عوسمان جەعفەری: پارتی یەکێتی دێموکراتی کوردستان بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵ دموکراتیک لە ئێران خەبات دەکات

0
498

ڕێکەوتی ٢٠ی مانگی مەی، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی (یەکێتی دێموکراتی کوردستان)ـە، پارتێکی کوردیی کوردستانی خۆرهەڵات کە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و بە شیوەی سیاسی بۆ بنیات نانی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدرال بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە هەنگاو دەنێت. بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو پارتە، ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژی کورد، هەڤپەیوینێکی لەگەڵ بەڕێز، عوسمان جەعفەری، سەرۆکی ئەو پارتە پێکهێناوە کە لێرەدا دەقی هەڤپەیوینەکە دەخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ بە کورتی پارتی (یەکێتی دێموکراتی کوردستان) و چوارچیوەی خەباتەکەی بە خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن.

جەعفەری: یەکێتیی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی سیاسیە کە لە ٢٠ی مانگی پێنجی ٢٠٠٥ی زایینی دروست بووە و خەبات دەکات بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵ دموکراتیک لە ئێران کە مافی هەموو کەمینەە نەتەوەیی و ئایینەکانی ئێران تێیدا دەستەبەر کرابێت و لە چوارجێوەی خەباتێکی سیاسی و مەدەنی و بە پشت بەستن بە پرەنسیبی دیموکراتیک و ئاشتیخوازی بەردەوام دەبێت تا دوا وێستگەی ئامانجە سیاسیەکانی.

ڕۆژی کورد: ئامانج لە درووست بوونی (یەکێتی دێموکراتی کوردستان) چیە و تا ئیستا چەند لە ئامانجەکانی خۆی نزیک بۆتەوە؟

جەعفەری: دیارە کە هەر سەدە و تەنانەت دەهەیەک و هەر دەورە و سەردەمێک، تایبەتمەندیی سیاسی و کلتووری و فیکری خۆی هەیە، زەمان کە دەگۆڕێت داخوازییەکان و چاوەڕوانیەکان و شێوەی تێڕوانین بۆ ژیان و جیهان دەگۆڕێت، کوردستان و ئێرانیش بەدەر لەو گۆڕانکاریانە نیین کە بنەڕەتین و جیهانبینی مرۆڤەکانی گۆڕیوە، کوردستانی ئێران خاوەن چەندین حیزبی سیاسیە کە لە سەدەی ڕابردوو واتە سەدەی بیستەم، لە سەر بنەما فیکری و جیهانبینی و تێروانینە سیاسیەکانی ئەو سەدەیە دامەزراوە کە تایبەت بووە بەو سەردەمە کە لە ژێر کاریگەریی جەمسەربەندیە جیهانیەکان و شەڕی سارددا بووە و بۆ سەردەمی ئێستا میتۆدە فیکری و سیاسی و ڕێکخستنیەکانی کۆن بووە کە نە جەمسەربەندیە جیهانیەکان وەک خۆی ماوەتەوە نە ئایدیا شۆڕشگێڕانەکانی گرێدراوی ئەو بلۆکبەندیانە، باوی ماوە و بگرە لەگەڵ داخوازیە بنەڕەتیەکانی ئەمڕۆدا یەک ناگرێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە فیکری و سیاسیە، بۆشاییەکی لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕێکخستنی کۆردستانی خۆرهەڵات و ئێران درووست کردووە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە، ئێمە بە بەشی خۆمان و بەپێی توانایی خۆمان  و ئەو ئیمکاناتەی کە هەمانە، ویستوومانە کەلێنێک لەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە و یارمەتیدەر بین بۆ مانەوەی لە سەنگەری دژی کۆماری ئیسلامیدا کە ئەو بۆشاییەی قۆزتوتەوە بۆ کپ کردنی دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازی و دیموکراسی تاک بە تاکی کۆمەڵگە.

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکان پارتی (یەکێتی دێموکراتی کوردستان)، هیزی چەکداری نییە، بەو پێیە شیوازی خەباتی ئەو پارتە بۆ سەندنی مافی گەلی کورد لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران چیە و چۆن چالاکی دەکات؟

جەعفەری: ئێمە پاراستنی گەلەکەمان بە هەموو شێوەکان بە مافی ڕەوای خۆمان دەزانین و باوەڕیشمان بە مافی پاراستنی ڕەوا هەیە، بەڵام میتۆدی فیکری و ڕێکخستنی و سیاسی ئێمە لەسەر بنەمای خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە دامەزراوە کە جیهانی ئەمڕۆ و ڕای گشتی لەگەڵ خەباتی ئاشتیخوازانە دایە و سیستەمێکی سیاسیش کە لە ڕێگای ئاشتی و بە شێوەی مەدەنی دابمەرزێت دیموکراتیکترە و زامنکەری ژیانێکی باشترە بۆ کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی، ئەزموونی گۆڕانکاریەکانی وڵاتانی ناوچەکەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

ڕۆژی کورد: یەکێک لە کێشەکانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی، فرە حیزبییە بەر لە ئازادی، لاتان وایە پێویستیی بوونی حیزبێکی وەک (یەکێتی دێموکراتی کوردستان) و حیزبی تری هاوشیوە تا چەند هەیە و ئایا لاتان وا نیە تێکەڵبوون لەگەڵ حیزبەکانی تر و خەباتێکی یەکدەست باشتر بێ؟

جەعفەری: بەدڵنیاییەوە یەکدەست بوون باش نییە چوون ئاکامێکی باشی لێ ناکەوێتەوە هەر لە دیکتاتۆریەتەوە تا تۆتالیتاریزم بەرهەمی یەکدەستیە، بەڵام ئێمە دەتوانین یەکێتیمان هەبێ و دروستتریش وایە کە بڵێین یەکگرتوو بین، ئازادی بە فرە حیزبیەوە بەرهەم دێت، کێشەی کوردستانی خۆرهەڵات فرەحیزبی نییە، بەڵکوو نەبوونی نەفەسی یەکگرتوویی و یەکێتیە، نەبوونی ڕۆحیەتی یەکتر قەبووڵ کردنە، نەبوونی باوەڕی بە فرەڕەنگی و دەنگ و فیکر و جیهانبینی جیاوازە، گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستانی خۆرهەڵات و ئێران بە یەک حیزب و دوو حیزب و چەند لایەنی سیاسی کەم ناکرێت، گۆڕەپانێکی سیاسی فراوان و بەرینە کە دەنگ و ڕەنگی جیاوازی تێدایە، فیکر و تێڕوانین و کلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەر دەم دەگوڕێت و پێویستی بە هێزی تازە و نوێ بۆ ڕێکخستنیان دەکات نەک تەنیا ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستانی خۆرهەڵات فرە حیزبیمان نییە بەڵکوو پێویستیمان بە حیزبی تازەیە کە بۆشاییەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی پڕ کاتەوە، فرە حیزب هەین بەڵام تێروانینەکان، متۆدی فیکریەکان، فەلسەفە سیاسیەکانی ئەم حیزبانە هی سەدەی ڕابردووە کە لە بنەمادا زۆر جیاوازی فیکری و سیاسی و ڕێکخستنیان لە گەڵ یەکتردا نییە.

ڕۆژی کورد: (یەکێتی دێموکراتی کوردستان) تا چەند هەوڵی داوە و توانیویەتی سەرەبەخۆیی سیاسی، ئابووری خۆی بپارێزێ بەتایبەتی کە بە (یەکێتی) پێناسە کراوە ئایا ئەوە بە واتای نزیکی لە یەکێتی نیشتمانی نیە؟

جەعفەری: ڕاستە ئێمە لە زۆنی بن دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانیدا گیرساوینەتەوە بەڵام هەڵگرتنی وشەی یەکێتیی نەک لەبەر یەکێتیی نیشتمانی بەڵکوو پێشنیارکراوی بەشدار بووانی کۆنگرەی دامەزراندن بوو ئەویش لە سەر پێشینەیەکی زۆر کۆنتری هاوڕێیانمان کە هەر لە زۆنی یەکیتی نیشتمانیدا نەبووین بۆیە لێکچوونی وشەی یەکێتی بە هیچ شێوازێک بە مانای گرێدراوی بە یەکیتیی نیشتمانی کوردستانەوە نییە.

ڕۆژی کورد: پەیوەندیی (یەکێتی دێموکراتی کوردستان)، لەگەڵ حیزبەکانی تری کوردستانی خۆرهەڵاتدا چۆنە؟ ئایا هەوڵتان داوە بەرەی یەکگرتوو پێک بێنن یان کاری هاوبەش بکەن؟

جەعفەری: لە گەڵ زۆرینەی حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات پەیوەندیمان هەیە بەلام سەبارەت بە بەرەی کوردستانی هەموو لایەکمان هەوڵمان داوە و تەنانەت وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان تەنازۆلیشمان کردووە کە بەرەیەک بۆ کوردستانی خۆرهەڵات ساز بکرێت ک برادەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شٶڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاگادارن بە دیکیۆمنت لایانە بەڵام بە داخەوە تە ئێستا بەرە ساز نەبووە.

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس لە خەباتی چەکداری دەکا، ئێوە وەک (یەکێتی دێموکراتی کوردستان)، لەو بارەوە هەڵوێستتان چیە؟

جەعفەری: هەر وەک پێشتریش باسم کرد، بۆ پاراستنی گەلەکەمان کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕێکارەکان بە ڕەوا دەزانین، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری ئێمە بڕوامان وایە کە هاودەنگی و ڕاوێژ لە نێوان هەموو حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵاتدا هەبێ، دەتوانێ پشتگیری زیاتری بۆ بکرێت و دەنگدانەوە ڕەنگدانەوەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر بێت و ئەنجامەکان و دەستکەوتەکانی فراوانتر بێت و گوشارەکانیش بۆ سەر دوژمن فراوانتر دەبێت.

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەیە بفەرموون

جەعفەری: سوپاس وحورمه ت بوئیوه ی به ریز سه رکه وتووبن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.