ئەمڕۆ ١٨ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆری ناجوانمیرانە و دژە مرۆڤیی لاوێکی مهابادی بەناوی شوانەی سەید قادری لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ڕۆژی کورد: سەعات 7و نیوی ئێوارەی رێكەوتی 18ی پووشپەڕ، لاوێكی شۆڕشگێڕی مەهابادی بە ناوی “كەماڵ ئەسفەرەم” ناسراو بە “شوانەی سەید قادری” خەڵکی گەڕەکی پشت تەپ لە شاری مهابد وێڕای چەند هاوڕێیەکی خۆی دەكەونە ناو بۆسەی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهاباد و سەرەنجام وێڕای ئەوەیكە شوانە بەهۆی تەقەی هێزەكانی ڕژیم بریندار دەبێت، هێزەكانی ئیدارەی ئیلاعات جەستەی برینداری ناوبراو لەپشت ئۆتۆمبێلێك دەبەستنەوەو لەناو شار ڕاكێشی دەكەنو سەرەنجام شوانە دەكەوێتە ژێر دڕندانەترین ئەشكەنجەكانو گیانی لەدەست دەدا.
هۆکاری ئەو جیناتە نامرۆڤانەیەی ڕژیم دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی شوانە و هاوڕێیانی لە چەند دۆخ و کاتی جیاواز و یەک لەوان لە کاتی هەڵبژاردندا کە چەند سەندووقێکی دەنگدانیان ئاگر تێبەردا.
هەروەک لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێ جیا لەوەی کە ئاسەواری لێدان و ڕاکێشان بە دوای ترۆمبیل لەسەر جەستەی شێواوی شوانە دیارە، لە هەمان کاتدا لە شاری ورمێ، گورچیلە و بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی دەرهێنرابوو.
بەدوای ئەم جەنایەتە نامرۆڤانەیە تەرمی شوانە بە مەبەستی چاوترسێن كردنی خەڵكی شاری مەهاباد ڕادەستی بنەماڵەكەی دەكرێتو دیمەنی تەرمی شوانەو بڵاوبوونەوەی خێرای ئاسەواری ئەشكەنجە دەستبەجێ هەر ئەم شەوەو ڕۆژی دواتری ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەرینی خەڵكی شاری مهاباد دەبێتەوە. دوای كەمتر لە2 ڕۆژ شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان گەیشتە شارەكانی سەقز، سنە، كرماشانو سەرەنجام زۆرینەی شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەدژی ئەم جینایەتە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز كردو خوازیاری ئاشكراو دادگایی كردنی بەڕێوبەرانی ئەم جەنایەتە بوون.
ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات كە نزیك بە 3 حەوتووی خایاند، وێڕای ئەوەیكە لەلایەن دامو دەزگانی ڕژیمەوە هیچ وڵامێك بە خواستی خەڵك نەدرایەوە بەپێچەوانەشەوە تەوژمی سەركوتی خەڵك كەوتە قۆناغی چەندقاتبوونەوە، تا ئەو جێگایەی لەشاری سەقز، ڕژیم بە هێڵیكوپتێر تەقەی لەخۆپێشاندەران كردو چەندین كەسی دیكە لەشارۆمەندانی مەدەنی گیانیان بەخت كرد.