خوێنەری هێژا:
بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ (٢٠١٦) لەگەڵ بەریز جەماڵ دانیشمەند چالاکی مەدەنی و کارناسی باڵای پەیوەندییە ناونەتەوەییەکان و بە پێشکەشکاری بەریز عەبدووڵا ڕەسووڵی چالاک و چاوەدێری سیاسی و ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕاوێژ ئەنجام دراوە و هەڵمەت مەعرووفی پێداچوونەوەی بەسەردا کردووە.
ڕاوێژ: هاوڕێیان ئەگەر ئێزن بدەن دەمهەوێ باسەکە دەست پێ بکەین و پێشەکی بە خێرهاتنی مامۆستا جەماڵ دەکەم و بە خێر بێیت و سەر سەرو چاوان
دانیشمەند: سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت ئەندامانی خۆشەویستی راوێژ. خۆشحاڵم کە بۆ باس لەسەر مێژویەکی پڕشەنگداری گەلی کورد لە خزمەتاندا هەم.
ڕاوێژ: مامۆستا جەماڵ با باسەکە لەوەوە دەست پێ بکەین، کۆماریی کوردستان بوو یا کۆماریی مەهاباد، هەندێ لایەن بە مەهاباد ناویی دێنن ئامانجیان چییە؟
دانیشمەند: من تەواوی بەڵگەکانی کۆمارم خۆیندوتەوە و کاک بێهزاد خۆشحاڵیش پەرتووکێکیان هەیە بە ناوی “جمهوی کردستان در آیینە اسناد”، لە هیچ بەڵگەیەکدا باسی کۆماری مهاباد نەهاتووە و کۆماری کوردستانە. ئەگەر ئیزن بدەن من کورتە مێژویەکی چەند دێڕیم سەبارەت بە ڕوانگەی شۆڕەوی بە ئازەربایجان و مهابادم نوسیوە و دایدەنێمە خزمەتتان
ڕاوێژ: فەرموون
دانیشمەند: لە سەرەتای دامەزرانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، ئازەربایجان و کوردستانی ئێران کەوتنە بەر هێرشی دوو ئیمپراتوری عوسمانی و تێزاری. هەرکام لەو وڵاتانە بە هیوای دابڕانی بەشی ئازەربایجانی ئێران بوون. ئیمپراتوری عوسمانی بە تەبلیغاتی پان تورکی و ئیمپراتوری تێزاری بە کارکردن لەسەر هەستی ناسیۆنالیزمی ئازەری بە شێوەی قەدەغەکردنی زمانی فارسی لە ئازەربایجانی قەفقاز و هێنانە گۆڕی زمانی ئازەری دەستی بە سازکردنی ناسیونالیزمی ئازەری دەکرد.
ئەحمەدی کەسرەوی باس لەوەی دەکات کە تەنانەت تێزاری ڕووس بە فێل و کەڵەک و کڵاو لەسەرنان لەسەر پیاو ماقوڵان و گەورەپیاوانی ئایینی،خۆاستی ڕاکیشانی ئازەرییەکانیان بۆلای ڕووسیەی تێزاری هەبو.
ساڵی ۱۹۱٦ کە شەڕی یەکەمی جیهانی لەوپەڕی خۆیدا بو،پەیمانی پێتێرزبورگ بۆ دابەش کردن و دابین کردنی ڕێک و پێکی دوای شەڕ لە نێوان ڕووسیە و ئینگلیس و فەڕانسە بەسترا. پەیمانی سایکس پیکۆش بەشیکە لەو پەیمانەی پێتێرزبورگ.
سێ ڕۆژ پاش هاتنە مەیدانی ئامریکا بۆ شەڕ،وەزیری دەرەوەی ڕووسیە میلی یۆکۆف، لە بەیانامەیەکدا دەڵێ: ئێمە دەست داگرتن بەسەر ئەرمەنستان و ئازەربایجانی ئێران و ئیستانبوڵی عوسمانی، لە شەڕی وڵاتانی میحوەردا، بە ماف و بەشی ڕووسیە دەزانین.
بەڵام شۆڕشی ئوکتۆبر بانگەشەی ئاشتیخوازی بە هەر چەشنێک و دژایەتی کردنی ئارمانە ئیستیعمارێکانی دەوڵەتی تێزاری کە بنچینەی هەموو درووشمەکانی حیزبی بولشویک بوو، توانی وەک فریشتەیەکی ڕزگاریکەری خاکی ئێران لە پڕش و بڵاوی ڕزگار بکا. بەڵام کێشەگەلێکی دیکەش هەبوون کە نەیدەهێشت ئازەربایجان لەژێر ڕکێفی تیۆریکی شۆڕەوی بێتە دەرێ. یرواند ئابراهامیان و ئەحمەد کەسرەوی ژمارەی ئازەریانی دانیشتووی قەفقاز کە بۆ کاروکاسبی دەچون بۆ ڕڕووسیا بە۷۰ تا ۱۰۰هەزار کەس بەراورد دەکەن. ئەو ژمارە زۆرە لە ڕووسیە لەگەل حیزبی سوسیال دێموکرات ئاشنا ببون و لەدوای هاتنەوە بۆ ئێران یەکەم حیزبی سیاسی بە ناوی “اجتماعیون عامیونیان”یان دامەزراند کە بەواتای سوسیال دێموکراتە.
ئابراهامیان پێیوایە کە شۆڕشی ئوکتۆبر، سنوری حیزبە چەپ و ناسیونالیستەکانی ئێرانی لە هەموو کاتێک زیاتر زەق کردەوە. هەر لەو چوارچێوەیە دایە کە کاتێک لە مەجلیسی دووهەمی ئێران،حەیدەرخانی حەموئۆغڵی کە لەگەڵ محمەدئەمین ڕەسولزادە هەمەکارەی فیرقەی دێموکرات بوون، بەو هۆکار کە فارسی جوان نەدەزانی لە چون بۆ مەجلیس ڕێگای لێ گیرا. ئەوە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە شێخ محمەدی خیابانی لە ئازەربایجان، شاخەی ئەیالەتی فیرقەی دێمکراتی دامەزرێنێ.
ساڵی ۱۹۱۹ کە گرێبەستی “قەوام” لەگەڵ ئێران بەستراو بوو بە هۆی دەنگ هەڵبڕینی چەپەکان و ئێرانیان بە موستەعمەرەی (بندەست) بریتانیا ناساند، لقی ئەیالەتی فیرقەی دێموکرات جیابونەوەی خۆی ڕاگەیاند و ناوی ئازەربایجانی نا آزادستان.
هەتا ئێرە ئەوەی باسم کرد ڕوانگەی شۆڕەوی بوو سەبارەت بە ئازەڕبایجان. بەڵام پێمخۆشە کورتەیەکیش سەبارەت بە کوردستان بخەمە بەر باس.
لە دوو سەدەی کۆتایی تەمەنی ئیمپراتووری عوسمانی، دایم شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ڕۆمانۆفەکانی ڕووسیە لە ئارا دابوو. شەڕەکە ببو بە شەڕی کلیسای ئۆرتدۆکس و خەلیفەی ئیسلام. کوشتاری ئەرمەنییەکان، دەرئەنجامی ئەو شەڕە بوو. بەداخەوە کورد لە ڕووی مەزهەبییەوە کەوتە پشتیوانی عوسمانی، ئەوەش بوو به هۆکاری ئەوەی کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا لە ناوچەی موکوریان،عروس دەست بکەن بە قەتڵ و عامی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سڤیل، تەنانەت مامی پێشەوا، وێرای دوو کوڕی خۆی بەدەستی عروسان کوژرا، ئەوە شتێکمان پێدەلێ و ئەویش ئەوەیە کە شۆڕەوی ئەو ڕۆانگە دۆستانەی کە بۆ ئازەریەکانی هەبو، بۆ کوردی نەبوو. ئەوە تەنانەت دواتر و لەسەر نێونجیگەری ڕووسیە لەنێوان ئازەربایجان و کودستانیشدا بە زەقی دەردەکەوێ. بۆ وێنە لە دیداری دووهەمی پێشەوا بۆ باکۆ و دواتر لە موزاکەراتی پێشەوا و پیشەوەری لەسەر سێ شاری میاندواو و خۆی و ورمێ، شۆڕەوی پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکا. تەنانەت میرجەعفەری باقرۆف زۆر گوشار بۆ پێشەوا دێنێ کە یان پەیوەستی ئازەربایجان بێت یان شۆڕەوی کەسێکی دیکە دێنێتە جێگای پیشەوا. کار دەگاتە جێگایەک کە پێشەوا دەلێ: خۆم دەکوژم بەڵام ناهێڵم ئەو شتە سەر بگرێ. ئەو مێژویەم بۆیە باس کرد کە خوێنەری بەڕێز پێش زێهنییەتێکیان لەمەڕ پێوەندی شۆڕەوی لەگەڵ حکومەتی ئازەربایجان و کۆماری کوردستاندا هەبێت.لەوە بەولاوە من لە خزمەتدام بۆ پرسیارەکان.
ڕاوێژ: لە بابەتەکە وا دەردەکەوێت ڕڕووسیاش ڕووبەرووی ئەمری واقیعی کورد بووبێتەوە، بۆیە ئایا پشیوانی نەکردنی رڕووسیا و مامەڵەی نەوتیش بە شێوەیەک ئەنجامی هەمان روانگە نەبوو؟
دانیشمەند: زۆر ڕاستە. هەڵبەت سەرەتا زۆریان حیساب بۆ کوردەکان نەدەکرد ئەوەش چەند هۆکاری هەبوو
یەکەم: ئەوەی کە هێزی شکاک و هەرکێکان لە قەتڵ و عامی شەڕی یەکەمی جیهانی زۆر ترسابوون و هیچ کارێکیان نەدەکرد.
دوهەم: دووهەم هۆکار کە زۆر گرینگ بوو و باسی ناسیۆنالیزمی کوردی بەسەر ڕووسیەدا سەپاند، پەیوەست بوونی دوو هێزی بارزانی و حەمەڕەشیدخان بوو بە کۆمار.
ڕاوێژ: لایەنێکی گرنگی باس کردنلە کۆمار ئەوەیە کە ئایا کۆمار سەربەخۆ بووە یا ئۆتۆنۆمی هەبووە، بە ڕای بەڕێزتان کۆمار کام یەک لەم دووە بوو؟ هۆکار و بەڵگەکان چین؟
دانیشمەند: لە بنەڕەتی خۆیدا دەگەرێتەوە بۆ ڕوانگەی بنچینەی (ژ. ک)، ژکاف پانکورد بو، بەڵام حیزبی دێموکرات بەتەواوی نا. هەرچەند بێندەگی کردبوو و نە باسی سەربەخۆیی دەکرد و نە باسی خودموختاری، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەل و مەرجەکان. کاتێک پێشەوا ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەکات گومان لەوەدا نییە کە مەبەستی سەربەخۆییە، چونکە لە وڵاتی پاشاییدا باسی کۆمار بکەی و سەرۆک کۆماری بۆ دابنێی و وەزیری شەڕی بۆ دابنێی و … تاد، ئەوە واتایەکی تری جیا لە سەربەخۆیی نیە. بەڵام کاتێک کە شۆڕەوی دەگەڕێتە و هێزی ئێران هەڕەشە دەکات، پێشەوا بەپێی مەنتقی هێز، داواکانی دێنێتە سەر خودموختاری. کەوایە تاکتیکی سیاسی بە پێی بارودۆخ گۆڕاوە. ئەو خودموختاری خوازییە لە کاتێکدا دەردەکەوێ کە پێشەوا لە مامەڵەی ستالین و قەوام و دامەزراندنی کۆمپانیای نەوت ئاگادار دەبێتەوە. پێشەواش بەپێی توانای نیزامی خۆی کە ئیماکانی شەڕی تێدا نابینێ دێتە سەر ئەو قەناعەتە کە وەک پەیمانی نێوان قەوام-سادچکیڤ کە خودموختاری بۆ ئازەربایجان بە فەرمی ناسیبو، داوای خودموختاری دەکرد.
ڕاوێژ: بابەتێک کە گرنگە باسی بکەین ئەوەیە کە زۆر کەس کۆمار بەخاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا دەزانن، دەزانن ئەم وەرچەرخانە چ کاریگەری لەسەر ناسیۆنالیرم کورد هەبوو؟
دانیشمەند: هەتا پێش هاتنی کۆمار، کوردستان شاهیدی شۆڕشی زۆر گەورە گەورە بووە. بۆ بوینە شۆڕشی یەزدانشێر. شۆڕشی میرمحمەدی ڕواندز، شۆڕشی سمکۆ، شۆڕشی نەهری، شۆڕشی ئارارات، شۆڕشی شێخ مەحمود. تەواوی ئەو شۆڕشانە کە تۆوی کوردایەتیشیان تێدابوو چاندبوویان، بە گشتی عەشیرەیی بوون و دەکرێ بە سەردەمی فئودالیسمی کوردی ناویان ببەین. کۆماری کوردستان دەورانی گوزار (تێپەڕبوون) لە فئودالیزمی سیاسی کوردە بۆ بەدەستەوەگرتنی ئاڵای شۆڕش لەلایەن چینی بوڕۆژوای کورد.
ڕاوێژ: بەڕێزتان دەڵێن بورژوا و هەندێ کەس دەڵێن چێنی مامناوەندی شاری، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە فۆرمی ئەم گۆڕانکارییە لەچیدا دەرکەوت؟ ئایا ئەم گۆڕانکاریە بنەماییە توانی شێوەی شۆڕشی کورد بگۆڕێت؟ ئەگەر بەڵێ، بە چ شێوەیەک؟
دانیشمەند: بۆ یەکەم جار واتای دەوڵەتی مۆدێڕن،وەک ئەو نیزامە واتاییەی کە لە سیستمی وێستفالیدا هاتە مەیدان، هاتە ناو گەمەی سیاسی گەلی کوردەوە. ئەگەر چاو لێکەین، بناخەی هەرە سەرەکی کۆمار دەگەڕێتەوە سەر ژ.ک. ژێکاف، ڕوتێک بوو کە بەتەواوی لە چینی مامناوەند و زەحمەتکێش پێکهاتبوو، تەنانەت ئەوە باسێکە کە ویلیام ئیگلتۆنی ئامریکی ئەو قسەیە پشت ڕاست دەکاتەوەو دەڵێ ژێکاف هێزێکی مامناوەندی مهاباد بوو کە بۆ یەکەم جار دەسهەڵاتی سیاسی لە دەست ئاغاوەتەکان دەردەهێنا.
لە وڵامی بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان دا دەڵێم بەڵێ، بەچەند هۆکار گۆڕی. تەنانەت کاتێک بارزانی لە مهاباد تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات دەبینێ، هەر لەجێوە هەست بە مۆدێڕن بوون و جیاوازی ئەو تەشکیلاتە دەکات و هێندێک لە فەرماندەکانی حەواڵەی باشوور دەکاتەوە و ئیبراهیم ئەحمد ڕادەسپێری کە ڕێچکەی دێموکرات لە باشوور کۆپی بکاتەوە.
ڕاوێژ: ئەگەر ئێزن بفەرموون پێم باشە باسی بابەتی کاریگەری کۆمار لە سەر ناسیۆنالیزمی کورد بکەین، بەڕێزتان گوتتان کۆمار سەربەخۆ بووە و ئەوانەش کە باسی نەتەوە دەکەن پێکهێنان دەوڵەت بە خاڵی کۆتایی دروستبوون نەتەوە دەزانن، ئایا لەو روانگەوە پرۆسەی نەتەوەبوونی کورد تەواوبووە و ئیستە ئێمە لە قوناغی بنیاتنانەوەی دەوڵەتین یا نە کۆمار کارکردی وای نەبووە؟
دانیشمەند: پروسەی دەوڵەت-نەتەوە گەورەترە لە کاری کۆمار و سێ بناخەی سەرەکی هەیە کە ئێستا ئاماژەیان پێدەکەم کە کۆمار لە دوویان سەرکەوتو بوو بەڵام بە هۆی کورتی تەمەن دەرفەتی جێ بە جێ کردن و وەدیهێنانی سێهەمیانی نەبوو
سێ بناغەکە ئەمانەی خوارەوەن کە شیکاریان بۆ دەکەم:
۱- بناخەی ئابوری: مەبەست لە بناخەی ئابووری ئەوەیە کە نیزامی بورژوایی ببێتە جێگرەوەی نیزامی فیۆدالی و شارۆمەند وەکوو تاک گرێدراوی تابعییەتی دەوڵەت بێت و دەوڵەتیش لە ڕێگای رێگاوبان و ئاوەدانیی و پێکەوە گرێدانی ئابووری وڵات، بەرژەوەندی نەتەوەیی هاوبەش سازکات.
۲- دێموکراسی: دووهەم کۆلەکەی دەوڵەت-نەتەوە،دێموکراسیە. مەبەست لە دێموکراسی سیستەمێکە کە هەڵقووڵاوی خەڵک بێت و خەڵک چارەنووسی خۆی و سیستەم بە یەک بزانن و ئامادە بن لە پێناو مانەوەی دەسەڵات گیانبازی بکەن،کۆمار لەو خاڵەدا زۆر سەرکەوتو بوو.
۳- هێماسازی: سێهەمین کۆڵەکەی دەوڵەت-نەتەوە،هێماسازی هاوبەشە.
مەبەست لە هێماسازی، دامەزراندنی هێمای هاوبەشە کە بتۆانی ئحساساتی کۆمەلانی خەڵک لە ژێر چەترێک کۆ بکاتەوە. بۆ وێنە زمانی هاوبەش، دینی هاوبەش، مێژوی هاوبەش،وڵاتی هاوبەش، ئوستورەی هاوبەش، ئاڵای هاوبەش، سروودی هاوبەش. پێشەوا لە هێماسازیشدا سەرکەوتو بوو.
ڕاوێژ: ئەو خاڵەی کە کۆمار سەرکەوتوو نەبوو کام خاڵ بوو؟
دانیشمەند: بەڵێ. ماکس وێبر لە باسی ماهییەت شناسی نەتەوە دەلێ؛ نەتەوە هەمان اتنیکە(قەوم) کە هێشتا یێک اقدامی سیاسی ماوە بو بە گەیشتن بە دەوڵەت نەتەوە. ئەو ئیقدامە سیاسیە هەمان راگەیاندنی سەربەخۆییە. خالی یەکەم، یانی ئابوری
ڕاوێژ: بەڵام لەوەش ئێمە فرۆشتنی توتوونمان هەیە کە داهاتێکی باشی بۆ کۆمار هەبوو، ئایا ئەمە تا رادەیەک هەوڵدان نەبوو بۆ سەربەخۆیی ئابووریی.
دانیشمەند:
هەرچەند دوکتور قاسملو دەلێ؛ لە ماوەی ساڵێکدا کۆمار، ۱ میلون و دوسەت هەزار کیلو توتنیان حەوالەی شۆڕەوی کردبو بەڵام ئەوە بو سازکردنی دەوڵەت نەتەوە تەنیا یێک استارتە و زور زیاتری پێدەوێ. بەڵام تەمەنی کورت ئیمکانی لەوە زیاتری پێنەدا
ڕاوێژ: کە وایە ئەکرێت بڵێن تا رادەیەک سەربەخۆیی ئابووریشی هەبوو ،دەمەوێت بپرسم جیا لە کاریگەریی سیاسی، کۆمار چ کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیشی لەسەر کۆمەڵگاێ کوردهەبوو؟
دانیشمەند: بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی باشووری ئێران کە لەژێر دەسەڵاتی بریتانیا و ئامریکادا بوو، کۆمار یەکجار سەرکەوتوو بوو. لە هەموو پارێزگاکانی ئێران و تەنانەت لە سنە خەڵک لە برسان و لە بێ ئیمکاناتی تووشی مردن هاتبوو بەڵام لە کۆمار شتی وا رووی نەدا.
ئەو باسە زۆر گرینە. من لێرەدا پشت دەبەستم بە نووسراوەکانی ئارچیلی ڕۆزوێلتە و ئیگلتۆن و نیکیتین . ڕوزمێلت دەڵێ: من لە ئاستی پەروەردە و خزمەتگوزاری و دێموکراسی و بەشداری خەڵک سەرسام ببووم. ویلیام ئیگلتۆن دەڵێ: بەشداری خەڵک لە کاری ڕۆژانە و خزمەتگوزاری و کارکردن بۆ سەرکەوتنی کۆمار لە ئاستێکدا بوو کە سەرەڕای هەموو کێشەکان، توانای ئەوەی دەدا بەو حکومەتە نوێیە کە لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. جەلیل گادانی، باس لەوە دەکات کە لە تەواوی شار، مێرمندالانێک کە لەبازاڕ کاریان دەکرد کۆ کرانەوە و هەر دەوڵەمەندەو و خوێندنی لاوێکی وەئەستۆ گرت و ئەوە بوو بەهۆی ئەوەی کە دواتر زۆربەی خۆیندکاران و میرزاکانی مهاباد لەو لاوە فەقیرانە هەڵکەوتبوون و لە بواری فەرهەنگی کاری کۆمار یەکجار سەرکەوتویە. ئەدەبیاتی ناسیونالیستی و چەپی مەیلەو مرۆڤدۆستانە لەو کۆمارە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. شاعیرانی وەک هێمن و هەژار، نووسەرانی وەک قزلجی و زەبیحی و سەدیق هەنجیری ئازەر و…تاد، هەموو بەرهەمی کۆمار بوون.
ڕاوێژ: بە هۆی کەمی کاتەوە دەمەوێت بە کورتی باسی کاریگەریی پێشەوا لەسەر کۆمار بکەن، قازی چەندە کاریگەریی هەبوو؟ ئایا بەرهەمی قۆناغی مێژوویی بوو یا تەنها بلیمەت بوو؟
دانیشمەند: باسی ژنان نابێ لەبیر بچێت. ژن هەتا سەردەمی کۆمار هیچ ڕۆلێکی لە ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسیدا نەبو. پێشەوا لە خۆیڕا دەستی پێکرد و تابۆی ژن کە هەتا ئەو کات لەژێر فەرهەنگی پیاوسالارانەی شێخ و ئاغا و مەلادا دەستەمۆ کرابو، شکاندی. لە وڵامی پرسیارەکەشتاندا من دەلێم هەردووک.
ڕاوێژ: چۆن؟ لایەنی زۆر ماوە دەمهەوێت چاوێک بە هەموودا بخشێنین
دانیشمەند: بەو هۆیە کە ئەگەر چاوێک لە هەلومەرجی مێژویی ئەو کات بکەین دەتوانیین گەورەترین بەربەستی کورد لە کۆنفرانسی سوڵحی پاریسی 1919ی زایینیدا بە نەبوونی کاریزمایەکی وەک پیشەوا ببینین کە کورد نەیدەتوانی لەسەری کۆک بن، بەڵام با چاوێک لە هەلومەرجی کۆمار بکەین و بزانین پێشەوا چەندی کێشە هەبو؟کێشەی چینایەتی، کێشەی دەسەڵاتی ئاغاوەتەکان، کێشەی پاوانخوازی ئازەربایجان، کێشەی دژایەتی ئێران و ئینگلیس و ئامریکا، کێشەی بێ پوڵی و هەژاری و نەبوونی ئارد و دەغڵ و دان، کێشەی هاوئاهەنگی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەلگای کوردی کە بەرژەوەندی جیاوازیان هەبوو، تەنانەت کێشەی حیزبی مۆدێڕن، چونکە تا پێشەوا نابوو بە ئەندامی ژێکاف هیچ دەسکەوت و پێشکەوتنێکیان نابێت. کەوابو پێشەوا دوری سەرەکی هەبوو کە هەم لە میژویەکی ئاڵۆز و خوازراوی کورد کە بە تووندی پیاوی وای دەویست و هەم پێشەوا کاریزمایەکی زۆر بەهێزو زیرەک بوو کە توانی هەلومەرج بقۆزێتەوە.
ڕاوێژ: دەمهەوێت باسی شکستی کۆمار بکەین، هەندێ کەس لەو باوەڕەن نەدەبوو پێشەوا خۆی تەسلیم بکات؟ ڕای بەڕێزتان لەو بارەوە چیە؟
دانیشمەند: زۆر کەس و تەنانەت شەخسی دوکتور قاسملوو لایەنگری شەڕ کردن بوون، بەڵام من وەک خۆم هەڵوێستی پێشەوام پێ باشترینە. ئیزن بدەن با شی بکەمەوە. لە پاش کونفرانسی سانفرانسیسکۆ و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، شۆڕای تەناهی، یەکەم سکاڵایەک کە وەریگرت سکاڵای ئێران بوو لەسەر نەگەڕانەوەی هێزەکانی شۆڕەوی لە ئازەربایجان، کار گەیشتە ئاستێک کە ئامریکا هەڕەشەی هێڕشی ناوەکی لە شۆڕەوی کرد. دیارە ئامریکایەک کە ئامادە بێ لەسەر ئێران هەڕەشە لە شۆڕەوی بکات، بە خاترجەمی هێزی نیزامیشی دەنارد بۆ سەرکوت و کوتانی کوردستان و ئازەربایجان. تەنانەت من بەڵگە لە بیرەوەریکانی ژنراڵ حەسەنی ئەرفەع دێنمەوە. ئەرفەع دەڵێ ئەگەر هێزەکانی ئینگلیس پێشیان بە حەمەڕەشیدخان نەگرتبا، کۆماری کوردستان دەگەیشتە شاری سنە. بێجگە لەوانەش هەموو شەڕێک پشتی جیبهەی دەوێ، کانگای چەک و چۆڵی دەوێ. حەوش خەڵوەتی دەرمان و ساڕێژکردنەوەی بریندارانی دەوێت. بەڵام شەڕی پێشەوا چۆن دەکرا؟ ئیبراهیم خانی یۆنسی و دوکتور قاسملوو باسی شەڕەکانی بارزانی و شکەستەکانی هێزی ئێران دەکەن بەڵام من دەڵێم ئەگەر تەنانەت ئەرتەشی ئێرانیش دەرەقەت نەهاتبا، ئامریکا و ئینگلیس هێزی خۆیان دەنارد. سەبارەت بە پشتی جیبهەش کە هیچ دەگۆڕێدا نەبوو و شۆڕەوی ئامادە نەبوو تۆپێکیش بنێرێ. سەبارەت بە حەیاتی خەڵوەتی شەڕیش کە هیچ لەگۆڕێدا نەبوو، لە سەرێ تورکیا و لە خۆاری عێراقی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا بوو کە تازەی بارزانی ڕاونابو، کەوابوو کاری پێشەوا درووسترین کار بو.و
ڕاوێژ: پرسیار ئەمەیە شەهیدبوونی پێشەوا چ کاریگەرییەکی لە سەر کورد هەبوو؟ هەندێ کەس بە جۆرێک شکستی ناسیۆنالیزمی دەزانن هەر بۆیە دواتر دروشمی شۆڕشەکانیش دەگۆڕێت. ئایا شەهید بوونی کاریگەریی ئەرێنی لە سەر کورد هەبوو؟
دانیشمەند: من بە پێچوانە بیر دەکەمەوە. بۆ وێنە با بەراوردێک لەگەڵ پیشەوەری بکەم. سەید جەعفەری پیشەوەری کە سابیقەی بوون لە شۆڕشی جەنگەڵی گیلان و دۆاتر ۱۰ ساڵ زیندانی ڕەزاخانی هەبوو، بە هەڵاتن بۆ شۆڕەوی و مل کەج کردن بۆ سیاسەتەکانی ئیستالین، تۆوی ناسیونالیزمی ئازەری خنکاند. تەنانەت پاش هەڵاتن و قەتڵ و عامی خەڵکی تەورێز، پەشیمان دەبێتەوە و لە کۆبونەوە لەگەڵ میرجەعفەری باقرۆف باسی هاتنەوە بۆ ئێران و تەنانەت ئامادەبوون بۆ لەداردرانی دەکات، بەڵام میر جەعفەری باقرۆف تەنیا یەک کاتژمێر پاش کۆبوونەوەکە پیشەوەری تیرۆر دەکات. خودی میرجەعفەر باقرۆف پاش کوژرانی ئیستالین و بە تۆمەتی قەتڵ و عامی خەڵکی گورجیستانلە دار درا و فیرقەی ئازەربایجان هەر بە نێو ماوەو بە ڕوخانی کۆمونیسم چۆ ناو گۆڕستانی مێژوووە، بەڵام پێشەوا بە قەبوڵ کردنی شەهید بوون و سێدار بوو بە ئەستێرەی پڕشەنگداری هەتاهەتایی مێژوی کورد. تەنانەت من باسی کاریگەری پێشەوا بۆ سەر شۆڕشی ۴٦ -۴۷ یش ناکەم و باسی ئەوەش ناکەم کە ئێستاش حیزبی دێموکرات خۆی بە هەمان حیزبەکەی پێشەوا دەزانێ و پێناسە دەکات. من باسی کاریگەری پێشەوا دەکەم بۆسەر هەموو ناسیونالیزمی کورد. ناسیونالیزمی کورد لە باشوور و باکوور و دواتر تەنانەت لە رۆژئاواش.
ڕاوێژ: مامۆستا جەماڵ ماندوو نەبن و سوپاس بۆ ئەوەی کاتی خۆتان بۆ ئەم بابەتە تەرخان کرد، هیوام سەرکەوتنی بەرێزتانە و جارێکی دیکە سوپاس. بێگومان بابەتەکە کاتی زۆرتری دەویست بەڵام هەوڵم دا ئەوەندە دەرفەت هەبێت چاو بە هەندێ لایەنی گرنگی بخشێنێن، ئەگەر شتێک هەیە وەک دوا قسە فەرموون
دانیشمەند: قوربان من ویستم زورتر باسی وەی کەم کە من مامۆستای کەس نیم و خۆم بە قوتابی هەمو کەس دەزانم.