باوکی مافی مرۆڤی کوردستان گیانی کەوتۆتە مەترسییەوە

0
731

ڕۆژی کورد: محەمەد سدیق کەبوودوەند کە بەهۆی مانگرتنی زیاتر لە ٣ حەفتەوە تووشی دابەزینی کێش و لاوازیی جەستەیی هاتبوو، هەنووکە دۆخی جەستەیی خراپتر بووەو ئەمەش نیگەرانیی بۆ بنەماڵە و کەس و کار و چالاکانی مافی مرۆڤ درووست کردووە.

بیست و دوو ڕۆژ بەسەر مانگرتنی محەمەد سدیق کەبوودوەند ڕۆژنامەنووسی زیندانیی کورددا تێپەڕ دەبێت، کە بەو هۆیەوە تووشی دابەزینی فشاری خوین بووەو لە ئەنجامدا بێهۆش کەوتووە کە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری تاران و لە بەشی چاوەدێریی گشتیدا خرابێتە ژێر چاوەدێرییەوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانی ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامیی مانگرتنەکەی ئەگەری زۆرە جەڵتەی دڵ بۆسەر محەمەد سەدیقی کەبوودوەند ڕوو بدات کە لە ئیستادا پێویستە بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەتی ڕەوانە بکرێت و داوایان لە بنەماڵەی کەبوودوەند کردووە کە دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت.

کەبوودوەند لە ڕۆژی ١٩ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە (١٣٩٥) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆسیەسازی و ڕەت کردنەوەی ماددەی ١٣٤ ی قانوونی سزادانی ئیسلامی مانی لە خواردن گرتووەو داوای کردووە بە زووترین کات ئازاد بکرێت.

بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ٩٢ لە ئەگەری کەڵەکەبوونی تاوانەکان، تەنیا حوکمی ١٠ سال زیندانییەکەی کەبوودوەند دەبێ جێبەجێ بکرێ و ئەو حوکمە ٦ مانگەیەی دەبێ لەسەر لابچێت.

کەبوودوەند ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردان لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام دادگایی کرا.

کەبوودوەند کە مانگی ١٠ی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە دەستبەسەر کراوە، کە بە تۆمەتی هەوڵددان بە دژی تەناهیی نیزام لە ڕێگەی پێکهێنانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، حوکمی ١٠ سال زیندانی کردنی بۆ بڕایەوە و بە تۆمەتی تەبلیغ بەدژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کووفی عەنان سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حوکمی یەک ساڵ و سەرجەم ١١ ساڵ زیندانی کرانی بۆ برایەوە.

حوکمی ١١ سال زیندانی کرانی کەبوودوەند لەلایەن لقی ٥٦ی دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندانی کەم کرایەوەو هەنووکە لە بەرەبەری تەواوبوونی حوکمەکەیدا، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی پەروەندە سازیی نوێ بۆتەوە.

کەبوودوەند کە بە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان ناسراوە، لە دۆسیەی تایبەت بە “تێکدانی ڕای گشتی” لە رێگەی بڵاو کردنەوەی وتار لە حەفتەنامەی “پیام مردم (دەنگی کۆمەڵ)” لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقابی سنەوە ١ سال زیندانی کران و ٥ ساڵ قدەغە کرانی چالاکیی ڕۆژنامەوانیی و داخرانی ئەو حەفتەنامەیەی بەسەردا سەپابوو.

لەماوەی ڕابردووشدا جۆن کێربی گوتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو” محەمەد سەدیق کەبوودوەند ماوەی نزیک بە ١٠ سالە لە زیندانە و پێویستە حوکمەکەی دابشکێندرێ و لە زیندان ئازاد بکرێت.

پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا و لەسەر بانگەوازی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لە کاتی سەردانی حەسەن ڕۆحانیدا بۆ کوردستان، هاووڵاتییان بە هەڵگرتنی وینەی محەمەد سەدیقی کەبوودوەند داوای ئازادیی ئەو چالاکەی مافی مرۆڤییە لە رژیمی ئیسلامیی ءیران بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.