سەنتەری میترۆ لەسەر کوژرانی سۆران سەقزی داوای روونکردنەوە دەکات

0
2276

سەنتەری میترۆ لەرێگەی راگەیەنراوێكەوە داوادەكات، زانیارییەكان لەسەر روداوی كوشتنی سۆران سەقزی میدیاکاری ناسراوی کوردەوە هێندە ورد بێت، گومانەكان بڕەوێنێتەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، لە راگەیاندراویکدا داوای کردووە”دەبێت زانیارییەكان لەسەر روداوی كوشتنی میدیاكاری پێشووی كەناڵی كوردسات هێندە ورد بێت گومانەكان بڕەوێنێتەوە”.

لە راگەیەنراوەكەی سەنتەری میترۆدا هاتووە”رۆژی دوو شەممە لە شوێنی كارەكەی لە سەر شەقامی سەدمەتری شاری هەولێر، سۆران سەقزی پێشكەشكاری بەرنامەی سەیرو سەفەری كەناڵی كوردسات، بە كوژراوی دۆزرایەوە”.

هاوكات راگەیەنراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە رەسمی رایگەیاند سۆران سەقزی میدیاكار لە كەناڵی كوردسات “لە رێستۆرانتەكەی خۆی لە شاری هەولێر، بە فیشەكێك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە‌. بەپێی قسەی هاوڕێكانیشی بێت، پارەیەكی زۆر قەرزار بووە، بۆیە خۆی كوشتووە”.

میترۆ هەواڵێكی كەناڵی كوردسات دەكاتە پێشینەو باسلەوە دەكات، بەڵام كەناڵی كوردسات لە هەواڵێكدا رایگەیاندبوو”شەوی ڕابردوو لە ڕوداویكی تەم و مژاویدا لە شاری هەولێر میدیاكار سۆران سەقزی گیانی لەدەستدا”.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لە كاتێكدا هاوخەمیمان بۆ خانەوادەی ئەو میدیاكارە دەردەبڕین رایدەگەیەنین”سۆران سەقزی خۆی كوشتبێت یان كوژرا بێت دەبێت زانیارییەكان لەسەر روداوەكە هێندە ورد بن گومانەكان بڕەوێنێتەوە”.

سەنتەری میترۆ تۆڕی پاریزەرانی خۆبەشی (بە شەراكەت لەگەڵ میترۆ كار دەكات) راسپاردووە، بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە بكەن و رای گشتی لێ ئاگاداربكەنەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

میترۆ لە ساڵەكانی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015، 2016 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت