هاوار بازیان: پشت بەستن بە خەباتی مەدەنی لە سایەی كۆماری ئیسلامیدا تەنیا خۆ فریودان و بە فیڕۆدانی كاتە

0
834

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، شەڕ لە چەندین ناوچەی وەک شنۆ، ڕەبەت، مهاباد، پاوە، بانە و مەریوان و سەقز کراوە، ڕژیم گورزێکی گەورەی لێکەوتووە و دەگوترێ زیاتر لە ١٧٠ کوژراو و برینداری هەیە، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم ڕیفۆرمخوازەکانی ناوخۆ و میدیای فارس و ئۆپۆزیسیۆنی فارس  بە گشتی دژ بە خەباتی چەکداری دەدوێن و بە کاولکاریی ماڵی خەڵک و ڕژانی خوێنی دەزانن و دەڵێن دەستکەوتی نابێ.

بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار هاوار بازیان، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، ئەنجام داوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

ڕۆژی کورد: پێویست بوونی بەرگری چەکداری هەنووکەیی لە خۆڕهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هاوار بازیان
هاوار بازیان

بازیان: مێژووی 37 ساڵی ڕابردووی پاش كۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕووداوەكانی چەند ساڵی ڕابردووی دەوروبەر، كوردی ڕۆژهەڵات دەخاتە بەردەم ناچارییەك كە ئەویش دەست بردنی دووبارەیە بۆ خەباتی چەكداری. كورد لەگەڵ ئێران سەرجەم ڕێگاكانی گفتوگۆ و ئاشتییانەی تاقیكردەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی بەخشیوە كە دیارترینیان قاسملوو و شەڕەفكەندی بوون كە بۆ چارەسەریی ئاشتییانە چووبوون، بەڵام بە تیرۆر وەامیان درایەوە. كورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات حەزی بە شەڕ و ئاژاوە نییە، بەڵام ڕژیم سەرجەم رێگەكانی تری لێ گرتووە. لە مەیدانی مەدەنیدا بە دەیان و سەدان كورد لە زیندانەكانی ئێران كراون و ئەگەر هیچ ئاسۆیەكی یاسایی و ناسەربازی بۆ مافی كورد لە ئێران شك ببەین، پێم وانییە كورد بەسەریدا باز بدات و بچێتە سەنگەری شەڕەوە! بەڵام ئەو ڕژیمە سەلماندوویەتی گفتوگۆ نازانێ، یانیش دەیزانێ و بە قازانجییەتی نەیزانێ! هەروەها رووداوەكانی تری ناوچەكە زیاتر هانی كوردی ڕۆژهەڵاتی داوە كە ئەگەر نەجووڵێ، دیسان پێویستە بە دەیان ساڵ لە ماتەمینی سیاسییدابی و تەنیا چاودێری گۆڕانكارییەكان بی كە ئەوەش بۆ هێزێكی شۆڕشگێڕی وەك دیموكرات بە 70 ساڵ خەباتەوە رەنگە كەسری شان بی!

ڕۆژی کورد: هۆکار،  بەستێن و دەسکەوتەکانی شێوازی بەرگری چەکداری دەتوانێ چی بێت ؟

بازیان: یەكەم دەستكەوتی خەباتی چەكداری، زیندووكردنەوەی دۆزێكی ڕەوایە لە ئێران كە ڕیشەیەكی كۆنی هەیە. شتێكی ساکارە كە هیچ هێزێكی شۆڕشگێڕ ناتوانێ قسەیەكی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ هەبێ ئەگەر پێشتر لە بواری چەكدارییەوە هێزی و چالاكی نەبووبێ. تێگەیاندنی كۆماری ئیسلامی لەوەی كە كوردی ژێردەستەی تارانیش وەك كوردی پارچەكانی تر چاوی لە مافە سەرەتایییەكانی خۆیەتی، پەیامێكی دیكەی ئەو جووڵە چەكدارییەیە. هەروەها دوانەكەوتنی لە كاروانی ڕزگاربوونی گەلانی ژێردەستە، هۆیەك و دەستكەوتێكی تری ئەو خەباتەیە بۆ ڕۆژهەڵات كە شتێكی پێویستە. كورد لە ئێران نزیكەی 10 ملیۆن كەسە و تا ئێستە 10 مافی سەرەتایی بۆ جێبەجێ نەكراوە، هەر ئەوە باشترین بەڵگەیە تا ئەو نەتەوە ژێردەسەتەیە هەرچی لەدەستی هات دژی دوژمنەكەی بیكا!

 ڕۆژی کورد: ئاوێتە کردنەوەی بەرگریی چەکداری و خەباتی مەدەنی ئاراستە کردییەکانی چۆن پێناسە دەکەن؟

بازیان: پشت بەستن بە خەباتی مەدەنی لە سایەی كۆماری ئیسلامیدا تەنیا خۆ فریودان و بە فیڕۆدانی كاتە لە بەرژەوەندیی دوژمندا! نابێ ئێمە وڵاتێكی وەك توركیا و كوردانی باكورر بە نموونەیەكی سەركەوتوو بۆ خەباتی شاخ و شار لە ڕۆژهەڵات وەربگرین، چونكە بارودۆخی حكوومەتی توركیا و هەمیش خەڵكی باكوور تەواو جیاوازە لەگەڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و فەرهەنگی سیاسیی خەڵكی ڕۆژهەڵات. خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەكی زۆر دەستكردە و دوژمن دەیهەوێ بە ئەنقەست دۆخێکی زۆر سنووردار و هەناسەدانێكی خۆی بۆ ئەو بەشە بكاتەوە تا كەمێك چەواشەكاری بكا بەوەی بەڵێ ئازادی هەیە و هەروها زۆرجاریش لەو ڕێگەوە دەنگە ناڕازاییەكانی شناسایی و دواتر دەستبەسەری كردوون. بەڵگەش ئەوەیە كە ئەوە 20 ساڵە بە ڕەسمی كورد لە ناو ئێران بەدوای مافەكانی خۆیدایە و لە پەرلەمان و ناوەندەكانی تردا هەوڵی داوە، بەڵام هیچی بەدەست نەهێناوە و تەنیا بووەتە كەرەستەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی و هەر سەرۆك كۆمارێك هاتبێ كۆمەڵێك بەڵێنی پێداوە و هیچ!

ڕۆژی کورد: شێوازی بەرگریی چەکداری دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوئاهەنگی یەکتر ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەڕێوە بەرن پێتان وایە ئەقڵییەتی کردەیی بۆ بەڕێوە چوونی ئەرکێکی شیاو چەندە ئیمکانی کردەیی هەیە ؟

بازیان: بەداخەوە نەخێر، تا ئێستە ئەو ئەقلیەتە لای سەرجەم هێزەكان درووست نەبووە كە بۆ خەباتی چەكداری، یەكدەنگ بن و هاوكار و هاوئاهەنگی بكەن، ئەگینا پێموایە بەیەكەوە دەتوانن تۆڵەی 37 ساڵ فێڵ و تیرۆر و چەواشەكاری دژی كورد لە كۆماری ئیسلامی بكەنەوە ئەگەر یەكگرتوو بن و بەیەكەوە ڕوو لە شاخ بكەن.

ڕۆژی کورد: هێزە نیشتمانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەماهەنگێکی شیاودا کە ئاماژەتان پێکرد دەتوانن ئەو ئەزموونە بۆ دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسیش بەکار بێنن. ئایا ئەو هاوکارییانە چەندە بۆ گەیشتن بە ئەقڵییەتیکی سیاسی – دێموکراتیک و پلۆراڵ دەبێتە پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە ؟

بازیان: ئەگەر ئەمڕۆ لەو دۆخەدا هێزەكان لێك نزیك نەبنەوە و هاودەنگ نەبن، بەڵگەیەكی تاڵ و ناخۆشە بۆ ئەوەی پێشبینی بكەین لە دواڕۆژیشدا بەیەكەوە هەڵناكەن. چونكە ئەگەر ئەمڕۆ دوژمنێكی وەك كۆماری ئیسلامی یەكیان نەخات، زۆر ئەستەمە سبەی لە سنە و مهاباد و ئیلام دەنگی یەكتری قبووڵ بكەن كە ئەوەیان بەڕاستی كارەساتێكە گەورەتر لە ئێستای كۆماری ئیسلامی!

ڕۆژی کورد : ئەگەر پرسێک هەیە کە لە پرسیارەاکندا ڕۆژی کورد نەیتوانیوە ئاورییان لێ بداتەوە دەتوانن باسی بکەن

بازیان: یەكەم پێویستی بۆ سەركەوتنی شۆڕش بەهەموو جۆرەكانییەوە، بوونی هاوكاری و لێك تێگەیشتنە لەنێوان هێزەكانی شۆڕشگێڕ بەگشتی كە ئەمڕۆ لە مەیدانی ڕۆژهەڵاتدا ئەوە نابینرێ. پێم باشە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەوەندەی كار لەسەر بووژاندنەوەی ژیلەمۆی خەبات دەكا، ئەوەندەش بە بەرنامە و پلانەوە بچێتە لای هێزەكانی تری شۆڕشگێڕ و ئەوانیش ڕاكێشی ئەو خەباتە بكا، بەتایبەت كە هەموویان باش دەزانن كۆماری ئیسلامی حسێبیكی زۆر تایبەت و گرینگ بۆ یەك تەقەی كورد لە ڕۆژهەڵات دەكا.

ڕۆژی کورد : بەریز هاوا بازیان ڕۆژنامەنووس و شارەزایی دۆزی کورد سپاس بۆ کات و ڕاتان

بازیان: بژین و سەركەوتوو بن

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت