حیزبی دێمۆکرات و رای گشتی داوای روونکردنەوە له‌ حکومەتی هەرێم دەکەن

0
2597

پاش ئەوەی سۆران سەقزی، میدیاکاری ناسراوی کورد و ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی كوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا، حیزبی دیمۆکرات داوای روونکردنەوە و بەدواداچوون لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکات.

سەر لەئێوارەی رۆژی رابردوو سۆران سەقزی لە ناو ریستۆرانتەکەی خۆی لە شاری هەولێر بە زەبری گولە گیانی لەدەست دا، بەڵام شێوەی گیانلەدەستدان و هەروەها لێدوانی پۆلیسی هەولێر گومانی لەسەر راستیی رووداوەکە دروست کردووە.

لە کاتێکدا هێشتا پزیشكی دادوەریی شاری هەولێر لێکۆڵینەوه‌ی لەسەر تەرمی ناوبراو نەکردووە، پۆلیسی هەولێر بە دلنیاییەوە بەپێی لێدوانی هەندێ کەس، ئەو رووداوەی به‌ خۆکوشتن لەقەڵەم دا.

شەوی رابردوو هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خەبەری گیان لەدەست دانی سۆران سەقزی بە زەبری چەک، بەشیک لە هاورێ نزیکەکانی لە باشووری کوردستان لە تۆڕی کۆمەلایەتیی فەیسبووک رایانگەیاند، کە سۆران سەقزی بە زەبری چەک کوژراوە.

هاووڵاتیان رایانگەیاندوە، پۆلیسی شاری هەولێر به‌ هۆی شاردنەوەی چەند جارەی راستییەکان متمانەی خۆی لەلای هاوولاتیان لەدەست داوە و لێدوانی بە پەلەی پۆلیسی هەولێر لەسەر رووداوی کوژرانی سۆران سەقزی گومانەکانی چەند قات زیاتر کردووە.

هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانەکەی روون نەبۆتەوە، بەڵام پێدەچێ حکوومەتی هەرێم لەژێر گوشاری رای گشتیدا راستیی رووداوەکە ئاشكرا بکات.

پێشتریش لە رووداوی هێرش و لێدانی فەرهاد پیرباڵ، میدیاکانی باشوور پاکانەیان بۆ هێرشبەرەکان دەکرد، کە وەک خۆیان باسیان دەکرد، “بە سووتفە” تووشی کەسیک بوون کە شایەتی بە دژی فەرهاد پیرباڵ ئەدا، بەڵام دواتر ئەو کەناڵانە لەژیر فشاری رای گشتیدا ئەو لێدوانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سرییەوە.

سۆران سەقزی، پێشکەشکاری بە توانای کورد و هاوکات ناسراو و خاوەن پێگەی جەماوەری بوو کە ماوەی زیاتر لە ١٠ سال بوو لە کەناڵەکانی راگەیاندندا سەرقاڵی چالاکی بوو.

یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی سۆران سەقزی کەچەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ سۆران سەقزی قسەی کردووە رایگەیاند، ناوبراو هیچ گرفتێکی دەروونیی نەبووەو هاوکات پۆستە فەیسبووکییەکانی سۆران سەقزیش ئاماژە بۆ هیچ گرفتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ناوبراو ناکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت