ڕاسانی نوێ و مەرگی دیکتاتۆری/شوعەیب دانش پەژوو

0
863

 نووسەر: شوعەیب دانش پەژوو

شوعەیب دانش پەژوو
شوعەیب دانش پەژوو

بەپێی میتودۆلۆژیی زانستە مرۆییەکان لەمەڕ کۆڵینەوەی بابەت یان دیاردەیەک، پێویستە پێناسەیەک لە خودی دیاردە و چییەتی چەمکە سەرەکییەکانی دەق ڕوون بکرێتەوە، پاشان لە پۆلێنبەندییەکی لۆژیکیدا شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بکەوێتە بەردەستی بەردەنگ. هەربۆیە لەم نووسراوەیەدا بەشێوەیەکی کورت و خێرا هەوڵ دەدرێت چییەتی و چۆنیەتیی پێکهاتنی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئێران لێک بدرێتەوە و دواتر ئاڵتێرناتیڤی مەبەست (ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) وەکوو ڕێکاری مەرگی دیکتاتۆری، شی بکرێتەوە.

دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئێران

شرۆڤەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی پێویستی بە توێژینەوەی جیاواز لە هەموو بوارەکانی ئابووری ـ کۆمەڵایەتی ـ سیاسی و … هەیە، بەڵام خاڵێک کە دەبێت ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە فاکتی ڕۆشنبیری لەو شۆڕشەدا بە شێوەیەکی گشتی نادیارە و ناتوانین وەکوو هۆکارێکی سەرهەڵدانی شۆڕشی 57 ئەژماری بکەین، بەو واتایە کە خواستێکی ڕۆشنبیرانە لە قاڵبی گوتارێکی نوێی ڕووناکبیرانی ئەوکاتی ئێران لەئارادا نەبووە. هەربۆیە بەستێنی بەلاڕێدابردنی داهاتووی شۆڕش کارێکی ئەستەم نەبوو. بە بڕوای هانا ئارێنت یەکێک لە شێوازەکانی پێکهێنانی تۆتالیتاریزمی پاش شۆڕش ئەوەیە کە دەستە و تاقمێکی تایبەت هەوڵ دەدەن ئامرازەکانی دێموکراسی لە بەستێنی نادێموکرات بەکار بهێنن تاوەکوو مەشرووعییەتێکی گشتی بە دەسەڵاتی گشتخوازی نوێ ببەخشن. لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی 57 و لە 12ی خاکەلێوەی 58ی هەتاویدا ، گشتپرسییەکی فۆرماڵیتە ئەنجام دەدرێت و بە کۆدەنگییەکی نەوەد و هەشت لە سەد کۆتایی پێدێت. لە کاتێکدا کە هیچ پێشمەرجێکی بەستێنی گشتپرسی لەو سەردەمەدا ئامادە نەبوو. ئەمە یەکەمین هەنگاوی دەسەڵاتدارانی ئایینیی ناوەند (تاران) بە ئامانجی بەرتەسکردنەوەی بازنەی دێموکراسی و داڕشتنی تۆتالیتاریزمی نوێ بوو. بە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە نێوان چینی تایبەت واتە کەسانی ئایینی (وەلایەتی فەقیه)، بناغەی تیۆکراسییەکی ئیسلامی/شێعی دادەمەزرێت و هاوکات بە سڕینەوەی کەسایەتییە نائایینییەکان و هێرش کردنەسەر حیزبە سیاسییەکان، ئەو بناغەیە پتەوتر دەکرێتەوە. بەرچاوترین تایبەتمەندیی تیۆکراسی، بڕوامەندبوون بە حەقیقەتی ڕوون و یەکلایەنە (آشکارگی حقیقت)یە، واتە حەق و حەقیقەت ئاشکرایە و کەسانی تایبەت (چینی ئاخوندی شێعی) ئەو حەقیقەتە دیاری دەکەن، کەوایە هەر لە بنەڕەتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی چوارچێوەی تیۆریکی دینی خۆی، بڕوای بە ئەویدیی هزر یان هیچ چەشنە دەنگێک و ڕایەکی جیاواز نییە و بەردەوام هەوڵی تیرۆر و سڕینەوەی دەنگە جیاوازەکانی داوە. هەندێکجار بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشاری دەنگە جیاوازەکان لە دەیەکانی دواتردا، بە شێوەیەکی پۆپۆلیستی گوتاری ڕیفورمخوازی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دێنێتە ئاراوە، بەڵام لە بنەڕەتەوە تراژێدییەکی گەورەتر لە پشتەوەی شانۆی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەبینرێت. هەربۆیە لەپاش تێپەڕکردن و ئەزموونکروونی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ڕیفۆرمخوازی لە ئێراندا، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی سیستەمی حوکوومەتی و فۆرمی دەسەڵاتدارێتی ڕوو نادات. کەوایە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بە شێوازێکی شانۆگەرانەوە ئامرازەکانی دێموکراسی وەکوو هەڵبژاردن و پاڕلەمان و … بەکار دەهێنێت و لە ڕێگای پۆپۆلیزمی میدیاییەوە بەردەوام بناغەکانی دیکتاتۆریی خۆی پتەوتر کردۆتەوە. لە ڕوانینێکی گشتیدا و بە سەرنجدانێکی خێرا لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین کە تیۆکراسی دینی تەنها لە بواری سیاسەتدا نەوەستاوە و هەموو بوارەکانی دیکە وەکوو هونەر ـ کەلتوور ـ زمان ـ ئابوور و …ی کۆمەڵگای لەڕاستەی حەقیقەتی خوازراو و ئامانجەکانی خۆی بەرتەسک کردۆتەوە. دەسەڵاتی ئێران لە ڕێگای دامەزراندنی هێزی هاوتەریبی دەزگا ئەمنییەتی/دەوڵەتییەی وەکوو بەسیجی خوێندکاری، فەرهەنگی و … هەوڵ دەدات کە بەشێوەی نافەرمی، چالاکی و جووڵانەوەکانی نێو کۆمەڵگا چاوەدێری بکات و ڕێگای گەشەی زانیاری لە سەرەوە بۆ خوارەوەی کۆمەڵگا ببەستێت و پاشان ئامراز و کەرستەکانی دێموکراتیکبوونی سەردەم لەوەها بەستێنێکدا بەکار دەبات تا بەوشێوەیە سیمای ڕاستەقینەی خۆی حەشار بدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فریو بدات. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە لەوەها سیستەمێکدا هەندێک چەمک و دیاردە وەکوو نەتەوە، زمانی دایکی، پلۆرالیزمی دینی، ئازادی ئەندێشە و … بوونیان نییە و هەرچەشنە هەوڵدانێک لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشە و دیاردەگەلە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئەو سیستەمە بە شێوازی ئاشتیخوازانە و لە ڕێگای دیالۆگەوە، وەهم و خەونێکی تراژیک زێدەتر نییە.

ئاڵتێرناتیڤ

ڕاسانی نوێی(حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)

بەچاوخشاندنێکی خێرا بەسەر مێژووی شۆڕشەکانی جیهان و تیۆرییەکانی شۆڕش، دەتوانین دوو خاڵی سەرەکی دەستنیشان بکەین. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سەرهەڵدانی شۆڕش ئاکامی ناڕەزایی کۆمەڵانی خەڵک لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتییە، خاڵی دووەمیش ئەوەیە شۆڕش، پێویستی بە ناوەندێکە کە بتوانێت ئەو هێزە ناڕازییە بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕوون و ئاکامدار ببات. یەکەمین و بەرچاوترین دەرکەوتەی دەسەڵاتی تۆتالیتر و دیکتاتۆریی ئیسلامی ئێران، تواندنەوە و لێگرتنەوەی بوێریی بەرخۆدانی کۆمەڵانی خەڵک لە زۆرینەی کۆمەڵگایە، و هاوکات تاکی کۆمەڵگا بە شێوازێکی نەرم و سیستماتیک لە چییەتی شوناسی نەتەوەیی خۆی بێگانە دەبێت. لەم ڕێگایەوە دەسەڵاتی ناوەند درێژەی بە تەمەنی خۆی داوە تا ئێستا. بەڵام لە سەدەی هاوچەرخدا حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە ڕێگای میدیا (بە واتا گشتییەکەی)وە، لەهەوڵی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئامانجەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆردا بوون و تاکی کورد لەئاستێکی کەمتر بەنیسبەت نەتەوەکانی دیکەی ئێران دوچاری لەخۆنامۆبوون هاتوون. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دامەزرانییەوە تا هەنووکە بانگەشەی گوتارێکی نەتەوەیی کردووە و لەو پێناوەدا خەباتی خۆی درێژە داوە، و سیستەمی چالاکییەکانی لە قاڵبی کومیتەی ژنان، لاوان، خوێندکاران و … بووەتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ توێژەکانی کۆمەڵگا و زۆربەی خواستەکانی تاکی کوردی کۆکردۆتەوە، هەربۆیە لەپاش تەمەنێک خەبات توانیویەتی دیسکۆرسێکی نەتەوەیی/گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتدا پێکبهێنێت. کەوایە ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات دەتوانێت ئەو ناوەندە ڕێکخەرە بێت کە پێشتر ئاماژەی پێکرا. لەلایەکەوە دەسەڵاتی نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکوتکردن و سڕینەوەی دەنگە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگا، و لەلایەکیشەوە خەباتی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، گەیشتۆتە قۆناغێک کە نەک بەستێنی سەرهەڵدانی شۆڕش ئامادەیە بەڵکوو پێویستییەکی مێژووییە و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپاش هەڵمەتێکی بچووک بەخێراییەوە هەتا لووتکەی بەرخۆدان دەگات و دەنگی کپکراوی مێژوویی کۆمەڵگا لە پڕێکدا دەهەژێت.

ئاسۆی داهاتووی ڕاسان

ئێستا دەتوانین بڵێین کە هەردوو فاکتی پێویستی سەرهەڵدانی شۆڕش واتە هەبوونی ناڕەزایی خەڵک و ناوەندی ڕێکخەری ناڕەزایی، لە ڕۆژهەڵات دەبینین. (جێگای ئاماژەیە کە هاوپەیمانیی ستراتێژیکی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان، خاڵێکی گرنگ و هاندەرێکی پێویستی ڕێکخستنی هێزی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە ). یەکەمین دەستکەوتی ڕاسانی نوێ، بووژاندنەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد و بەخشینەوەی ورەی ئازادیخوازیی تاکی کۆمەڵگایە. دەستکەوتێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو تەمەنی خۆیدا هەوڵی سڕینەوەی داوە. دوویەمین دەستکەوت کە دەکرێت ئاماژەی پێبکەین، ڕێکخستنەوەی دەنگە جۆراوجۆرەکانی توێژەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و کۆکردنەوەیان لەژێر پلاتفۆرمێکی هاوبەشە کە ئەمە دەبێتە ئامیانی ڕسکان و گرسانەوەی پرژ و بڵاویی گوتارە جیاوازەکان لەژێر چەترێکی هاوبەشدا. دەستکەوتی سێیەم، بە بەردەوامبوونی ڕاسانی نوێ، دوو ئاکام یان دەرکەوتە چاوەڕوان دەکرێت. بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین و پێگەی لەقی حوکوومەتی ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و هاوکات دۆخی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، دوور نییە شەپۆلی ڕاسانی کوردستان ببێتە هەوێنی دەربڕینی ناڕەزایی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و شۆڕشی سەرانسەریی خەڵکی ئێران. یان بەوجۆرەی کە پێشتر سەلمێندراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر گوشاردا، ملکەچی خواستە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ببێت. دیارە دەستکەوتەکانی ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات ئاکام و ڕەهەندی جۆراوجۆر و بەرین لەخۆ دەگرێت و پێویستە هەریەک لەو خاڵانەی سەرەوە لە وتارێکی تایبەتدا شرۆڤە بکرێن و لەم نووسراوەیە کورتەدا ناکرێت لە هەموو سۆنگەیەکەوە داهاتووی ڕاسانی نوێ ئاماژە پێبکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت