کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٧

0
1832

سۆران کەرباسیان

یەک لە خاڵە بەهێزەکانی ئێرانییەکان، بوونی هاودەنگیی لە نێوانیاندا لە بەرانبەر ئەو هێزانەیە کە پۆتەنسیەلی جیابوونەوەیان لە ئێران هەیە. ئەمە وەک مشوورێکی تایبەت پێوەندی بەوە نەداوە کە ئەو هێزانە لە بەرەی پۆزیسیۆن‌دا بن یان ئۆپۆزیسیۆن. ئەوان لە مێژووی هاوچەرخیاندا سەلماندوویانە کە لە هەر زەمەن و بەرەیەکدا ڕۆڵی سەرەکی خۆیان دەپارێزن کە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەی سەردەست و زمانەکەیانە. ئەو هێزانە لە کاتێکدا کە جووڵەیەک لە کوردستان‌دا بە جددی بگرن، سەرەتا هەوڵدەدەن بزوتنەوەی کوردستان بە ئێران و لایەنی خۆیان بلکێنن و وەک هێزێکی هاوبیر و ئێرانی بەسەریدەکەنەوە و لە ئەگەری بوونی هەڵوێستی جددی لەسەر مافە نەتەوەییەکانی کوردستان، لە بەرانبەریدا جەبهە دەگرن و وەک مەترسییەک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەڕواننە کوردستان. لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دژی حکومەتی پەهلەوی هەڵوێستی ڕاشکاوانەی دەربڕیبوو و لەم پێناوەدا قوربانی دەدا، هەر لایەنە بە بیانوو و ناوێکی تایبەتەوە هەوڵی دەدا کوردستان وەک لایەنێکی نزیک لە خۆی و لە هەمان کاتدا وەک لایەنێکی ئێرانیی بەسەرکاتەوە. نموونە بۆ سەلماندنی ئەم دەربڕینە یەکجار زۆرە و لە بابەتەکانی دادێ‌دا بە بەردەوامیی نموونە بۆ دروستبوونی ئەم خوێندنەوەیە لە ڕووی سەرچاوەگەلی ناکوردیی بڵاودەکرێتەوە. لێرە نموونەیەک وەک دەستپێکی ئەمجۆرە هەڵوێستە لە لایەن هێزە ناکوردییەکان دەخرێتە بەرچاو.

لە کاتێکدا کە شەقامی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌ دژ بە موحەممەد رەزا پەهلەوی هاڵؤزبوو و لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی دژبەرانەی کوردەکان بەرزببۆوە، شەریعەتمەداری نامەیەکی بۆ عێزەدین حوسێنی نارد. حوسێنی لەو کاتدا ئیمامی جومعەی مەهاباد بوو. شەریعەتمەداری‌ش کە لە مەلا جێمتمانەکانی شیعەکانی ئێران دەژمێردرا، پێگەیەکی تایبەتی لە قوم هەبوو. شەریعەتمەداری ئەو کەسە بوو کە پێشی بە ئێعدامی خومەینی گرت و پێشنیاریکرد کە خومەینی بکرێتە «مەرجەعی تەقلیدی»ی شیعەکان بۆئەوەی مەحاکەمە و ئێعدام نەکرێت.[1]

وەک لە داهاتوودا بە وردیی باس و بەڵگەی پێویست دەخرێتە بەرچاو، هیچ گومانێک بۆ کەسێکی شارەزا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا لەمەر بۆچوونەکانی شێخ عێزەدین حوسێنی نییە. هەموو شارەزایان ئاگادارن کە حوسێنی سەرەڕای ئەوە کە کەسایەتیەکی ئایینی و ئیمام جومعەی مەهاباد بوو، بەڵام لە سیاسەتدا لەسەر دوو خاڵ پێداگربوو و ئەو دوو خاڵەش بریتی بوون لە:

١) لەسەر ئەوە کە پرسی کورد پرسێکی حقووقیی بوو و دەبێ لە ڕێگەی دەستوورێکی دێمۆکڕاتیک چارەسەر کرابا.

٢) دین لە خەباتی سیاسیی حوسێنی‌دا پێگە و بایەخی نەبوو و خوازیاری کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی بە دەستهەڵاتداری ئیسلام نەبوو.[2]

بەم ڕوونکردنەوەیە، سەرنجڕاکێشبوونی دەقی پەیامەکەی شەریعەتمەداری دەردەکەوێت. شەریعەتمەداری لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گوایە شێخ عێزەدین حوسێنی پشتیوانی لە مەلاکانی قوم کردبوو و هەروەها خوازیاری بەڕێوەبردنی ڕێساکانی ئیسلامیی لە ئێران‌دا بوو.[3] ئەو خاڵانەی کە لەم پەیامەی شەریعەتمەداری‌دا جێگەی سەرنجن بریتین لە:

١) هەوڵی بەئێرانیبوونی جوڵەی کوردستان دراوە و نوێنەرێکی کوردەکانیشی وەک هاوبیری خۆی پۆلێنبەندیکردووە.

٢) سەرەڕای ئەوە کە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌دا قوربانی دابوو، ئەو تەنیا قوربانییەکانی مەهاباد و بۆکان‌ی بەسەرکردبۆوە.

لێرەدا لە درێژەی خەباتی کوردەکان لەبۆ ڕووخانی پەهلەوی، کورتە ئاماژەیەک بە چەند شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

ڕۆژی حەوتەمی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٨ی زایینیی دوکان و بازاڕەکانی کرماشان سەرلەنوێ داخرابوون. ئەڕتەش تەواوی شاری گرتبوو. کەسایەتییە ئایینییەکانی کرماشان‌یش لە پاڵپشتیی جەماوەری شار داخستنی مزگەوتەکانی کرماشان‌یان ڕاگەیاند. کەسایەتییە ئایینییەکان داوایانکردبوو کە خەڵک بۆ پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانییانی ڕۆژانی پێشتر، سەردانی بنەماڵەی قوربانییەکان بکەن و خەم و پەژارەی خۆیان دەربڕیبا. لە کرماشان زۆربەی چین و توێژەکانی شار بە جۆرێک چالاک بوون و لە پەنای یەکتردا وێنەیەکی تەواو دژەپەهلەوی‌یان لەو شارە کەونەی کوردستان سازکردبوو.

کارمەندەکانی ئیدارەی کارەبا کۆمەڵێک ویست و داواکارییان هەبوو و بە مەبەستی دابینکردنی داواکارییەکانیان، گەڵاڵەیەکی بیست مادەییان ئامادەکردبوو. ئەوان دەیانتوانی کە کارەبای شار بوەستێنن، بەڵام بەهۆی ئەوە کە زەرەرەکەی زۆرتر لە خەڵکی شار دەکەوت، ئەو کارەیان نەکرد.

کانوونی مامۆستایانی کرماشان‌یش یەکەمین دانیشتنی خۆیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد و لەسەر پێشنووسی دەستووری نێوخۆیی خۆیان قسە و باسیان ئەنجامدا. مامۆستایانی کرماشان هەروەها ڕایانگەیاند کە لەبەر ئەوەی چەکدارانی حکومەتیی کۆنترۆڵی چالاکییەکانیان دەکەن، هەربۆیە تا حەوتوویەک دوایە ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار.[4]

لە قەسری شیرن مامۆستایان و کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی ئەو شارە لەگەڵ کارمەندەکانی ئیدارەی پۆستی سەرپێڵی زەهاو و خوسرەوی مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند. مەدرەسەکانیش لە قەسری شیرن بە تەواویی داخران.[5] لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە شاری ورمێ کارمەندەکانی بیمارستانی مۆعتادەکان و نەخۆشە دەروونییەکان لەگەڵ کارمەندەکانی کۆشکی گەنجەکانی ئەو شارە مانیانگرت.[6]

لە ئیلام‌یش ڕێپێوانێک لە مەدرەسەیەکەوە دەستپێکرا، بەڵام بەهۆی تەقەکردنی چەکدارانی ئێرانیی بەرانبەر خەڵکی سیڤیلی کورد، درێژە بە ڕێپێوانەکان نەدرا.[7] کارمەندەکانی بێهداری و بێهزیستی‌ش مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و ویستی خۆیان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیان بە سەرۆکی پارێزگای خۆیان بە ناوی ئەفراسیابی گەیاند.

لە شاری کوردیش چەند کەس لە شارومەندانی ئەو شارە سکاڵای خۆیان لەسەر چەکدارانی حکومەت ڕاگەیاند کە لە جلی شەخسیی‌دا دەستدرێژیان کردبوو سەر قوتابییەکان کە ڕێپێوانیان کردبوو و لێیاندابوون. جگە لەوە کە ئۆرگانە حکومەتییەکان لەم کارە ناژیارانەی چەکدارانی ئێرانیی ئاگادارکرابوون، دوکان و بازاڕی ئەو شارەش بە گشتیی داخرابوو بۆئەوەی تووڕەیی خۆیان لە کردەوە ناشارستانییەکانی بەرپرسانی حکومەتی ئێران دەربڕن.[8]


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت