کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی ١٢

0
1119

سۆران کەرباسیان

کرماشان دوو ڕۆژ بوو شەتڵانی خوێن کرابوو. ڕۆژی سێهەم لە لایەن کەسانی ئایینی ئەو شارەوە داواکرا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی شار لە مزگەوت کۆببنەوە.[1] خەڵک پشتیوانییەکی گەرمیان لە قوربانیان و داواکارییەکانی خۆپێشاندەران دەربڕی.[2] هاوکات مامۆستایانی کرماشان لە نێو ئیدارەی گشتیی فێرکاری و پەروەردە‌دا سەرلەنوێ خڕبوونەوە. یەک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کرماشان لەو ڕۆژەدا بێڕێزیی بەرپرسانی حکومەت و کردەوەی نائەخلاقیی کاربەدەستانی حکومەت لە چەند ڕۆژی پێشووتردا بوو.[3]

کورتەیەک لە ڕاپۆڕتی درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٣ی ١٠ی ١٩٧٨ی زایینیی)[4]

لە کرماشان بە پێی ئامارێکی فەرمیی چوار کەس کوژراون. جگە لە کرماشان لە شارەکانی ورمێ، بانە، خوڕەم‌ئاوا و دووروود خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لە دووروود و ورمێ ڕێپێوانەکان بە تێکهەڵچوونی جەماوەر و پۆلیس گەییشت. لە تێکهەڵچوونەکەی دووروود دوو کەس کوژران. لە ورمێش سێ کەس بریندار بوون.

ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کرماشان بەردەوامە. دوێنێ نێوەڕۆیە مامۆستایانی هەورامانات، شائابادی ڕۆژئاوا، قەسری شیرن، گیلانی ڕۆژئاوا، سونقوڕ، سۆمار، نەوت‌شا، کەرەند، سەحنە، تەنگاوەر و هەرسین خۆیان گەیاندە کرماشان و پاڵپشتیی خۆیان لە مامۆستایانی کرماشان ڕاگەیاند. هەر بەم هۆیەوە قەتابخانەکان و فێرگەکانی هەموو ئەو شارانە داخرابوون.

نوێنەری قوتابیان و خوێندەکارانی کوردیش بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆیان لە مامۆستاکانیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە هەتا داواکاریی مامۆستاکانی کورد بەدینەکرێن، ئامادەنین بچنەوە سەر کلاسەکانیان. هەربۆیە هەوڵی کاربەدەستانی حکومەتی بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان بە تەواویی بێ‌ئاکام ما. بە دوای ئەمە دا قوتابخانەکان و فێرگەکانی یازدە شاری ناوبراویش داخران و قوتابییەکان ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کلاسەکانیان. [تیبینی: بە پێی ئەو ناسینەی کە نووسەری ئەم بابەتە لە کۆمەڵگای کوردستان هەیەتی، زۆرتر لەوە دەچێت کە دایک و باوکی قوتابیان هەڵوێستیان گرتبێ و بە مەبەستی پشتیوانیی لە مامۆستایانی کورد مناڵەکانیان نەناردبێتەوە قوتابخانە، یان فێریان کردبن کە نەچنەوە. مناڵانی کورد بە تایبەتیی لە قۆناخی سەرەتایی‌دا تێگەییشتنێکی ئەوتۆیان لە سیاسەت و داواکاریی مامۆستایانی خۆیان نەبووە و ناکرێ ئەمە بەم شێوەیە سەیر بکرێت کە قوتابیانی پێنەگەییشتووی کورد لەو زەمەندا خاوەن خوێندنەوە و هەڵوێستی سیاسیی بووبن. ئەمە کە چما و بە چ مەبەستێک ئەو ڕاپۆڕتە لە لایەن ڕۆژنامەوانی ئێرانیی بەم جۆرە گەڵاڵەکراوە، ناڕوونە!]

ناسر ئێراندووست ڕۆژنامەوانی ئامادەبوو لە کرماشان لە زمان مامۆستایانەوە نووسیبووی کە سەرەڕای ئەوەی مامۆستاکان بە شێوەیەکی هێمن بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆیان دانیشتبوون، بەڵام چەکدارانی حکومەتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و کەسایەتی مامۆستایان، هێرشیان کردبوونە سەر و بە شێوەیەکی ناژیارانە لەگەڵ مامۆستایانی کورد هەڵس‌وکەوتیان کردبوو. مامۆستایانیش هەر لە کاردانەوەی ئەم کردەوە ناشاراستانییەدا بوو کە مانگرتنیان دەستپێکرد. مامۆستایان وێڕای ئەوە کە گەرەکیان بوو وەڵامی ئەرێنی بە داواکارییەکانیان بدرێتەوە، خوازیاری ئەوەش بوون کە دڵی ئەو مامۆستایانەش بەدەستبهێندرێت کە لە لایەن چەکدارانی حکومەتەوە هێرشیان کرابوو سەر و بریندار ببوون.

دوێنێ نێوەڕۆیە بازار و دووکانەکانی کرماشان بە تەواویی داخران. حکومەت تانک و چەکدارانی خۆی نارد بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی شارەکەی بەدەستەوە بێت. هاوکات یەک لە بریندارەکانی پێشوو کە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، مرد. سادق سابوونی چوارەمین کوژراوی خۆپێشاندەرانی کرماشانی لەو چەندڕۆژەدا بوو. دۆخی بەشێکیش لە بریندارانی خەوێندراو لە نەخۆشخانە نالەبارە.

لە شارۆچکەی دووروود بە هەمان شێوە ڕێپیوانێک دژ بە حکومەتی پەهلەوی ڕوویدا. چەکدارانی حکومەتی تەقەیان لە جەماوەر کرد بۆئەوە بڵاوەیان پی بکەن. لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا دوو کەسیان کوشت. بە دوای تێکهەڵچوونێک کە لە نێوان جەماوەری سیڤیلی کورد و چەکدارەکانی پەهلەوی ڕوویدا، خەڵکێکی زۆریش برینداربوون.

پێرێ شەویش هەزاران کەس لە مزگەوتی گشتیی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان بەرەو شەقامی پەهلەوی کشاند. دروشمی ئازادیخوازانەیان دەدا و بەرەو پێش دەڕۆییشتن کە دوو سەری شەقامەکە لە لایەن چەکدارانی ڕێژیمی پەهلەوی گیرا. تەنیا ڕێگەیەک کە بۆ جەماوەر مابۆوە، بەرگریی لە خۆیان بوو و تێکهەڵچوون دەستیپێکرد. دوو کەس لەم هاڵۆزییەدا کوژران و بەشێکیش لە جەماوەر بە شێوەیەکی دڵتەزێن برینداربوون. جیا لەو بریندار و کوژراوانە، چەکدارانی حکومەت خەڵکێکی زۆریان دەستبەسەرکرد. لە شاری جیرانەوە چەکداری دیکەیان بۆ یارمەتیی ناردە دووروود و لەم ڕێگەوە توانیان کۆنتڕۆڵی شار بەدەستەوەبگرن. دوێنێ مامۆستایانی دووروود ڕێپێوانێکی بەرین و هێمنانەیان ئەنجامدا.

لە شائابادی ڕۆژئاواش تەواوی مامۆستایان مانگرتنی خۆیان ڕاگەیاند و لە شيقامەکانی ئەو شارە ڕێپێوانیانکرد. ئەو مامۆستایانەش کە لە ڕۆژی شەممۆی ڕابوردوویەوە نەچووبوونەوە سەر کلاس، لە دەفتەری ناوەندی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە هەتا داواکارییەکانیان مسەوگەر نەبێت، واز لە مانگرتنیان ناهێنن.

داوای لێبوردن

ئەمڕۆ بەیانی تیمسار سەرتیپ حەمیدی، سەرۆکی شارەوانییەکانی کرماشان لە شوێنی مانگرتنی مامۆستایانی کرماشان ئامادەبوو و داوای لێبوردنی کرد.

مامۆستایانی کرماشان لە وەڵام‌دا گوتیان: هەتا ئازادکردنی قوتابیان و مامۆستایانی دەستبەسەرکراو و دەستبەسەرکردنی تاوانباران و هێرشکەرانی سەر مامۆستایان ئامادە نین واز لە مانگرتنی خۆیان بهێنن.

لە مەهاباد و بۆکان‌یش ڕێپێوانی بەرین لە لایەن جەماوەری ئەو دوو شارەی موکریانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە هەردوک شاریش چەکدارانی حکومەتی لەگەڵ کوردەکان تێکهەڵچوون و دوو کەس لە کوردەکانی بۆکان کوژران. کەسێکیش لە مەهاباد کوژرا. لە سەرەتای حەوتوویەوە تا ئێستا دوو جاران ڕێپێوانی بەرین لە مەهاباد ئەنجامدراوە و جیا لەو کوژراوەی باسکرا، سێ کەس بریندار بوون. بەشێکی بەرچاوی زانایان و خەڵکی مەهاباد لەو ڕێپێوانەدا بەشداربوون.

دوێنێ لە ئیلام‌یش کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی لە شەقامی خەیام ڕێپێوانیانکرد. خۆپێشاندەران لە کاتێکدا کە دروشمیاندەدا، تایەری کۆن و داریان ئاگرتێبەردا و ڕێگەیان بەست. ئینجا لە شەقام‌دا وەڕێکەوتن و شووشەکانی ئیدارەکانی حکومەتیان شکاند و ئاگرتێبەردا.

‌‌


سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.





سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت