ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێڕی نەغەدە، ڕۆژی پێنج شەممە 14ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی دوو شاخەوانی کورد لە باژێری نەمر محەممەد ئەوراز بە ناوەکانی مەنسوور گوڵاوی و زاهیر مینایی ئەندامی یانەی شاخەوانیی شاری نەغەد و هەروەها ئاگری خزری، ئەندامی یانەی شاخەوانیی چیا ـی شاری شنۆ توانیان لە هەڵمەتێکی ٢ ڕۆژەدا بە سەرکەوتنەوە بگەنە دووندی چیای دەماوەند.
ئەو سێ شاخەوانە کوردە بە هەڵگرتنی درووشمی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران” ئەو چالاکییەیان وەڕێخست و توانیان چیای دەماوەند ببەزێنن.
لەو هەڵمەتە وەرزشییەدا، شاخەوانانی کوردی نەغەدەیی هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ دووحەوتوونامەی “جامعە کوردستان”ـی نەغدەش ڕاگەیاند.
لەم چالاکییە وەرزشیەدا هەروەها بەشێک لە شاخەوانانی کوردی ئیلامیش بەشدار بوون.
لە دوای بەزاندنی دەماوەند و سەرکەوتن بەسەریدا، ئەو شاخەوانە گەنجە کوردانە یادی دوو شاخەوانی نەمری کورد بە ناوەکانی “موقبل هونەرپەژوو” و “محەممەد ئەوراز”یان کردەوە.
کەسێکی ئاگادار لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە ئەو چالاکییەی ئەو شاخەوانە کوردانە لە لایەن کەسانی بیانی کە لە شوێنەکە ئامادەبوون، زۆر بە ڕێزەوە سەیری کرا و گوتوبێژی نێوان شاخەوانانی کورد و کەسانی بیانی بەشێکی بەرچاوی ئەو سەرکەوتنە و گەیاندنی درووشمی “نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران” بوو.