سەرباز ساڵح: ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌باته‌ی ڕۆژهه‌ڵات بتوانێ كۆماری ئیسلامی سه‌رقاڵ بكات، گه‌وره‌ترین دیارییه‌ كه‌ پێشكه‌شی باشووری ده‌كه‌ن

0
1009

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە لە کوردستانی باشوور و بە گوتەی ڕێزدار عومەر ئیلخانی زادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، وەفدێکی پێکهاتوو لە یەکێتی و پارتی سەردانی حیزبەکانیان کردووە و کوتوویانە نابێ خەباتی چەکداری بە دژی ئێران بکەن، دۆینێش شاندێکی باڵای ئێران سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ نێچریڤان بارزانی کۆبوونەوە، یەکێتی نیشتمانیش کە هە رلە سەرەتاوە بە هەموو جۆر ڕێگری کردووە و کارشکینی کردووە.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە و ئەرکی ڕووناکبیرانی کوردستانی باشوور، ڕۆژی کورد وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز سەرباز ساڵح، ڕۆژنامەوانی کوردستانی باشوور ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: لە وتارێکتاندا لەژێر سەردێڕی “لە ڕۆژهەڵاتیەکان گەڕێن” پشتگیرییەکی جیدیتان لە بەرگری چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە ئەو هەڵوێستانە مایەی دڵگەرمی خەباتگێرانی کورد لەو پارچەیە، هاوکات ڕێکخستنی ئەقڵییەتێکی نیشتمانپەرەری لە باشووری کوردستانە بەڕێزتان پێویستی چالاکتر بوونی خەباتی کورد چۆن شرۆڤە دەکەن؟

سەرباز ساڵح
سەرباز ساڵح

سەرباز ساڵح: ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و به‌ دیاریكراوی حزبه‌ كوردییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستوودا بوون ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی زۆر چالاكی له‌ ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵات دروست بوون، نه‌یانتوانی ئیداری بده‌ن. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌هۆی ونكردنی ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌یان كه‌ ده‌بێت به‌دیهێنانی ئازادی بێت بۆ دانیشتوانی ڕۆژهه‌ڵات، كه‌تبوونه‌ گیانی یه‌كتری و ململانێكانیان گه‌یشته‌ ئاستی شكاندنی كه‌سایه‌تییه‌كان، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستانیش هه‌یه‌، من وای ده‌بینم دۆخی كاتین و تێده‌په‌ڕن بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تێكی وه‌ك ئه‌و جووڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕییه‌ی له‌م 15 ڕۆژی ربردوودا به‌شێوه‌ی “رێكخراو” بینیمان، زووم له‌سه‌ر ململانێی ناوخۆیی و كه‌سی لاچوو، هه‌موو لایه‌ك رووی كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر باسی داهاتووی ڕۆژهه‌ڵات، بۆیه‌ ده‌بێت حزبه‌كان بزانن به‌رگری و خه‌بات له‌پێناو كوردی ڕۆژهه‌ڵات كاری سه‌ره‌كییانه‌، ئه‌مه‌ قوربانی ده‌وێ به‌ دڵنیایی، به‌ڵام بۆ ئامانجێكی پیرۆزه‌، من له‌و باوه‌ڕه‌دا هیچ كه‌س خۆی له‌ شه‌هیدبوون ناشارێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌كان به‌ رژدی و به‌رده‌وامی چالاكی بكه‌ن.

ڕۆژی کورد: ئێوە لە نووسینەکانتاندا باس لە بوونی هەلێکی گونجاو بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن هاوسەنگیە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەو بیرکردنەوەیەتان بۆ کام چەمک گەل دەگەڕێتەوە؟

سەرباز ساڵح: له‌م ناوچه‌یه‌ی كوردی به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌، شڵه‌ژانی گه‌وره‌ هه‌یه‌، هیچ وڵاتێك ناوه‌ندێكی به‌هێزی نه‌ماوه‌، داعش سنووره‌كانی تێك داوه‌، بۆیه‌ ناكرێ ڕۆژهه‌ڵات له‌م كاروانه‌ مێژووییه‌ دابڕاو بێت، شانسێكی كورد له‌وه‌دایه‌ وڵاتانی دژ كاتیان نییه‌ بۆ پیلان دژی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ داعش به‌ره‌و كۆتاییه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ناو بچێت ده‌رفه‌تی وا نزیك دیار نییه‌ تا كورد بتوانێ سوودی لێ وه‌ربگرێ. من پێم وایه‌ سه‌ره‌تا حزبه‌كان و كوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێت خۆیان بسه‌لمێنن له‌ ناوخۆ، له‌ قۆناغه‌كانی تردا پشتگیری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشیان زۆر بۆ دێت. ئه‌گه‌ر پشتگیریش نه‌یه‌ت هه‌ر جوڵانه‌وه‌كه‌یان ره‌وایه‌، مادام خه‌ڵكی ناوخۆیان له‌گه‌ڵه‌ ده‌توانن بگه‌ن به‌ ئه‌نجام.

ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران کە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد لە باشووری کوردستانە بە هۆی چالاکی هێزی پێشمەرگەی “حدکا” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشە لە لایەنە سیاسیەکان دەکا پێتان وایە ئەو لایەنانە دەبێ تەسلیمی ئیرادەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بن؟

سەرباز ساڵح: وای نابینم هه‌رگیز بڕیاری سیاسیی كورد كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌رده‌چێ، خۆی ڕاده‌ستی ئێران كردبێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێران جگه‌ له‌ “هه‌ولێر” ده‌ستی به‌سه‌ر زۆر وڵاتی ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕوات، ڕەنگه‌ حیزب هه‌بێت به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران یان زۆر شۆڕبوونه‌وه‌ی بۆناو سیاسه‌تی ئێران نیگه‌ران بێت، له‌ كۆتاییدا ئه‌ویش ناتوانێ شتێك بكات ئه‌گه‌ر خه‌باته‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام گوشار هه‌ر هه‌یه‌، لێره‌دا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌توانن كارتی جیاواز به‌كار بێنن و نه‌یه‌نە ژێرباری هیچ گوشارێك، بۆ نموونه‌ ده‌توانن بوونیان بگوازنه‌وه‌ سنووره‌كان به‌ گششتیی، ئه‌وكاته‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ داوایان لێ بكات خه‌بات نه‌كه‌ن. بڕوام وایه‌ پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژووی، سیاسیی و كولتووری له‌ نێوان ئه‌و دوو به‌شه‌ی كوردستان هه‌یه‌ و هه‌رگیز دژی یه‌ك نابن وه‌ك ستراتیج، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوكاری هه‌ر ده‌بێت و سه‌ركه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان باشوو ده‌گه‌شێنێته‌وه‌.

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌باته‌ی ڕۆژهه‌ڵات بتوانێ كۆماری ئیسلامی سه‌رقاڵ بكات، گه‌وره‌ترین دیارییه‌ كه‌ پێشكه‌شی باشووری ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئێران به‌ جۆره‌ها شێوه‌ كار له‌سه‌ر لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ڕۆژی کورد: بیر و ڕای گشتیی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ پشگیریی نەتەوەیی لە خەباتی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سەرباز ساڵح: كوردی نیشتمانپه‌روه‌ر یان خۆی خاوه‌ن بیری نیشتمانیی له‌ هه‌ركوێی دنیا بێت دڵی به‌و ئازاره‌ دێشێ كه‌ له‌ دانیشتوویه‌كی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كه‌وێ، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناكۆكی حزبیشمان هه‌بێت له‌سه‌ر كوردبوون كۆكین. باشوور خاڵی هیوا و ژیانه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و ئه‌وه‌مان بینیووه‌، بۆیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش گرێی سه‌ر ده‌روونی هه‌موو كوردێكی پاكه‌ و به‌ كرانه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌ شادی نه‌ته‌وه‌یی ده‌مانگرێته‌وه‌.

ڕۆژی کورد : ئەرکی ڕووناکبیران و ڕۆژنامەنووسەکانی کورد لە باشووری کوردستان بۆ پشگیری لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ چی بێت؟

سەرباز ساڵح: كورد به‌ خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واره‌وه‌ ده‌توانێ رۆڵ ببینێ له‌و خه‌باته‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ تاراوگه‌ ده‌ژین ده‌توانن رۆڵی كارا ببینن، گرنگه‌ داوا بكه‌ین هه‌ر تاكێك به‌ ئاستی خۆی به‌شداری بكات له‌و خه‌باته‌، ئه‌گه‌ر نایشیكات با خیانه‌ت نه‌كات.

ئێمه‌ ئه‌زموونێكی درێژمان هه‌یه‌ له‌ بێ ده‌نگكردنی چه‌ك به‌رامبه‌ر ئێران، به‌ڵام ئه‌و رژێمه‌ ڕۆژێكیش نه‌هات داوای دانووستاندن بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی 12 ملیۆن كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی پێ مرۆڤ نه‌بن، ته‌نانه‌ت هه‌میشه‌ به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كات و دڕنده‌ترین فه‌رمانده‌كانی ده‌نێرێته‌ ناوچه‌كانی كوردستان، بۆیه‌ هیچ پاساوێك نییه‌ به‌ رای من بۆ دواخستنی خه‌بات له‌پێناو ئازادی. ئه‌و خه‌باته‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌كان ئیداره‌ی بده‌ن خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات خۆی ده‌یكات و ئاماده‌یه‌ بۆ قوربانی گه‌وره‌، چونكه‌ سته‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ قوڵ بووه‌ته‌وه‌ مرۆڤ هه‌ست ده‌كات مردن باشتره‌ له‌و ژیان، هیوادارم حزبه‌كان هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كه‌سی بخه‌نه‌ لاوه‌ و بۆ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ تێبكۆشن. به‌رپرسیارانه‌ بیر له‌ خه‌می خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات بكه‌نه‌وه‌. بچنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ونیان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان: ئامانجیان یه‌كه‌، خه‌باتیان یه‌كه‌ و دوژمنیان یه‌كه‌. ئیتر ناكۆكی تر هیچ به‌هایه‌كی نییه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودوکتور کامران ئەمین ئاوە: دەبێ لایەنەکان کاری هاوبەش بکەن، یەکتری قبوڵ بکەن
بابەتی دواترهاوار بازیان: پشت بەستن بە خەباتی مەدەنی لە سایەی كۆماری ئیسلامیدا تەنیا خۆ فریودان و بە فیڕۆدانی كاتە