ڕاپۆرتێ تایبەتیی ڕۆژی کورد لەمەڕ کچانی ڕۆژهەڵاتیی نیشتەجێی کوردستانی باشوور

0
723

ھەست ناكەم غەریبم بە وڵاتی خۆمی دەزانم..

لێرە ڕۆژھەلاتی و ئێرانی تێكەڵ یەكتر دەكەن…زۆر جار بە چاوی سووك سەیریان كردوین..

ماندوو بووم لە كەلتوری ئێرە بەڵام دەسەڵاتی ھیچم نیە، جگە لێرە  ھیچ شوێنم نیە ..

پێمان دەلێن: ئێوە بەشی ئێمە دەخۆن و لە ھەمو شوێنەكان كار دەكەن…

لە ناو چەند كچێكی ڕۆژھەلاتیی دانیشتووی باشورین… ئەمانە قسەی ھەندێك لەو كچانەن كە  دانیشتووی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستانن… بەشێكی زۆری ئەم كچانە تەنیا لەبەر كار ھاتونەتە ھەرێمی كوردستان و بە دوور لە خێزانەكانی خۆیان دەژین بە وتەی خۆشیان تەنیا لەبەر ئەوەی پارەیەكی حەڵاڵ وەدەست بێنن لێرەن. كچێكی تەمەن 27 ساڵان كە خۆی بە سیما بە ڕۆژی كورد ناساند دەڵێ: “ئەگەر بارودۆخی بنەماڵە و بێ بژیوی نەبوایە ھیچ كات نەدەھاتمە ھەرێم و لێرە دانەدەنیشتم”… باسی ھۆكارەكەیم لە گەڵ كرد؟ بە دەم ئاخ ھەڵكێشانەوە گوتی: “ناڵێم ئێرە ناخۆشە و خراپە… من ئێرەم زۆر بە دڵ بوو بۆیە ھاتم.. ڕاستە ھەندێ كێشەی نیشتەجێ بوون ڕوویدا بۆم… ھەندێ لایەنی ئاسایش كە من دەڵێم ئێرە مافی خۆیەتی وا ھەڵسوكەوت بكات بەڵام زۆر جار دەبینم لێرە فارسێك ڕێزی زیاترە لە كوردێك. بە چاوی خۆم بینیومە ئەوەندەی كار بۆ ئەوان دەكرێ و پشتگیریی ئەوان دەكرێ ئەوەندە بۆ كوردەكە ناكرێ…”. سیما كە لە ناوچاوانی سیمای ھەژاری بەدیدەكرا نەیشاردەوە كە ماندوو بووە بەڵام ھیچ دەسەڵاتی نیە، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ئێران ناتوانێ بژی و چەند سەر خێزان بە خێو بكات..

كچێكی دیكەی ڕۆژھەڵاتی بە ناوی ئارەزوو، كەم تا كورت گلەیی ھەبوو بە تایبەت لە پیاوانی باشوور و گوتی بە ئاشكرا پێشنیاری پەیوەندی سێكسیت پێدەدەن، ئەو دەڵێ من خۆم سیاسی بووم و ئاودیوی ھەرێم بووم ناڵێم ھەمووی ئەو كچانەی لە ئێرانەوە دێن باشن بەڵام بۆ دەبێ تەڕ و ویشك پێكەوە بسوتێن …؟

یەكێك لەو بابەتانەی كچانی ڕۆژھەلات گلەییان بوو، ئەوە بوو كە لە باشوور پێیان دەگوترێ پارەی ئێمە دەبەن و كاری ئێمە دەبەن.. سەبارەت بەم بابەتە سیما دەڵێ: “كار كردن بۆ ئێمە عەیب نیە.. تاوانی ئێمە چیە كە كچانی باشوور تێكەڵی بازاری كار نابن..؟ لێرە ئەو كچانە لە ناو بازاڕی كارن یان ڕۆژھەڵاتین یان ڕۆژئاوایی، بەتایبەت لە ھەولێر زۆر كەم كچان خۆیان لە قەرەی ھەندێك كار دەدەن..”. ئارەزوو گوتیشی كچانی ڕۆژھەلات بەھرەمەندن و كاری باش دەكەن ..

دوای قسەكانی ئەم كچانە شەوێك سەردانی یەك لەو كافتریانەی ھەولێرم كرد كە دەنگۆی ئەوە بوو كچانی ئێرانی زۆری تێدایە.. یەك لە كارمەندانی ئەو كافتریایە گوتی: “من زۆر كەیفم بە ئێرانی دەھات بەڵام كاتێ ھەندێ كچم لێرە بینی ھەستم گۆڕا .. وتیشی ناڵێم ھەمووی كچەكان وەكو یەك وان بەڵام ئێمە وا ڕاھاتووین كە دوو كەسی خراپ ببینین وا ھەست دەكەین ھەموو وان، بۆیە بڕیاری ھەڵە ئەدەین و ھەر ئەو شەوە نموونەی چەند كچێكی پێشانداین كە شێوازی جل و بەرگیان چۆنە و چۆن لەگەڵ خەڵك ھەڵسوكەوت دەكەن و ئەو، ھەموو ئەم شتانەی بۆ نامۆ بوو و لە كلتوری كوردی بە دووری زانی… كاتێك لە كچەكان نزیك بوینەوە زۆربەیان فارس زمان بوون و بۆمان ڕوونكردەوە كە ئێرانی لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی جیاوازن..

تەنیا لە شاری ھەولێر نزیكەی 8000 ھەزار ھاووڵاتی بە پێناسەی ئێرانی ھەیە.. بەشێك لەم ھاووڵاتیانە تەنیا بە مەبەستی كار ھاتونەتە باشوور.. ھەڵبەت ئەم ڕێژەیە بە شێوەی تۆمار كراو لەلایەن بەشی نیشینگەی ھەولێر تۆمار كراوە و تا ئێستا ئاماری كچان و ژنان بە دروستی تۆمار نەكراوە.

یەك لە كاربەدەستانی ھۆبەكە كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بۆ ڕۆژی كورد نەیشاردەوە كە بەشێك لەو كچانەی كە گلەییان لەسەر بووە و بەشێوازێك لە ناو ھەولێر ھەڵسوكەتی خراپیان بووە لە ھەرێم دیپۆرت كراونەتەوە و لەناو ھەولێر نەماون… ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە زۆر كچ لێرە ناوی تۆمار كراوە و بە تەنیا دەژی و ئێمە بە ھۆی كەسایەتیەكەی ئاسانكاری تەواومان بۆ كردووە…. ئەو گلەیی كچانیشی بە ھەند وەرگرت و ڕایگەیاند: “دیارە كلتوری ھەر وڵاتێك جیاوازە، بۆیە زۆر جار ئەو كچانە بەتایبەت فارس زمانەكان کە دێنە ناو ھەرێم، ئازادی لە شتی سەیردا دەبیننەوە  وئێمەش و خەڵكیش ناچارین بە شێوازی تر ڕووبەروویان ببینەوە.. ئەو ھەروەھا ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو كچە كوردانەی لێرە كار دەكەن بە ھەمو شێواێك پارێزراون و بۆ وەرگرتن لە شوێنی كار یارمەتیشیان دەكرێ…

گەرچی بە گوتەی خۆیان بەشێك لە كچان ، بەتایبەت بە دەست كلتورێكی تا ڕادەیەك عەڕەبی لە ناو ھەرێم ئازار دەكێشن بەڵام ئەوان لە كارەكانیان بەردەوامن..ھەندێكیان خۆیان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەم پەنجێرەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا باڵ بگرن، وەك زۆربەی كەسەكان كە لێرە نەماون.. ھەندێكیش دەڵێن: “با ئەوانیش وا بیر بكەنەوە من لێرە ناڕۆم و لە خزمەتی خۆم بەردەوام دەبم بۆ گەلەكەم .. چونكا بڕوام بە یەك كوردستان ھەیە.. چ باشور بێ چ ڕۆژھەڵات”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.