بەرز و پیرۆز بێ ١١٨هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی کوردی

0
3090

١١٨ ساڵ بەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردیدا تێپەڕی.

بوونی ئەو مێژووە پڕ پیت و بەرەکەتە لە ڕۆژنامەگەری، ئەویش بۆ نەتەوەیەکی بێ وڵات و ئاخ داگیرکراوە لەوانەیە بۆ خودی کورد کە خاوەنی ئەو مێژوو و مەزنایەتییەیە، زۆر بەرچاو یان گرنگ نەبێ، بەڵام گرنگی و مەزنایەتیی ئەو مێژوویە کاتێ دەردەکەوێ کە بە چاوێکی دەرەکی چاو لە بابەتەکە بکەی و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەی.

نەتەوەیەک کە زمان و خاک و هەرچی هێما و پیرۆزییەکەیەتی داگیر کراوە، بە زمانی خۆی نەیخوێندووە و بە هۆی نەبوونی دەوڵەت، خەتێکی نووسینی دیاریکراویشی نەبووە، بەو حاڵەشەوە ١١٨ ساڵ لەمەو پێش دەستی کردووە بە هەوڵ و چالاکی و بەرخودان بۆ خەبات لە واری میدیایی و ڕۆژنامەگەریدا. بە سەرنجدان بەو فاکتەرانە کە باسیان لێوەکرا، دەکرێ هەوڵ بۆ دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی ئەویش لەو سەردەمە لە دیرۆکدا بە یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکانی کورد لە بواری پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی و بەرەو گەیشتن بە مافەکانی خۆی ئەژمار بکرێت. گرنگی ئەو مژارەش کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە ڕێژەی خوێندەواریی کورد لەو سەردەمە بزاندرێ.

یەکێکی تر لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەو مژارە، هەوڵی زۆر و نەبڕاوە و نەگۆڕی دامەزرێنەرانی ڕۆژنامە و باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردە کە لە ژێر کارتێکەریی هیچ کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەیەکدا نەسڵەمینەوە و دیارییەکیان بۆ کورد نەخشاند کە تا بە ئەمڕۆش شانازیی کورد و کوردستانە و هەر چوار پارچەی کوردستان بێ ئەملا و ئەو لا خۆیان بەمیراتگری ئەو دیرۆکە و ئەو خەباتە دەزانن.

لێرەدا وێڕای پیرۆزبایی لەسەرجەم ڕۆژنامەوانانی کورد بە گشتی و ڕۆژنامەوانانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هاوکارانمان لە ڕۆژی کورد بەتایبەتی و سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ هەنگاوێکیان بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی ناوە، بۆ بیرهێنانەوە و ڕێز گرتن لە یادی ١١٨هەمین ساڵوەگەڕێ ڕۆژنامەگەریی کوردی، سەرەڕای ئەوەی کە پێویست بە ئاماژەیە کە دۆخی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێستای کوردستان لە هەر چوار پارجە لێک جیاوازە و لە زۆر ڕەهەندیشەوە کەسانی پسپۆڕ لە بواری زمانەوانیی کوردی و هەروەها ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕەخنەی بەجێ و شیاویان لە ۆژنامەگەریی کوردی بەتایبەتی لە کوردستانی باشوور هەیە کە ئەم ڕەخنانە لە چەند ڕووی زمانەوانی و هەروەها ئەرکی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا خۆی دەبیننەوە و لەم باسەدا ناکرێ خەسارناسیی ئەو باسە بکەین و ئەم هەویرە ئاوێ زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە ڕاڤەی تایبەتی هەیە، کورتە مێژوویەک لە ڕۆژنامەگەریی کوردی لە “ڕۆژنامەگەری کوردی، نوسینی مستەفا رابەر” دەخەینە بەر دیدەی خوێنەرانی ڕۆژی کورد.

کورتە مێژوویەک لە ڕۆژنامەگەریی کوردی:

داھێنانی ئامێری چاپ لە سەدەی پانزەھەمی زاینی دا لە سەردەستی مسگەرێکی ئەڵمانی یوحەنان گۆتەنبەرگ داھێنراوە گۆتەنبرگ (١٣٩٨- ١٤٦٨) لەو دا‌ھێنانەیدا ھیچ سود و دەسکەوتێکی پێنەبڕاوە‌ لەبەر سەرقاڵی و دەستکورتی کاتی کتێبی ئینجیلی پیرۆزی ئاینی لە چاپ داوە تەنانەت بیری چوە ناوی خۆشی لەسەر تۆمار بکات ‌بەر لە گۆتەنبرگ ھەوڵێکی تریش لە لایەن بازرگانێکی چاینی بەناوی بی شینگ (٩٩٠ – ١٠٥١)‌ ھەبووە. بەو داھێنانەی گۆتەنبرگ شۆڕشیکی مەزن لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا دروست بوو چاپ رۆلێکی ئێجگار گرینگی بینی لە بەرەو پێشوەچونی شارستانیەت لە سەرانسەری دونیادا. ماوەیەک پاش ئەو دا‌ھینانە گۆڤار و رۆژنامە بەشێوەیەکی رێک و پێک چاپ و بڵاو کرانەوە. لەساڵی ١٩٣٨ لێکۆلەرەوەی ئەڵمانی ئۆتۆگروت ئەم پێنج مەرجەی داناوە بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژنامە لە ھۆیەکانی تری پێوەندیەکان:

  1. بەشێوەیەکی دەوری لای کەمی ھەفتەی جارێک دەربچیت.
  2. چارەسەری‌ کێشە ھەنوکەیەکانی سەردەمی خۆی بکات
  3. بە ئامێری چاپ بنوسرێت
  4. ھەمو کەسێک بتوانی بە پارەی خۆی دەستی بکەویت
  5. پیویستە ‌ناوەرۆکی ھەمە جۆڕ پێوەندی ‌بە چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکەوە بیت.‌

یەکەم ھەفتەنامە لەمیژودا لە شاری ستراسبۆرگ بە ناوی پێوەندی (رێلەیشن) لەساڵی ١٦٠٩ لەلایەن جۆن کارلۆس چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ھەروەھا یەکەم رۆژنامەی رۆژانە لە لەندەن بەناوی (دێلی کرانت) لە رۆژی ١١/ئازاری /١٧٠٢ دا لەسەر دەستی ئیدوارد کرانت چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

لەرۆژی ٢٢/نیسانی/ ١٨٩٨ میقداد مدحەت بەدرخان لە شاری قاھیرەی میسر دەرگایەکی پڕ مەینەت و زەحمەت بەڵام دەرگایەکی شارستانی بۆ گەڵە ستەم دیدەکەی خۆی خستە سەرپشت و یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) دامەزراند لەو رۆژەوە‌ کاروانی خەبات و تێکۆشان بەریوەیە بۆ بەدیھینانی ئاوات و ئامانجەکانی بەدرخان بۆ ئازادی و رزگاری کوردو کوردستان. بەپێ ی سەرچاوەکان رۆژنامەکە سێ ھەزار دانەی لێ چاپ دەکرا ٢٠٠٠ دانەی بەخۆڕایی لە کوردستان لی دابەش دەکرا ئەگەرچی دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستان لە قاھیرە دوور لە خاک و خەڵکی ستەم لێکراوی کورد بە ھۆی زۆڵم و فشاری ناحەزانی گەلی کورد بووە چەندین جاریش جێگۆڕکێی پێکراوە ئەو پیشەیە ئەگەر لە مێژودا بە ناوی (پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا) ناوی دەرکردبیت رۆژنامەگەری کوردی تا ئەمڕۆش گەڕان بووە‌ بە دوای مەرگدا!! ھەندێک لە شۆرە سوارەکانی مەیدانی رۆژنامەگەری کوردی ، ئەوانەی کۆچی دوایی یان کردوە میقداد مەدحەت بەدرخان خاوەنی (رۆژنامەی کوردستان ١٨٩٨ ) عەبدول کەریم ئەفەندی خاوەنی گۆڤاری (رۆژی کورد ١٩١٣) مستەفا پاشا یامولکی خاوەنی (گۆڤاری بانگ کوردستان ١٩٢٢) مێژونوس حسین حوزنی موکریانی خاوەنی (گۆڤاری زاری کرمانجی ١٩٢٦) ماموستا ئیبراھیم ئەحمەد خاوەنی (گۆڤاری گەڵاوێژ ١٩٣٩ ) ماموستا عەلائەدین سەجادی (خاوەنی گۆڤاری نزار) ماموستا ئەنوەر مائی خاوەنی (گۆڤاری رۆناھی) پیرەمیردی شاعیر (خاوەنی رۆژانەی ژین) مەلا شەریف ڕەنگەرێژی خاوەنی (رۆژنامەی ئازادی ١٩٤٥ ) ماموستا گیو موکریانی خاوەنی (گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤ )

جگە لە سەدان نووسەر و رۆشنبیرو ھونەرمەند دڵسۆزانە لە رۆژگاری خۆیدا بەشداری کردووە لە گەشە پێدانی رۆژنامەگەری کوردی دا وەکو ماموستا عەبدولا گۆران / مەعروف بەرزنجی /غەفور میرزا کەریم / جەلالی میرازا کەریم / ئەمینی میرزا کەریم / ئەحمەد غەفور/ مەلا ئەنوەر مائی / شاعیری بەناوبانگ قانیع / ماموستا شاکر فەتاح / محەمەد تۆفیق وردی / محەمەد مەولود مەم / سالح حەیدەری / دەیانی تر.

رۆژنامەگەری، دەستەلاتی چوارەم وەکو لە سایدی جوریس پیدیا باسکراوە بنەماکانی دەولەت لەسەر سێ کۆلەگەی بنەڕەتی دامەزراوە گەڵ یان نەتەوە ٭ ھەریم یان نیشتمان ٭ دەستەڵاتی سیاسی دەستەڵاتی سیاسی بریتیە ١ لە دەستەڵاتی یاسا دانان ٢ دەستەڵاتی جێبەجی کردن دەستەلاتی دادوەری لەبەر ئەوەی رۆژنامەگەری بە گشتی رۆلی کاریگەری ھەیە لە ھۆشیار کردنەوە ‌و ڕینمایی کردنی تاکەکانی کۆمەڵ و دروستکدنی ڕای گشتی و گۆڕانکاری لە یاساکان چونکە رۆژنامە گەری وەکو ئاوێنەیەک وایە‌‌ بارو رەوتی کۆمەڵگا بەردەوام رەنگی تیا ئەداتەوە کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر ھەموارکردن و گواستنەوەی رای خەلک لە سەر شێوازی دەستەلات و پەردە لادان لەسەر کەم و کوڕیەکان و بەدوادا چونەوەیان بۆیەش ناوی نراوە دەستەڵاتی چوارەم جۆرەکانی رۆژنامەگەری رۆژنامەگەری ئاشکرا / نھێنی / حکومی / حیزبی / ئەھلی / شار / شاخ / رۆژنامەگەری سەرکاغەز / رۆژنامەگەری ئەلەکترنی.

بەگشتی ھەمو جۆرەکانی رۆژنامەگەری کورد لە قەیران دایە میدیای حیزبی زاڵە بە سەر میدیای ئازاد جاران خوینەر بە چرای گەنەگەرچک لە دوای رۆژنامەی حیزبەکان دەگەرا کەچی ئێستا چەمۆلەی لێدەگرن لە وولاتە پێش کەوتوەکانی دونیا حیزب رۆژنامەی تایبەتی نیە بەلکو رۆژنامەی نزیک لە حیزب ھەیە ، سەربەخۆیە پانتایەکی بچوکی حیزبایەتی تیایە بەلام لای خۆمان رۆژنامەی حیزبەکان زۆرە خوێنەری کەمە‌ لەگەل رێزمدا بۆ ئەوکەسانەی لە رۆژنامەی حیزبەکان کار دەکەن کرێکارن دەبی بەپێی مەزاجی خاوەنکار ووشەسازیان بۆ بکەن‌ وێنە ‌و چاو پێکەو تنیان بڵاو ‌بکەنەوە. ئەمڕۆ ھاوکێشەی نێوان رۆژنامە نوسی بەدبەخت و سەرکەدەی دەست رۆیشتوی ناو حیزب بەم شێوەیە رۆژنامە نوس ئەگەر رەخنەی لێ بگری و فەرامۆشی بکات سەرکردە حەز لەچارەی ناکات و لێی خۆش نابیت رەنگە نانیشی ببڕیت ، بەسەرەکەیتر ئەگەر رۆژنامەنوس مەرای بۆبکات دەست خۆشی لە کارە ناڕەوکانی بکات سەرکردە لە بیری ناکات ‌پاداشی ئەداتی و پشتگیری دەکات. بەلام رۆژنامەگەر راستگۆیی و متمانەی خوێندەواری خۆی لەدەست ئەدات.‌ لەیادی ١١٨ سالەی رۆژنامەگەری کوردی سەری رێزو نەوازەش بۆ شەھیدانی قەڵەم و مەرەکەب ، گشت سەربازە گۆمناوەکانی مەیدانی رۆژنامەگەری کوردی دا دەنوێنن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.