرێنه‌وه. واته ئێمه بۆ تێگه‌یشتن له نه‌زمی گه‌ردوون وادار به داهێنانی زمان ده‌کرێین، تا له پله‌ی دووه‌مدا به‌و که‌ره‌سه له پێکهاته‌ی گه‌ردوون بگه‌ین. به‌ڵام شۆڕشێکی تازه‌ی فیکری سه‌باره‌ت به زمان له چه‌رخی تازه‌دا ڕوو ده‌دات، له چه‌رخی ناوه‌نددا هێشتا ئاوڕ له مێشکی تاک و په‌یوه‌ندی تاک له گه‌ڵ گه‌ردووندا نه‌درابووه‌وه. بۆ ئه‌م هه‌نگاوه پێویسته به لۆکالی و ناوچه‌یی بۆ تایبه‌تمه‌ندی مێشک بڕواندرێت، لێرده‌دا فه‌لسه‌فه‌ی “ڕێنێ دێکا” سه‌باره‌ت به زانست و مێشکی مرۆڤ گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری ده‌هێنێته گۆڕێوه. بۆ “دێکا” ڕوونه که ئێمه بۆ هه‌ڵسانگاندن و تێگه‌یشتنی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕووی ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردوون له گه‌ڵ مه‌ترسی فریووخواردندا ڕووبه‌ڕووین. ته‌نیا به بۆنه‌ی پڕۆسه‌یه‌کی بیرکردنه‌وه‌وه له مێشک‌دا که به‌رده‌وام له گه‌ڵ گوماندا ڕووبه‌ڕوومان ده‌کاته‌وه ده‌توانین به ڕێژه‌یه‌کی تایبه‌ت به ئه‌رخه‌یانی و زانیاری مسۆگه‌ر بگه‌ین. که‌وایه ئه‌وه ته‌نیا هزر و مێشکه که گومانمان له سه‌ر هه‌بوونی نییه، جا ئه‌و تێزه له ڕسته‌یه‌کی ناوداردا فۆڕمووله ده‌کرێت: “من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌وایه هه‌م”. پاش “دێکا” بیرمه‌ندێکی دیکه به ناوی “جان لاک” درێژه‌ی به‌و تیۆرییه ده‌دات، به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر له ڕوانگه‌کانی “دێکا” ده‌گرێت، “جان لاک” به دروستی نازانێت که له‌و بڕوایه‌دا بین ته‌نیا به خودی مێشک و عه‌قڵه‌وه هه‌بوونی مێشک و عه‌قڵ بسه‌لمێنین، به‌ڵکه مرۆڤ پێویستی به هه‌ست و هه‌ستی بۆ گه‌ردوون هه‌یه تا به زانیاری بێگه‌رد بگات. به پێی ئه‌م ڕوانگه یه‌که به یه‌کی هه‌سته‌کانمان له په‌یوه‌ند له گه‌ڵ گه‌ردووندا ده‌بنه بنه‌مای به ده‌ستهێنانی زانیاری هه‌رچی زیاتر. ئا له‌م به‌ستێنه‌وه ئه‌وه‌نده بۆ ناو و هه‌بوون و شتومه‌ک ناڕواندرێت، لێره‌وه ئه‌و پرسیاره‌یه که گه‌ردوون چۆن پێکهاتووه پشتگوێ ده‌خرێت، به‌ڵکه زیاتر ئه‌و دیارده بایه‌خی پێده‌درێت که من خۆم چۆن گه‌ردوون ده‌بینم و چ هه‌ستێک ئاوێته‌ی ئه‌و شێوه بینینه‌م ده‌که‌م، دواتر چۆن و به چ زمانێک هه‌واڵ له‌و به‌سه‌رهاته ده‌ده‌م، چۆن له‌و هه‌سته‌م ده‌دوێم. لێره‌دا زمان ده‌بێته که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ باسکردن له هه‌ست و عه‌قڵ و ئاوێتهییهک له هه‌ردووکیان و هه‌واڵدان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و شێوه هه‌ست و بینینه بۆ که‌سی ده‌ره‌وه له خۆ. دواتر ئه‌م تیۆرییه‌ی “جان لاک” به ناوی فه‌لسه‌فه‌ی ئاگایی له خۆ ناو ده‌برێت، ئه‌گه‌رچی شتوومه‌ک هێشتا له لای “لاک” هه‌ر ده‌ور ده‌گێڕێت، به‌ڵام هه‌ست و هه‌واڵی ناخی هه‌ر تاکێک وه‌ک “سهبجهکت” ده‌بێته بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی زمان. له سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌دا کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ندی دیکه‌ی ناودار هه‌ن که ئاوڕ له پرسی ناوبراو ده‌ده‌نه‌وه. بۆ وێنه “ئێمانوێل کانت”، بۆ کانت شه‌فافه که به ناخ گه‌یشتن و ده‌رک پێکردن به ستڕاکتهرهوه به‌نده، به‌ڵام ستڕاکتهرهکه له خودی مرۆڤ و تاکدایه، نه‌ک ته‌نیا هه‌سته‌کان، به‌ڵکه تێکهه‌ڵچووی هه‌ست و فام له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ دونیادا به ناسیین و زانیینمان ده‌گه‌یێنێت، به‌ڵام “کانت” له‌و به‌ستێنه‌دا هیچ باس له زمان ناکات، هه‌ربۆیه بیرمه‌ندانی وه‌ک “یۆهان گێۆرگ هامان و یۆهان گۆتفڕید هێرده‌ر” بێده‌نگ نامێننه‌وه و کاکڵی بیره‌کانی “کانت” به زمانه‌وه گرێ ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ئه‌و ستڕاکتهرهی که “کانت” له تاکدا به‌دی ده‌کات، له ڕاستییدا ستڕاکته‌ری خودی زمانه. ئه‌م دوو بیرمه‌نده ده‌ڵێن ته‌نیا زمانه که په‌یوه‌ندی مرۆڤ له گه‌ڵ گه‌ردووندا دروست ده‌کات، جا ئه‌م تێزه ده‌بێته بنه‌ما و هێڵی فیکری فه‌لسه‌فه‌ی زمانی سه‌رده‌می مۆدێڕن. له سه‌ده‌ی بیستدا سێ دانه شاخه‌ی فه‌لسه‌فی گه‌وره‌ترین کاریگه‌رییان هه‌یه و هه‌رسێ شاخه‌که‌ش تایبه‌تمه‌ندی زمان ده‌خه‌نه مه‌ڵبه‌ندی فه‌لسه‌فه‌وه. بۆ وێنه “گۆتلۆب فڕێگه” و بازنه‌ی بیرمه‌ندانی شاری ڤیه‌نا و “فێردیناند ساوسوڕه”. ئه‌م سێ ڕوانگه زمان ده‌که‌نه بنه‌مای هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ له گه‌ڵ گه‌ردووندا. واته لێره‌دا ته‌نیا کۆک بوون له سه‌ر ڕۆڵی زمانه که ئه‌و سێ ساخه فه‌لسه‌فییه له یه‌ک نزیک ده‌کاته‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالیزی زمان، فه‌لسه‌فه‌ی هێرمۆنۆیتیک و فه‌لسه‌فه‌ی ستروکتورالیزمی فێنۆمێنۆلۆجی به‌و خاڵه ده‌گه‌ن که پێویسته زمان بخرێته مه‌ڵبه‌ندی هه‌موو هزر و بیرێکی فه‌لسه‌فییه‌وه، چونکه ئه‌وه ته‌نیا زمانه که تێیدا فه‌لسه‌فه گه‌شه ده‌کات، ئه‌وه زمانه که سه‌ره‌تا و بنه‌ڕه‌تی داهێنانی فیکر و فه‌لسه‌فه و هزره، ئه‌وه زمانه که فه‌لسه‌فه ده‌یکاته بنه‌مای خودی ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فه، ته‌نانه‌ت ئه‌و تێزه ڕادیکاڵه‌ش هه‌یه که ته‌واوی فه‌لسه‌فه ته‌نیا ڕه‌خنه‌ی زمان بێت. ئه‌گه‌رچی نه “هایدێگه‌ر” وه نه “گێدامه” ئه‌م تێزه ڕادیکاڵه به‌و ڕادیکاڵییهی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌که‌ی ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه له ژێر کاریگه‌ری به‌رچاوی زمان و فه‌لسه‌فه‌ی زماندایه. من پێم وایه لێره‌دا توانیبێتم به گه‌شتێکی خێرا و سه‌ره‌پێیی به سه‌ر مێژووی ئه‌و ژانڕه فه‌لسه‌فییه‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تانم دابێته‌وه.
پرسیار: په‌یوه‌ندی زمان و حه‌قیقه‌ت واته “ڕاستی” چۆناوچۆنه له فه‌لسه‌فه‌دا و باسه گرینگ و تێزه تهوهرییهکان کامانه‌ن؟
عه‌بدوڵا عهلییدوست: ئه‌گه‌رچی له وه‌ڵامی پرسیاری پێشووتردا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه به‌م پرسیاره دراوه، به‌ڵام لێره‌دا ده‌چمه سه‌ر کۆمه‌ڵیک وته‌ی هه‌ندێک بیرمه‌ندی سه‌رده‌می تازه که پێشتر به بۆنه‌ی جێگاوه که‌میان هێنا و ناونهبران. بۆ وێنه “ئادۆڕنۆ” وته‌یه‌کی زۆر جوانی هه‌یه که ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه بریتییه له ووتن و به‌یانکردنی ئه‌و په‌یامه‌ی که له ڕاستییدا وتن و ده‌ربڕینی ئه‌سته‌مه. بۆ “ویتگنشتاین” سنوره‌کانی زمان سنوره‌کانی دونیا ده‌ستنیشان ده‌که‌ن، واته هه‌ر شتێک و هه‌ر په‌یامێک که به‌یان نه‌کرێت ئه‌وه هه‌بوونی نییه. دونیا هه‌موو حاڵه‌ت و به‌سه‌رهاته‌کانه، ته‌نیا مانه‌وه‌ی فاکته‌کان حه‌قیقه‌ت ده‌خه‌نه ڕوو. دواتر ئێمه بۆ خۆمان وێنه‌یه‌ک له ڕاستییه‌کان هه‌ڵده‌گرینه‌وه، ئه‌و وێنانه هه‌موو هه‌بووه‌کانی دونیا پێناسه ده‌که‌ن، ئه‌وکات ته‌نیا فیکر و ئه‌ندێشه‌یه که ده‌بێته لۆژیکی وێنه‌ی فاکته‌کان. له کۆتاییدا ته‌نیا ئایدهنتی و هوویه‌تی دونیا و فیکره که ده‌بێته جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت. ته‌نیا ڕسته‌کان واتا به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، هه‌ر فیکرێک بۆ خۆی ڕسته‌یه‌کی واتاداره، هه‌ربۆیه “ویتگێنشتاین” له تیۆری “ئمیجیدا: هاوشێوه” به زمان په‌یوه‌ندیه‌کی نێوان دونیا و فیکر دروست ده‌کات، واته هه‌م دونیا وه هه‌م فیکر یه‌ک شێوه ستڕاکتهریان هه‌یه، هه‌ر شت و هه‌ر په‌یامێک به‌یان بکرێت ئه‌وه به شهفافیش به‌یان ده‌کرێت و هه‌ر په‌یامێک که به‌یان نه‌کرێت ئه‌وه پێویسته که له‌و پرسه‌دا بێده‌نگ بمێنینه‌وه. له ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه نه فه‌لسه‌فه، نه ئایین و نه ئه‌فسانه ده‌توانن ڕسته‌ی واتابه‌خش دابڕێژن. هه‌ر ڕسته‌یه‌ک مۆدێلێکه له دونیا، به‌ڵام دونیایه‌ک که له کۆبه‌ندی یه‌ک دونیا فاکت و حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دونیا. بۆ “هایدگه‌ر” پرسیاری “فه‌لسه‌فه چییه؟” و “بیر و فیکر چییه؟” پرسیاره سه‌ره‌کییه‌کانن، ئاکامی ئه‌م پرسیارانه ده‌چێته چوارچێوه‌ی پرسیاری سه‌باره‌ت به ماهییه‌ت، واته “هایده‌گه‌ر” له سه‌ر بنه‌مای ئۆنتۆلۆجی بۆ هه‌بوونی هه‌موو هه‌بووه‌کان ده‌ڕوانێت. به‌ڵام زانسته‌کان به گشتی زیاتر بۆ ئه‌رک و ئه‌رک به‌جێهێنان ده‌ڕوانن و زیاتر پرسیاری وه‌ک چۆن ئه‌و ئه‌رکه به ئاکام ده‌گات ده‌خه‌نه مه‌ڵبه‌ندی پیشه‌که‌یانه‌وه. به واتایه‌کی دیکه، زانسته‌کان فیکر ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو زیاتر حیساب و ڕێژه و ڕێژهکاری ده‌که‌ن. بۆ “هایدگه‌ر” هه‌بوون بریتیه له‌وه‌ی که مرۆڤ فیکری لێده‌کاته‌وه، ئه‌و هه‌بوونه مێژووی ڕابردووی مرۆڤه، واته ئه‌و هه‌بوونه هه‌ر زووتر و پێشتر ده‌ستبه‌ر کراوه. واوه‌تر زمان به ده‌سته‌واژه‌ی دیاریکراو و جێکه‌وتوو و به هۆی گرامه‌رێکی نه‌گۆڕه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به سه‌رماندا هه‌یه. هه‌ر وشه‌یه‌ک په‌نجه بۆ وشه‌یه‌کی دیکه ڕاده‌کێشێت و هه‌ر وشه‌یه‌ک به وشه‌یه‌کی دیکه‌وه به‌نده و له‌و ڕێگاوه ئازادی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه له منی مرۆڤ زه‌وت کراوه. له سه‌رئه‌نجامدا به‌ستێنه و گرامه‌ر پرسیاری سه‌باره‌ت به هه‌بوون ئه‌بڕنه‌وه. هه‌ربۆیه “هایدگه‌ر” به‌دوا که‌ره‌سه‌یه‌کدا وێڵه که به سه‌ر زمان و ڕێزماندا باز بدات، واته خۆ ئه‌وه ڕووداوێکه که من به بیرکردنه‌وه وادار ده‌کات، به‌ڵام بیرکردنه‌وه بیرکردنه‌وه‌یه‌که بۆ تێپه‌ڕ بوون له‌م دۆخ بۆ دۆخێکی دیکه و بۆ سه‌ره‌تایه‌کی دیکه، تا بیره سه‌ره‌تاییه‌که بیرێکی جیاواز له خۆی وه‌دۆزێت. “ویتگنشتاین” لێره‌دا زۆر ڕاشکاوانه‌تر سه‌باره‌ت بۆ زمان و سنوری ده‌سه‌ڵاته‌کانی زمان ده‌ڕوانێت. بۆ ناوبراو ئه‌وه لۆژیکه که دونیا پێناسه ده‌کات، واته سنوره‌کانی لۆژیک سنوره‌کانی دونیا دیاری ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌و سهبجهکتی خاوه‌ن بیره که ڕسته‌ی واتابه‌خش داده‌رێژێت سه‌ر به دونیا نییه. خودی تاک سنورێکه، چونکه خۆ چاو خودی خۆی نابینێت، که‌وایه مانای دونیا ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی خودی دونیا بدۆزرێته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی له دونیادا مانا و به‌ها نییه. “ویتگنشتاین” ههنگاوێکی گه‌وره‌تر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڵێت که ته‌نانه‌ت له ئیخلاق و ستاتیکیشدا ڕسته‌ی واتابه‌خش نین، به‌ڵکه زمانی هه‌ردوو ژانڕهکه ته‌نیا بێده‌نگییه، ڕسته‌ی واتابه‌خش ته‌نیا له ڕووی پرسیاری “چۆنه‌وه” دێته گۆڕێوه و ئه‌و پرسیاره‌ش ته‌نیا سه‌باره‌ت به “مێشانیکی” دونیا داڕشتنی به سه‌مه‌ر به ده‌سته‌وه ده‌دات. به سه‌ر ئه‌وه‌شدا پرسیاری “چۆن” سه‌باره‌ت به هه‌بوویه‌کی ئه‌به‌دیی و دایمیی بێ‌واتا ده‌مێنێته‌وه، چونکه په‌روه‌ردگار و هونه‌ر خۆییان له دونیادا پیشان ناده‌ن. “ئادۆڕنۆ” به شێوه‌یه‌کی دیکه له واتا و مانای ڕسته و زمان ده‌دوێت، ناوبراو له نێوان زانیاری له سه‌ر بنه‌مای دیسکورس و زانیاری له سه‌ر بنه‌ماییه‌ک که کاری به دیسکورس و زمانه‌وه نییه جیاوازییه‌ک به‌دی ده‌کات. بۆ وێنه به‌رهه‌مێکی نیگارکێشی جوانییه‌ک له خۆ پیشان ده‌دات که به وشه و به ڕسته به‌یان نه‌کراوه، به‌ڵکه ئه‌وه ئێمه‌ین که ئه‌و جوانییه به ڕسته و له نێوان ڕسته‌کاندا به‌یان ده‌که‌ین. جا ئه‌و جوانییه له مه‌نتیقه‌وه دووره و ئێمه زیاتر له ڕوی هه‌سته‌وه وه‌ریده‌گرین. به‌ڵام فه‌لسه‌فه له هه‌سته‌وه نزیک نییه، هه‌ربۆیه حه‌قیقه‌ت بۆ “ئادۆڕنۆ” خودی پاڕادۆکسه، پاڕادۆکسێک له نێوان شوناسی نه‌هێنی و شهفافییدا. لێره‌دا زۆر سه‌رنجڕاکێشه که له لای بیرمه‌ند “کیرگه‌گارد” ئه‌و پاڕادۆکسه په‌روه‌ردگاره و له لای بیرمه‌ندی ئاڵمانی “نیچه” خوداوه‌ند مردووه. بۆ “ئادۆڕنۆ” ڕسته‌ی ژیانی ڕۆژانه و ڕسته‌ی زانسته سروشتییه‌کان پڕ واتان، چونکه ئه‌و ڕستانه په‌یامێکی شه‌فاف ده‌گه‌یێنن و به که‌ڵک دێن، دواتر ئه‌و که‌ڵکه‌ش له لایه‌ن زۆرینه‌مانه‌وه ده‌بینرێت و ده‌سه‌لمێنرێت. فه‌لسه‌فه ده‌بێت ئه‌وه به‌یان بکات که له ڕاستییدا به‌یان ناکرێت، واته فه‌لسه‌فه پێویسته به توانای زمان و به یارمه‌تی زمان به سه‌ر زماندا باز بدات، به‌ڵام به‌رهه‌مێکی نیگارکێشی جوان واتاکه‌ی له بێوشهییدا ده‌خاته ڕوو. ئه‌گه‌ر لێره‌دا بازنه‌ی ئه‌م وه‌ڵامم دابخه‌مه‌وه، ئه‌وه ده‌توانم بڵێم که زمان له فه‌لسه‌فه‌دا به بونبهستێک گه‌یشتووه، زمان ناتوانێت وه‌ڵامێکی پرسیاره “چییه‌کان” بداته‌وه، دواتر زمان گرفتی سه‌ره‌کی له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه، سه‌باره‌ت به ماهییه‌تی هه‌بووه‌کان بدوێت، ته‌نانه‌ت زمان به بۆنه‌ی سنوره دیاریکراوه‌کانییه‌وه به‌رده‌وام هه‌ندێک له حه‌قیقه‌تی هه‌بووه‌کان له ناو ده‌بات. ڕه‌نگه زانسته سروشتییه‌کان (فیزیک، کوانتن فیزیک، ئیڤولۆژن و هتد) بتوانن له داهاتوودا له‌م به‌ستێنه‌دا به هانای فه‌لسه‌فه‌وه بێن و به دیاریکردنی ده‌سته‌واژه و واتای شه‌فاف بۆ کات، مه‌کان، ئایدهنتی و کاوزالیتیی فه‌لسه‌فه له‌م چهقبهستوییهدا ڕزگار بکه‌ن.
پرسیار: ئایا زمان و جیهانه پێناسه نه‌کراوه‌که‌ی ده‌توانێت ملکه‌چی پێکهاتمهندهکانی زانسته مرۆییه‌کان بێت؟
عه‌بدوڵا عهلییدوست: ڕه‌نگه له کوتایی وه‌ڵامی پرسیاری پێشتردا ئاماژه به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره درابێت، به‌ڵام به سه‌ر ئه‌وه‌شدا هه‌ندێک ڕوونکردنه‌وه هه‌ر پێویسته. بێگومان گه‌وره‌ترین که‌ره‌سه‌ی شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی زانسته مرۆییه‌کان ته‌نیا زمان و زمانه، ئه‌گه‌رچی بیرمه‌ندی گه‌وره له مێژوودا هه‌بوون که هه‌وڵی به‌رچاویان بۆ داهێنانی زمانێک و گرامه‌رێکی تایبه‌ت بۆ تیۆرییه‌کی تایبه‌ت داوه، به‌ڵام له ئاکامدا ئه‌وه ته‌نیا زمان بووه که سنوری بۆ بیری تازه و بۆ تیۆری تازه دیاری کردووه. به سه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌و ڕوانگه هه‌یه که زمان زۆر جار له گه‌ڵ سنورگهلێکدا ڕووبه‌ڕوومان ده‌کاته‌وه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه که له خاڵێکی فیکرییدا به ڕاوه‌ستان وادار بکرێین. من له‌و ڕوانگه دام که ئه‌مه دوو جه‌مسه‌ره کاریگه‌رییان له سه‌ر یه‌ک هه‌یه و سنور بۆ یه‌کتر دیاری ده‌که‌ن، واته زمان و فیکر و هزر ههرودووک گه‌شه و باڵا به یه‌کتر ده‌که‌ن و هه‌ردووک له هه‌ندێک شوێندا به‌ر به یه‌کتر ده‌گرن. دیاره له زانسته سروشتییه‌کاندا کارئاسانی کراوه و زمان به گشتی شه‌فافتر ده‌توانێت زۆر دیارده و زۆر داهێنان و زۆر پڕۆسه‌یه‌کی گه‌شه پێناسه بکات و به لۆژیکێکی شه‌فاف و به مه‌نتیقه‌وه باس له‌و پڕۆسه و گه‌شانه بکات. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و پێناسه نادیار و ناشه‌فافه‌ی جیهانی زمان مه‌رج نییه ته‌نیا وه‌ک گرفتێک و وه‌ک ڕێگرێک بۆی بڕواندرێت، به‌ڵکه ئه‌و بهرئاواڵابوونهی زمان و ئه‌و نادیارییه‌ی سنووره‌کان و ئه‌و خه‌سڵه‌ته دوور له مه‌نتقه‌ی زمان ده‌توانێت وزه‌یه‌کی گه‌وره‌ی داهێنانن به زانسته مرۆییه‌کان ببه‌خشێت. به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که زانسته مرۆییه‌کان هه‌وڵ نه‌ده‌ن که مێتۆدی کار و شیکارییان هاوشێوه‌ی مێتۆدی کاری زانسیتته سروشتییه‌کان بکه‌ن، ئیلهام وه‌رگرتن و ده‌سته‌واژه‌ی پێویست وه‌رگرتن به جێیه، به‌ڵام نه‌ک هێمای کار و مێتۆدییان ته‌نیا به زانسته سروشتییه‌کانه‌وه گرێبده‌ن. خۆمان باش ده‌زانین که مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه و هاوژینی نیو کۆمه‌ڵگه به لۆژیکێکی تایبه‌ت به خۆیه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌و به‌ستێنه‌دا بێجگه له مه‌نتیق، مێژوو و سیاسه‌ت و په‌روه‌رده و چه‌ندان بواری دیکه کاریگه‌ری و ڕهندانهوهیان هه‌یه.
پرسیار: زمان له پێگه‌ی هه‌ر پێناسه و ڕۆڵێکی فه‌لسه‌فی یان دهروونشیکارانهدا چۆن له گه‌ڵ وشه‌ی دایک یان زگماکدا گرێ ده‌خوات و پێوه‌ندییان چۆنه؟
عه‌بدوڵا عهلییدوست: من خۆم چونکه پسپۆڕی بواری فه‌لسه‌فه‌ی زمان نییم، ئاگاداری ئه‌وه‌شم نییه که چه‌نده فه‌لسه‌فه‌ی زمان ئاوڕ له زمانی دایک یاخۆ له زمانی زگماگی ده‌داته‌وه. ئێمه ده‌زانین که فه‌لسه‌فه به گشتی ژانڕێکی گه‌ردوونی و یونیڤێرسالییه، واته پرسه ناوچه‌یی و لۆکالییه‌کان له فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیک‌دا بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان پێنه‌دراوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ ڕوانگه و خوێندنگای فه‌لسه‌فی وه‌ک “کۆمونیتاریزم” هه‌ن که زیاتر بایه‌خ به کۆمه‌ڵی بچوک و ناوچه‌یی و فهرهنگی ناوچه‌یی ده‌ده‌ن و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بۆ شوناسی کۆڕ و کۆمه‌ڵی تایبه‌ت به حه‌یاتیی ده‌زانن. به‌ڵام له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌م بیرۆکه فه‌لسه‌فییه‌ش هه‌مان بوردی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆی و وزه‌ی به‌ربه‌ره‌کانێی له به‌رامبه‌ر لیبڕالیزمدا نه‌ماوه. که‌وایه تا به ئه‌مڕۆش سنور و زمان و نه‌ته‌وه له فه‌لسه‌فه‌دا که‌متر ده‌ور ده‌گێڕن، ئه‌و ته‌وه‌رانه له ژانڕی وه‌ک سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی و ژانڕه مرۆییه‌کانی دیکه‌دا زیاتر تاوتوێ ده‌کرێن. هه‌ربۆیه من لێره‌دا وه‌لامێکی سیاسی به‌م پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه، چونکه که‌م تا زۆر ئاگاداری به‌ستێنه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ی ئێوه‌م و ده‌زانم که گرینگی ئه‌م پرسه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردوستان و کوردوستان به گشتی له چیداییه. به تایبه‌ت له ئێران‌دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت که زمانی فارسی وه‌ک زمانێکی هاوبه‌شی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران بۆ یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه و ئه وڵاته زۆر حه‌یاتیی و پێویسته. هه‌ر ئا لێره‌دا ئێمه له گه‌ڵ په‌یامێکی سیاسیی‌دا ڕووبه‌ڕووین که مێژووه‌که‌ی بۆ دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌دا باس له په‌یامێکی سیاسی کۆن و ته‌پ و تۆزلێنیشتوو و ناسه‌رده‌می ده‌کرێت. دیاره ئێمه له‌م به‌ستێنه‌دا باس له ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی ده‌که‌ین که له هه‌موو پرسه گرینگه سیاسییه‌کاندا ناته‌بایی و ناره‌زایه‌تییه‌کی به‌رچاوی له کۆمه‌ڵگه‌دا دروست کردووه. ئێستا هیوا و هه‌وڵ ئه‌وه‌یه که زمانیش نه‌بێته بوارێکی دیکه بۆ جوداکاری و پارچه پارچه بوونی نێو نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی ئه‌و پارچه جوگرافیاییه. ده‌سه‌ڵاتێک که ده‌رفه‌تی ئه‌وه به چه‌ندان میلیۆن شارۆمه‌ند نه‌دات که به زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و بنوسێت، ئه‌وه بێگومان ده‌سه‌ڵاتێکه که له گه‌شه‌ی سه‌رده‌میی ده‌سه‌ڵاتداری ته‌واو دواکه‌وتووه و به هیچ شێوه – هه‌روه‌ک “هانا ئاڕنت” ده‌ڵێت: مافی ماف هه‌بوون بۆ چه‌ندان میلیۆن شارۆمه‌ند به ڕه‌وا نابینێت. به‌ڵام ئه‌و شێوه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارییه ته‌نیا و ته‌نیا به تووندگیریی و گشتگیری و ئاوتۆریته‌ی دوور له مه‌نتیقی سه‌رده‌م ده‌توانێت هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی جێگه و پێگه‌ی خۆی بدات، هه‌ربۆیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ناتوانن فره‌چه‌شنی، سه‌بک و ژیانی جیاواز، زمان و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له پارچه‌یه‌کی دیاریکراوی جوگرافیاییدا ته‌حه‌موول بکه‌ن، به‌ڵکه به هاودهستکردنێکی ڕووکه‌شکراو و ناسروشتی به‌ردوام هه‌وڵی یه‌کگرتوویی ده‌ده‌ن. ئێـمه به داخه‌وه له‌م حاڵه‌ته‌دا له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتگه‌لێک سه‌روکارمان هه‌یه که بۆ جیهانی سه‌رده‌م و بۆ ژیانی شیاوی سه‌رده‌م و ئه‌مڕۆیی که کاکڵهکی ئازادی و ئازادی تاک و ئازادی زمان و بیروڕا ده‌ربڕینه، هیچ شێوه بانگه‌شه و په‌یام و به‌هایه‌کی سیاسی سه‌رده‌مییان پێنییه. ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵاتانه ته‌نیا زیان به کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جیهانی ده‌بخشن و ته‌نیا له‌تمه له گه‌شه‌ی ئازادی سیاسی و تۆلهرانسخوازی و بیرکراوه‌یی ده‌ده‌ن. نزیک به دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بیرمه‌ندی ناوداری ئاڵمانی چه‌رخی فه‌لسه‌فه‌ی ئیدیالیزم “یۆهان گۆتلیب فیشته” سه‌باره‌ت به یاسای گشتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌نووسێت: یاسای گشتی ته‌نیا و ته‌نیا بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و به به‌رفراونکردنی بازنه‌ی ئازادی شارۆمه‌ندان مانای هه‌یه و قابیلی قه‌بووڵه. به‌ڵام ئێمه ئێستا له ئێران و له وڵاتی تورکیه‌شدا له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتگه‌لێکی سیاسیی‌دا ناچار به مامه‌ڵه‌ی سیاسی کراوین که له سیاسه‌ت داڕشتن و له سه‌بکی حوکمڕانیاندا هێشتا هه‌ر له چه‌رخی ناوه‌نددا ده‌ژین. هه‌ربۆیه نه‌ته‌وه‌ی کورد که مافی سروشتی و مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی به زمانی کوردی بخوێنێت، بنوسێت و به‌رهه‌می گه‌وره‌ی هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی دابهێنێت، هێشتا ڕیگایه‌کی دور و درێژی له پێشه. بێگومان زمان له پاڵ کۆمه‌ڵیک که‌ره‌سه‌ی دیکه‌دا ده‌بنه هووییه‌ت و شوناسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، بۆیه ئێمه‌ی کورد پێویسته له هه‌ر لایه‌ک و له هه‌ر بوارێک‌دا پێمان ده‌کرێت خزمه‌تی هێشتنه‌وه و گه‌شه‌ی زمانی کوردی بکه‌ین.